Sök på hemsidan

Kontakt

sherzad mustafa
‌Lindhemsvägen 48
194 51 Upplandsväsby
Sweden. stockholm

00946-0709532253

sherzad_mustafa@hotmail.com

                                                                                 mamosta

 

 

مامۆستا

مامۆستایەتى پیشەیەکى گرنگە، قوتابخانە جێگایەکى هەمیشە لە گۆڕاندایەو جێگاى فێربوون و زانستە، بەڵام مامۆستایەتى بەبێ تەنگوچەڵەمە نییە، قوتابخانە زۆر تەنگوچەڵەمەى هەیە، دەبێت بەرەنگاریان ببینەوە. بۆ تێگەیشتنى ڕۆڵى مامۆستا دەبێت لەو شوێنەوە دەست پێ بکەین کە پیشەکەى تێدا دەکرێت، قوتابخانە ، قوتابخانە چ جێگایەکى هەیە لە کۆمەڵەدا و بە چ چاوێک لە کۆمەڵدا سەیرى مامۆستا و قوتابخانە دەکرێت، ئامانجى قوتابخانە چییەو ڕۆڵى مامۆستا چییەو لە چ بارو دۆخێکدا کارەکەى دەکات.

 

تێگەیشتنى چەوت

پیشەى مامۆستایى پیشەیەکە کە زۆربەى زۆرى خەڵک بە شێوەیەک پەیوەندى پێوە هەیە یاخود پەیوەندى پێوە بووە، خۆ ئەگەر وەکو قوتابى نەبێت، وەکو باوک و دایکى قوتابى و کەسانێکى ترى کۆمەڵ کە کار دەکەن لەگەڵ قوتابخانەدا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆرجار خەڵکى بە هەڵە لەوەى کە مامۆستا دەبێت چى بکات و چى نەکات.مامۆستا زۆرجار تەنها و بێ کەسە لەگەڵ قوتابییەکانیدا و کەس نییە نە لە لێپرسراوان نە لە هاوڕێکانى خۆى لەو کاتەدا یارمەتى مامۆستا بدات. لێپرسراوان هەوڵدەدەن کە بەکارى بهێنن بۆ ئامانجى خۆیان و بیکەن بە بڵندگۆ بۆ پڕوپاگەندەى بیرەکانى خۆیان، یاخود بیکەن بە پاسەوانى منداڵان و نەهێڵن منداڵان لەسەر جادەکان بسووڕێنەوەو بەرەڵا بن هەتاکو کاتى سەربازى و کاریان دێت.. یاخود دایکان و باوکان لەبەر زەحمەتى ژیان و ئازار و ناخۆشى خۆیان و پەیداکردنى خۆراکى ڕۆژانە ناپڕژێنە سەر ئەوەى کە ئاوڕێک لە منداڵەکانیان بدەنەوەو منداڵانیش لەبەر بێکەڵکى و نەگونجانى پرۆگرامى قوتابخانە لەگەڵ ڕاستى و پێویستى ژیاندا ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نییە کەچى فێر دەبن.

جا ئەمانە هەمووى بارى سەرشانى مامۆستاى گران کردووەو مامۆستاش هیچ شتێکى واى بە دەستەوە نییە کە دەنگى خۆى بە هۆیەوە ڕابگەینێ بە خەڵکى، لەگەڵ ئەوەشدا کە مامۆستا ئەو بەرپرسیاریەتیەى لێ وەرگیراوەتەوە کە خۆى بڕیارى خۆى بدات کە قوتابخانە چۆن بێت و مامۆستاش وەڵامى ئەو پرسیارانەى ئەوێ کە لە مێشکیا خوول دەخواتەوە.

 

چیمان لە قوتابخانە دەوێت؟

ئایا قوتابخانە شوێنى دەست بەسەر داگرتنى منداڵانە بۆ ئەوەى ئەملاو ئەولا نەکەن یان شوێنى زانست و ژیانە؟ ئایا قوتابخانە دەبێت منداڵ پەروەردە بکات یان فێرى خوێندن و نووسینى بکات؟ ئایا لەسەر قوتابخانە پێویستە زانستى ئامادەکراو بدات بە قوتابیان و ئەوانیش وەکو تووتى دووبارەى بکەنەوە یان قوتابیان ئامادە بکات بۆ چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمەى ژیان و ئەو بناغەیەیان بۆ دابنێ کە خۆیان لەسەرى بڕۆن و بگەڕێن بەدواى ڕاستیدا بەهۆى ئەو بناغەیەى کە دەستیان کەوتووە لە قوتابخانەدا؟ یاخود کارى مامۆستا ئەوەیە کە بگەڕێ بەدواى دەستوور و یاساى تازەدا و بیخاتە بەردەمى قوتابیان بۆ ئەوەى ئەوانیش شیبکەنەوەو ڕێگاى تازە بدۆزنەوە بۆ بەرەوپێشچوون و گۆڕان؟ یاخود کارى قوتابخانە ئەمانە هەموویەتى بە پلەى جیاواز و بەپێى پلەى وشیارى قوتابى.

ئەمانە هەمووى پرسیارن کە مامۆستا لە خۆى دەکات و وەڵامیان نییە، جا بۆیە بۆ وەڵامى ئەمانە پێویستە کە مامۆستایان دەنگى خۆیان بەرزکەنەوە و خۆیان ڕێک بخەن، پێویستە ئەم پرسیارانە کۆمەڵ بەشدارى بکات و گفتوگۆیان لەسەر بکات. ئەگەر مامۆستا دەنگى نەبیسترێ ناشبینرێ.

 

 

 

 

مامۆستا چى پێویستە!؟

تازە کردنەوەى زانیارى

   لەبەرئەوەى زانیارى هەردەم لە پێشکەوتن و گۆڕاندایە و مامۆستاش مرۆڤێکە کە چەکى دەستى زانستى و زانیاریە لەبەرئەوە مامۆستا پێویستى بە تازەکردنەوەى زانیارییەکەى هەیە بۆئەوەى لەگەڵ گۆڕانى کۆمەڵ و زانستدا بڕوات و هەموو زانستێک، کە خۆڵى ڕۆژگارى لەسەر لانەبەیت ون دەبێت و بەکارنامێنێ و دەبێت بەهۆى لەبیرچوونەوە و دواکەوتنى پلەى زانستى، لەبەرئەمانە مامۆستا هەمیشە پێویستى بە تازەکردنەوەى زانستییەکەى هەیە، ئەمەش بەزۆر جۆرى جیاواز دەکرێت و زۆر ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بەم مەبەستە.

- یەکێک لەم ڕێگایانە (کۆنفرانسى زانستى) یە کە لە سەرەتاى هەر نیوەى ساڵێکدا دەگیرێت و کەسانى زاناو شارەزا لەبارەى زانیارى خۆیانەوە باس دەکەن بۆ مامۆستایان، جا هەر کۆمەڵەى بە جیاو لەگەڵ شارەزاى جیاوازدا بۆ ماوەى هەفتەیەک لەو باس و زانستیانە دەکۆڵنەوە کە مامۆستایان پێویستیانە بەپێى ڕێکەوتنى مامۆستایان خۆیان. بۆ نموونە: مامۆستایانى ماتماتیک لە قوتابخانەى سەرەتایى لە شارێکدا یان ناوچەیەکدا هەفتەى یەکەمى ساڵى خوێندن بۆ کۆنفرانسى زانستى لەگەڵ شارەزایانى ماتماتیکدا تەرخان دەکەن و لەو هەفتەیەدا ئاڵۆگۆڕى زانستى دەکەن و باسى جۆرى وتنەوەى وانەى ماتماتیک و ئەو تەنگوچەڵەمانەى، کە دێنە بەردەمیان و ڕێگاى تازەو پێشکەوتنى زانستى تازە لەم بارەیەوە دەکەن، بەهەمانشێوە مامۆستایانى زمان و مامۆستایانى جوگرافیاو مێژوو و هەموو بابەتە زانستییەکانى تر.

ڕێگایەکى تر بۆ تازەکردنەوەى زانستیى مامۆستا، دروستکردنى یانەى جیاوازى مامۆستایانە، کە بەهۆى زانستە تایبەتییەکەى خۆیان پەیوەندى بەیەکەوە دەبەستن بۆ دروستکردنى ئەم یانەیە و دەبن بە هاوڕێى کارو زانستى لەنێوانى خۆیاندا. جا پێویست ناکات ئەمانە هەموو مانگێک یان ماوەیەکى دیارکراو کۆبوونەوە بکەن، ئەوەندە هەیە بەلاى کەمەوە ساڵى جارێک، شەوێک یان ڕۆژێک تەرخان بکەن کە بارى وانەوتنەوە و ئاڵوگۆڕى دیتن و بۆچوونى یەکترى بکەن. یاخود کۆرس دروست بکەن لە بارەى بابەتێکى تایبەتەوە و چەند جارێک کۆببنەوە و باسى کارەکە بکەن. باشى ئەمە ئەوەیە، کە مامۆستایان بە داخوازى خۆیان ئەم گۆڵمەزە دروست دەکەن و لەبەرئەوەى ژمارەیان زۆر نییە لە 4 – 8 مامۆستا پێکدێت و لەبەرئەوەى زۆرجار لە قوتابخانەى نزیک یەکەوە هاتوون و بارى ژیانیان لە یەکترى نزیکە بۆیە تەنگوچەڵەمەکانیان لە یەکترى دەچێت. لەبەرئەوە زیاتر سوود وەردەگرن.

بۆ نموونە : مامۆستایانى مێژوو دەتوانن خۆیان ڕێک بخەن لە کۆرسێکى چەند جاریدا کە چەند جارێک یەکترى دەبینن لەگەڵ یەکتریدا و باسى کتێبێکى مێژووى دەکەن کە هەموویان کتێبەکەیان لەوەوپێش خوێندبێتەوە و لەدواى ئەوە لە کۆرسەکەدا ئاڵوگۆڕى زانستى و شارەزایى بکەن.

 

 مامۆستا لە کارەکەیدا پێویستى بە سەربەستى هەیە:

   ئەمە ماناى ئەوەیە، کە مامۆستا خۆى نەبەستێتەوە بە وردەکارى سەرەوە و سەرەوە بۆى نەبێت دەست بخاتە کارى مامۆستاوە. تەنها ئەوەى پێویستە بۆ مامۆستا (خەتى پان)ە کە بریار بدرێ لە سەرەوە ، ئیتر خۆى سەربەست بێت لەوەى کە چۆن دەگاتە ئەو ئامانجە.

بۆ نموونە : ئامانجى پەیڕەو پرۆگرامى پۆلى دووەم لە ماتماتیکدا ئەوەیە، کە منداڵان بتوانن (+-) فێر ببن، ئیتر پێویست ناکات لەلاى سەرەوە بۆ مامۆستا نیشان بکرێت کەچى دەکات و چۆن دەگاتە ئەم ئەنجامە. ئەمە بەجێ دەهێڵرێ بۆ مامۆستا خۆى بڕیارى لەسەربدات و سەربەست بێت لەو ڕێگایانەى کە دەیگرێتەبەر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. هەروەها بۆ هەموو زانستەکانى ترو بۆ هەموو پۆلەکانى تر. ئەمە وا لە مامۆستا دەکات کە زیاتر خۆى خەریک بکات بە شێوەى فێربوونى منداڵەکانەوە و هەوڵبدات کە ڕێگاى جیاواز تاقى بکاتەوە و بوێرێ هەنگاوى سەربەستانە بهاوێَژێ بۆ ئەم مەبەستە و بگەڕێ بە دواى سەرچاوە و پرسیارکردن لە شارەزایان و کۆکردنەوەى زانستى ، کە لە دواییدا دەبێت بەهۆى بڕواکردن بەخۆ و بەرزکردنەوەى ڕاددەى زانستى و زیاتر گرنگیدان بە کارەکەى و ببێت بە نموونەیەکى زیندوو بۆ قوتابییەکانى.

 

 مامۆستا پێویستى بە ئازادى هەیە لە ڕامیاریدا:

   بە ماناى ئەوەى، کە مامۆستا دوور بێت لە کارى ڕامیارى پارتى تەسک و هیچ پارت و کۆمەڵێک مامۆستا بەکار نەهێنێ بۆ کارى خۆى و مامۆستاش لە قوتابخانەدا بێلایەن بێت لەو بارەیەوە. بەڵام لە دەرەوەى قوتابخانە مامۆستا دەتوانێ وەکو مرۆڤێکى سەربەست بیروڕاى خۆى دەربڕێت بەبێ ئەوەى کار بکاتە سەر قوتابییەکان، لەبەرئەوەى مامۆستا نموونەیەکى زیندووە بۆ قوتابییەکان وا لە قوتابییەکانیش دەکات کە هەرچەند بیروڕاى ڕامیارى جیاوازیان هەبێت بتوانن لە کاتى کارى زانستیدا بەیەکەوە کار بکەن و ئەمە کارێکى باش دەکاتە سەر ئەنجامى کارەکەیان. لەکاتى زانستدا زانست و کارکردن و لەکاتى ڕامیاریدا کارى ڕامیارى. لەکاتى یاریدا یارى و لەکاتى کاردا کار. بە مانایەکى تر بەشکردنى کاتى خۆى بۆ کارى جیاواز، کە ئەمە زۆر گرنگە و زۆرجار لەژیاندا دێتە ڕێمان.

 مامۆستا پێویستى بەوە هەیە دانى پێدا بنرێ.

بە مانایەکى تر پێویستە مامۆستا مافى هەبێت و کۆمەڵ دانى پێدا بنێت بۆئەوەى شوێنى ئاسایى خۆى لە کۆمەڵدا بگرێ. ئەمە کارى مامۆستا خۆیەتى و کەس ئەم کارەى بۆ ناکات. دەبێت مامۆستا زەحمەتى قوتابییان و خۆشى هەڵگرێت. لەڕاستیدا ئەوەندە ڕێگا زۆرە بۆ ئەم کارە بەقەدەر ژمارەى مامۆستایان خۆیان. لە کۆنفرانسێکى مامۆستایانى دارتاشى(کۆنفرنسى زانستى) کەخۆمان (مامۆستایانى دارتاش) دروستمان کردبوو باسى ئەوەمان کرد کە چۆن ئێمە وەکو مامۆستاکانى تر تەماشا ناکرێن لە قوتابخانەدا و کارەکەمان بەتەنها دەکەین و پەیوەندیمان بە مامۆستاکانى ترەوە زۆر کەمە (کارى دارتاش و دروومان و چێشتڵێنان لەهەموو قوتابخانە سەرەتاییەکاندا لە ئەوروپادا هەیە) لە دواى ئەوە، کە هەموو گلەیى خۆمان دەربڕى و قسەکانمان تەواوکرد. ئەو مامۆستا شارەزایەى، کە کۆنفرانسەکەى دەگێڕا داواى لێ کردین کە نووسینێکى پیشان بدەین کە مامۆستایەک خۆى نووسیبێتى لەم بارەیەوە و باسى ئەم بارو دۆخەى تێدا کرابێت، بەڵام کەس لە مامۆستایانى دارتاش ڕۆژێک لەڕۆژان شتێکى نەنووسى بوو کە کەسێکى تر بیخوێنێتەوە و لەو بارە ناخۆشەمان تێبگات. جا ئیتر گەیشتینە ئەو ئەنجامەى، کە دەبێت ڕۆژگار نامەى خۆمان بینووسین و هەوڵبدەین، کە لە ڕۆژنامەى مامۆستایانى و شوێنى تردا بڵاوى بکەینەوە بۆئەوەى مامۆستایانى تر لە قوتابخانەدا بزانن، کە ئێمە لە چ بارێکدا دەژین و چۆن کار دەکەین. ئەگینا گلەییکردنى خۆڕایى سوودى چییە و خەڵک چۆن لە بارى ئێمە تێدەگات ئەگەر ئێمە بۆى باس نەکەین. ئێمە داوامان لە خەڵکى دەکرد کە لە بارەى کارەکەمان تێبگەن کەچى خۆمان هیچمان نەدەکرد. کە دەنگیشمان نەکرد نابیسترێین.

 

 مامۆستا پێویستى بە پەیوەندى لەگەڵ دایکان و باوکاندا هەیە:

   بەبێ ئەم پەیوەندییە مامۆستا هەرگیز ناتوانێ پێویستییەکانى قوتابى بە ڕێکوپێکى بهێنێتە دى. ئەم پەیوەندییە دەبێت بە پردێک کە منداڵەکە بەسەریدا دەپەڕێتەوە بۆ کۆمەڵ. دایک و باوک زۆر دەزانن لەبارەى منداڵەکەیانەوە، کە لە قوتابخانە نایزانێت و قوتابخانەش زۆر شت دەزانێ لە بارەى منداڵەکەوە، کە خێزان نایزانێ. منداڵ هەمووکات وەکو یەک ڕەفتار ناکات. ئەو منداڵەى، کە گوێڕایەڵ زیت و وریایە لە ماڵەوە و بەشدارى هەڵسوکەوتى خێزان دەکات مەرج نییە، کەوا بێت لە قوتابخانە و مەرجیش نییە کە باسى ئەم دوو جۆرە ژیانەى بکات بۆ کەس. ئەو منداڵەى، کە لە ماڵەوە گوێڕایەڵ نییە و کارى ڕاستى نازانێ لەوانەیە لە قوتابخانە قوتابییەکى گوێڕایەڵى زیرەک بێت، هەموو جۆرێک لەم بابەتانە هەیە و دوایى نایەت. قوتابى هەیە باش نابینێت و باش نابیستێت و کەسیش نازانێ لە چ بارێکدا ئەم منداڵە دەژى و ئەویش ناوێرێ قسە بکات. چونکە لەوانەیە هاوڕێکانى گاڵتەى پێ بکەن. منداڵى وا هەیە پێویستى بە یارمەتى تایبەتى هەیە و قوتابخانە نازانێ. ئەمانەو گەلێکى تریش، لە پەیوەندى نێوانى مامۆستا و دایک و باوکدا ڕِووندەبێتەوە و دەتوانرێت زیاتر یارمەتى قوتابییەکە بدرێت. ئەم پەیوەندیى مامۆستا و دایک و باوکە دەبێت بە دروستبوونى پەیوەندییەکى باشتر لەنێوانى مامۆستا و قوتابى و دروستبوونى بارێکى لە بارو پۆزەتیڤ، کە قوتابییەکە تێیدا دەگەشێتەوە و سەرپشک دەبێت لەوەى کە یارمەتى دەدرێ لەکاتى پێویستدا. بەڵام ئایا هەموو دایک و باوکێک کاتى ئەوەى هەیە پەیوەندى بە قوتابخانە بکات؟ ئایا هەموو مامۆستایەک هەندێ لەکاتى خۆى تەرخان دەکات بۆئەوەى پەیوەندى بکات بە دایک و باوکەوە؟ ئایا کاتى ئەوەى هەیە ئەم کارە بکات؟ ئایا ئەم پەیوەندیکردنە ئەوەندە بە گرنگ دەزانرێ لەلایەن دامودەزگاى پەروەردەوە کە کات و پارەى بۆ تەرخان بکات؟ یاخود ڕێگاى مامۆستا بدات لەکاتى خۆى بەشێک تەرخان بکات بۆ ئەم پەیوەندییە؟ ئایا قوتابخانە ئامادەیە ڕۆژێک دابنێ بۆ پەیوەندیکردن بە دایک و باوکانەوە و میوانداریان بکات لە قوتابخانەو نەختێ دەمەتەقێ لەگەڵ دایکان و باوکان بکات.

لە وڵاتانى ئەوروپا ڕۆژێک تەرخان دەکرێ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دایکان و باوکان کە ئەو ڕۆژە وەکو ئاهەنگێکى خێزانى لێدێ و تا شەوێکى درەنگ هەموو لایەک لە قوتابخانە دەبن. لەپێشدا هەر مامۆستایەى لەگەڵ سەرجەمى دایک و باوکانى قوتابییەکانى کۆبوونەوە دەکەن و مامۆستا باسى ئەوەیان بۆ دەکات کە چییان کردووە و منداڵەکان چى فێر بوون و وەڵامى پرسیارەکانیان نەداتەوەو باسى پلانى داهاتوویان بۆ دەکات، ئینجا دواى ئەوە یەکە یەکە لەگەڵیاندا کۆبوونەوەیەکى کورت دەکات و باسى منداڵەکانیان بۆ دەکات و ئەو پرسیارانەى هەیبێت لە دایک و باوکانى دەکات و ئەوانیش چییان بووێت لەگەڵ مامۆستادا باسى دەکەن. هەموو ئەمانە دەنووسرێن و مامۆستا لاى خۆى خاڵ لەسەر ئەو شتانە دادەنێ کە پێویستە بکرێن بۆ منداڵەکە و یارمەتى بدرێت. چونکە قوتابییەکە لە دوارۆژدا دەچێتە لاى مامۆستایەکى تر و ئەو مامۆستایە سوودێکى زۆر لەو نووسراوانەى ئەم وەردەگرێ. لە هۆڵێکى تایبەتیدا یان لە پۆڵەکاندا چا و ئیشى هەویر کراوە و ئەوەى جارێ سەرەى نەهاتووە لەگەڵ ئەوەى لێبووەتەوە دادەنیشن و نەختێ دەمەتەقێ بەیەکەوە دەکەن و زیاتر لە بارەى دایک و باوکى هاوڕێى منداڵەکەیان فێر دەبن و دەزانن کە منداڵەکەیان لەگەڵ کێ لە قوتابخانە هەڵدەستێ و یارى دەکات و ڕووى ترى منداڵەکەیان بۆ دەردەکەوێت.

لێرەدا دەبێت قوتابیانى بێ دایک و باوکمان بیر نەچێت و چارێکى تایبەت بۆ هەر منداڵێک بدۆزینەوە بەبێ ئەوەى کە کاربکاتە سەر کەسایەتى منداڵەکە و هەست بە کەمى بکات. مام یان خاڵى منداڵەکە پەیوەندى ڕاستەوخۆى پێوە بکرێت و داواى لێ بکرێت کە لەم چاوپێکەوتنەدا ئامادە بێت.

کەواتە بۆئەوەى پەیوەندى قوتابخانە دروست بێت لەگەڵ دایکان و باوکاندا پێویستە لەسەر قوتابخانە کە باسى خۆى بکات بۆیان و داوایان لێ بکات کە بەشداربن لە پەروەردەکردنى منداڵاندا، چونکە هەندێ لەم دایک و باوکانە دەتوانن کارى شارەزایانى ژیان ببینن و وانەى تایبەتى بدەن بە منداڵان، هەتاکو کەسانى شەلوکوێر و کەڕولاڵ و پەککەوتەش دەتوانن باسى بارى ژیانى خۆیان بکەن بۆ قوتابیان و هەست و نەستى منداڵان بجووڵێنن، چونکە قوتابخانە تەنها بۆ فێربوونى نووسین و خوێندوە نییە و قوتابى دەبێت تواناى ئەوەى هەبێت کە خۆى بناسێت.

 

گرنگیى یارى

هەردوو پەروەردەکار و دەروونشیکەرەوە هەوڵیانداوە کارو گرنگى یارى دیارى بکەن، دەروونشیکەرەوەکان یارى بەشێوەیەک لەشێوەى هونەر دادەنێن کە دەتوانێ ژیانى مرۆڤ دەوڵەمەند بکات چ لە منداڵیدا و چ لە پیریدا، هەڵسوکەوتى هەمەجۆرى یارى ئەو شتانەى کە لە کەسایەتى مرۆڤدایە دەهێنێتە پێشەوە و دەریان دەخات کە زۆر زەحمەتە بە شێوەیەکى تر خۆیان دەربخەن لە ژیانى ڕۆژانەدا، کەواتە یارى دەتوانێ مرۆڤ ڕزگار بکات لەو هەست و نەستەى کە بەندە لە ناخى دەروونیدا.بەپێى تیورییەکى ناسراو یارى هەر بۆ خۆشى نییە، بەڵکو ئامادەکردنێکە بۆ کارى ڕۆژانە لەدواڕۆژدا، گرۆش دەڵێت:" هەرچى منداڵ دەیکات لەشێوەى یاریدا مەشقێکە بۆ ژیانى داهاتوو" ( گرۆس 1932).

دەتوانین یارى دابنێین بە بەرزترین و پێشکەوتووترین شێوەى پێشکەوتنى مرۆڤ لەتەمەنى قوتابخانەدا، چونکە یارى دەربرینێکى کوتوپڕى لە خۆوەى دڵخۆشییە کە منداڵ دەرى دەبڕێت و نیشانى دەدات، کە هەقى خۆیەتى وەکو خۆى بێت. (fr.frobel ).

بەهۆى یاریەوە منداڵ پێش دەکه‌وێت لەبارەى کۆمەڵایەتییەوە، باسکردنى گرنگیى یارى کارێکى گرانەو هیچ سوودێکى نییە، تەنها ئەوە نەبێت دەبێت بڵێین کە یارى خزمەتى زۆر ئاوات و ئامانج دەکات لەژیانى منداڵدا، هەڵسوکەوتى یاریکردن کێشێکى تایبەتى هەیە لەخۆیداو هەوڵدەدات بگاتە هیوایەک، هەروەکو لە کۆکردنەوەى شتومەکدا دەیەوێت بگاتە ئامانجێک و خزمەتێکى تایبەتى کەسایەتى منداڵ دەکات.

جا بۆیە وەکو مامۆستاو پەروەردەکار دەبێت زیاتر گرنگى بدەین بە یارى و جۆرەکانى پێش بخەین و هەوڵبدەین کە یارییەکان بنووسینەوە بۆئەوەى نەوەکانى دواى ئێمەش سوودى لێوەرگرن و زیاتر هەوڵبدەین منداڵەکانمان بەهۆى یارییەوە لە دەستوورى ژیان و بەڕێوەبردنى کۆمەڵێکى دیموکرات و سەربەست بگەن کە ئەندامەکانى نرخى خۆیان و سنوورى خۆیان ئەوەندە لەلا بەنرخەکە ڕێزى نرخ و سنوورى کەسانى دەوروپشتیان دەگرن. ڕێزگرتنى مافى یەکترى کە منداڵ بەهۆى یاریەوە فێرى دەبێت گرنگترە لەبەرکردنى مێژووى لە دایکبوونى(ابو الجهل).

 

کۆکردنەوە وەکو یارى

   زۆر زەحمەتە شێوەى جۆراوجۆرى یارى جیا بکەیتەوە لەو شتانەى بۆ کات بەسەربردن دەکرێن، لێرەدا وێنەیەکى ڕوون دەهێنینەوە، کە ئەویش هیوایەتى شت کۆکردنەوەیە، ئەم کۆکردنەوەیە هەر لە تەمەنى سێ ساڵیەوە دەستى پێکردووە بەڵام لەم قۆناغەدا کۆکردنەوە بەشێوەیەکى هەڕەمەکى و بەبێ دەستوورێکى تایبەتى کراوە. کاتێ  منداڵێک لەو تەمەنەدا نایەوێت ئەو هەموو شتانەى کە کۆى کردوونەتەوە فڕێى بدات لەبەرئەوەیە نایەوێت ئەو هەموو شتە (بەنرخانەى)کە کۆیکردوونەتەوە لە ناویان بەرێت. هەر لە سەرەتاى تەمەنى قوتابخانەدا جۆرێک لە کۆکردنەوە کە ئامانجى هەبێت دەست پێدەکات. هەموو شتێک کە منداڵ بتوانێ بیخاتە گیرفانیەوە یاخود کیسەکەیەوە لە خۆى کۆدەکاتەوە و ئیتر هەر لە برغو، بەرد، پەت ، پارچە شووشە، پوول، کاغەزى بنێشت، شقارتە وێنەى جۆراو جۆر، سەرەسۆدە تا هەر شتێکى تر کە دەستى بگاتێ، ئەوەى کە نیشانەى ئەم تەمەنەیە ئەوەیە منداڵ تا ئێستاش بیر هەر لە چەندایەتى زیاتر دەکاتەوە وەک لە چۆنایەتى. هەر لەم تەمەنەدا کۆکردنەوەى ئەو شتانەى پەیوەندى بە زانستە سروشتییەکانەوە هەیە شتێکى ئاشکرایە. منداڵ شتى مردوو و زیندوو کۆدەکاتەوە وەک بۆق. کیسەڵ، کوللە ، زەردەواڵە ، گەڵاى دار، بەرى دار و ئێسقان ، کۆکردنەوەى دەست پێدەکات وەکو یارییەکى خۆش یاخود پێشبڕکێیەک لەگەڵ هاوڕێکانیدا، ئەم منداڵانە دەست دەکەن بە شت کۆکردنەوە بە شێوەیەکى قووڵ و پشکنینێکى ڕاست کە لەوانەیە بە هیوایەتێکى درێژخایەن دوایى بێت کە لەگەڵ هەموو ژیانیدا دەبێت یاخود وەکو کارێکى پسپۆرى بۆ دابینکردنى ژیانى خۆى. لەبەرئەوە ئەگەر بمانەوێ وەڵامى ئەو پرسیارانە بدەینەوە، کە ئایا کۆکردنەوە وەخت کوشتنە، کارە، یان یارییە ئەوە ناتوانین ئەم وەڵامە بەڕاستى بدەینەوە، بەڵام کارى شت کۆکردنەوە شتێکى بە کەڵکە و بیرکەرەوەیە بۆ منداڵ.

لە تەمەنى 9- 12 ساڵیدا ئەم زەوقە خۆشە بە ئاشکرا دیارە لەلاى کوڕو کچ، بەڵام لەوە دەچێت کە زیاتر لەلاى کوڕان دیارتر بێت. لە تەمەنى 11- 13 ساڵیدا زەوقى کۆکردنەوە دەگاتە ترۆپک و لەدواى ئەوەى، کە هەموو شتێکیان کۆدەکردەوە ئێستا زیاتر ڕوو دەکەنە ئەوەى کە تەنها یەک شت کۆکەنەوەو گرنگى تەواو بدەن بەو تەنها شتە، بۆ نموونە: پارەى کۆن و پارەى جیاواز و جۆرى جیاوازى بەرد، وێنەى وەرزش و وێنەى پاڵەوانانى فیلم و ڕاستى و هتد...

لەم تەمەنەدا دوو شتى تر زیاد دەبێت بۆ کۆکردنەوە ئەویش (گۆڕینەوە) و (ڕێکوپێکخستن)ە، ئەمە لەبەرئەوەیە کە ئیتر دەست دەکات بە پێشبرکێ. ئامانج لە کۆکردنەوەکە دەبێت بەوەى کە کێ جوانترین و تەواوترین و گەورەترین کۆکراوەى هەیە و هەر منداڵەى دەیەوێت لەوى تر باشتر بێت. بەهۆى ڕێکخستن و باشکردن و بەشکردنى کۆکراوەکان منداڵ زانستییەکى تایبەتى دەبێت لەبارەى ئەو جۆرە شتومەکانەوە کە کۆیکردۆتەوە کە زۆرجار سەر سوڕهێنەرە بۆ مرۆڤ. ئەمەش لەبەردوو هۆى گرنگ:

                 ئەو زەوقەى منداڵ هەیەتى بۆ ئەم کارە لە ناخى دڵیوە هەڵقووڵاوە 1-

                 2- مێشکى بەهێزى منداڵەکە لەم تەمەنەدا دەگاتە هەرە پلەى بەرزى

ئەو زەوقە بەهێزەى منداڵ بۆ کۆکردنەوەى دەغڵودان یاخود باڵەفڕە و پەپوولە و بۆق و بەرد و زۆر جۆر شتى تر زانستییەک دەدات بە منداڵ کە هیچ کات قوتابخانە ناتوانێ ئەم زانستییەى بداتێ و گوێدان بە سروشت و ژینگە زیاد دەکات و زیندووى دەکاتەوە. ئەو منداڵە زیرەکەى کە پول کۆدەکاتەوە لەوانەیە ببێت بە پسپۆرێکى جوغرافیا یاخود مێژووناسى ووڵاتان، کە زۆرجار زانینى پێویستە لە پەیوەندى بەینى ووڵاتان و گەلاندا.

 

مامۆستا وەکو پێشڕەو و سەرۆک:

لە تاقیکردنەوەیەکى بەناوبانگى پسپۆڕى دەروونى(کورت لوین  Kurt Lewing  ) بۆ پێوانى کاریگەریى جۆراوجۆرى سەرۆکایەتى بۆ سەر کۆمەڵى قوتابى پازدە ساڵى، کە بە کارى وەکو یەکەوە خەریکبوون بۆى دەرکەوتووە، کە سێ جۆر سەرۆکایەتى هەیە یاخود سێ جۆر سەرۆکایەتى جیاکردۆتەوە کە ئەمانە:

 

            سەرۆکى دەسەڵاتدار:

ئەم سەرۆکە بە تەنها بڕیار دەدات (ئێوە دەبێت...) باسى کارەکانى دەکات هەنگاو بە هەنگاو و کەمترین زانیارى دەدات لەبارەى سەرجەمى کارەکەوە، کۆنترۆڵى تەواوى بەسەر کارەکاندا هەیە ، لێپرسراویەتى تەواوى کارەکە دەخاتە سەر ئەستۆى خۆى، ڕێگاى پێشنیارو بیرى تازە نادات، پاداشتى هەندێ دەداتەوە و سزاى هەندێ دەدات. ڕەخنەگرتن لە خودى کەسەکە دەگیرێ و ڕەخنەکە نێگەتیڤە. ئەندامانى کۆمەڵ دەکرێت بەگژ یەکدا بە بەراوردکردنیان بەیەکترى، ئەم سەرۆکە شوێنێک هەڵدەبژێرێ بۆ خۆى لەسەروو ئەندامانەوە، پەیوەندى لە نێوانى سەرۆک و ئەنداماندا کەمە و بە شێوەیەکى ڕەسمى دەڕوات بەڕێوە، لەسەرەوە بۆ خوارەوە بڕیار دەدرێ و لەناو خۆیاندا ناکۆکن، هەندێ لە ئەندامانى بە تەواوەتى ئەڵقە لەگوێى سەرۆکن و بەپێى دڵ و خواستى ئەو دەچن بەڕێوە. هەرچەندە خۆشیان باش دەزانن، کە ئەم ڕەفتارەیان ڕاست نییە، هەندێ لە ئەندامانى تر کە ناڕازین بێ دەنگ دەبن.

کارەکان بە باشی دەڕوات بەڕێوە، بەڵام هەر ئەوەندە سەرۆک دیار بێت، پشت بە سەرۆک بەستن وا دەکات کە هەوڵدان و تێکۆشان زۆر کزە، دڵخۆشبوون بەکارو ڕازیبوون لەمجۆرە کۆمەڵەدا زۆر کزە، خوو و ڕەوشتى وەکو زیرەکى و یارمەتى و کۆمەککردن خراوەتە لاوە.

بەرەوپێشچوون و دۆزینەوەى ڕێگاى تازە و باشتر و پێشنیارى تازە ڕێگاى نادرێ، یەکێتى لەناو کۆمەڵدا زۆر کزە و بەش بەش بوون و لە تۆپەت بوون زۆر ئاساییە، ئەندامانى کۆمەڵ هەوڵدەدەن کە خووى سەرۆک دووبارە بکەنەوەو سەرۆکایەتى تەنهایى بنوێنن، هەقکردنەوەى لە ئەندامانى بێهێز و کەسانى دەرەوەى گرووپەکە شتێکە زۆر ڕوو دەدات.

 

              سەرۆکى گوێنەدەر:

ڕۆڵێکى پاسیڤى هەیە و دەتوانین بڵێین، کە لە تەنیشتەوە وەستاوە لە زۆر کات و شوێندا، گرووپەکە خۆى خۆى دەبات بەرێوە، هەرچەندە کە دەستوور و یاسا سەرپێچى لێ بکرێ و لێى لابدرێ سەرۆک گوێ ناداتێ و هیچ ناکات، چونکە بێدەسەڵاتە و لاوازە و ڕێگا دەدات بە کەسانى تر لە کارەکەى بۆ بکەن، سەرۆکى وا سەرۆکایەتى خۆى دەدات بە کەسانى تر هەرچەندە سەرۆکایەتییەکەى وەرگرتبێ بەهۆى تەمەندرێژیەوە یان زانیارییەوە یان دانرابێ لەسەرەوە.

جۆرى بەڕێوەبردنى کارەکان و یاسا و دەستوورەکان تەماوى و نادیارە، ئەو شتانەى کە کۆمەڵ یەک دەخات لاواز و کەمە، هەر کەسە بە هەوەسى خۆى دەکات، یەکێتى کزە لەناو ئەندامانى کۆمەڵدا. یاساى دارستان بەکار دەهێنرێ، بەهێزەکان بێهێزەکان دەچەوسێننەوە، ڕازیبوون لەناو کۆمەڵدا لەسەر ئەوە وەستاوە کە ئایا ئەو کەسە دەسەڵاتدارە یان نا، لەناو کۆمەڵدا ناڕێکوپێکى هەیە، ئەنجامى کاریان زۆر کەم دیارە جا چ بە ئامادەبوونى سەرۆک یان ونبوونى، سەرلێشێواوى و نادڵنیایى لەناو گرووپدا بڵاوە، زۆر بە ئاسانى پەرش و بڵاودەبنەوە لەکاتى ڕوودانى کارەساتێکى کوتوپڕدا.

 

              سەرۆکى دیموکراستیخواز:

ڕۆڵێکى چالاک دەبینێ لە کاروبارى کۆمەڵدا و کار دەکات وەکو ئەندامێک لە ئەندامان، بەبێ ئەوەى ڕۆڵێ خۆى لەبیر بچێتەوە وەکو سەرۆک. سەرۆکێکى دەسەڵاتدارە بەبێ ئەوەى زۆر بەکاربهێنێ.

ئامانجى گرووپ نیشانە دەکرێت و ئەندامان ئاگادار دەکرێن لە سەرجەمى کارەکە. بەیەکەوە بڕیاردەدەن بۆ چۆنیەتى کارکردن و دانانى دەستوور و یاسا، لەناو ئەو کۆمەڵەدا سەربەستى ئەندامەکان زۆر گرنگە، بە ماناى ئەوەى کە شتێکى خۆیى پاڵیان پێوە دەنێ بۆ کارکردن لە جیاتى زۆرى دەرەوە و پەیمانى درۆ و ترس.

پەیوەندییەکى باش هەیە لەناو ئەندامانى کۆمەڵدا و لەگەڵ سەرۆکدا. ئەو ڕەخنانەى کە دەگیرێ ڕەخنەیە لە شت و کارەکان دەگێڕێ نەک لە ئەندامانى و بۆئەوەیە کە یارمەتى گرووپ بدا نەک بیڕوخێنێ. یەکێتى بەهێزە لەناو ئەندامەکاندا. بە چاوێکى ڕێزەوە سەیرى کارى باشى ئەندامەکان دەکرێت و یارمەتى دەدرێ و ئەندامەکان ڕازین لە ژیانى خۆیان لەناو کۆمەڵدا ئەندامەکان هەست بە بەشداربوون دەکەن و یارمەتى یەکترى دەدەن. کاروبار ڕاپەڕاندن بە شێوەیەکى باش دەڕوات سەرۆک لەوێ بێت یان نا، یەکسانى و سەربەستى و کارامەیى پێشدەکەوێت و یارمەتى دەدرێ لەژێر سایەى ئەم یاسایەدا.

ئەم سێ شێوەیە لە سەرۆکایەتى و بەرێوەبەرایەتى سێ شێوەى بەناوبانگن و لێرەدا هەر لەبەر ئاسانکردنى باسکردنیان ئاوا بەم شێوەیە(کورت لوین) جیاى کردونەتەوە، ئەگینا لە ڕاستیدا ئەمانە زۆرجار تێکەڵن و جیاوازى هەیە لەشێوەى بەڕێوەبردنیاندا بەپێى کات و شوێن.

مامۆستا سەرۆک و بەڕێوبەرى پۆڵە و لە قوتابخانەدا مامۆستا سەرۆک و بەرێوەبەرى خۆى هەیە کە ئەویش بەرێوەبەرى قوتابخانەکەیە و بەرێوەبەریش سەرۆک و بەرێوەبەرى خۆى هەیە کە .. ئیتر بەمشێوەیە، ئەمانە هەمووى پێکهاتوون لە مرۆڤ کە کار دەکەن لە ڕێکخراوێکدا و ڕێکخراوەکە پێکهاتووە لە مرۆڤى جیاواز کە هەر کەسەى لە ژیان و پەروەردەو زانست و هەست و نەستدا جیاوازن. لە کۆمەڵێکدا کە سەرۆکى دەسەڵاتدارى هەبێت کارەکان زۆر ئاسان و بەبڕیار و ڕوونکردنەوەى سەرۆک کارەکان زوو دەڕوات و بەڕێوە و پێویست ناکات کە کەس پرسیار بکات کە ئەمە ڕاستە یان نا؟ یان ئەگەر ئەنجامەکەى باش نەبوو چى دەبێت؟ سەرۆک و بەرێوەبەر هەموو بەرپرسیارییەکى خستۆتە سەر شانى و ئەگەر کارەکەش سەرنەکەت دەسەڵات و لێپرسراوى بە دەست خۆیەتى هەتاکو ئەو کاتەى دڵى سەرۆکەکانى خۆى ڕازى دەکات ئەوا بۆى هەیە دەسەڵاتى خۆى بە کار بهێنێ.

لە کۆمەڵێکى دیموکراتدا ئەمە جیاوازە و سەرۆک و بەڕێوەبەر بەشدارن لە بڕیارو کارى کۆمەڵدا هەروەکو ئەندامەکانى تر و لێپرسراون بەرامبەر بە ئەنجامى کارەکەیان و ئەرکى سەرشانى ئەندامانیش زۆرترو گرانترە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر ئەنجامەکەى و کاتێک کە کارەکە بە ئەنجام نەگەیشت ئەوا گوناهە گوناهى کەس نییە، بەڵکو گوناهى شێوەى ئیشکردنیانە و پێویستیان بە زیاتر لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە هەیە بۆئەوەى لە هەنگاوى داهاتوودا ئەو هەڵە و چەوتیانە ڕاست بکەنەوە.

کارى مامۆستا و پەروەردەکار لەم کاتەدا زۆر بە نرخە بۆ کۆمەڵ، مامۆستا ئەندامەکانى کۆمەڵ دەکات بە ئەندامێکى چالاک و بەشدارى پێشکەوتنى ژیانى کۆمەڵ دەکەن و بەشدارن لە بەرێوەبەردن و ئەنجامدانى ئەو بریارانەى کە خۆیان داویانەو زیاتر هەست بە لێپرسراوى دەکەن و بڕوایان زیاتر بە تواناى خۆیان دەبێت و کەسایەتیان زیاتر بەهێز دەبێت. لە کاتێکدا کە کۆمەڵێک بەڕێوەبەرەکانى کەسایەتیان بەهێز بێت و پەروەردەکارەکانى بەشدارى ڕاستەوخۆ بکەن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردندا ئەمە دەبێت بەهۆى ئەوەى کە ئەندامانى کۆمەڵیش هەست بە کەسایەتى بەهێزى خۆیان دەکەن و ئەم خووە باشە تەشەنە دەکات لەناو ئەندامەکاندا و ئەوانیش بەشدارى گفتوگۆ و چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمەکانى کۆمەڵ دەکەن. بە مانایەکى تر ئەمە دەبێت بەهۆى دروستکردنى زنجیرەیەک لە کاردانەوە ، هەروەکو چۆن بەردێک فڕێ دەدرێتە ناو ئاوێکى وەستاوەوە ئیتر بازنەکانى ئاوەکە تا بێت زیاتر دەبێت، هەروەها ئەم خووە باشەى سەرۆکیش تەشەنە دەکات و ئەندامانیش چاوى لێدەکەن.

 

دەسەڵاتى مامۆستا لەم تەمەنەدا:

لە قۆناغى قوتابخانەى سەرەتاییدا دایک و باوک بەبێ شک گەورەترین ڕۆڵ دەبینن لە ژیانى منداڵدا و دەسەڵاتدارن بەسەر منداڵدا، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرجار دایک و باوک دەڵێن، ئینجا ئێمە هەرچى بڵێین قیمەتى نییە تەنها قسەى مامۆستا دەخوات و ئەوە دەکات کە مامۆستا پێى دەڵێت ئەمە قسەیەکى ڕاستە چونکە:

لەوانەیە قوتابییەکە کە شەو داهات بچێت بنوێ لەکاتى تایبەتیدا، (سەعات نۆ) چونکە مامۆستا وتویەتى، منداڵەکە لەوانەیە کە ئیتر پارەکانى نەدات بە شیرینى چونکە مامۆستا وتویەتى کە شیرینى بۆ دانەکانى خراپە و دەبێت شیرینى کەم بخوات و کە خواردى دەبێت دواى ئەوە خێرا بچێت ددانى بشوات، منداڵەکەش ئیتر دەچێت ددانى دەشوات و ئەوەندەش شیرینى ناخوات، چونکە مامۆستا وتویەتى، باوک و دایکیش هەروایان پێ وتوە بەڵام سوودى نەبووە.

ئەمە پەیوەندى بە دەستبەسەراگرتن و دەسەڵاتى مامۆستاوە نییە بەسەر منداڵەکەدا ئەمە پەیوەندى بە (هەستى هەموان) ەوە هەیە، چونکە هەموو منداڵەکانى تر بە قسەى مامۆستا دەکەن لەبەرئەوە ئەمیش بە قسەى مامۆستا دەکات. بەبێ شک مامۆستا دەسەڵاتدارێکى گەورەیە لە ژیانى منداڵدا و منداڵى 7 – 9 ساڵان حەز دەکات بە قسەى مامۆستا بکات، چونکە مامۆستاى خۆش دەوێت، بەڵام ئەوەى کە هەموو ئەوانى تر دەیکەن گرنگە هەر لە سەرەتاى دەستپێکردنى قوتابخانەوە هەتاکو تەواوبوونى پلەى ناوەندیش، ئەم هەستە زۆر کار دەکاتە سەر منداڵ و هەست دەکات کە ئەم لە گرووپێکە و (هەستى ئێمەى) ى تێدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت و خۆى بە کەسانى تر بەم بۆنەیەوە نەناسێنێ کە پۆڵەکەى ئەمان باشترە و ئەمان خۆیان بەیەک گروپ دەزانن.

 

ڕەخنە

وا باوە ڕەخنە باشە و قازانجى هەیە، زۆر کەس ئامانجیان ئەوەیە ڕەخنە بگرن و خەڵکى فێرى ڕەخنەگرتن بکەن بەو هیوایەى بە هۆی ڕەخنەوە بگەنە پلەى بەرزى ڕاستى و داوا لە خەڵکى تریش دەکەن کەوا بکات و دەڵێن:" پیاو دەبێت ڕەخنە قبووڵ بکات."

 

بەڵام ڕەخنە چى دەکات؟

ڕەخنە کەمجار دروستکەرە و ئامانجیش لە ڕەخنە وا دیارە دروستکردن نییە، بەڵکو ڕووخاندنە جا چۆن پیاو زوو دەگاتە ئەنجامێکى باش بەوەى کە ڕووخێنەر بێت؟

ڕەخنە ماناى ئەوەیە ئەوەى قسەکە دەکات ڕازى نییە بەبیرو زانیارى و هەستى خەڵکى تر، ڕەخنە دەست ڕادەکێشێ بۆ هەڵەکان بەبێ ئەوەى باسى ئەوە بکات کەچى بکرێت لەجیاتى، ئەمە ماناى ئەوە نییە کە پیاو دەست بۆ ڕەخنە ڕانەکێشێ، یاخود قسەى خۆى نەکات لە شوێنێکدا کە پێویستە بکرێت، بەڵام لەم کاتەدا پێویستە ڕەخنەگر لە کەوشەکانى خۆى بێتە دەرەوە و هەوڵبدات تێ بگات کە ڕەخنەکەى چ کارێک دەکاتە سەر ئەوەى ڕەخنەى لێ دەگێرێ و خۆى لە شوێنى ئەو دانێ و باسى ئەوە بکات کەچى بکرێت لە جیاتى ئەو شتەى ئەو ڕەخنەى لێ گرتووە.

ئەگەر ئامانجى ڕەخنەگر ئەوە بێت کە ڕەخنە لێگیراو بچەوسێنێتەوە و تۆڵەى لێ بسێنێتەوە ئەوە بە ئاسانى دەگاتە ئامانجى تەواو. ئەگەر ئامانجیش یارمەتیدان و پێشخستنى بێت ئەوە بە ئاسانى ناگاتە ئامانجەکەى، چونکە ڕەخنە لێگیراو هەست بەوە دەکات کە بە ناهەق دەستنیشان کراوە و مامەڵەى لەگەڵ کراوە یاخو بە هەڵە تێى گەیشتوون یاخود ڕەخنەگر لە ڕاستى نازانێ و لە خۆیەوە ڕەخنە دەگرێت.

ڕەخنەى ئەرێنى(ئیجابی) ئەو ڕەخنەیەیە کە گوێ دەداتە ڕەخنەلێگیراو کە چەند دەتوانێ گوێى لێ بگرێت و بەپێى رەخنەکە هەڵسوکەوت دەکات. کەواتە ڕەخنەگر دەبێت بە باشى لە بارو دۆخى کارەکە شارەزا بێت و بناغەیەکى ڕاستى هەبێت بۆ بارو دۆخى کارەکە و بزانێت کارەکە چۆن ڕووى داوە، بەمانایەکى تر لە خۆیەوە تفەنگ بە تاریکییەوە نەنێ و تەنها بە قسەى کەسێک بڕوا نەکات کە ئەو کەسەش لە کەسێکى ترى ببیستێ و ئەویش لە کەسێکى تر کە هیچیان نازانن ڕاستى مەسەلەکە چییە، زۆرجار مرۆڤ لەبەر بێهێزى کەسایەتى خۆى هەر کە شتێکى بیست خێرا لەگەڵ ڕەخنەگرەکەدا دەنگى خۆى یەک دەخات و ئەویش ڕەخنە لە کەسى سێهەم ئەگرێ، ئەمە نیشانەى بێهێزى و لاوازى کەسایەتییە و پێویستە مرۆڤ گوێى لە هەردوولا بێت بۆئەوەى ڕاستى مەسەلەکەى بۆ دەربکەوێت و حوکمى بەسەردا بدات، هەر بە گوێگرتن لەلایەک مرۆڤ ناتوانێ ڕاستى شت بزانێ.

یارییەکە هەیە کە مرۆڤێک وشەیەک دەچرپێنێ بە گوێى ئەوى تەنیشتیا و ئەویش دەچرپێنێت بە گوێى ئەوى تەنیشتیا و هەروەها تاکو قسەکە دەگاتەوە لاى کەسى یەکەم، بەڵام کاتێ کە قسەکە دێتەوە لاى کەسى یەکەم لە زۆرجاردا ئەوەندە گۆڕاوە کە ناناسڕێتەوە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە قسە چەند دەگۆڕێت کاتێک کە دەماو دەم دەکات و لە کەسێکەوە دەچێت بۆ کەسێکى تر ئەم بە هەڵە لە یەکتر گەیشتنە شتێکى مرۆڤایەتییە وشتێکى سەیر نییە و هەر کەسە بە جۆرێک و بە شێوەیەک لە هەمان هەواڵ دەگات لەبەرئەوەى ژیانى هەر کەسێک جیاوازە لەوى تر و بە چاوێکى جیاواز سەیرى ژیان دەکات. شتێکى ترى گرنگى ڕەخنە ئەوەیە کە پەیوەندى چۆنە لە نێوانى ڕەخنەگر و ڕەخنەلێگیراودا، ئەگەر پەیوەندییان ڕاست و دروست بێت و لەسەر بناغەى زانستى و خۆشەویستى دروست بووبێت ئەوا ئاسانترە کە ڕەخنە لە یەکترى بگرن.

ڕاستییەکى تریش ئەوەیە چەند ئەو کەسەى ڕەخنەى لێدەگیڕێ متمانەى بە خۆیەتى. کاتێ کە پیاو متمانەى بەخۆى نەبوو ئیتر ڕەخنەش کارى ڕووخێنەر دەکات و لە ڕاستیشدا ئەوەى کە زیاتر پێویستى بە یارمەتى بەرزکردنەوەى متمانە هەیە ئەو کەسەیە کە زۆرتر ڕەخنەى لێدەگیرێ.

بۆئەوەى ڕەخنە دروستکەر بێت و ڕووخێنەر نەبێت، بەتایبەتى لەم تەمەنەدا کە منداڵ زۆر متمانەى کزە بەخۆى و تاکو ئێستا کەسایەتى خۆى بە تەواوەتى نەدۆزیوەتەوە، پێویستە مامۆستا و دایک و باوک چاودێرى ئەم خاڵانەى خوارەوە بکەن لەگەڵ ئەو خاڵانەى کە خۆیان بە ڕاستى دەزانن لە پەیوەندى نێوان خۆیان و منداڵەکانیاندا، چونکە وەکو وتمان هەر پەیوەندییەک (باوک – منداڵ) (مامۆستا – قوتابى ) پەیوەندییەکى تاکانەیە و هیچ پەیوەندییەکى تر نییە لەم پەیوەندییە بچێت.

                 1-رەخنە پێویستە خێرا و ڕاستەوخۆ بێت، مرۆڤ نابێت ڕەخنە لە دڵى خۆیدا کۆبکاتەوە و کاتێ کە زۆر بوو بەیەکەوە دەریببڕێ ، ڕەخنە تاکو کەمتر و ڕوونتر بێت باشترە.

2-              زۆرجار دەتوانرێت کە ڕەخنە لە شێوەیەکى پۆزەتیڤدا باس بکەیت و لە جیاتى ڕەخنە دەست بۆ ئەو تەواوکەرانە ڕابکێشێت کە کارەکە چاکتر دەکەن، شێوە و جۆرى جیاواز بخەیتە بەردەم هەتاکو قوتابییەکە ئەوەى خۆى ئەوەى بە باشى دەزانێت هەڵى بژێرێت .. لەجیاتى ئەوەى باسى ئەوە بکەیت کە ناتەواوە، باسى ئەوە بکەیت کە تەواوکەرە.

3-              مرۆڤ لە کاتى ڕەخنەدا پێویستە قسە بۆ خۆى بکات و بۆ کۆمەڵى نەکات.. (من حەز ئەکەم..) لە جیاتى ئەوەى (ئێمە پێمان خۆشە..) (هەموومان..) چونکە ڕەخنە شتێکى زاتیە. بەڵام هەندێ کەس هەوڵدەدات بەهۆى ئەوەى کە بە ناوى هەمووانەوە قسە بکات دەرى بخات کە ئەمە شتێکى دیارە و هەموو کەس دەبینێ لەکاتێکدا کە بە تەنها هەر ئەو وا بیر دەکاتەوە.

4-              لە جیاتى ئەوەى لە دەربڕینەکاندا وشەى ئاڵۆز و سەیر بەکاربهێنێ هەوڵبدەیت کە تا دەتوانیت لەکاتى ڕەخنەگرتندا وشەى و دەڕبرینەکان سادە و ڕوون و ئاشکرا بێت و بە ئاشکرا و ڕێکوپێک دەست بۆ کارەکان ڕابکێشێ، کە بەلاتانەوە باش نییە، پیاو ناتوانێ بە جارى ژیانى کەسێک یاخود ڕووداوێکى گەورە بخاتە ژێر وردبینى ڕەخنەوە و ڕەخنەى لێ بگرێت. پیاو ڕەخنە لە شتێک دەگرێت و ڕەخنە لە (پەیوەندییەک) دەگرێت. پیاو ڕەخنە لە(کاتێک) دەگرێت.

5-              پیاو ڕەخنە لە مرۆڤ ناگرێت، ڕەخنە لە شت دەگرێت، ڕەخنە لە کارێک دەگرێت کە مرۆڤێک کردبێتى نەک لە مرۆڤێک کە کارێکى کردبێت، ئەمە زۆر گرنگە کە جیاوازى بکەین لەنێوانى کار لەگەڵ ئەو مرۆڤەى کە کارەکەى کردووە، ڕاستە کە ئەم کارەى ئەم مرۆڤە کردوویەتى بەلاى تۆوە باش نییە و ڕەخنەى لێدەگرێ، بەڵام هەمان مرۆڤ لەوانەیە کارى زۆرترى کردبێت کە باش بێت و تەنها بە دڵى تۆش بێت.

کاتێک کە کارى مرۆڤێک بەلاى تۆوە هەڵەیە، ماناى ئەوە نییە کە هەموو کارێک کە ئەم مرۆڤە دەیکات هەڵەیە، ئەم کارەى کە کردوویەتى لە بارودۆخێکى وادا کردوویەتى کە لە وانەیە ئەگەر بە وردى لێى بکولێنەوە و خۆمان بخەینە شوێنى ئەو بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمەش هەر وامان دەکرد. یاخود ئەگەر قوتابییەک هەڵەیەکى کرد کە بەلاى تۆوە راست نەبوو، ئیتر ماناى ئەوە نییە کە قوتابییەکەت قوتابییەکى خراپە و دەبێت ڕەخنەى لێ بگرێت. بەوەى کە ناوى چییە و لەکوێوە هاتووە و کوڕى کێیە و هەوڵبدەیت لەبەرچاوى هەموو قوتابیانى هاوڕێى واى لە قەڵەم بدەیت، کە قوتابییەکى خراپە. لەلاى ئێمە باوە کە خەڵکى کاتێک هەڵەیەکیان کرد ئیتر بکرێن بە نموونە و سەریان بتاشن و لەسەر تەلەفزیۆن پێشانى خەڵکیان بدەن، بۆئەوەى ببن بە عیبرەت. بە قسەى دەسەڵاتدارەکان و لێپرسراوان ئەوە دەبێت بە نموونەیەک بۆ خەڵکى تر و خەڵکى ترى پێ دەترسێنن، بەڵام خۆى لەڕاستیدا گەورەترین هەڵەى مرۆڤایەتییە کە دەکرێت بەرامبەر بەم کەسە و کەسایەتى ئەو مرۆڤە هەتا هەتایە بریندار دەکات و بەپێى هەموو مافێکى مرۆڤایەتى ئەم کارە ناپەسەندە و نەکردنى سوودى لە کردنى زیاترە. لەبیرمە منداڵ بووم لە قوتابخانەى سەرەتاییدا و لە پۆلى یەکەمدا بووم کە ڕۆژێکیان منیان لە ڕێز هێنایە دەرەوە و بە جیا ڕایان وەستانم لەولاوە هەروەکو گوناهێکى زۆر گەورەم کردبێت و منداڵان هەموو بەجارێ سەیریان دەکردم و منیش لە شوێنى خۆم هەتا بهاتایە زیاتر ئارەقم دەکردوەو ترسم زیاتر دەبوو. ئەمە لەبەرئەوە کە گۆرەویم بەکارهێنابوو لە جیاتى دەستەسڕ لەکاتى پشکنینى پاکوتەمیزیدا، کە بەبیرى خۆم باشتر بوو لەوەى کە هیچ شتێکم پێ نەبێ، لە ترسانا زوو تاکێک لە گۆرەوەیەکانم داکەندو گرتم بە دەستمەوە ئەوەى لێى فێربووم ئەوەیە کە لەو ڕۆژەوە ئیتر دەستەسڕم نەخستۆتە گیرفانمەوە.

6- وشە هەڵبژاردن و بەرزونزمى دەنگ لەکاتى ڕەخنەدا بە زیرەکى و لەسەرخۆ کە بەپێى خەڵکى و شوێن دەگۆڕێ گرنگییەکى تایبەتى هەیە. لەکاتێکدا کە کەسێک بە وشەیەک تێدەگات و لەوە زیاتر پێویست نییە، کەسانى تر هەن کە پێویستە چەند جارێک پێیان بووترێ و ئاگاددار بکرێنەوە بۆئەوەى هەستى پێ بکەن، ئەمە کارێکى زەحمەتە بۆ مامۆستا کە مامەڵەى لەگەڵ دەیەها قوتابى هەیە لە ڕۆژێکدا و نازانێ کێ بە قسەیەک و کێ بە چەند قسەیەک تێدەگات. بەڵام ئەمە لەکاتى گفتوگۆى مامۆستادا لەگەڵ دایک و باوک و لەگەڵ قوتابییەکەدا و لە کارى ڕۆژانەدا فێرى دەبێت و بە کارامەیى بەکاریان دێنێت.

7- ئەگەر کەسێک ڕەخنەى لێ بگیرێ لەبەردەم هاوڕێکانیدا ماناى ئەوەیە کە ئەو کەسە هەستى بریندار دەکرێ، یاخود واى لە هاوڕێکانى دەکرێت کە بە درۆ لایەنى هاوڕآ غەدرلێکراوەکەیان بگرن، کەواتە هەڵبژاردنى کات و شوێن پێویستە و ئەمە ماناى ئەوە نییە کە ڕەخنەکە ڕاستەوخۆ نییە. ئەمە لەوە دەچێت کە زۆر گران بێت و نەتوانرێ هەمووى ڕەچاو بکرێت، بەڵام مامۆستا ئەم هونەرە فێر دەبێت لە کارى ڕۆژانەیدا و ناچاریشە، چونکە ئەو نیشاندەرى ڕێگاى زۆر قوتابیانە کە چاوەڕوانى ئەوەى لێ دەکەن کە کارى ڕاست بکات و ئەمانیش لاسایى بکەنەوە. جا ئەگەر مامۆستا ڕەخنەگرتنى کرد بە پیشەیەکى وا کە هەر ئامانجى ئەوە بێت ڕەخنە بگرێت و بەس بۆ ئەوەى نیشانى بدات کە تەنها ئەم ڕاست ئەکات و قوتابیان بداتە بەر لێزمەى ڕەخنەگرتن ئەوا پەیوەندى بەینیان تێک دەچێت، ئەمە ماناى ئەوە نییە کە مامۆستا دەبێت گوێ بە کارى ناڕەوا نەداو ڕازى بێت بە کارى پڕوپووچ.

 

 

دان بە شتى باشدا بنی..

باسى ئەوەمان کرد مرۆڤ باشتر نابێت بەوەى بچەوسێنرێتەوە و باسى خراپەکانى بکەین و پێى بڵێین، کە بێکەڵکە و هیچ نازانێ، چونکە هەموو کەسێک شتێک لە خۆیدا دەبینێ، بیر لە سنوورو تواناى خۆى دەکاتەوە گومانى لەوە هەیە کە بتوانێ یان نەتوانێ کارێک بکات. پیاو دەترسێ لەوەى کە بە تەواوەتى باش نەبێت لە کارەکەیدا.

چاوەڕوانى خۆت لە خۆت ئامانجەکان دیارى دەکات و دەگەیتە ئەنجام. جا ئەگەر چاوەڕوانى چاکە بکەیت ئەوا کارەکەت چاک دەبێت و چاوەڕوانى ئەنجامى خراپ بکەیت ئەنجامەکەت خراپ دەبێت. هەروەها چاوەڕوانى خەڵکى لە تۆ هەمان ئەنجامى هەیە، جا بۆیە تۆ لە خۆشنووسیندا سەرکەوتوو نابیت ئەگەر هەمیشە گوێت لەوە بێت کە دەستوخەتت زۆر ناشرینە و مرۆڤ نابێت بە یاری کەرێکى باش ئەگەر هەمیشە گوێى له‌وە بێت کە چەند یاریکەرێکى خراپە. بەڵام زۆر بەلاتەوە خۆشە  خۆشنووسیى بکەیت کاتێ کە گوێت لێ دەبێت یەکێک دەڵێت کە تۆ جوان دەنووسیت یاخود مەشقى زیاتر دەکەیت و خەریکى فوتبۆڵێن دەبێت کاتێک کە گوێت لێ دەبێت بە باشى باسى یارییەکەت دەکرێت. ئێمە ئەم چاوەڕوانییەى خەڵکى دەکەین بە چاوەڕوانى خۆمان و ئاواتەکەیان دەکەین بە ئاواتى خۆمان و هەوڵدەدەین کەوا بکەین سەر بکەوین.

بەڵام چاوەڕوانێکى خراپ یاخود ڕەخنەیەکى خراپ وا لە ئێمە دەکات کە دژى بوەستین، لەهەمانکاتدا هیچ شتێک نییە بسەڵمێنێت کە بە پێچەوانەکەى ڕاستە، ئەمە وا دەکات کە چاوەڕوانى ئێمەش ببێت بە چاوەڕوانى و ئاواتى ڕەخنەگرەکە و سەرنەکەوین.

لە پشکنینى زانستیدا دەرکەوتووە چۆن چاوەڕوانیى کار دەکاتە سەر ئەنجامى کارەکان. نەک تەنها وشە و دەنگ بەرزى و نزمى و جۆرى دەنگەکە بەڵکو زەردەخەنەى خێرا و سەیرکردن و گرنگیدان بە کەسەکە و هتد.....

پێشکەوتن دەبێت بەهۆى پێشکەوتن، پیاو کە سەرکەوت ئیتر هان دەدرێ بۆ ئەوەى کە زیاتر مەشق بکات و ئەوەندەى تر ئەنجامەکەى باش بکات. پرۆسه‌ی پێشکەوتنێک لیره‌وه‌ دەست پێدەکات

ئەمە تا پلەیەکى زۆر لە قوتابخانەدا پەیوەندى بە مامۆستاوە هەیە، کاتێ کە مامۆستا دەبیستێ کە کارى چاک دەکات و لە ڕاستیشدا زۆربەى زۆرى مامۆستا کارەکەى خۆى بە باشى دەکات، بەڵام کەمجار مامۆستا دەبیستێ کە سوپاس بکرێت. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کارى مامۆستا شاراوەیە و مامۆستا دەنگى خۆى بەرز ناکاتەوە و کەم کەسیش دەزانێ کە مامۆستا چى دەکات، چونکە مامۆستا ڕۆژانەى خۆى بە کەس ناڵێ تاکو تێى بگەن، ڕۆژانەى مامۆستا تەنها قوتابیان دەیزانن کە پێویستیان بەوە نییە ستایشى مامۆستا بکەن، چونکە ئەمان کارى مامۆستا بەهى خۆى دەزانن و لە جیاتى ئەو کارە مووچە وەردەگرێ.

ئەگەر سەیرى مێژووى ئەدەبى کوردى بکەیت پڕە لە بەسەرهاتى پاشاو سەپان و جوتیارو حەماڵ، بەڵام کەم کەس باسى مامۆستاو ژیانى ڕۆژانەى مامۆستاى کردووە، کە لەوانەیە زۆربەى نووسەران مامۆستاش بن. ئەمە ئەوە دەردەخات، کە چەند مامۆستا گوێى داوەتە کۆمەڵەکەى و خۆى لەبیرچۆتەوە

مرۆڤ زۆر شت دەزانێت، کەچى لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە چاوى نزم سەیریان دەکەین هەر لەبەرئەوەى ئەو شتە نازانن، کە ئێمە بە گرنگى دەزانین، بەڵام ئەگەر دەست بۆ ئەو شتانە ڕِابکێشین، کە خەڵکى دەیزانن و ستایشیان بکەین، ئەوانیش بڕوایان بە خۆیان بەرز دەبێـتەوە و لە کاتێک کە بڕوایان بە خۆیان بەرزبووەوە ئیتر پێشدەکەون و ژیانیان دەگۆڕێ بە ژیانێکى تر.

بڕوا بە خۆبوون لە ڕاستیدا ئەوەیە، کە بڕوا بەوە بکەى، ئەو ڕێگایەى گرتووتە یان ئەو شتەى، کە هەوڵى بۆ دەدەى ڕاستە، هەرچەندە هەندێ کەس بە هەڵەت بزانن. بڕوات بە خۆت هەبێت، کە کارێکى زۆر زەحمەتت گرتۆتەبەر هەر تەواوى دەکەیت و سەردەکەویت. بڕوات بەوە بێت، کە بەو تەنگوچەڵەمەیەى لە ڕِێتدایە بەسەریدا سەردەکەویت و ڕزگارت دەبێت. ئەم بڕوایانە دەبێت بە پلەى گونجاو بێت و لەگەڵ ئامانجەکەدا رێک بکەوێت، سوپەرمان و پیاوى خەیاڵاوى ڕێک ناکەوێت لەگەڵ بڕوابەخۆبووندا، هیچ مرۆڤێک نییە کە هێڵێکى ڕاست بێت و وەکو ڕۆبۆت بەبێ هەست کاربکات.

ئێمە وەکو مرۆڤ دوودڵین و شک دەکەین. جارى وا هەیە هەستمان بەرزە و جارى وا هەیە نزم . ڕۆژى وایە تەندروستیمان باشە و دڵمان خۆشە و ڕۆژى وا هەیە تەندروستیمان خراپە و دڵمان ناخۆشە. ڕۆژى وا هەیە خۆمان بە بەهێز دەزانین و ڕۆژى وا هەیە خۆمان بە لاواز دەزانین، کاتى وا هەیە دڵپاکین و کاتى وا هەیە دڵپیس.. هتد.. ئەمانە نیشانەى لاوازى نییە بگرە ئەمانە نیشانەى ژیانێکى تەواوى مرۆڤە. ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا ڕووى جیاوازمان هەیە. لە هەندێ ڕووەوە بە هێزین و لە هەندێکى ترەوە ئەوەندە بەهێزنین، ئەوەى کە زیرەک و بە توانایە لە بارێکەوە لەوانەیە بترسێ و نەشارەزا بێت لە ڕوویەکى ترەوە.

ئێمە چارى تەنگوچەڵەمەکانمان بەشێوەى جیاواز دەکەین، هەندێجار سەردەکەوین و هەندێجار شکمان لە خۆمانە، گرنگەکە بزانین کە چۆن بڕوامان جیاوازە لە کاتى جیاوازدا، چونکە هەموومان دەتوانین پێش بکەوین و باشتر ببین، بەڵام ئەگەر ئامانجت ئەوە بێت کە ببیت بە سوپەرمان ئەوا لە ئێستاوە دۆڕاویت، پێش ئەوەى دەستت پێکردبێت. ئێمە زۆر شێوەى جیاوازمان هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەى ژیانى منداڵێکى دە ساڵان لەوانەیە بڕواى بەخۆى نەبێت و خۆى لە ناو چاکەتێک یان قەمسەڵەیەکى جوانى قەشەنگەدا بشارێتەوە، یەکێکى تر بڕواى بە خۆیەتى هەرچەندە لە بارێکى نالەباردا دەژى ، لەبەرئەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنى ئەم بارە.

جلى سەوز و سوور و قەشەنگ کە هەندێ کەس زیاد لە پێویست گرنگى پێدەدەن نیشانەى بڕوا بەخۆ نەبوونە. هەموو کات تۆ باشتر بزانیت لە خەڵکى تر و هەر تۆ ڕاست ببیت نیشانەیەکى ترى بڕوا نەبوونە بە خۆ، چونکە ئەمە نیشانەى ئەوەیە کە لەوە دەترسێ کە نەتوانێ دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت.

لە هەموو شتێک بزانى، هەرگیز شکت نەبێت لەوەى کە تۆ هەموو شتێک دەزانى، ئەمەش نیشانەى بڕوا بەخۆ نەبوونە. بڕوایەک کە لە ناخى دەروونەوە هاتووە و پێگەیووە دەبێت بە بەشێک لە کەسایەتى مرۆڤ و لێى جیا نابێـتەوە لە کاتێکدا ئەم بڕوا ناسەرەکییانەى مرۆڤ کە باسمان کرد هەمووى نیشانەى ئەوەن کە بڕواى بە خۆى نییە لە کەمترین هەورازى ژیاندا و لە لێقەومانێکى کوتوپڕدا بە ئاسانى دەشکێ و دەبێت بە سەدان پارچەوە. مرۆڤێک لەوانەیە وا دەربکەوێت کە خەفەتبارە و ترسى هەیە، بە ئاسانى ڕووى سوور هەڵدەگەڕێ و دڵەڕاوکێى پێ دەکەوێ و زمانى لاڵ دەبێت و دەترسێ شتى تازە تاقى بکاتەوە و سەرى لێ تێک دەچێت لە هەندێ شوێنى تایبەتیدا، ئەمانە لەوانەیە ڕووکەش بێت و لەگەڵ کەسایەتى ڕاستى مرۆڤەکەدا ڕێک نەکەوێت. ئەمانە لەوانەیە شتێکى کاتى بن و نەمێنن، چونکە هەر هەمان مرۆڤ لەوانەیە ئەوەندە ئازایەتى تێدا بێت کە بگەڕێ بەدواى وەڵامدا، مرۆڤێکى بەهێز بێت لەکاتى تەنگانەدا و ئەوەندە ئازابێت بتوانێ بەرەنگارى ڕاستى ببێت و زۆرجار بتوانێ خۆى ڕابهێنێ لە شوێن و کاتى سامناکدا و کارى گەورە بکات، بتوانێ خۆى بگۆڕێ بەبێ ئەوەى ژیانى خۆى و دەستوور و یاساى ویژدانى بڕوخێت، مامۆستایەک کە خۆى ناگۆڕێ بەپێى هەوەس و زەوقى قوتابییەکان و سوورە لەسەر ئەو شێوەیەى کە بڕواى پێیەتى کە بۆ سوودى قوتابییەکانە، دەبینێت کە چۆن ڕێزى تاکو بێت زیاد دەکات و دەبیـَت بە شوێنى بڕوا و متمانەى قوتابییەکان وەک لە مامۆستایەک کە ڕێگایەکى تایبەتى هەڵبژاردبێ و نەتوانێ قوتابییەکان ڕازى بکات بە ڕێگایەکى ڕاست.

مرۆڤ دەتوانێ بڕواى خۆى قایم بکات و پێى بگەیەنێ بەوەى کە خۆى پاک بکاتەوە لە شتى ڕووکەش و پیرى چەوت و ناتەواو لە بارەى خەڵک و کارى خەڵکەوە. خۆى پاک بکاتەوە لە بیرى چەوت لە بارەى بڕوا بە خۆ بوون و کاتێک تەرخان بکات بۆ باسکردن لەگەڵ خۆیدا، ئایا بڕوا بەخۆبوون چییە؟ دواى ئەوە ئیتر بیرى بڕوا بەخۆبوونى وردە وردە دەگەشێتەوە و دەست دەکات بە کۆکردنەوەى زانستى و مەشقکردنەوەى تازە کە ئەمە بە مرۆڤ و پلەى زانیارى دەگۆڕێت و کاتى خۆى دەوێت بۆئەوەى پێ بگات و ببێت بەبەشێک لە مرۆڤ.

زۆر کارى باشى تریش لەم ڕێگایەدا دێـتەدى، پیاو باشتر پەیوەندى دەکات بە خەڵکى ترەوە یاخود دەبێت بەهۆى باشبوونى بەکارهێنانى ئامێرى پەیوەندى کە ئەویش گفتوگۆکردنە لەگەڵ خەڵکیدا، کە ئەمەش دەبێت بەهۆى ئاسایشى ڕۆحى و ڕێگا دەدات بە خاوەنەکەى کە ڕێگاى خەڵکى بدات خۆیان پێش بخەن و ئەوانیش وەکو ئەمیان لێ بێـت، کارەکە دەبێـت بە کارێکى دووسەرى ، هەم خۆى پێدەگات و هەم خەڵکیش پێدەگات. لەبەرئەوە تۆ پێویستت بەوە نییە کە ئەو کارە بکەیت کە هاوڕێکانت حەز دەکەن کە تۆ بیکەیت (لەبەرئەوەى لەوانەیە ئەوان خۆیان باش بن لەم کارەدا) بەڵکو ئەوە بکە کە خۆت حەزى لێدەکەیت و خۆت دەزانى کە دەتوانى بیکەیت و بگەیتە ئامانج بەوشێوەیەى کە خۆت دەتەوێ نەک بەو شێوەیەى کە ئەوان دەیانەوێ. نەک لەبەرئەوەى کە تۆ دەتەوێت دەرى بخەیت کە تۆ جیاوازى، بەڵکو لەبەرئەوەى کە تۆ دەتوانیت، نەک لەبەرئەوەى نیشانى بدەیت کە تۆ کەللەڕِەقى ، بەڵکو لەبەرئەوەى کە تۆ خۆت حەز دەکەیت.

 

گرنگیى وشە

پەیوەندى لەنێوان مرۆڤدا بریتیە لە هاوکارى کردن (interplay) . ئێمە پەیوەندى بە یەکەوە دەکەین بەهۆى جوولانى دەست و پێ و دەموچاو و هەناسە هەڵکێشان و سەر لە قاندن و چاو داگرتن و دەنگ و داننان بە وشەدا و بەهۆى وشەوە. بەڵام وشە لەوانەیە وا بەکاربهێنرێ، کە خەڵکى بە هەڵە لێى تێ بگەن. یان باسى ڕاستیى شتەکە بکەن، بەشێوەیەکى هەڵە یان زیادو کەم. یاخود هەمان وشە لەوانەیە وا بەکاربهێنرێ کە ڕێگاى پەیوەندى دابخات. کاتێ باسى کارێک یان خوویەک یان ڕەوشتێک دەکەین ، ئەمە دەکرێت بە بەراوردکردنى لەگەڵ کارو خووى تردا. مرۆڤێک کە درێژییەکى ئاسایى هەبێت بە درێژ دەژمێردرێ کاتێ کە بەراورد دەکرێت لەگەڵ کەسێکى کورتدا، بەڵام بە کورت دەژمێردرێ بە بەراورد لەگەڵ یاریکەرێکى باسکەدا. هەرکەسێک بەشێوەیەکى جیاواز ڕووداوەکان شى دەکاتەوە، چونکە هەر کەسە زانیارییەک و پەروەردەیەک و مێژوویەکى جیاوازى هەیە و کار دەکاتە سەر ئەوەى کە چۆن سەیرى ڕووداوەکە دەکات و چۆن بە ڕاستى دەیبینێ هەروەک کە چۆن کەسێکى تر بە شێوەیەکى تر دەیبینێ و بەلایەوە ڕاستە.

زۆرجار خۆمان لە پشت کۆمەڵەوە دەشارینەوە و وشەى وا بەکاردەهێنین کە دەرى دەخەین کە کۆمەڵ واى دەوێت: ( قوتابخانە دەیەوێت کە ئێوە ..) (هەموو کەسێ دەزانێ کە ماتماتیک ..) (پیاو ناتوانێ..).زۆرجار مامۆستا هەڵدەخەڵەتێنرێ بەوەى، کە یەکێک یان دووان لە قوتابییەکان دەڵێن : (ئێمە ..) و بەناوى پۆلەوە قسە دەکەن، بەڵام کاتێک نزیکتر سەیرى ئەم (ئێمە ..) یە دەکەین دەبینین کە بریتیە لە یەک یان دوو قوتابى و زۆر ڕاوبۆچوونى جیاواز هەیە لە پۆلەکەدا و وشەى (ئێمە..) تەنها بریتییە لە (من) ێک کە بڕواى بە خۆى نییە.

وشەى وەکو (هیچ، هەموو) زۆرجار کە بەکاردەهێنرێ (من هیچ تێ ناگەم) ڕێگاى هەموو گفتوگۆیەک دەگرێ و ڕێگا لە مامۆستا دەگرێ کە ئیتر بتوانێ یارمەتى قوتابییەکە بدات، کاتێ کە قوتابییەک (هیچ) تێنەگەیشتبێ ئیتر مامۆستا دەستەوەسان دەبێت و نازانێ چى بکات، ئەگەر وشەى بەرامبەر بەکارنەهێنرێ و وەڵامى قوتابییەکە نەدرێتەوە بەوەى کە مامۆستا پێى بڵێ ( پێم بڵێ چییە ئەو شتەى کە تێى نەگەیشتووى؟) چونکە زۆرجار ڕوو دەدات کە قوتابییەکە تەنها خاڵێکى تایبەت لە باسەکە تێنەگەیشتووە و لەبەرئەوەى کە ئێستا قوتابییەکە بیر لە باسەکە بە گشتى دەکاتەوە و دەیەوێت وەڵامى هەموو شتەکە بزانێت، ئیتر لەبەر بێکاتى و پەلەپەلى خۆى و ترسى ئەوەى کە لە بیرى نەچێتەوە وا دەزانێ کە (هیچ) نازانێت، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە و هەر زانستێەک بدرێت بە قوتابییەکە لە مێشکیدا کۆى دەکاتەوە و ڕۆژێ لەڕۆژان بەکارى دەهێنێ.

ڕاستى هەموو کات سپى یا ڕەش نییە، بەڵام لەلاى زۆر قوتابی وایە، کە دەیەوێت شت بەم شێوەیە ببینێ. دەڵێت : (ئەمە مەحاڵە..) بەم وشەیە دیوارێک دروست دەکات و ڕێگا لە خۆى و مامۆستا دەبەستێتەوە، بەڵام وشەى (شتێکى گرانە) دەرگایەک دەهێڵێتەوە کە پیاو لێیەوە بتوانێ بچێتە دەرەوە و هەوڵبدات.

زۆر کەس داواى وەڵامى (ڕاست) و خێرا دەکەن، داواى وەڵامى سادەو زانستى سادە دەکەن، دەیانەوێت کە جیهان و کۆمەڵ بەپێى خواستى ئەوان بێت و ئەوەى کە ئاسانە بۆیان بێتە بەردەست، ئەمجۆرە کەسانە شت ئاسان دەکەن و دەیانەوێت بە ئاسانترین شێوە باسى شت بکەن و تەنگوچەڵەمەکانیان چارەسەر بکەن، چونکە ئەمەیان ئاسانترە ( توانا پیاوى خراپە..) ئیتر پێویست ناکات لە ژیانى توانا بکۆڵێتەوە و ڕووەکانى ترى و خووەکانى و کارە باشەکانى توانا باس بکات.

بەش و گرنگى کارى مامۆستا ئەوەیە کە قوتابیان فێرى بەکارهێنانى (جۆرى وشەکان) بکات، چونکە چەکى وشە چەکێکى کاریگەرە (زۆرجار..) (جارى واهەیە..) (ئەمە پەیوەندى هەیە .) (لەم کاتەدا..) (هەندێجار..) وشەى (نەء) کە مامۆستا پێویستە کەم بەکارى بهێنێ و باشتر وایە کە وازیشى لێ بهێنێ، چونکە وشەکە وا دەخاتە بیرى قوتابى کە نابێت شتێک بکات، وشەى قەدەغەکردنە، (کتێبەکەت لەبیر نەچێت) ئەمە ڕێژەى دژایەتیکردنى زیاترە وەک لەوەى کە بڵێیت: (بیرت بێت کە کتێبەکە لەگەڵ خۆت بهێنێ).

ئەگەر مرۆڤ بیەوێت تەنگوچەڵەمەیەک بە ئاشتى چارەسەر بکات، ئەوا پێویستە کە وشە بەکاربهێنێت بۆئەوەى ناڕەزایى خۆى دەربڕێ، ئەمە وتنى ئاسانە بەڵام لە ڕاستیدا زۆر گرانە، چونکە زۆربەى زۆرمان وا کار دەکەین کەوا دەزانین خەڵکى چاوەڕوانى ئەوەمان لێدەکات. چونکە دەربڕینى هەست و نەستمان و داڕشتنى لە قاڵبى جیاوازدا کار دەکاتە سەر ئەنجامەکەى و دەیگۆڕێ . ئەگەر تۆ بڵێیت:( بەڕاستى تۆ ڕقم هەڵدەسێنێ هەمووجارێک کە تۆ ..) ئیتر مرۆڤەکەى بەرامبەرت دەکەوێتە سەنگەرەوە و خۆى دەپارێزێ لە پەلاماردانى تۆ و باشترین خۆ پاراستنیش ئەوەیە کە پەلامارت بدات ئەمە بازنە شەڕانییەکە دروست دەکات کە دوایى نایەت (پەلامار – خۆپاراستن- پەلامار) لەجیاتى ئەوەى کە دەتوانرا ناڕەزاییەکە بە شێوەیەکى تر دەستى پێ بکردیاە وەک ( من ئێستا ئەوەندە لە تۆ تووڕەم چونکە..)  لێرەدا لەوانەیە دەرگایەک بەکراوەیى بهێلێتەوە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ، و هەردووکتان ڕاوبۆچوونى خۆتان بخەنەڕوو و لەئەنجامدا بگەنە دەردەنجامێک هەرچەندە لە پێشدا دەنگ بەرز و تووڕە بوون، چونکە کاتێ تۆ دەست بە قسە دەکەیت و دەڵێیت: ( من لە جیاتى تۆ..) بەمە دەتەوێت هەستى خۆت دەربڕێ و خۆت دەزانى چۆن هەست دەکەیت و ئەوى تر گوناهبار  ناکەیت بەوەى کەچى دەکات و چى ناکات، گرنگە ئەوەیە کە تۆ هەستى خۆت باس بکەیت نەک هەستى ئەوى تر، ئەمە ماناى ئەوە نییە کە پیاو دەتوانێ هەموو تەنگوچەڵەمەیەک چارەسەر بکات بەوەى بەڕاستى هەستى خۆى دەربڕێ، بەڵام بەلاى کەمەوە وا لە بەرامبەرەکەت دەکات کە لە هەستى تۆ بگات و بزانێ بۆچى تۆ تووڕە بوویت و لەوانەیە واى لێ بێت کە هەقیشت بداتێ کە تووڕە بوویت و دان بەوەدا بنێ کە ئێوە دوو کەسى جیاوازن و کەس نییە لەوى تر بچێت، کاتێ کە مرۆڤ گەیشتە ئەم قەناعەتە ئەوە ئیتر لێبووردن ئاسانە و ئەمەیش گەورەترین و بەرزترین بەهرەیە کە مرۆڤى تێگەیشتوو هەیەتى کە داواى لێبووردن بکات کاتێ کە بۆى دەرکەوت کە هەڵەى کردووە و بە هەڵە لەبەرامبەرەکەى گەیشتووە و بەمە دەتوانرێت هەندێ شەڕو شۆڕى ڕۆژانە کەم بکرێتەوە.

ئەمانە هەمووى پێویستى بە قسەکردنە و لە قسەکردن و ڕاهێناندا مرۆڤ فێرى بەکارهێنانى ئەم شتانە دەبێت، لێرەدا دەبینین کەوتووێژ لەگەڵ قوتابى و لە نێوان قوتابیاندا چەند گرنگە و چۆن کار دەکاتە سەر کەسایەتى قوتابیەکان. مامۆستا کەرەسەیەکى زۆر بە نرخە بۆئەوەى نەوەیەکى پێشکەوتوو پێبگەیەنێ و مامۆستا ئامێرێکى زۆر کاریگەر لەبەردەستدایە کە یارمەتى بدات پێ بگات و بگەشێتەوە، بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت خۆى نموونەى ڕاستى بێت بۆ قوتابیان و هەوڵبدات بە کردەوە و بە قسە نیشانى قوتابیانى بدات کە ئەوەى دەیڵێیت بەڕاستییەتى. ئەوەى کە لێرەدا بە گرنگ دێتە بەرچاو و خامۆشکراوە لە قوتابخانەکاندا گێڕانەوەى چیرۆکە بۆ منداڵان و وێنەکردنى چیرۆکەکەیە لە لایەن منداڵانەوە، ئەمە زۆر گرنگە، کاتێ کە زانیمان ئەو منداڵانەى کە زۆر شەرمن و لاتەریکن لە پۆڵدا دەتوانن بەهۆى وێنەکێشانەوە هەستى خۆیان دەربڕن و دوایش بکەونە قسەکردن. جا بۆیە بە پێویستییەکى نەتەوەیى دەژمێردرێ کە چیرۆکە کۆنەکانى کوردەواریمان کۆبکرێنەوە و بەپێى پلەى بەرزونزمى پۆلەکان بۆ قوتابییەکان بگێڕدرێنەوە .

 

 

چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمە لە قوتابخانەدا

ئەگەر ئێمە باشتر لەهەموو ڕوویەکەوە قسە لەگەڵ یەکترى بکەین لە بارەى ئەو تەنگوچەڵەمانەى کە ڕوودەدەن، ئەمە دەبێت بەهۆى پێشکەوتنى مێشک و هەست و نەستى هەموو لایەک، چونکە تەنگوچەڵەمە و ئاژاوە زۆرجار شتێکى پۆزەتیڤى لەگەڵدایە و دەبێت بەهۆى ئەوەى کە مرۆڤ زیاتر پێ بگات. چەند مامۆستا کاتى خۆى تەرخان بکات بۆ چارەسەرکردنى ئەو تەنگوچەڵەمانەى کە لە ناو قوتابیان و لە قوتابخانەدا ڕوودەدەن، ئەوەندە زیاتر کار دەکاتە سەر پێشکەوتنى زیرەکیى منداڵەکان بۆ چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمەکانى ژیانیان لە دواڕۆژدا، ئەگەر گەورەکان و پەروەردەکارەکان تواناى چاکیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمە ئەوە ئیحتمال زۆرە کە منداڵەکانیش وەکو ئەوان بن، مامۆستا دەتوانآ بزانێ کە منداڵەکان لە ماڵەوە چۆن تەنگوچەڵەمەى خۆیان چارەسەر دەکەن، بەوەى سەیرى ڕەفتارى منداڵەکان بکات لە کاتى چارەسەرکردنى گیروگرفتەکانیاندا. ئەگەر دایک و باوک ئازارى دەروونى و لەشى بەکاربهێنن لە ماڵەوە ئەوا منداڵەکەش هەر هەمان چەک بەکاردەهێنێ لە قوتابخانە و بە پێچەوانەوە، ئەگەر ڕێگاى گفتوگۆ بگرنە بەر ئەوا منداڵەکەش هەر هەمان چەک بەکاردەهێنێ چ لە ئێستا و چ لە دواڕۆژیشدا، چونکە هەروەکو (Tove Ditelusen ) دەڵێت :" سەرجەمى ژیانى منداڵى هەردەم دووبارە دەبێتەوە لەهەموو ژیاندا :" و ئەمە پەیوەندى بە کارو زانست و بوون و نەبوونى دەرامەتەوە نییە.

کاتێ مرۆڤەکان زۆر لە یەکەوە نزیکن و دەزانن کە هەردوولا نازى یەکتر دەکێشن، ئیتر مرۆڤەکان لە ڕەفتاریاندا چەند هەنگاوێک دەگەڕێنەوە دواوە و ڕەفتاریان سادە دەبێتەوە و پشتى لێ دەکەنەوە و هەست و نەست و ڕەفتارى خۆیان بە ڕاستى دەردەبڕن، کە ئەمە زۆرجار (ئەم نزیکبوونەوەیە) دەبێت بەهۆى دروستبوونى تەنگوچەڵەمە لەنێوان ئەم دوو مرۆڤەدا. کەواتە زۆربەى زۆرى تەنگوچەڵەمە لەنێوان کەسانێکدا ڕوودەدات کە لە ڕاستیدا یەکتریان خۆش دەوێت و لە یەکەوە نزیکن، ئەمە گرنگە بیزانین لەکاتى چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمەدا چونکە ئیتر پێویست ناکات بەدواى خەتاباردا بگەڕێین، چونکە ئەمە شتێکى ئاسایییە لەنێوان دوو مرۆڤدا کە لە یەکەوە نزیکن.

زۆرجار مامۆستا دەبینێت کە دوو قوتابى لەناو گۆڕەپانى قوتابخانەکەدا پەلامارى یەکتریان داوە و یەکترى دەگەوزێنن، بەڵام زۆر ناخایانێت لەدواى شەڕەکە منداڵەکان بەیەکەوە یارى دەکەن و شەڕەکەیان لەبیر چۆتەوە، یاخود زۆرجار لەوانەیە مامۆستا هیچ تەنگوچەڵەمەیەک نەبینێ لەناو قوتابییەکاندا و قوتابیان هەموو ڕێک دانیشتوون و لەوە دەچێت کە زۆر ڕازى بن، بەڵام لە ڕاستیدا دەیەها تەنگوچەڵەمە لەناو قوتابییەکاندا سووڕ دەخواتەوە و ئاسمانى پۆلەکەى لێڵ کردووە کە بەلاى کەمەوە ڕێگا نادات بەهەندێ قوتابى شت تێبگەن، تا وایان لێ دێ ناچار دەبن کە دەست بکەن بە سەرلێشێواندنى ئەوانى تریش بۆ ئەوەى پیشانى مامۆستاى بدەن کە ئەمانە ئامادە نین بەم بارودۆخەى ئێستا تێیدان گوێ لە مامۆستا بگرن، بەڵکو هاوار دەکەن بۆ یارمەتى. ئەمە گرنگییەکى زۆرى هەیە بۆ سەرجەمى کەشى ناو پۆلەکەى و گەیشتن بەو ئامانجەى کە مامۆستا چاوەڕوانى دەکات کە قوتابییەکان بی گەنێ، جا ئەگەر لە کاتێکى وادا مامۆستا تەنگوچەڵەمەکان بکات بەژێر لێوەوە و گوێیان نەداتێ ئەوە ئیتر گەیشتنى بە ئامانجەکەى زۆر گرانە و بە تووڕە بوون و چاو سوورکردنەوە ناگاتە هەمان ئامانج و کارەکەى بە فیڕۆ دەچێت. لەوانەیە مامۆستا قوتابییەکانى تاقى بکاتەوەو بزانێ تا چەند تێگەیشتوون و پرسیاریان لێ بکات بۆ ئەوەى کە سەر پشک بێت لە ئەنجامى کارەکەى و کاتێ کە دەبینێ کە قوتابییەکان وەڵامى پرسیارەکان دەدەنەوە ئیتر دڵى خۆى خۆش دەکات، بەڵام ئەمە سەنگى مەحەک نییە و زۆرجار قوتابییەکان و هەروەکو تووتى شت دەڵێنەوەو لەڕاستیدا تێگەیشتنەکەیان کاتییە و لە ماوەیەکى کورتدا باسەکەیان لەبیر دەچێتەوە. ئەمەش هۆیەکەى زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ کەشى ناو پۆل و بۆ ئەو تەنگوچەڵەمانەى لە ئاسمانى پۆلدا بەبێ چارەسەر دەخولێنەوە.

چۆن لە منداڵ دەگەین

 (هەڤپەیڤین (INTERVJU)

ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لە بیرى منداڵ بگات، شتێکى ئاساییە کە پرسیارى لێ دەکات کە چۆن بیر دەکاتەوە لە بارەى شتى جیاوازەوە ، ئەوەى کە مرۆڤ لە منداڵەوە فێرى دەبێت زۆر بە نرخە و زانستییەکى تەواوە بۆ ئەوەى بتوانێت هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ منداڵدا بە شێوەیەک کە یارمەتى منداڵەکە دەدات بۆ پێشکەوتن و باشترین ڕێگەیش بۆ تێگەیشتنى بیرى منداڵ رێگاى لەگەڵ یەکتردا قسەکردنە. لە ئەنجامى ئەمەدا مامۆستا دەتوانێ پلەى وانەکان وا لێ بکات کە بگونجێن لەگەڵ پلەى زانیارى قوتابیاندا و هەر بەهۆى قسەکردنەوە دەتوانێت کار بکاتە سەر بیرى منداڵ بۆ بیرکردنەوە و پلەى بیرکردنەوەى منداڵ بەرز بکاتەوە.

جیهانى منداڵ جیاوازە لە جیهانى بیرى گەورەکان، ئەمە هەموو مامۆستایەک دەیزانێ، بەڵام چۆنیەتى بیرکردنەوەى منداڵ و کارکردنە سەر کارى رۆژانەى زۆرى لێ نەزانراوەو زۆر بیرى لێ نەکراوەتەوە. کاتێک مامۆستا بۆى دەردەکەوێت کە جیهانى منداڵ چۆنەو منداڵ چۆن سەیرى ژیان دەکات ئیتر بە لایەوە زەحمەتە کە واز لەم پشکنینە بهێنێت و سەرسامى خۆى دەرنەبڕێ هەر جارەى شتێکى تازەى بۆ دەردەکەوێت. منداڵ شت فێر دەبێت کاتێک کە خۆى بەشدار دەبێت لە ڕووداوێکدا، کەواتە پێویستە مامۆستا زانیارى و زانستى منداڵ ڕێکوپێک بخات و واى لێ بکات کە خۆى بیربکاتەوە، منداڵێک کە لە بارودۆخێکى وادا گەورە نەبووبێت کە یارمەتى بدرێت کە خۆى بیر بکاتەوە، لە پێشکەوتن دەوەستێت، کەواتە لەسەر مامۆستا پێویستە لە لایەکەوە کە پلەى زانیارى منداڵ بپشکنێ و لەلایەکى ترەوە یارمەتى بدات لەوێوە بەرەو پێشى بەرێت، ئێمە هەرگیز وەکو مامۆستا ناتوانین لە منداڵ بگەین کە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام دەتوانین تەنگوچەڵەمەى ڕاست بخەینە بەردەمى بۆئەوەى خۆى بیرى لێ بکاتەوە و بەهۆى ئەو زانیارى و زانستییەى کە هەیەتى چارەسەریان بکات. ئەمە ماناى ئەوەیە کە موقابەلەکە لە خۆیدا ئامێرێکە بە دەست مامۆستاوە کە یارمەتى پێشکەوتنى منداڵى پێ بدات، (دۆناڵدسۆن Donaldson        ) دەرى خستووە کە ئەو منداڵانەى کە پرسیاریان لێ دەکرێتەوە وەکو (مەبەست چییە؟) بە مانایەکى تر کە پرسیاریان لێ دەکرێتەوە کە باسى شتێک بکەن یان زیاتر ڕوونى بکەنەوە، زووتر شوێنى خۆیان دەدۆزنەوە لە کاتى قسەکردن و گفتوۆگدا.

هەروەکو چۆن گەورەکان، هەروەها منداڵانیش تواناى جیاوازیان هەیە لە بارەى ئەو زانیاریەى وەرى دەگرن و هەر منداڵەى بە جۆرێک لە شت دەگات و بە جۆرێکى لێکى دەداتەوە و دەیهێنێتە پێش چاوى خۆى.

لە پرسیارێکدا کە لە منداڵان کراوە لە بارەى ئەوەى کە چۆن لە قوتابخانە گەیشتوون و چۆن فێرى خوێندنەوە بوون؟ ئەم بەشانەى خوارەوە دەستنیشان کراون:

بەشى یەکەم : خوێنەرێکى باشن و لە ماناى خوێندنەوەو نووسین گەیشتوون و ئەمانە بە زوویى فێر دەبن.

بەشى دووەم: کەمتر زیرەکن لە فێر بوونى خوێندنەوەدا ئەمانە واى لێک دەدەنەوە کە قوتابى لە قوتابخانە فێرى خوێندن و نووسین دەبێت و خوێندنەوەو نووسین ڕەوشتێکە کە پەیوەندى هەیە بە ژیانى قوتابخانەوە و شتێک نییە کە مرۆڤ سوودى لێ وەرگرێ لە ماوەى هەموو ژیانیدا.

بەشى سێیەم : زۆر لە دواوەن لە بارەى خوێندنەوە، ئەمانە خۆیان فێر کردووە کە لاسایى مامۆستا بکەنەوە، پیتەکان بنووسنەوە وەکو خۆى بەبێ ئەوەى بزانن کە بۆچى و لەبەرچى ئەمانە لە قوتابخانەن یاخود فێرى نووسین و خوێندنەوە ئەبن.

لەبەرئەوە شارەزایانى زمان بڕوایان وایە کە هەمان تەنگوچەڵەمە هەیە لە کاتى فێربوونى شتى تریشدا. بە ماناى ئەوەى کە پەیوەندى هەیە لەنێوان ئەوەى کە منداڵ چۆن لەسەرجەمى مەسەلەکە تێگەیشتووە و چۆن و بە چ شێوەیەک منداڵەکە فێر دەکرێت و فێر دەبێت ، جا بۆیە ئەگەر بمانەوێ منداڵ بیرى پێش بخات و پێش بکەوێت لەفێربووندا دەبێت بزانین منداڵ چۆن لە شت گەیشتووە و چۆن سەیرى دەوروپشتى دەکات و لەوێوە یارمەتى منداڵ بدەین بەرەوپێش بڕوات. کاتێ کە مامۆستا وانەکەى خۆى دەڵێتەوە زۆرجار کەمێکى ئەو زانیارییە لە بیرى قوتابیاندا دەمێنێتەوە، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە مامۆستا وانەکەى دەڵێتەوە و لە سووچى خۆیەوە سەیرى وانەکەى و جۆرى وتنەوەى و گەیاندنى بە قوتابییەکان دەکات، چونکە چ قوتابى چ مامۆستا چەند شتێکى حەتمى دەزانن و لەو ڕوانگەیەوە بیر دەکەنەوە، کاتێک کە مامۆستا و قوتابى چەند شتێک بە حەتمى دەزانن ئیتر ئەمە دەبێت بە نەمانى پەیوەندى لەنێوانیاندا، بۆ ئەوەى پەیوەندى لەنێوان دوو کەسدا کارى خۆى بکات پێویستە هەردوولا هەمان شت بە حەتمى بزانن، بۆ نموونە : منداڵێک لە گۆڕەپانى قوتابخانەدا و لە کاتى پشوودا کەوتبوو و دەمى بریندار بوو بوو کاتێ کە پێیان وت بۆچى ناچێت بۆ ژوورى مامۆستایان پێیان بڵێیت کە بریندار بوویت، وتى : کە مامۆستا وتویەتى لە کاتى پشوودا نابێت بێنە ژوورى مامۆستایان. لە ڕاستیدا مامۆستا وتبووى کە لە کاتى پشوودا نابێت ڕاکەنە ژوورى مامۆستایان، چونکە پشوویان هەیە. ئەمە شتێکى حەتمى بوو بۆ مامۆستاکە لەکاتى ئاساییدا، بەڵام ئەم دەستوورەى مامۆستا لەهەموو کاتێکدا نەبوو و لەکاتى پێویستدا دەتوانرا چاوپۆشى لەم دەستوورە بکرێت، بەڵام بەلاى قوتابییەکەوە وا نەبووە، چونکە ئەو واى لێکدابووەوە کە ئەمە شتێکى حەتمیە و دەبێت ڕەچاو بکرێت.

نموونەیەکى تر: کاتێ کە منداڵ دەست دەکات بە چوونە قوتابخانە، ماناى ئەوەیە کە هەر لە ئێستاوە مامۆستا چەند شتێکى لە مێشکدایە کە دەبێت منداڵى سەرەتایى و پۆلى یەک بیزانێ (حەتمى ) جا کاتێ کە ئەم شتە (حەتمى) یە لە منداڵێکدا نەبێت و ژیانى پێش قوتابخانە ئەم شتانەى بۆ بەدەست نەهێنابێت ئەوا پەیوەندى نێوانى مامۆستاو قوتابى خراپ دەبێت و بە هەڵە لە یەکترى دەگەن. جا کاتێ کە مامۆستا ئەمەى زانى و زانى کە مەرج نییە هەموو قوتابیەک ئەم حەتمیەتەیان تێدا بێت ئەوا هەوڵدەدات بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم حەتمیەتانە کە ڕوونکردنەوەیان دەبێت بەهۆى نەهێشتنى جیاوازى لەنێوان بیرى مامۆستاو بیرى قوتابیدا.

 

چۆن لە یەکترى دەگەین؟

چۆن قوتابییەک هەوڵدەدات لەوى تر بگات و چۆن لە مێشکى خۆیدا و لەسەر چ بناغەیەک وێنەیەک بۆ بەرامبەرەکەى دروست دەکات و چۆن لەسەر چ بناغیەک مامۆستایەک هەوڵدەدات کە لە قوتابییەکان بگات و چەند ئەم تێگەیشتنەى ڕاستە و چەند هەڵەیە و وانییە وەکو خاوەنەکەى لە ڕاستیدا وایە؟

پەیوەندى مرۆڤ لەگەڵ یەکتریدا هەر لە پێشەوە مەحکوم کراوە بە ژێر کەوتن ئەگەر خاوەنەکەى لە بیرى خۆیدا و پێش ئەوەى بە تەواوەتى لە مرۆڤەکەى بەرامبەرى گەیشتبێت وێنەیەکى کێشا بێت بۆى و ئاواتەخوازبێت کە بە پێى ئەو وێنەیە رەفتار بکات، ئەمە زۆرجار ڕەفتارمان لەگەڵ یەکترى دەگۆڕێ و کارێکى باش یان خراپ دەکاتە سەر پەیوەندیمان بەیەکەوە و لە ڕاستیشدا باسکردن و لێکۆڵینەوەى کارێکى وا زۆر ئاسان نییە و پێویستى بە کەسانێکى زۆر شارەزاو لێزان هەیە بۆ ڕوونکردنەوەى. بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا پەیوەندى نێوانى مامۆستا و قوتابییە و پەیوەندى نێوانى قوتابییەکان لەگەڵ یەکتریدا.

بیرى چاکى (سپیان) بەرامبەر (سۆران) کار دەکاتە سەر پەیوەندى نێوانیان و بەپێچەوانەشەوە هەروایە، ئەم بیرە چاکەى (سپیان) بەرامبەر (سۆران) کاردەکاتە سەر چاوەڕوانى (سپیان) بۆ شتى باش لە (سۆران)ەوە.

لە پەیوەندى نێوانى دوو مرۆڤدا زۆرجار دەنگوباس و ناوبانگى مرۆڤەکان کار دەکەنە سەر چاوەڕوانیان ل یەکترى پێش ئەوەى یەکترى ببینن، بەڵام لە کاتى پەیوەندییەکەدا زیاتر بیرى مرۆڤەکان لەسەر ئەو ڕووداوانە وەستاوە کە ڕوودەدات لە نێوانیاندا، بەچ شێوەیەک قسە دەکەن؟ چ وەڵامێک دەدرێتەوە؟ چۆن پێشنیارەکان وەردەگیرێ؟ چۆن ئەویتریان گوێ دەگرێ؟ چەند گوێکرێکى باشە؟ لەم کاتەدا مرۆڤەکە هەوڵدەدات لە کاتى قسەکردن لەگەڵ ئەویتردا هەڵسوکەوت و جۆرى قسەکردن و ڕاددەى زانیارى و زیرەکى بزانێ. لەهەمانکاتدا ئەویتریشیان هەوڵدەدات کە لەویتر بگات و لە مێشکى خۆیدا وێنەیەکى بۆ بکێشێ.کاتێ کە مرۆڤ دەیەوێت بناغەیەک بۆ تێگەیشتنى بەرامبەرەکەى دانێ، ماناى ئەوەیە کە هەوڵدەدات ئەو شتانەى کە (شاراوەن) لێى، ڕوونى بکاتەوە و تێى بگات بەهۆى زانینى هەست و بیرو خواستیەوە بە چاودێریکردنى ئەوەى دەیڵێت و دەیکات لە نیشانەى دەموچاودا، دەنگ و چۆنیەتى دانیشتن و جووڵاندنى دەست و .. ئەمە ماناى ئەوەیە کە مرۆڤ لەم کارەیدا هەوڵدەدات تێبینى و تۆژینەوەو حوکمدان بەسەر کەسێکى تردا بدات بۆ ئەوەى بگاتە ئەوەى کە وێنەیەکى ڕاست لەبارەى ئەو کەسەوە بزانێ.

لەم کارەدا مرۆڤ پشت بە ڕووداوى پێشووتر دەبەستێت و بەراوردى ئەو کەسە لە کات و شوێنى جیاوازدا و لەگەڵ خەڵکى جیاوازدا دەکات، کە زۆرجار وا دەکات کە هەر پێشەکى مرۆڤ وێنەیەکى دروست کردووە بۆ ئەو کەسە لە مێشکى خۆیدا و دەبێت بەهۆى ئەوەى کە زۆر گران ئەو وێنەیە بگۆڕێ و بیرى خۆى بگۆڕێ لەسەر ئەو کەسە کە لەوانەیە زۆرجار دەبێت بەهۆى ئەوەى کە تواناى نەبێت چاودێرى شتى گرنگى تازە بکات کە ڕوویداوە لە مرۆڤەکەدا

کەواتە ئەمە کارێکى زۆر ئاڵۆزە و ڕێى تێ دەچێت بۆ بە هەڵەدا چوون، زۆرجار قوتابى بە هەڵە لە هاوڕێکەى دەگات و مامۆستا بە هەڵە لە قوتابییەکانى دەگات، لەبەرئەوە پێویستە (زۆر ئاگاداربین و واکردەوە نەکەین کە ئێمە بە تەواوەتى لەوەى بەرامبەرمان گەیشتووین) بۆ یارمەتى تێگەیشتنى ئەم کارە زەحمەتە دەتوانین سوود لەم نەخشەیە وەربگرین:

 

خۆم نایزانم                                  خۆم دەیزانم

2                                                  1

خۆم نایزانم                                  خۆم و خەڵکى

خەڵکى دەیزانێ                              دەیزانین     

    4                                                     3

ئەم وێنەیە پێشانى دەدات کە ناوچەیەک هەیە کە زانراوە لەلایەن خۆم و لەلایەن خەڵکى تریشەوە (1) یەکێکى تر داخراوە بۆ خۆم و نایزانم بەڵام بۆ خەڵکى کراوەتەوەو خەڵکى دەیزانن (2) شوێنى سێیەم خەڵکى نایزانێ و خۆم دەیزانم (3) شوێنێک کە نە خۆم دەیزانم نە خەڵکى (4).

لەکاتى پەیوەندى لەگەڵ خەڵکیدا و لەسەرەتاى پەیوەندییەکەدا ئەم ناوچە جیاوازانە لە پەیوەندییەکە واى لێدێ.

2                                1

4                                3

لە دواى ئەوەى کە ناسینێکى باش لەنێوانى دوو کەسدا دروستبوو، ئیتر وێنەکە دەگۆڕێ و واى لێدێ.

2                                1

4                                3

پشکنین دەریخستووە کە پلەى کۆمەڵایەتى و ئابوورى قوتابى کار ناکاتە سەر پێوانى شوێنى کۆمەڵایەتى قوتابى بۆ هاورێکانى.

(Stensasson 1970)   لە پشکنێنێکدا لەسەر قوتابیانى سەرەتایى پۆلى 7 و 8 و 9 لە نەوریج بۆى دەرکەوتووە کە قوتابییەکان وا بیر ئەکەنەوە کە ئەگەر قوتابییەک یەکێکى خۆش ویست ئەوە وا ئەزانێ کە ئەویش ئەمى خۆش ئەوێت. بۆ نموونە (A) کە پێى خۆشە لەگەڵ (B) ش حەز ئەکات لەگەڵ ئەم بێت، هەر هەمان بیر لەناو قوتابیاندا هەبوو کە ئەو قوتابییەى واى ئەزانى کە ئەو قوتابییەى ئەم نایەوێت لەگەڵیدا بێت ئەویش نایەوێت لەگەڵ ئەم بێت.

ئێستا ئەگەر پرسیار لە خۆمن بکەین، کە ئایا هەست و نەستمان بەرامبەر بە خەڵکى پێش ئەوەیە کە بزانین چۆنن؟ پشکنین دەریخستووە کە پەیوەندى مرۆڤ لەگەڵ یەکدا دەست پێ ئەکات بە هەستى خۆت لە پێشدا نەک بەوەى کە بزانى ئەوى تر چۆن هەست ئەکات.

 

چۆن قوتابى لە مامۆستا ئەگات

بۆ ئەوەى مامۆستا زیاتر لە قوتابییەکان بگات و زانستى تەواو و ڕاست کۆبکاتەوە بۆ ئەوەى بتوانێ حکمى ڕاست و دادپەروەرانە بدات لە بڕیارەکانیدا و بتوانێ بارێکى ئاسایى و باش و لەبار دروست بکات لەناو قوتابییەکاندا و لە بەینى خۆى و قوتابییاندا و بۆ ئەوەى بتوانێ یارمەتى ئەو قوتابیانە بدات کە پێویستیان زیاتر بە یارمەتى هەیە و لە بارو دۆخێکى خراپدا ئەژین لەناو هاوڕێ قوتابییەکانیاندا .

لێرەدا باسى هەندێ رێگاى زانراو ئەکەین بۆ تێگەیشتن لە قوتابیان .

 

             سۆسیۆمترى

شێوەیەکى ئاسانى سۆسیۆمترى ئەوەیە کە پرسیار لە قوتابییەکان بکرێت کە (ئایا ئەتەوێت لەگەڵ کێ هاورێ بێت؟) قوتابییەکان ناوى ئەو کەسانە ئەنووسن کە ئەیانەوێت هاورێ بن لەگەڵیاندا ئیتر ئەمە جارى وا هەیە یەک کە هەڵبژاردن رێگا ئەدرێت یاخود لە مابەینى 3 -5 هەڵبژاردندا و قوتابییەکان وەڵامەکەى ئەدەنەوە بە مامۆستا بەبێ ئەوەى ناوى خۆیان لەسەر کاغەزەکە بنووسن و بۆشیان نەبێت کە ناوى خۆیان بنووسن لە تەنیشتن پرسیارەکەوە.

ئەمە ئەکرێت هەر لە پۆلى دوو و سێ وە و بەرەو ژوور بە ماناى هەر کاتێ قوتابییەکان توانیان ناوى یەکترى بنووسن ئەتوانرێ ئەم تاقیکردنەوەیە بکرێت. هەروەها مامۆستا پێویستە پەیمانى ئەوەیان بداتێ کە وەڵامەکانیان نهێنییە و کەس لە سەرەنجامى تاقیکردنەوەکە نازانێ و کەسى تر لە مامۆستا زیاتر بەکارى ناهێنێ.

دواى ئەوەى مامۆستا وەڵامەکانى وەرگرته‌وه‌،وه‌لامه‌کان له‌سه‌رنه‌خشه‌ی سۆسیۆگرام ئه‌کیشێت و ئه‌توانیت به‌ته‌واوه‌تی له‌په‌یوه‌ندی به‌ینی قوتابیه‌کانی بۆده‌رکه‌ویتله‌گه‌ل زۆر زانستی تر که‌ ئه‌توانیت به‌کاریبهنیت بۆبۆیارمه‌تی ئه‌وقوتابیانه‌ی که‌ زیاتر پیویستیان به‌ یارمه‌تی هه‌یه، هه‌روه‌ها سودیلیوه‌رگریت له‌کاتی دابه‌شکردنی پۆله‌که‌دا بۆ کۆمه‌لی جیاواز جیاوازکه‌ ئه‌ندامه‌کانی بگونجین له‌گه‌لئه‌کتریدا، شیوه‌ی شۆسێۆگرامه‌گه‌ ئاوایه‌: