منداڵەکەت بۆ وا دەکات
mndaleket bo wa dakat
لەبارەی پێشکەوتنی هەست و نەستی منداڵەوە لە کاتی لەدایکبوونەوە تاکو تەمەنی دوازدە ساڵی.
ئامادەکردن و کۆکردنەوەی: شێرزاد فەقێ عەلی
Sherzad mustafa
Lindhemsvagen 48
19451 upplandsväsby
Stockholm-sweden
E- mail: sherzad_mustafa@hotmail.com
Phon:0046709532253
سەرپەرشتى زانستى : د. عەبدولباقى ئەحمەد
دکتۆری تایبەتمەندی دەروونیی منداڵ
Dr Abdulbaghi Ahmad، MBChB، PhD
IACAPAP Ambassador
Assisting Professor & Founder of
Child Mental Health & Metin Health House
Duhok، Kurdistan Region - Iraq
Associate Professor & Senior Consultant in
Child and Adolescent Psychiatry
Uppsala University - Sweden
Office Phone: 0046186112555، fax: 0046186112565
E-mail: abdulbaghi.ahmad@neuro.uu.se
چاپی یەکەم: سوید 1994 _ چاپی دووەم هەولێر 2013
تیراژ: 1000
نرخ: 2000 دینار
چاپ: چاپخانە موکریانی (هەولێر)لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکان ژمارەی سپاردنی(2553) ی ساڵی 2012پێدراوە.
زنجیرەی کتێب (714)
ناوەڕۆک
پێشەکى
بەشی یەکەم
گەورەبوونی منداڵ 15
جیهانی منداڵی ساوا 17
هیچ منداڵێک لەویتر ناچێت 18
ساڵی یەکەم زەردەخەنەی منداڵ 24
پێشکەوتنی منداڵ لە سێ مانگید 26
پەیوەندی بەیەکەوەکردن 28
لە بێگانەترسان 30
سەرەتای ترسی جیابوونەوە 31
پارچەقوماش خواردن 33
گەشەکردنی مێشک 35
بناغەی بڕوا 38
سەرەتای زمان فێربوون 40
هەنگاوی یەکەم 43
هەندێ بەنگوچەڵەمەی ئەو قۆناغە 43
بەشی دووەم منداڵی بچووک 53
منداڵی بچوووک لە 2 هەتا 3 ساڵان 55
نەکەیت 57
چۆن منداڵ وا لێدەکەیت دەستکاریی شت نەکات 64
دڵنەوایی منداڵێک کە خۆی بریندار کردووە 65
ویژدان چۆن دروست دەبێ 66
چوونە سەر قەعد 68
توانای قسەکردن 69
مێشکی منداڵ زیاتر گەشە دەکات 72
یاری یاخود پشکنین 74
منداڵ و درۆکردن 76
هاوڕێی گاڵتە 78
کوڕ و کچ و جیاوازیی نێوانیان 80
سنووردانان بۆ منداڵ 83
کاتێ منداڵێکی تر لەدایک دەبێت 85
بەشی سێهەم منداڵ لە تەمەنی باخچەی ساوایاندا 89
منداڵ لە تەمەنی باخچەی ساوایاندا 91
ژیانی کۆمەڵایەتی 92
ترسی کوڕ 99
ترسی کچ 100
کوڕ و کچ حەز دەکەن لە یەک بچن 101
102 قۆناغی ئۆئیدیپاڵ
خۆشەویستیی ئۆئیدیپاڵی کچ 103
خۆشەویستیی ئۆئیدیپاڵی کوڕ 105
بەشی چوارەم منداڵ لەتەمەنی قوتابخانەدا
135 شت کۆکردنەوە
تقوس و سیحر 137
جیهانی منداڵ 142
144 گۆڵمەز چۆن رێکخراوە
چاکە و خراپەی گۆڵمەز 147
لە ئەندامی خێزانەوە بۆ ئەندامی گۆڵمەز 149
باشترین هاوڕێ یان هاوڕێی تایبەتی 155
بینینی منداڵ ئەگۆڕێ 156
پاڵەوانی منداڵ 157
هەست و نەستی منداڵ 158
بەشی پێنجەم 175
سەرچاوە 185
پێشەکى
لە کاتى منداڵیماندا، ڕەنگە زۆربەمان لەبیرمان بێ کاتێ کە لەبارەى شتێکەوە پرسیارێکمان لە گەورەکانى دەوروپشتمان دەکرد، وەڵامەکەى ئەوەبوو، کە(هەر لەکۆنەوە وابووە)، یاخود (جا جوزانم بۆ وایە ... خواواى کردووە). ئەمە واى کردووە، کۆمەڵ لە گۆڕانێک، کە ئەنجامەکەى نەزانراو بێت، بپارێزێت
بەهۆى ئەوەى، کە منداڵەکەش هەمان وەڵامى داوەتەوە بە منداڵەکانى خۆى،بوه بەهۆى مانەوەى کۆمەڵ لەشوێنى خۆى بە هەزاران ساڵ و گۆڕانى تێدا نەبووەو بەرەو پێش نەچووە
ئەمە لە یەکەمجاردا، کە سەیرى دەکەین بە شتێکى باش دێتە بەرچاو و بەلاى کەمەوە وا دەردەکەوێ، کە کۆمەڵى پاراستبێ و نەیهێشتبێ لەناوبچێت. ئەمە ڕاستە ، لەماوەیەکى کورتدا و لەبارودۆخێکى ناخۆش و پڕ ئاژاوەدا، بەڵام ئەگەر سەیرى مێژووى دوورى مرۆڤ بکەین، دەبینین تەنها ئەو گەلانە ماونەتەوە بە کلتوورى زیندوو دەژمێردرێن، کە توانیویانە خۆیان بەرەوپێش بەرن، نەک ئەو کۆمەڵانە، کە خۆیان پاراستووە و بەس. چونکە ئەگەر مرۆڤ هەر هەوڵى خۆپاراستن بدات و هەوڵى بەرەوپێشچوون نەدات، ئەوا هەوڵەکەى بە زیان بۆ خۆى دەگەڕێتەوە و وەستان و خۆپاراستنى لەهەمان شوێندا، نیشانەى دواکەوتن و لەناوچوونە.
جا چۆن کۆمەڵ بەرەوپێش دەڕوات، ئەوە پێویستى بە لێکۆڵینەوەى زۆر نییەو تەنها ئەوە بەسە بڵێین: ئەندامانى کۆمەڵ دەبێت تێنووى فێربوون بن و بوێرن ڕێگاى تازە بۆ گۆڕانى کۆمەڵ و بەرەوپێشچوون بدۆزنەوە
ئەم هەوڵە بچووکەى من لەم بابەتەیە، لە زۆر کتێبی جۆراو جۆردا گەڕاوم. بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانەى، کە ویستوومە بیزانم. هەندێ پرسیار و گفتوگۆم لەگەڵ زانایانى بوارى منداڵ کردووە و ماوەی (6) ساڵیش مامۆستاى سەرەتایى بووم و دوو کوڕى خۆشم هەیە کە زۆریان لێوە فێربووم و زۆربەى کات هەوڵمداوە لێیان تێ بگەم، لەئەنجامدا بۆم دەرکەوتووە، بۆ تێگەیشتن لەدنیاى هەر منداڵێک دەبێت منیش بگەڕێمەوە بۆ منداڵى خۆم و بگەڕێم بەدواى ئەو وەڵامانەى کە تاکو ئێستاش نایانزانم
هۆیەکى ترى هەوڵدانەکەم ئەوەبوو ، ویستم لەو چاکیانە سوود وەرگرم کە بەهۆى ژنهێنانم لە کلتوورێکى ترەوە دەستگیربووە، ئەو چاکیانەم بینى کە لە بارەى بەخێوکردنى منداڵەوە لەو کلتوورەدا هەیە، کە زۆر جار بە چاکە بۆ منداڵەکانمان گەڕاوتەوە.
نەبوونى پەرتووکى منداڵ پەروەردەکردن بە کوردى هۆیەکى ترى ئەم هەوڵەم بوو، زۆر داخ لە دڵ بووم، کە کەسانى تریش وەکو من بێ بەشن لەمجۆرە پەرتووکانە و زۆر ئاسانیش نییە، کە کتێبێک بنووسى، کە تایبەت بێت بە پەروەردەکردنى منداڵى کوردەوە، بەبێ ئەوەى کە پسپۆڕێکى شارەزا بیت لەم بوارەدا.
لەکاتى ئامادەکردنى ئەم پەرتووکەدا، دایکانى کوردم لەبەرچاو بووە بە تایبەتى و مامۆستایانى پەروەردە، کە لەهەمانکاتدا دایکو باوکى منداڵانى ئەمڕۆ و پیاوانى دواڕۆژمانن بە گشتى، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەوانەى کە بەهەرجۆرێک پەیوەندییان بە بەخێوکردنى منداڵەوە هەیە، دەتوانن سوود لەم پەرتوکە وەربگرن.
ئەم پەرتووکە چۆن بەکاردەهێنرێ؟
زۆر کەس کە بیەوێ بە شێوەیەکى گشتى لە جیهانى منداڵ بگات، یان چاوێک بە ڕۆژانى ڕابردووى خۆیدا بخشێنێتەوە ، ئەوا دەتوانێت ئەم پەرتووکە بخوێنێتەوە و خوێندنەوەى جارێکیش بەسە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەى کە دەیانەوێ بە وردى لە بابەتەکان بگەن. ئەوە باشتر وایە ئەو بەشە بخوێننەوە کە پەیوەندى بە منداڵەکەى ئەوانەوە هەیە، لەبەرئەوەى پەرتوکەکە، بەپێى گەورەبوونى منداڵ دابەشکراوەتە سەر بەشى جیاواز، نموونە: ئەگەر دەتەوێت شتێک لەبارەى دروستبوونى ویژدانەوە بزانى، ئەوا دەتوانى لەبەشى (2 و 3 و 4) دا بۆى بگەڕێیت.
لێرەشەوە پێمخۆشە زۆر سوپاسى هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەم کە بۆ هێنانەدى ئەم پەرتووکە یارمەتیان داوم، بەتایبەتى هاوڕێیانى خۆشەویستم دکتۆر عەبدولباقى ئەحمەد، کە بەهۆى شارەزایى لەبارەى منداڵەوە ئەرکى پیاچوونەوەى کتێبەکەى گرتە ئەستۆ و خەبات عارف کە لە نووسینەوە و پێداچوونەوەى زمانى نووسینى کتێبەکەدا هاوکارى کردم.
هیوادارم ، خوێنەرى خۆشەویست، ڕەخنەو پێشنیارو پرسیارى خۆى بۆ ئەم ناونیشانەى خوارەوە بنێرێت، بۆ ئەوەى لە دواڕۆژدا زیاتر و باشتر، بتوانین بە هەموومان خزمەتێک بە کۆمەڵگاکەمان بگەیەنین.
پەندێکى پێشینانى چینى هەیە دەڵێت:
ئەوەى بتوانێت تەنها (یەک) ساڵ چاوەڕوان بکات، تۆوێک دەچینێت
ئەوەى بتوانێت تەنها (دە) ساڵ چاوەڕوان بکات، دارێک دەڕوێنێت
ئەوەى بتوانێت (سەد) ساڵ چاوەڕوان بکات، خەڵکى پەروەردە دەکات
بهشى يهكهم
مندالَى ساوا
(سالَى يهكهم)
گەورەبوونى منداڵ
لە ساڵى یەکەمى منداڵیدا، منداڵ نزیکەى 20 سانتیمەتر گەورە دەبێت، ماناى ئەوەیە کە لە 40% درێژى و نزیکەى 7 کیلۆ لە کێشى زیاد دەکات، بە ماناى ئەوەى سێ هەندەى کێشى زیاتر لەکاتى لە دایکبوونى.
دەماغى منداڵ دەبێت بەدوو ئەوەندە، دەمارەکانى مۆخى ئەوەندە پێش دەکەون کە دەتوانێ دەست بەسەر جووڵانەوەى خۆیدا بگرێت و ئەندامەکانى لەشى وەک: دەست و قاچ و سەرو مل ڕابگرێت و بەشەکانى لەشى بەبەراورد لەگەڵ یەکتردا، بە جارێ دەگۆڕێت و سیمایەکى تایبەتى بە منداڵەکە دەدات، دەموچاوێکى خڕو کراوە و پڕ مانا پەیدا دەبێت.
لە ماوەى ساڵەکەدا، ئەو منداڵە بێ دەسەڵاتەى جاران، دەبێت بە ئەندامێکى بزێو و بەهەموو جۆرێک، بە چاو و بە دەست ، بەدواى شتى تازەدا دەگەڕێت، بۆئەوەى بیان پشکێنیت، خۆى دەخوڵێنێتەوە، دادەنیشێ، دەخشێ و گڕوگاڵ دەکات، هەر خەریکى دۆزینەوەى شتى تازەیەو هەوڵدەدات زیاتر شت فێربێت. تەنها لە ماوەیەى ساڵێکدا، ئەم منداڵە ساوایە دەبێت بە ئادەمیزادێکى تەواو و هەوڵدەدات قسە بکات، هەست و زیرەکى زۆر بەخێرایى پێشدەکەوێت، لەوەى کە جاران لە دەورووپشتى ورد دەبۆوە، ئێستا بە تەواوى هاتۆتە ناو ژیانى خێزانەکەوە لەگەڵ هەر یەک لە ئەندامانى خێزانەکەدا هەوڵى دروستکردنى پەیوەندى دەدات، لەوەى کە جاران هیچى نەدەزانى لە بارەى ئەوانەى دەوروپشتیەوە، ئێستا خۆى خەریکە ببێت بەیەکێک لەوان.
لەماوەى ئەم چەند مانگەدا کە تێپەڕى، بەردى بناغەى هەموو پێشکەوتنێک بۆ دواڕۆژ دادەڕێژێ، نەک تەنها بۆ ژیانێکى ئاسوودەو بەسۆز، بەڵکو بۆ بنیادنانى کەسایەتیى خۆى و پلەى پێشکەوتنى لەدواڕۆژدا. (هیچ قۆناغێک لە ژیانیدا ئەوەندەى ئەم قۆناغە بۆى گرینگ نییە). لەبەرئەوە با زیاتر لە ژیانى منداڵى ساوا وردبینەوە و خۆمان زیاتر فێربکەین کە چۆن منداڵ پەروەردە دەکەین
بەداخەوە لە کۆمەڵى کوردەواریماندا گرنگییەکى وا بە ساڵى یەکەمى منداڵ نەدراوە و بە دەگمەن کتێبێک دەست دەکەوێت کە باسى منداڵ و چۆنیەتى پەروەردەکردنى منداڵ بکات. بە دەگمەنیش دایکێک هەیە لە بارەى منداڵ و پەروەردەکردنیەوە شتێک بخوێنێتەوە. ئەمانەش هۆى تایبەتى خۆیان هەیە و پێویست ناکات لێرەدا باسیان بکەین. بەڵام پەروەردەکردنى منداڵ ئەوەندە گرنگە و ئەوەندە کار دەکاتە سەر دواڕۆژى هەریەک لە ئەندامانى کۆمەڵ و هەموو کۆمەڵ بە گشتى، کە هیچ بیانوویەک ڕێ بە خوێندەوار و ڕۆشنبیرەکان نادات، کە ئەم ئەرکە فەرامۆش بکەن و هەوڵ نەدەن دایکانوباوکان ئاگاداربکەنەوە لەگرنگى ئەم کارە، کە زۆرجار لە کەمتەرخەمى زیاتر بەولاوە، هیچ بیانوویەک نییە پەناى بۆ بەرن.
لێرەدا دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە کۆمەڵى کوردەواریمان لە ماوەى 50 ساڵى ڕابردوودا بە چ دەردێک براوە و لەژێر چ بارودۆخێکدا ژیاوە. ڕژێمى دیکتاتۆرى نەک تەنها کوردى کوشتووە و کوردستانى داگیرکردووە، بەڵکو زیانێکى زۆریشى لە دەروون و کەسایەتیى مرۆڤى کورد داوە و ڕێی نەداوە لەگەڵ ڕەوتى ئاسایى گەشەکردنى سروشتیدا لە هەنگاوى بەرەوپێشچووندا بێت، ئەمەیش تەنها بە هەوڵ و تەقەڵاو یارمەتى هەموو لایەک دەگەڕێندرێتەوە بۆ بارى سروشتى و ئاسایى و دۆخى جارانى خۆى و لەوێشەوە بەرەوپێش دەبرێت. (هەروەک چۆن گوند و شارە ڕووخێنراوەکانى کوردستان پێویستى بە دروستکردنەوە هەیە. ئاواش دەروون و کەسایەتى مرۆڤى کورد پێویستى بە بنیادنانەوە هەیە
جیهانى منداڵى ساوا
منداڵى ساوا دێتە جیهانەوەو هەموو پێویستییەکى گەورە بوون و پێشکەوتنى لەگەڵ خۆى هێناوە، هەر لە ساتەکانى دواى لە ، ڕووى خۆى بەرەو شوێنى ئەگەر مرۆڤ دەست لە لێو یان ڕوومەتى منداڵى ساوا بدات، منداڵەکە سەر وەردەگێڕێ بەو لایەدا و هەوڵدەدات دەمى بگەیەنێتە پەنجەکە و بیمژێ لەبەرئەوەى تواناى منداڵ بۆ ژیان لەوەدایە، کە دەتوانێت خواردن بخوات. ئەم خووەى (REFLEX) هەر لە منداڵیەوە هەیە. هەروەها منداڵى ساوا خوویەکى تریشى لەگەڵە، کە ئەویش خۆ پاراستنە لە ئازار، کاتێ کە تیشکێکى بەهێز لە چاوى ئەدەیت. ڕووى خۆى وەردەگێڕێت. ئەگەر پەنجەیەک بخەیتە ناو دەستى منداڵەکەوە ئەوەندە توند پەنجەکەت دەگرێت، کە بەسە بۆ ئەوەى بتوانێت بەرزى بکەیتەوە. ئەم خوى خۆ گرتنە لە ئەمریکا پێى دەوترێت(خوى باوک)و زۆر لە شارەزایان پێیان وایە کە ئەم خوە وا لە باوک دەکات بڕواى بەوە بێت، کە منداڵەکەى دەیناسێتەوە.
منداڵى ساوا لە دنیایەکى تەماویدا دەژى، کە زۆر جیاوازە لە جیهانى گەورەکان و هیچ تواناى بیرکردنەوەى نییە و نازانێت ئەمیش کەسێکە و جیایە لە خەڵکى تر و ناشتوانێت ئەندامێک لە ئەندامەکانى ترى لەشى خۆى جیابکاتەوە. زۆرترین کاتى بە نووستن بەسەر دەبات، کە نزیکەى 20 کاتژمێرە لە شەوو ڕۆژێکدا
لەم سەرەتاى ژیانەدا منداڵ پێویستى بە (خەو و گەرمى و شیر) هەیە ، کە زۆر گرنگن بۆ ئەو پێگەیشتنە خێرایەى کە منداڵەکە پێیدا تێدەپەڕێت، هەموو ژیانى مناڵەکە لەوە دەچێت، کە هەر نانخواردن و نووستن بێت، ساوا نازانێت کە برسییەتى بەڵکو هەست بە برسێتى دەکات و تەنها ڕێگایەکیش بۆ ڕاگەیاندنى برسیەتییەکەى گریانە.
ئەم خوە هەر لە دایکبوونەوە لەگەڵ منداڵەکەدا هەیە و باشترین چەکە بە دەست منداڵەکەوە کەوا لە دایکەکە بکات کە بە دەنگیەوە بێت و پێویستیەکانى جێبەجێ بکات. ئەم خوه هەر لەکاتى لەدایکبوونەوە، لەلاى هەموو منداڵێک هەیە، بەڵام لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر دەگۆڕێت و جیاوازە.
هیچ منداڵێک لەوى تر ناچێت.
هەموو منداڵێکى ساوا هەمان پێویستى و هەمان خویان هەیە، بەڵام هەریەکەى بە شێوەیەکى جیاواز دەرى دەبڕێت. ئەم منداڵەیان بە ئاسانى و بە دەنگێکى کەم خەبەرى دەبێتەوە و ئەویتریان خەوى زۆر قورسە و لەکاتى نووستندا گوێ بە دەورووپشتەکەى خۆى نادات. ئەم منداڵەیان لەسەرخۆ و هێمن و بێدەنگ خەبەرى دەبێتەوە، ئەویتریان بە گریان و زریکە زریکەوە خەبەرى دەبێتەوە، هەندێ منداڵ بزێون و هەندێکى تریان هێمن و لەسەرخۆن. هەندێ حەز لە باوەش دەکەن و هەندێکى تر بە پێچەوانەوە، هەر منداڵە و بە جۆرێک وا لە کەسانى دەورووپشتی خۆى دەکات، کە لێى تێبگەن و پێویستییەکانى بۆ جێبەجێ بکەن، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە پەیوەندى لەنێوان منداڵ و گەورەدا، هەر لەم قۆناغەوە، کار دەکاتە سەر جۆرى کەسایەتى و پێشکەوتنى منداڵەکە.
لە تەمەنى ساوایەتیدا بەجێهێنانى هەموو پێویستییەکانى منداڵ، لە خواردن و پاک و تەمیزى و ئاگادارى دەکەوێتە سەر شانى دایک، منداڵ لە تافى ساواییدا زۆر دەنوێت، ئەمەش یارمەتیدەرێکە بۆئەوەى دایک و منداڵ زیاتر پێکەوە بن و هەر لەوماوەیەشدایە کە ئەو گۆڕان و پێشکەوتنەى، کە لە پاشەڕۆژدا دەردەکەون، کار لە منداڵەکە دەکەن، کەواتە مانگەکانى یەکەمى ژیان، لەوە گرنگترە کە هەر بریتى بێت لە خواردن و نووستن.
پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر پرۆفیسۆرانى (شیکردنەوەى دەروونى و مێشکى منداڵ) لەسەر منداڵ و پەیوەندى دەروونى و مێشکى منداڵ لەگەڵ کەسانى دەورووپشتیاندا تۆژینەوەیان کردووە و دوو گروپیان لە مناڵان پێکهێناوە و لە تاقیکردنەوەدا دەرکەوتووە، بەجۆرێک کە گروپى یەکەم تەنیا پێویستییەکانى خواردن و پاکو تەمیزیان بۆ جێبەجێکراوە، بێ ئەوەى ئەوانەى کە دەچنە لایان ڕێیان پێ بدرێت قسەیان لەگەڵ بکەن و لە باوەشیان بگرن. گروپى دووەم بە پێچەوانەوە زیاتر گرنگیان پێدراوە و پێویستییەکانى مێشکى و دەروونى و ڕۆحیان بۆ جێبەجێ کراوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە منداڵانى گروپى یەکەم زۆر دواکەوتوون و لە تەمەنى دوو ساڵ و دوو ساڵ و نیویشدا نەیانتوانیوە قسە بکەن و نەخۆشى و هەڵاوسانى ئەندامەکانى لەش لەناویاندا هەبووە و تەنانەت لێشیان مردووە. بە کورتى ئەو منداڵانەى کە لە ساڵى یەکەمدا تەنها پێویستییەکانى لەشیان بۆ جێبەجێ کراوە و هیچ پێویستى دەروونى و مێشکى و رۆحیان بۆ جێبەجێ نەکراوە و لەزۆر ڕووەوە، دواکەوتووتر بوون لەو منداڵانەى کە گرنگى بە هەردوو پێویستییەکانیان دەدرا، کەواتە پەروەردەکردنى منداڵ لەوە زیاتر کە تەنها خواردنى بدەیتێ و جلەکانى بگۆڕیت و پاک ڕای بگریت.
پەروەردەکردن بریتییە: لە کۆمەڵێ هەڵسوکەوت، کە لەو هەست و نەستە گەرموگوڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە دایکوباوک بەرانبەر بە مناڵ دەریدەبڕن لە کاتى نانخواردن و جلگۆڕین و یاریکردندا، ئەم هەڵسوکەوتانە بە شێوەیەکى ئاسایى دەڕوات و زۆرجار دایکو باوک بێئاگان لەوەى کە بەم هەڵسوکەوتانەیان بەشێکى زۆر گرنگ لە پەروەردەکردن ئەدەن بە منالەکە، بهبێ ئەوەى خۆیان سەغڵەت بکەن.
زۆر کەس پێى وایە دایک بە شێوەیەکى سروشتى، لەبەرئەوەى دایکە لەوە ئاگادارە بە چ جۆرێک هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکەیدا دەکات. ئەمە تا ڕاددەیەک ڕاستە و یارمەتى دایک دەدات بۆ بەخێوکردنى منداڵەکەى، بەڵام تەنها ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەى ببێت بە دایکێکى باش و دەرئەنجام منداڵێکى ژیر بهێنێتە کایەوە. پێویستە دایکوباوک هەوڵ بدەن کە زیاتر لە منداڵەکەیان بگەن، چونکە جیهانى ئەوان جیاوازە لەو جیهانەى کە منداڵەکە تێیدا دەژى.
هەروەکو پێشتر وتمان، هەر منداڵەو لە منداڵێکى تر جیاوازە و هەروەهاش پەیوەندى (منداڵ – دایکوباوک) یش جیاوازەو هیچ پەیوەندیەک لەوى تر ناچێت. جا بۆیە پەیوەندى تۆ لەگەڵ منداڵەکەتدا لە پەیوەندى دراوسێکەت ناچێت لەگەڵ منداڵەکەیدا، گەرچى منداڵەکانیشتان لەیەک تەمەندا بن، هەر بۆیە لە جیاتى ئەوەى دانیشى و بەراوردى خۆت و منداڵەکەت لەگەڵ دراوسێکەتدا بکەیت و خەفەت بخوێت بەوەى کە مناڵەکەى ئەو باشترە یان نا، باشتر وایە گرنگى بەو پەیوەندى و خۆشەویستییە بدەیت، کە لەنێوان تۆ و منداڵەکەت و ئەندامانى ترى ناو خێزانەکەتدا هەیە.
لێرەدا دەتوانیت باس لە گرنگییەکى تایبەتى لە نێوان دایک و منداڵ بکەین، کە ئەویش پێدانى(شیر)ە لەلایەن دایکەوە، کە هەندێکجار دەبێت بەهۆى بە هەڵە لە یەکگەیشتن لە نێوانیاندا و پەیوەندیان خراپ دەبێت و وا لە منداڵەکە دەکات کە بگرى و دایکەکەش شک لە خۆى بکات کە ئایا ڕاست هەڵسوکەوت دەکات یان نا، دایکێک کە زۆر گورج و گۆڵەو بە کارەو حەزئەکات هەردەم لە جوولاندا بێت و منداڵەکەش لەکاتى شیرخواردندا زۆر بە شەوقەوە مەمکى دایکەکەى دەمژێ و بەتوندى دەى گرێت وا دەبێت بەهۆى ڕێککەوتنى تەواو لەنێوانى دایک و منداڵەکەدا و هەردووکیان بەو پەیوەندییە ڕازى دەبن و دەبێتە هۆى ئارامى بەخشین بە هەردوولا. بەڵام خۆ ئەگەر منداڵەکە منداڵێکى لات و سارد و سڕ بێت لە مەمک مژیندا و بەناڕێکى برسى بێت، ئەوا دایکەکە نازانێ کەى منداڵەکەى برسى دەبێت و کەى پێویستە شیرى بداتێ و دەبێت بەهۆى ناڕەحەتى دایک لە شیرداندا و ناڕەزایى دەربڕین و تێکدانى پەیوەندى نێوانیان. ئەم سەرپشک نەبوونیەى دایک لە بارەى شیردان بە منداڵەکەوە واى لێدەکات کە شک (شککردنەکە لە ڕاستیدا ڕاست نییە!) لەخۆى بکات کە دایکێکى باشە، لە جیاتى ئەوەى واى لێ بێت بەم هەستە نا ڕاستە بڕوا بکات، باشتر وایە کە بزانێت کە هەر پەیوەندییەک لە مابەینى دایک و منداڵدا پەیوەندیەکى تاکانە و جیاوازە لەوجۆە پەیوەندییەى کە لە مابەینى منداڵێک و دایکێکى تردا هەیە.
ئەم بە هەڵە لەیەکگەیشتنە شتێکى ئاساییە و زۆرجار لەنێوان دایک و منداڵدا ڕوودەدات و دەبێت بەهۆى تێکدانى پەیوەندیى نێوانیان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دایکەکە دایکێکى خراپە، هەموو دایکێک لە توانایدا هەیە فێرى منداڵ بەخێوکردن ببێت، بەوەى کە منداڵەکەى بناسێت و بزانێت کەى پێویستییەکانى بۆ جێبەجێ دەکات. ئەم ناسینەش کاتى دەوێت و لەو ماوەیەدا هەردوولا هێمن دەبنەوە و زیاتر سەرپشک دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆى پێکهێنانى ژیانێکى خۆش و لەسەرخۆ لەناو خێزاندا کە منداڵەکە هەستى پێدەکات و دەبێت بەهۆى ڕازیبوونى لە دایک و لە ژیان.
کەواتە هەردووکیان (دایک و منداڵەکە)ش کار دەکەنە سەر پەیوەندیى نێوانیان لەچۆنیەتى و چەندایەتیدا، تواناى ئەوەى کە دایکوباوک بتوانن ژیانێکى ئاسوودە بهێننە کایەوە بۆ خۆیان و منداڵەکەیان هەر بە ئاسانى نایەتە کایەوە، ئەوانى کە منداڵیان بەخێوکردووە، ئەزانن کە منداڵ کار دەکاتە سەر گەورەکان و گەورەکان کار دەکەنە سەر منداڵەکە و بەم هۆیەوە هەست و نەستى جیاواز و کۆن دەبووژێتەوە و گەورەکان منداڵیى خۆیان وەکو شریتێکى سینەما دێتەوە بەرچاو.
لە ساڵى یەکەمى ژیاندا، منداڵ پێویستى بە ئەرکێکى یەکجار زۆر هەیە، چ لەلایەن دایکەوە چ لەلایەن باوکەوە. لە کۆمەڵى ئێمەدا، باوک دەچێتە دەرەوەو کارى پەیداکردنى بژێوى خێزانەکەى لەسەرە، زۆر گرانە کە لە ساڵى یەکەمدا بتوانێت یارمەتییەکى ئەتۆى دایکەکە بدات لە بارەى خواردن و پاکو تەمیزى منداڵەکەوە، بەڵام دەتوانێت بەلاى کەمەوە نەختێ لە زەحمەتى دایکەکە کەم بکاتەوە، کە شەونخوونییەکى زۆر دەکێشێت و لە ماوەى ساڵى یەکەمدا ، هەموو شەوێک چەند جارێک خەبەرى دەبێتەوە و ئاگاى لە منداڵەکە دەبێت، لەم کاتەدا، یارمەتى باوک بۆ دایک و منداڵەکە دەکرێت ئەوە بێت هەندێ لە داواکانى خۆى کەم بکاتەوە و هەندێ لە کارەکانى خۆى بکات، وەکو ئاو خواردنەوەو داواکردنى هێنانى شتى جۆراوجۆر کە دایکەکە دەبێت بۆى جێبەجێ بکات. ئەم یارمەتییە زۆرە بۆ دایکەکە و دەبێت بەهۆى ئەوەى، کە پشوویەک بەخۆى بدات و بتوانێت بەردەوام بێت لە پەروەردەکرنى منداڵەکەى بەشێوەیەکى ڕێکوپێک ترو بە ڕوویەکى خۆشترەوە، وەک لەوەى بەناچارى و بەڕوویەکى هیلاک و ناڕەزاییەوە داواکارییەکانى منداڵەکەى جێبەجێ بکات، چونکە وەکو وتمان (منداڵ هەست دەکات کە بە چ شێوەیەک پێویستییەکانى بۆ جێبەجێ دەکرێت). هەروەها باوکان بەهۆى ئەوەى کە ئیشوکارى پەیداکردنى بژێوى خێزانەکەیان لەسەرە دوورن لە منداڵەکەوە بەتایبەتى لە ساڵى یەکەمدا. لەبەرئەوە زۆر ئاگایان لە ژیانى ڕۆژانەى دایک و منداڵەکە نییە و کاتێکیش باوک بە هیلاکى دێتەوە ماڵەوە، ناتوانێت بە هیچ کارێکى تر هەڵسێت و پێویستى بە پشوودانە، لێرەدا لەسەر دایکەکە پێویستە، کە ئاگادارى ئەم بارو دۆخەبێت و لە هەلێکى باشدا و دواى پشوودانى باوکەکە باسى بارودۆخى خۆى و منداڵەکەی بۆ بکات و بۆى ڕوونبکاتەوە کە ژیانى چۆن لەگەڵ منداڵە ساواکەدا بەسەر بردووەو پێویستی بەچى هەیە، چونکە وەکو وتمان پێویستى تەنها خواردن و جلگۆڕین نییە.
لێرەدا نووسراوەکەى نووسەرى مەزنى ئەرمەنى (خەچاتور ئەبوڤیان) کە شارەزاییەکى تەواوى لە ژیانى کوردەواریدا هەیە، هاتەوە بیر کە لە کتێبەکەى (ن.م. خەلفین)دا، خەبات لەڕێى کوردستاندا)، ل32 دا نووسراوەو دەڵێت:(بە پێچەوانەى گەلانى ترى ڕۆژهەڵاتەوە، کورد ڕێزێکى زۆرى ئافرەت دەگرێت). ئەبوڤیان گەیشتە ئەنجامێک کە بڵێت: (ئەتوانین کورد بە شاسوارى ڕۆژهەڵات (لە پیاوەتى و مرۆڤایەتیدا دابنێین) ئەگەر بهاتایە و ژیانێکى نیشتەجێى چەسپاوەیان ببووایە). لەدوایدا دەتوانین بڵێین: کە منداڵى ساوا کەسێکى تایبەتە بەخۆى و پێویستى بەهەموو جۆرە خۆشەویستییەک هەیە، هەروەها دایکوباوکیشى( کەسانى تایبەت بە خۆیانن) و پێویستیان بەهەموو جۆرە خۆشەویستییەک هەیە و بەجۆرى جیاواز خۆشەویستى خۆیان دەردەبڕن، هەرچەندە زۆرجار لەبەر هیلاکى و ئازار و تەشقەڵەى ژیان لە منداڵەکەش تووڕە دەبن و دڵیان لێى دێشێ.
زەردەخەنەى منداڵ
لەدەورووبەرى تەمەنى شەش هەفتەییدا، شتێکى زۆر سەیر و خۆش ڕوودەدات، کە پەیوەندی دایک لەگەڵ منداڵەکەیدا دەگۆڕێت، ئەوەیش زەردەخەنەیە و شتێکى کۆمەڵایەتى نییە و بۆ کەسێکى تایبەت نییە، بەڵام لە پڕێکا دەبینى، کە منداڵەکەت زەردەخەنەت بۆ دەکات و ئەم زەردەخەنەیەش هەر بەتایبەتى بۆ تۆ نییەو منداڵ ڕووى هەر مرۆڤێک ببینێ یاخود تەنانەت ئەگەر دوو بازنە لەسەر مقەبایەکى سێسووچ بکەیت ئەوا منداڵەکە زەردەخەنەى بۆ دەکات، منداڵ بۆ هەموو شتێک کە لەڕووى مرۆڤ بچێت، زەردەخەنە دەیگرێت و لەم تەمەنەدا ناتوانێت بە تەواوى ڕووى خەڵکى لەیەکتر جیابکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دایکوباوکى دڵخۆش دەبن، کە منداڵەکەیان زەردەخەنە بیگرێ، ئەم زەردەخەنەیە وا لە دایکوباوک دەکات کە هەست بکەن لەگەڵ مرۆڤێکدا دەژین کە ئەزانێت خۆشى و ناخۆشى چییەو ئەتوانێ هەستى ڕەزامەندیى خۆى دەرببڕێ. ئەم ڕووداوە گرنگییەکى تایبەتى بۆ باوک هەیە، کە هەتا ئەوکاتە پەیوەندییەکى توندى لەگەڵ منداڵەکەیدا نەبووە.
لەم تەمەنەدا دایکان و باوکان زۆر هەوڵدەدەن. کە منداڵەکەیان بخەنە زەردەخەنەو بۆ ئەم مەبەستە زۆر شت دەکەن و دەموچاوى خۆیان بەهەموو شێوەیەک دەگۆڕن و چەقەنەى بۆ لێدەدەن، ئەمە زیاتر پەیوەندى نێوانیان توندوتۆڵتر دەکات.
لەتەمەنى سێ مانگیدا، منداڵەکە واى لێدێت بەڕووى دایکى پێ دەکەنێ، ئەمە هەنگاوێکى گەورەیە لە پێشکەوتنى منداڵدا، چونکە دەرى دەخات کە دایکى دەناسێتەوە و ئەو کەسێکى تایبەتە بۆى و ڕووى ئەو جیاوازە لەڕووى یەکێکى تر. بەمە گۆڕانێکى گەورە لە مێشک و هەستى منداڵەکەدا ڕوودەدات. منداڵەکە فێرى ئەوە دەبێت، کە جیاوازى لەنێوانى خۆى و خەڵکى تر و لە نێوانى دایکوباوک بکات. ئەم زەردەخەنەیە ، زەردەخەنەیەکى کۆمەڵایەتییە و پێشکەش بە خێزانەکەى دەکات وەکو پێزانینێک بەو هەموو ئازارو ئەشکەنجەیەى کە ئەندامانى خێزانەکە لەگەڵیدا کێشاویانە بەمەش ئەو پەیوەندییە لەنێوانى منداڵى ساواو ئەوانەى دەورپشتیدا دروست دەبێت.
لێردا دەمەوێت سەرنج بۆ ئەو هەموو ئەرکە ڕابکێشم کە دایکەکە لەماوەى ئەو سێ مانگەى ڕابردوودا کێشاویەتى و زۆرجار گەیشتۆتە ئەوەى کە بە تەواوەتى لە ژیانى خۆى وەڕز بووەو حەزیکردووە دوور بکەوێتەوە، بەڵام زەردەخەنەى ئێستاى منداڵەکەى و پێکەنینى چەند مانگێکى ترى وا لە دایکەکە دەکات کە ورە بەرنەداو هێزى تازەى پێ ببەخشێ بۆ بەردەوامبوون لە بەخێوکردنى منداڵەکەى، چونکە دایکەکە ئێستا پادداشتى کارەکەى وەردەگرێتەوەو دەزانێت کە ڕەنجکێشان و شەونخونیەکانى بەفیڕۆ نەچووە.
پێشکەوتنى ترى منداڵ لە سێ مانگیدا
لەماوەى ئەم سێ مانگەدا، گۆڕان لەهەموو ڕوویەکى کۆمەڵایەتى هەست، مێشک و لەش لە منداڵدا زۆر بەخێرایى ڕوودەدات، ئەگەر جیاوازى هەبوو لەنێوانى منداڵەکەى تۆ لەگەڵ منداڵێکى تردا، ئەوا دڵت سەغڵەت نەبێت و خۆت ناڕەحەت مەکە، چونکە شتێکى ئاساییە کە هەر منداڵە و لەویتر جیاوازە. جا ئەگەر منداڵەکەت شەش هەفتە دواى منداڵەکى تر دەستى بە گاگۆڵکەکردن کرد ئەوا شتێکى ئاسایییە. ئەم منداڵە هەموو شەو و ڕۆژەکە دەنوێت، تەنها برسێتییە کە خەبەرى دەکاتەوە. زۆربەى منداڵ خەبەرى دەبێتەوە و لەناو جێگاکەیدا دەست بە گڕوگاڵ دەکات. یاخود بەبێ دەنگى سەیرى ئەو یاریانە دەکات کە لەسەر سەرییەوە هەڵواسراوە، بەڵام لە تەمەنى سێ مانگى بەرەوژوور گۆڕانێک ڕوودەدات. ئەویش ئەوەیە، کە منداڵ بەڕۆژ زیاتر بەخەبەرە و بەشەو دەنوێت، بۆیە ئەگەر منداڵ بەشەو چەند جارێک خەبەرى بووەوە، ئەوە شتێکى ئاساییە و لەوانەیە برسى بێت یان خۆى پیس کردبێت یان لەبەرئەوەى زۆر یان بە هەڵە شیرەکەى خواردووە یان لە مەمک مژیندا پەلەى کردووە و هەوا چوویتە سکییەوە. زۆربەى منداڵان تا تەمەنى یەک ساڵان بەمشێوەیەن.
هەروەها هەڵسانى بەیانیانى منداڵ دەگۆڕێت تا ئێستا منداڵ کە خەبەرى بۆتەوە هاوارى کردووە، بەڵام ئیتر لە مەودوا منداڵ نەختێک چاوەڕێ دەکات و پێشى خۆشە کە چەند ساتێک بەتەنها بە خەبەربێت و دەورووپشتى خۆى بپشکنێ و یارى بە دەستەکانى بکات. جا لەبەرئەوەى ئێستا دەتوانێت خۆى بخڵافێنێ، بۆیە دەتوانێت نەختێ چاوەڕوانى هاتنى دایکیشى بکات و لەم تەمەنەدا گڕوگاڵى منداڵ زیاد دەکات و جارجار پێکەنینى کورت دەبیسترێ، وەک وەڵامێک بۆ ئەو شتانەى، کە دایک دەیانڵێت و دەیانکات. ئەم گۆڕانە زیاتر دایکوباوک دڵخۆش دەکات و هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەى منداڵەکە زیاتر پێبکەنى و گڕوگاڵى زیاتر بکات.
لەم تەمەنەدا ماسوولکەکانى منداڵ زیاتر خۆیان دەگرن بۆیە هەوڵدەدات خۆى نزیک بکاتەوە لەو شتومەکانەى کە لە دەورووبەریەتى و لە چوارمانگیدا هەوڵدەدات، بە دەست شت بگرێت، ئەگەر سەیرى بکەیت دەبینیت کە چۆن هەوڵدەدات دەست و پەنجەى بە شێوەیەک ڕێک بخات ، تا بتوانێ شت بگرێت.
لە تەمەنى (4- 5) مانگیدا منداڵ دەتوانێ شەقشەقە و بازنە بگرێت و خۆى پێیانەوە خەریک بکات و یاریان پێ بکات.
لە دەورووبەرى(5)مانگیدا منداڵ دەتوانێت دابنیشێ، ئەگەر سەرى بەدەستى خۆت بگریت. لە(6)مانگیدا بەبێ یارمەتى دادەنیشتێت، لەم تەمەنەدا منداڵ دەتوانێ چوار مەشقى بەبێ یارمەتى دابنیشێت، بەڵام نابێ دڵگیربین لەوەى کە منداڵ لووت لە زەوی دەدات و شۆڕ دەبێتەوە، چونکە ماسوولکە هەڵگرەکان هێشتا لاوازن و تەنیا بۆ ساتێکى کورت ڕێ بە دانیشتنى منداڵ دەدەن.
هەر لەم تەمەنەدا منداڵ دەتوانێت ، لەسەر سک بۆ سەر پشت و بە پێچەوانەوە خۆى وەربگێڕێت و دەتوانێت لەسەر کورسییەکى منداڵاندا دابنیشێت و خواردنى بدرێتێ و هەوڵیش دەدات، کە خۆى خواردنەکە بخوات. بەڵام وێنەیەکى سەیرو سەمەرە دروست دەبێ کە دەورووپشتى بە خۆشییەوە پێى پێ دەکەن..
لەم تەمەنەدا منداڵ فێرى ژەمى نانخواردنى خێزانەکە بووە و لەگەڵ خێزانەکەدا نان دەخوات و لەگەڵ ئەوەش کە لە مابەینى دوو ژەمى خواردندا ئەم ژەمێکى ترى خۆى دەخوات.
پێوەندى بە یەکەوە دروستکردن
ئەم منداڵە ساوایە مرۆڤێکى کۆمەڵایەتیى نییە، بەڵام لە ماوەى ئەم ساڵەدا فێرى ئەوە بووە کە زۆر لەپەیوەندى کۆمەڵایەتیى تێبگات. لەمانە: دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ دایکدا، کە ئەمە زۆر پێویستە بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتی ڕاست و بنیادنانى هەست و نەستێکى باش لە پاشەڕۆژدا.
وەکو دایک، ئەم پەیوەندییە هەر لەوکاتەوەى دایک چاوى بە منداڵەکەى دەکەوێت، دروست دەبێت و منداڵەکە ئەم پەیوەندییە بە قۆناغى یەک لەدواى یەک دروست دەکات. لە پێشا لەگەڵ دایکەکەداو دوایش لەگەڵ ئەندامانى ترى خێزانەکەیدا، ئەم پەیوەندییە بەهۆى بوونى دایک و جێبەجێکردنى پێویستیەکانى منداڵ لە کاتى پێویستدا و ئەو خۆشەویستى و شەونخونییەى کە دایکەکە پێشکەشى منداڵەکەى دەکات، پەرە دەسێنێت.
ئەم بەیەکەوە بەستەنەوەیە بە دایکوباوک و ئەندامانى ترى خێزانەکەوە زۆر گرنگە و بەردى بناغەى خۆشەویستى منداڵ بۆ ئەندامانى دەرەوەى خێزانەکەش دادەنێ و لەهەمانکاتدا هەستونەستى منداڵەکە لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە بەهێز دەکات، لێرەوە منداڵ گوێ بە دەرەوەى خێزان دەدات و بە دواى سەربەخۆیى و متمانەبەخۆکردندا دەگەڕێت.
لە کۆمەڵى ئێمەدا کە لەیەک کەس زیاتر منداڵ پەروەردە دەکات و هەموو ئەندامانى خێزان و بگرە کەسانى نزیک لە خێزانیش ، وەک مام و خاڵ و برازاو خوشکەزاو باپیر و داپیر و زۆرى تر لەو پەروەردەکردنەدا بەشدارن، پەیوەندییەکە زیاتر بەهێز دەبێت و زۆربەى هەستونەستەکانى منداڵ دابین دەکات. ئەمە سروشتێکى باشە لە کۆمەڵى کوردەواریدا و دەبێت بەهۆى زیاتر پاراستنى کۆمەڵ و توندوتۆڵکردنى پەیوەندى ئەندامانى خێزان لەگەڵ ئەندامانى بنەماڵەد.ا
ئەم پەیوەندییە یارمەتیدەرێکى بەهێزە لەکاتى ڕوودانى کارەساتى جەرگبڕدا بۆ پاراستنى کۆمەڵ بە گشتى و پاراستنى منداڵ لە ئەنجامى ناخۆش و دڵتەزێن بەتایبەتى. لە توژینەوەیەکدا کە(د. عەبدولباقى ئەحمەد) لە ساڵى 1992 لەسەر ئەو خێزانانەى کە دووچارى ڕهوهکهی ساڵى 1991 بووبوون ئەنجامى داوە، بە تەواوەتى دەردەکەوێت کە ئەم پەیوەندیە بەهێزەى خێزان یارمەتى منداڵ دەدات، کە تووشى نەخۆشى(سەرسامى)نەبێت.
لە بێگانە ترسان
کاتێک منداڵ لە تەمەنى (6 – 9 مانگ)ى پەیوەندی خۆى لەگەڵ دایک و دەورووبەریدا بەهێز کردووە، ئەوا پلەیەکى تر لە پەیوەندى دێتە پێشەوە کە ئەویش لە(بێگانە) ترسانە، کاتێک بێگانەیەک خۆى لە منداڵەکە نزیک دەکاتەوە (بێگانە، هەموو کەسێک جگە لە ئەندامانى خێزانەکەى دەگرێتەوە)، ئیتر منداڵەکە دەست دەکات بە زریکاندن و خۆنووساندن بە دایکیەوە و دەست بە گریان دەکات. ئەمەش دەبێتە مایەى سەرسوڕمانى خزم و کەسوکارو دەپرسن بۆ ئەم منداڵە لە بەرامبەر ئەمان لە پڕێکا واى لێهاتووە؟ لەوانەیە ببێتە هۆى دروستبوونى ناخۆشى لەنێوان ئەندامانى خێزانەکە و خزم و کەسوکارى منداڵەکەدا.
ئەم ترسە، نیشانەیەکى خراپ نییە و پلەیەکى تر لە پلەى پێشکەوتنى هەست و بیرى منداڵ دەردەخات و نیشانەى ئەوەیە، کە منداڵەکە هەست بە جیاوازى لە نێوان ئەندامانى خێزانەکەى و ئەوانى تردا دەکات، بە مانایەکى تر جیاوازى لە نێوان ئەوانەى لەوەوپێش پەیوەندى لەگەڵ بەستوون و ئەوانەى کە پەیوەندەى لەگەڵ نەبەستوون دەردەخات و سەرەتایەکە بۆ پلەیەکى تر لە پێشکەوتن کە پێى دەوترێت(ترسى جیابوونەوە).
سەرەتاى ترسى جیابوونەوە
لە بەشى دووەمى ساڵى یەکەمدا نیشانەیەکى ترى پێشکەوتنى منداڵ بەدیدەکرێت، ئەوەیش ترسى جیابوونەوەیە لە دایک، ئەمە نیشانەیەکى دیارو ڕوون و ئاشکرا دەبێت هەر لەو تەمەنەوە تا تەمەنى دەگاتە (2 – 3) ساڵان. ئەم ترسە بە ئاشکرا لەگەڵ زیادبوونى جموجۆڵى منداڵەکە دەبێنرێت و لەنێوان (7 – 8 مانگیدا) لە نزیک دایکیەوە خۆى خەریک دەکات، دوایى نەختێک دوورتر دەکەوێتە و خێرا دەگەڕێتەوە بۆلاى دایکەکە، بۆ ئەوەى پەیوەندى پێوە بکاتەوە و دەست و قاچى دەگرێت ، وردە وردە منداڵەکە دەڕوات و بە هەموو ژوورەکاندا دەگەڕێت، هەرچەندە زوو زوو بۆلاى دایکى دێتەوە بۆ پەیوەندیکردن، یا تەماشکردنى بۆ ئەوەى دڵنیابێت، ئەم خۆزگە یان ویستە کە هانى دەدات بۆ ئەوەى بگەڕێت و شتى تازە بپشکنێت لەگەڵ ئەو حەز و خۆزگەیە بەربەرەکانى دەکات کە لە منداڵدا هەیە و دەیەوێت لە نزیک دایکەوە بێت، ئەم بەربەرەکانییە بەردەوام دەبێت، تا واى لێدێت کە منداڵەکە دەتوانێ بۆ ماوەیەک بەبێ دایک لە شوێنێکى دوورتر لەو شوێنەوە کە دایکى لێیە، لە خانووەکەدا بمێنێتەوە و بەبێ ئەوەى پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە دایکەوە هەبێت، تەنیا ئەوەندەى بەسە کە گوێى لە دەنگى دایکى بێت.
منداڵ زۆر هەوڵ و تێکۆشانى جیاواز جیاواز دەدات بۆئەوەى لەم ترسە ڕزگارى بێت، وەکو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى شتى ونبووى ژێر دەستەسڕێک یاخود یارى چاوشارکێ و خۆشاردنەوە، منداڵەکە زۆر دڵى خۆش دەبێت و کاتێ کە یارییەکى بۆ دەخرێتە ژێر دەستەسڕێکەوە و لە پڕێکا دەستەسڕەکە لادەبەیت و یارییەکە دەردەکەوێتەوە، ئیتر منداڵەکە لە خۆشیاندا گەشکە دەیگرێ و پێدەکەنێ. یاخود یارى خۆشاردنەوە لە پشت دەرگاوە بۆ ماوەیەکى یەکجار کورت و هاتنەوە پێشەوە و سەردەرهێنانەوە، یەکجار منداڵەکە دڵخۆش دەکات و بەپێى (شیکردنەوەى دەروونى ) دەرکەوتووە، کە منداڵ بەهۆى ئەمجۆرە یارییانەوە دەتوانێت سەرپشک بێت و نەترسێ لە ونبوونى دایک و تێدەگات لەوەى گەر هەر کاتێکیش کە ونبوو دڵنیابێت لەوەى کە دێتەوە بۆ لاى ئەم یاریانە بە مەرجێ زۆر نەخاێنێت و نەبێت بەهۆى ترساندنى، ئەمانە زۆر کەڵکیان بۆ منداڵەکە هەیە.
یارییەکى ترى خۆشەویست لاى منداڵ لەم تەمەنەدا بەردانەوەى شتە بۆ ئەرز و هەڵگرتنەوەو بەردانەوەیەتى جار لەدواى جار. هەر کە کەوچکێک یان شتێکى تر بەردەدەیتەوە. منداڵ ڕادەوەستێ تا گوێى لە دەنگى دەبێت و لە دوایدا چاو دەگێڕێ بە دواى شتە (ون) بووەکەدا، کە بۆى هەڵدەگریتەوە ئیتر ئەو جارێکى تر بەرى دەداتە خوارەوە و دەست دەکات بە پێکەنین.
لەوانەیە ئەمە بۆ دایک شتێکى زەحمەت بێت و تاقەتى نەبێت، بەڵام دەبێت دایک بزانێت، کە منداڵەکەى زۆر شتى ژیرانەى لێوە فێر دەبێت و لەو ڕێیەوە بەسەر ترسى جیابوونەوەدا سەردەکەوێت و باوەڕى بە دایکى زیاتر دەبێت و لەوە تێدەگات کە دایک هەمووکات ئامادەیە لەکاتێکدا پێویستى بە یارمەتى هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە کاتێکى خۆش لەگەڵ یەکدا بەسەر دەبەن.
پارچە قوماش خواردن
تێکۆشان بۆ جیابوونەوە بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوام دەبێت و وردە وردە منداڵ دەست لە دایک بەردەدات، چ وەک لەش و چ وەک هەستونەستەکانیشى دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ترس و خەمى جیابوونەوەى هەر دەمێنێت. لەبەرئەوەش کە منداڵەکە دەستى بە ڕۆیشتن کردووە، پێشکەوتنى تر دێتە پێشەوە بەوەى کە منداڵەکە، بەتەنیا و بێ یارمەتى دایکى دەست بە پشکنینى دەورووبەرى خۆى دەکات.
منداڵ بە زۆر شێوەى جیاواز ئەم تەنگوچەڵەمەى جیابوونەوەیە چارەسەر دەکات و هەر لە منداڵییەوە ڕێگاى تایبەتى خۆى هەیە. لە دواى ساڵى یەکەم، منداڵ بە تەواوەتى خۆ بە پارچە پەڕۆیەک یان بەتانییەک یان یارییەکى نەرم یاخود بووکەشووشەکەوە دەگرێت. کە ئەمانە هەریەک بە شێوەیەک دایکى بیر دەهێننەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندى بەو پەیوەندییەوە هەیە کە لەنێوان دایک و منداڵەکەدا هەیە، ئەو شتەى منداڵەکە لەم قۆناغەدا بەکارى دەهێنێت. پێى دەوترێت(شتى قۆناغى گواستنەوە)و منداڵەکە لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ هەر کوێ بڕوات و لێى جیانابێتەوە. خۆ ئەگەر هەوڵبدەیت بیشۆیت یان بیگۆڕیت و بەشتێکى تر، ئەوا دەبێت بەهۆى سەرلێشوانى منداڵەکە و تووڕەبوونى و زیانێکى زۆرى لێدەدەیت. ئەم پارچە قوماشە یارمەتى منداڵەکە دەدات بۆ جیابوونەوە لە دایک و بوون بە مرۆڤێکى سەربەست و لەم کارەیدا پێویستى بە شتێک هەیە ئەو ترسەى خۆى پێ دەڕبڕێت و ترسەکەى بخاتە سەر ئەو شتە و منداڵ دەتوانێ پارچە قوماشێک لەجیاتى دایکى بۆن بکات، هەروەها لەم قۆناغەدا منداڵەکە دەیەوێت دایکى لەگەڵیدا بنوێت و دەست بەپشتیدا بهێنێت و ئەمەیش بەوە دەردەبڕێت، کە توند کراسەکەى دایکى دەگرێت یان بۆنى دەست و بنباڵ و قژى بکات یاخود داواى گۆرانى یان خوێندنەوەى پەرتووکێک لە دایکى بکات، ئەمانەش هەموویان ترسى منداڵەکە دەردەخەن بەرانبەر بەوەى دایکى لە دەست نەچێت. یارمەتیى دایک ، بۆئەوەى مناڵ بەسەر تەنگوچەڵەمە و ناخۆشى ئەم قۆناغەدا سەرکەوێت زۆر گرنگە بۆئەوەى منداڵ کەسێکى واى لێدەربچێت، کە متمانەى بەخۆى بێت و نەترسێت.
زۆرجار دایکوباوک تووشى ناڕەحەتییەکى زۆر دەبن بەوەى کە منداڵەکەیان لە ژوورى خۆى بەجێدەهێڵن پێش ئەوەى خەوى لێ بکەوێت، لەم کاتەدا منداڵەکە بە ئاگا دێتەوە و دەست بە گریان دەکات و ئەوسا دایکوباوک جارێکى تر دەست پێدەکەنەوە و ئەمجارەیان زۆرترى پێدەچێت تا منداڵەکە خەوى لێدەکەوێتەوە. بەهەمانشێوە منداڵەکە بە ئاگادێتەوە و زیاتر دەگرى، ئەمە لە وانەیە چەند جارێک دووبارە ببێتەوە و دایک تەواو هیلاک دەبێت و تووشى تووڕەبوون و سەر ئێشەش دێن. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە منداڵەکە هەستى بەوە کردووە کە دایکى بە جێى دێڵێ و ترسى جیابوونەوەى هەیە، ئیتر ناوێرێ بنوێت و خەوى ئەزڕێ و کاتێکیش کە دایکەکە دەڕوات ترسى مناڵەکە ڕاست دەردەچێت و زیاتر وریا دەبێتەوە و داواکانى زیاتر دەبێت بۆئەوەى دایکەکە لاى خۆى زیاتر بهێڵێتەوە. هەروەها ئەمە پەیوەندى بە میکانیزمى خەوەوە هەیە، گەر منداڵ لەکاتى خۆیدا خەوى لێ نەکەوت، ئیتر دەبێت چاوەڕوانى شەپۆڵى دووەمى خەو بێت کە لە وانەیە چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.
تەنها چارەسەرێک بۆ ئەمە ئەوەیە کە دایک بە تەواوەتى بڕیارى خۆى بدات و خۆى بۆ ئەوە ئامادە بکات، هەموو شەوەکە و تانەنەت چەند شەوێکیش بۆ دڵنیاکردنەوە لەگەڵ منداڵەکەیدا بنوێت ئینجا بگەڕێتەوە سەر بارى جاران و لەگەڵ منداڵەکەیدا بمێنتەوە تا خەوى لێدەکەوێت.
لە کوردەوارى خۆماندا، منداڵ هەر لەگەڵ خێزان، لە باوەشى دایکدا، لەبەرامبەر تەلەفزیۆن دادەنیشێت، تا خەوى لێ دەکەوێت دواى ئەوەش هەر لەسەر جێگاى خۆیان و لەهەمان ژووردا دەخەون.
ئەمە پەیوەندى بە کلتوورى گەلان و بارى ئابوورى و ڕامیارى ئەو گەلانەوە هەیە، خۆ ئەگەر خێزان تەنها ژوورێکى بۆ هەموو ئەندامانى خێزانەکە هەبێت، ئەوە پێویست بە گفتوگۆ ناکات و چار نییە و زۆر لە گەلانى جیهان، بەتایبەتى گەلانى جیهانى سێیەم ، منداڵ بە درێژایى ڕۆژ لەگەڵ دایکوباوکیدایە، بێگومان ئەمەش چاکە و خراپەى خۆى هەیە، بەڵام ئەگەر دایک ڕەحمێک بە خۆى بکات و لەکاتى نووستندا لە مناڵەکەى دوورکەوێتەوە، ئەوا بۆ هەردوولا باشە و دایکەکەیش پشوویەک دەدات، لەم کاتەدا وا باشە کە منداڵەکە دواى ئەوەى کە خەوى لێ کەوت، لە شوێنێکى دوور لە قەرەباڵغى دابنرێت و لە دەنگى لەپڕ و هاوار و دەنگەدەنگى تەلەفزیۆنەکە دووربخرێتەوە تا کار نەکاتە سەر خەوى منداڵەکە و تووشى خەوى ناخۆش نەبێت و لە پڕێکا خەبەرى نەبێتەوە و بترسێ و تووشى ناخۆشى ببێت.
گەشەکردنى مێشک
منداڵ هەرکە لەدایک دەبێت، لەگەڵ خۆیدا چەند خویەکى هێناوە بۆئەوەى بتوانێ لە دەرەوەى سکى دایکیدا بژى و ژیانى سادەى منداڵ بەم خوانە بەڕێوە دەڕوات وەک (مژین، گرتن..) بەهۆى ئەم خوانەوەیە منداڵ فێرى چەند چالاکییەک دەبێت و تواناى بۆ کۆکردنەوەى زانیارى وردە وردە باشتر دەبێت، بەڵام دنیاى منداڵ زۆر لەوە جیاوازترە، کە دەورووپشتى تێى دەگەن.
لەنێوان تەمەنى(1–4) مانگیدا منداڵ فێرى ئەوە دەبێت ئەم خوانە پێکەوە بگونجێنێت، وەکو خوى (مژین و گرتن بەیەکەوە ) یان (گوێگرتن و تەماشاکردن بەیەکەوە).
لە (4 – 8) مانگیدا منداڵ ئەو جوولانەوانەى لەخۆیانەوە ڕوودەدەن، دووبارە دەکاتەوە و لە مێشکى خۆیدا تۆماریان دەکات. وەکو ئەوەى گەر شەقشەقەیەک بجووڵێتەوە ، دەنگێکى تایبەتى لێوە دێت و خۆشییەک بە مناڵەکە دەبەخشێت و پاش ماوەیەک منداڵەکە فێرى ئەو دەنگە دەبێت و ئیتر پێویستى بەوە نامێنێت ئیعتماد بکاتە سەر خوەکان و خۆى هەوڵدەداتڤ، ئەوکاتەى کە خۆى دەیەوێت شەقشەقەکە ڕاوەشێنێت. لە تەمەنى(8 – 12) مانگیدا ئیتر چالاکى منداڵ زیاتر ڕەزامەندى منداڵەکە خۆى لەسەرەو زانیارى زیاتر لەسەر شتەکانى دەورووپشتى پەیداکردووە، وەک (یارى سەر جێگاکەى و پشتى و لێفەکەى خۆى) یان پەیوەندى ژوورەکانى ماڵەکە بەیەکەوە، وەک:(موبەق و ژوورى نووستن و ئەو دەنگانەى لێوەیان دێت). بێ لەوەیش فێر بووە کە یەک شت، لەهەمانکاتدا لەدوو شوێندا نابێت، یان دارێکى چوارگۆشە لەگەڵ کونێکى سێگۆشەدا ناگونجێت. ئەم شتانەیش بەوە فێر دەبێت کە دووبارەیان بکاتەوەو هەڵە بکات و هەمدیسان هەوڵ بداتەوە دووبارەیان بکاتەوە.
لە تەمەنى(8) مانگیدا ڕووداوێکى گرنگ لە ژیانى منداڵ ڕوودەدات، ئەویش ئەوەیە، کە تا ئەوکاتە منداڵ وا دەزانێت، کە شتێک لەبەرچاو ونبوو، ئیتر نەماوەو نادۆزرێتەوە، بەڵام ئێستا لەمەیش تێدەگات ، بۆ نموونە ئەگەر یارییەک بخەیتە بەردەمى منداڵێکى تەمەن(6) مانگان خۆى بۆ ئەکێشێ و دەیەوێت بیگرێت، بەڵام ئەگەر پارچە پەڕۆیەکى پێدا بدەیت، ئیتر ڕووى خۆى بۆ لایەکى تر وەردەگێڕێ و هەوڵى بۆ نادات، چونکە وا دەزانێ کە یارییەکە نەماوە، بەڵام لە (8) مانگیدا منداڵەکە فێرى ئەوە دەبێت، کە هەرچەندە یارییەکە دیار نییە بەڵام ماوەو هەوڵدەدات پەڕۆکە لەسەرى لابدات و بیدۆزێتەوە، ئێستا ئەگەر یارییەکە لەژێر پارچە قوماشەکە لاببەین بیخەینە ژێر پشتیەکەوە، کاتێک منداڵەکە سەیرى دەکات ئەوا هەر دەچێتەوە سەر پارچە قوماشەکە و هەوڵ نادات لەژێر پشتییەکەدا بەدواى یارییەکەدا بگەڕێت، چونکە ماوەیەکى ترى دەوێت تا منداڵ فێرى ئەوە دەبێت.
ئەم پێشکەوتنە لەسەرخۆیەى منداڵ، کە بتوانێت وێنەى شتومەک لە مێشکى خۆیدا بهێڵێـتەوە، زۆر گرنگە، کاتێک کە منداڵ تەمەنى دەگاتە 2 ساڵان پێشکەوتنێکى تەواوى لەمڕووە کردووە ، کە پێى دەوترێ (بوونى شت OBJEKTKONSTANS) بە مانایەکى تر، هەرچەندە شتێک یان کەسێک لەبەرچاو نەبێت و نەبینرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەیە، ڕاستتر منداڵەکە لەم تەمەنەدا دەتوانێت وێنەى شتومەک لە مێشکى خۆیدا تۆمار بکات و بیهێڵێتەوە.
ئەم دیاردەیە گرنگە لێى تێ بگەین، بۆ ئەوەى بزانین پێش تەمەنى دوو ساڵان، کاتێک منداڵ بە تەنیا جێدەهێڵرێت، ناڕەحەت دەبێت، چونکە لەو تەمەنەدا منداڵ دڵنیا نییە لەوەى کاتێک دایک بەجێى دەهێڵێت و دیار نامێنێت، هەیە یان نییە، ئەمەیش دەبێت بەهۆى ناڕەحەتى منداڵەکە لەبارێکى وادا، هیچ فێڵ و قسەکردن و تووڕەبوونێک سوودى نییە و پێویست ناکات منداڵەکە ئازار بدرێت، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا پێویستى بە یەکێک هەیە کە بە درێژایى شەو و ڕۆژ لەگەڵیدا بێت، تەنیا بە ڕاهێنانێکى زۆر، دایک دەتوانێت مناڵەکەى وا لێ بکات کە بێ ترس بۆ ماوەیەکى زۆر بەجێى بهێڵێت، ئەمەش باسێکى ترە.
بناغەى بڕوا
شتێک کە لەم تەمەنەدا بناغەى لە دەروونى منداڵدا داکوتابێت ئەوەیە کە فێر دەبێت تا چ ڕاددەیەک بڕوا بە دەورووبەرەکەى خۆى بکات، ئەگەر دایک و باوک، لەم ماوەیەدا جێى بڕواى مناڵەکە بووبن، بەوەى کە هەمیشە لە کاتى پێویستى منداڵەکەدا پێویستییەکانیان بۆ جێبەجێ کردبێ، وەک: (خواردن، چاودێرى، یارى..) ئەوا منداڵەکە ، دەزانێت کە دەتوانێت بڕوایان پێ بکات، ئەم هەستە وا لە منداڵەکە دەکات کە ڕووخۆش و تەندروستى باش و گوێڕایەڵ بێت، بۆ پەیوەندى لە نێوانیانداو بە پۆزەتیڤ سەیرى ژیان بکات.
منداڵێک کە ئەم بناغەیەى نەبێت و لەم تەمەنەدا خۆشەویستى پێ نەدرابى، هیچ کاتێک ناتوانێ ئەم بڕوایە لەخۆیدا پەرە پێبدات و هەردەم گومان لە دەورووپشتەکەى دەکات و بە چاوێکى ڕەشبینانە تەماشاى ژیان دەکات.
لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین کە خۆشەویستى ماناى ئەوە نییە، منداڵ چى ویست بیدرێتى و چ داخوازییەکى بوو بۆى بکەیت، چونکە جیاوازى هەیە لەنێوان ئامادەکردنى پێویستییەکانى منداڵ و بەخێوکردنى منداڵدا.
(تێپەڕبوونى ماوەیەک بەسەر ئامادەکردنى شیر بۆ منداڵ، لەکاتى شیرخواردندا، نەک تەنها باشە، بەڵکو پێویستیشە، بۆئەوەى منداڵ فێرى چاوەڕوانى ببێت و وا نەزانێت کە هەردەمى کردووە دەبێت خواردنەکەى بخرێتە بەردەم) یان کاتێک کە چاوەڕوانى ئەوە دەکات کە لە جێگاکەى بەرزى بکەیتەوە، ئەم چاوەڕوانییە لە ژیاندا زۆرجار دووپات دەبێتەوەو زۆرجار ژیان بریتییە لە چاوەڕوانى.
ئەم دیاردەى چاوەڕوانى نەکردنە بە تەواوەتى لە هاوڵاتیانى ڕۆژهەڵاتیدا، کاتێ کە لە ئەوروپا دەژین، دەردەکەوێت، بۆ نموونە، مرۆڤى ڕۆژهەڵاتی ناتوانێ چاوەڕوان بێت و دان بەخۆدا بگرێت، کاتێک دەچێتە ڕیزێکەوە، هەر زوو لە ڕیزەکەدا سەبرى نامێنێت و دەکەوێتە ملەقوتێ و زۆرجاریش خۆى تووشى تەنگوچەڵەمە دەکات، بەوەى کە هەوڵدەدات ڕیزەکە تێک بدات و فێڵ بکات و پێش ئەوانى تر بکەوێت.
زۆرجار دایک و باوک بەپەلە و پێش وەخت شیر بۆ منداڵ ئامادە دەکەن، بێ ئەوەى هیچ جۆرە نیشانەیەک لە منداڵەکەدا دەرکەوتبێت ، بەوەى کە برسییەتى یاخود گریابێت، ئەم کارە زیانێکى زۆر لە منداڵ دەدات و لە دواڕۆژیشدا دەبێت بەهۆى خووڵقاندنى ئاژاوە لە مابەینى دایک و منداڵدا،(زۆرمان تا ئێستاش کە برسیمان بوو ئیترچاومان بەرپێى خۆمان نابینێت) هۆى ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى لەم تەمەنەدا فێرى چاوەڕوانى نەکراوین و بەر لەوەى پێویستییەکمان بووبێت بۆمان ئامادەکراوە.
کاتێ ئامادەکردنى پێویستییەکانى منداڵ ماوەیەکى زۆر دەخایەنێت و پێویستییەکانى جێبەجێ ناکرێن، منداڵ بڕواى بە دایک و باوکى کز دەبێت یان نامێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت ئەوە بزانین کە کات لاى منداڵ و گەورە وەک یەک نییە، بۆیە دەبێت دایک و باوک خۆیان بزانن کەى وەختى جێبەجێکردنى پێویستییەکانى منداڵەکەیانە، لێرەدا گرنگترین شت ئەوەیە کە دایک و باوک دەستپێشخەرى نەکەن و لەخۆیانەوە بێ ئەوەى هیچ نیشانەیەک لە منداڵەکەدا دەرکەوتبێت ، یارمەتى منداڵەکە بدەن و پێش ئەوەى منداڵەکە نیشان بدات کە پێویستى بە یارمەتییە. ئەمە نەک تەنیا لەم تەمەنەدا بگرە لە هەموو ژیانى منداڵدا و لەهەموو بارودۆخێکدا گرنگە و دایک و باوک دەبێت خۆیان دوورەپەرێز بگرن و دەست نەخەنە کارى منداڵەکەوە تا بەخۆى داواى یارمەتییان لێ نەکات.
هەروەها چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ ڕۆڵێکى گرنگ دەبینێت بۆ ئەوەى بڕوا بە دایک و باوکى بکات. ئایا بە ڕوویەکى خۆش و بە ڕەزامەندییەوە یاخود بە لالووتى و نابەدڵییەوە کارەکەى بۆ ئەنجام دەدەن، ئەمانە هەموو کار دەکەنە سەر پێشکەوتنى مێشک و دەروونى منداڵ و بەوە ڕادێت بە چ چاوێک سەیرى ژیان بکات، ڕووناکبین بێت یان ڕەشبین.
سەرەتاى زمان فێربوون
ژیانى منداڵى ژیانێکە زمان و قسەکردن هێشتا تێیدا نەبوونەتە کەرەسەى دەربڕین، بەڵام دایک و باوک دەتوانن یارى هەمەجۆر لەگەڵ منداڵدا بکەن، کە دەبێت بەهۆى پێشکەوتنى زمان و هاندەرى قسەکردن وەک کەرەسەیەکى دەربڕین.
دایکان(جارى جاران) کاتێ بە ئیشوکارى ناو ماڵەوە خەریکبوون گۆرانى یان قسەیان لەگەڵ منداڵەکەیاندا دەکرد، بەمە نیشانەیەکى گرنگیان بە منداڵەکەیان دەدا، کە دەنگ ئامێرێکى گرنگى پەیوەندییە لە نێوانى خەڵکیدا. لەماوەى دوو مانگى یەکەمدا، منداڵ زۆرجار گڕوگاڵ دەکات، کە لە دەنگەکانى زمان دەچن. لە شەش مانگیدا، منداڵ دەتوانێت چەند دەنگێک دەربڕێ، وەک: (ما....ما....با...با.....دا....دا...) کەوا لە دایک و باوک دەکات کە پێیان وابێت منداڵەکەیان ناویان دەبات و دەیانناسێتەوە، ئەمەش وا دێتە بەرچاو کە هەموو گەلانى جیهان بۆ ناوى دایک و باوک، وشەى وایان هەڵبژاردبێت کە منداڵ بتوانێت بە ئاسانى دەریان ببڕێت. لە دەورووبەرى نۆ مانگیدا ئەو دەنگانەى کە لە منداڵەوە دێنە دەرەوە لە دەنگەکانى زمانى دایک و باوک دەچن، لە یەک ساڵیدا ئەمە بە تەواوى دەردەکەوێت.
لاسایکردنەوە کارێکى گرنگ دەکاتە سەر پێشکەوتنى زمانى منداڵ، زۆر دایک و باوک لاسایى منداڵەکەیان دەکەنەوە و منداڵەکەش لاسایى دایک و باوکى دەکاتەوە. یارییەکە فێربوونى زمان ئاسان دەکات و پێشى دەخات، ئەوەیە کە پرسیار بکەیت کە شتوومەکى دەورووبەرى منداڵەکە ناویان چییە، منداڵەکەش دەست بۆ شتەکان ڕادەکێشێت و سەیرێکى پرسیارکەر دەکات و ئەویش پێى دەڵێت کە شتەکە ناوى چییە.
یاخود یارى لەگەڵ منداڵەکەتدا دەکەیت بەوەى کە پرسیارى لێدەکەیت، کوانێ (گوێچکەت، چاوت و دەمت..) ئەمە دەبێت بە یاری کە منداڵەکە بەهۆیەوە لەشى خۆى دەپشکنێ و زمانیش باشتر فێر دەبێت، ئەم یاریانە پێویستە زۆر گرنگیان پێ بدرێ، چونکە جگە لەوەى کە پەیوەندى کۆمەڵایەتى زیاد دەکات و منداڵەکە لە فێربوونى زماندا پێش دەکەوێت و لەشى خۆى و دەورووپشتى دەپشکنێ، منداڵ فێرى ئەوەش دەکات کە شتومەک ناوى هەیە، ئەمە پشکنینێکى گرنگە بۆ منداڵ کە دەتوانێت بەهۆى ناوەوە شتومەک، بۆ بەشى جیاواز جیاواز دابەش بکات، ئەمەش لەدوایدا باسى دەکەین، کە خاڵێکى زۆر گرنگە بۆ گەشەسەندنى مێشکى منداڵ.
کاتێ منداڵ زیاتر پێشکەوت و دەستى بە ڕۆیشتن کرد، پێش ئەوەى قسەبکات، دەیەوێت پەیوەندى بە دەورووبەرەکەیەوە بکات، بۆ ئەمەش هەوڵدەدات لە دەورووبەرەکەى بگەیەنێت کەچى دەوێت، لەوانەیە، جلەکانى یاخود پێڵاوەکانى بهێنێتە پێشەوە، بۆ ئەوەى پێت بڵێت کە دەیەوێت بچێتە دەرەوە، یاخود پەرتوکێک دەهێنێ، بۆ ئەوەى پێت بڵێت کە حەزى لە حیکایەتە و دەیەوێت حکایەتێکى بۆ بخوێنێتەوە، هەرچەندە لەم کاتەدا مناڵ ناتوانێت قسە بکات، بەڵام هەر لە ئێستاوە هەوڵدەدات بۆ فێربوونى زمان، لێرەدا هەڵسوکەوت و مامەڵەى دەورووبەر، بەتایبەت دایک و باوک، بەرانبەر منداڵەکە کارێکى گرنگ دەکاتە سەر منداڵەکە و یارمەتى دەدات بۆ فێربوون.
بەشێوەیەکى گشتى منداڵ تا دواى ساڵى یەکەم، بە تەواوەتى ڕستە بەکارناهێنێ، و کاتى بەکارهێنانى دوو وشە و دروستکردنى ڕستە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر جیاوازى هەیە و زۆرجار دایک و باوک بە خۆڕایى خۆیان سەغڵەت دەکەن کە منداڵەکەیان دوو ساڵیشە و قسە نازانێ، ئەمە لەکاتێکدا کە جارى وا هەیە منداڵ تا سێ ساڵیش فێرى قسە نابێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە منداڵەکەت زانیارى تەواو یان کەرەسەیەکى تەواوى بۆ قسەکردن پێ نییە، بەڵکو ئەوەندەیە کە جارێ نایەوێ قسە بکات، کاتێک کە ئەو زانیارى و کەرەسە کۆکراوانەیشى کرد بە قسە ئەوە بەجارێ هەمووى ئەڕژێتە خوارەوە.
هەنگاوى یەکەم
کاتێک منداڵ گەورە دەبێت و جموجۆڵى زیاد دەکات و دەتوانێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر بڕوات، مێشک و هەستیشى پێشدەکەوێت، لە دەورووبەرى تەمەنى 8 مانگى و لە نێوانى 8 تا 12 مانگیدا ، منداڵ ئەگەر یارمەتى هەبێت و بتوانێت دەست بگرێت بە شتەوە، خۆى بەرز دەکاتەوە، بەڵام بە تەواوەتى ناتوانێ دانیشێتەوە، ئەمە واى لێدەکات بترسێ و بزریکێنێ، بەڵام زۆر ناخایەنێ کە ئەمەش فێردەبێت و دەتوانێت دەست لە کورسییەکە بەردات و بەسەر قاچەکانیدا بکەوێتەوە سەر زەوییەکە، کە ئەمە زۆرجار نایەشێت و ترسێکى ئەوتۆى نییە.
لە دەورووبەرى تەمەنى 9 تا 16 مانگیدا منداڵەکە دەتوانێت بەبێ یارمەتى بە پێوە بوەستێ . هەرئەوەندە دەزانى، کە ڕۆژى لە ڕۆژان منداڵەکە لە ناوەڕاستى ژوورەکەدا بە پێوە ڕاوەستاوەو دەستەکانى بەرز دەکاتەوە بۆئەوەى پارسەنگى خۆى ڕابگرێت، تەماشاى دەورووبەرەکەى دەکات و ئەتریقێتەوە و هەوڵدەدات چەند هەنگاوێک بۆ پێشەوە بڕوات. بەمە قۆناغى یەکەمى ژیان تەواو دەبێت.
هەندێ تەنگوچەڵەمەى ئەم قۆناغە
لێرەدا باسى هەندێ تەنگوچەڵەمەى گرنگ دەکەین، کە زۆرجار کارێکى زۆر گەورە دەکاتە سەر ژیانى هەموو خێزانەکە بەگشتى و پەیوەندى نێوانى دایک و منداڵەکە بەتایبەتى بەجۆرێک کە دایک تووشى ناخۆشى و ئازار دەبێت و منداڵەکەیش هەستى پێدەکات و لە دوودڵى دایکەکە ئاگادار دەبێت و دەبێت بە هۆى ناڕەحەتى منداڵەکە.
لەشیربڕینهوه
لەشیربڕینەوە یەکێکە لەو هەنگاوە گەورانەى کە دەبێت لە ژیانى منداڵى ساوادا بنرێت، بۆئەوەى وردە وردە منداڵەکە خۆى لە دایکى جیابکاتەوە و خۆى بتوانێ وەکو مرۆڤێکى سەربەست و خۆی خواردن بخوات.
دەزانین کە مەمکدان بە منداڵ (یاخود شیرى شووشە) یەکەم کارى هاوبەشە لەنێوانى دایکومنداڵدا و یەکێکە لەو شتە تایبەتییانەى کە تەنها دایکومنداڵ بەشدارى تێدا دەکەن. لەبەرئەوەى کە لە شیر بڕینەوە ماناى ئەوەیە کە دەستبەردارى یەکترى دەبن، لەوانەیە نە دایکەکە نە منداڵەکە ئەمەیان نەوێت و زۆر منداڵ لە جیاتى مەمک مژین یاخود شووشەى شیرەکە دەست دەکات بە پەنجە مژین یاخود مەمکە مژە کە ئەمە شتێکى ئاساییە و ترسى نییە.
بۆئەوەى کە ئەم گۆڕانە لە قۆناغى شیر خواردنەوە بۆ قۆناغى نانخواردن ئاسانتر بێت، هەندێ لە دایکان شەوان شووشەیەک دەدەن بە منداڵەکە و منداڵەکە واى لێ دێ کە فێرى شووشە ببێت لەکاتى نووستنیشدا و ئەمە دەبێت بە نیشانەیەک بۆ دایکەکە و جێگاى ئەو دەگرێتەوە، ئەمە شتێکى خراپ نییەو شووشەکە دەبێت بە شتێک بۆماوەى گواستنەوە بۆ منداڵەکە، لە ترسى جیابوونەوەى مناڵەکە کەم دەکاتەوە، لەبەرئەوە دەبێت دایک ئاسایى بێت بەلایەوە و سەرى سووڕ نەمێنێ کە منداڵ تا دواى تەمەنى یەکساڵانیش داواى شووشەکەى بکات.
لە شیربڕینەوەى منداڵ ئەمەندە تەنگوچەڵەمەیەکى گەورەیە بۆ دایکان لەلاى ئێمە کە زۆرجار کارێکى زۆر خراپ دەکەن، بەوەى شتى تاڵ و تیژ لە گۆى مەمکى خۆیان هەڵئەسوون، وەکو بیبەر و خوێ و شتى تاڵ بۆ ئەوەى منداڵەکە بترسێنن و واى لێ بکەن کە لە شیرى ببڕنەوە. بۆئەوەى بە شێوەیەکى ڕاست و دروست مامەڵە بکەین، کە چۆن منداڵ لە شیر دەبڕێتەوە، ئەوا بەگشتى ئەو خاڵانەى کە پێویستە چاودێرى بکرێن، باس دەکەین و دایک خۆى بەپێى بارودۆخى خێزان دەتوانێت شتە ناسەرەکییەکانى تر جێبەجێ بکات.
لەشیربڕینهوە دەبێت وردە وردە و لەسەرخۆ بێت، نەک لەپڕ ئەگینا منداڵەکە دەترسێنێت 1-
2- هەر لە تەمەنى 2- 3 مانگیەوە ڕێ بە منداڵ بدرێت تامى ئەو خواردنانە بکات کە خێزان دەیانخوات ، وەکو شۆرباو شلەمەنى (لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین کە لە ساڵى یەکەمدا نابێت شتى سوێر بدرێت بە منداڵ) بۆئەوەى لەکاتى لە شیربڕینەوەدا ئەم خواردنە تازانە نەبن بە مایەى سەرسوڕمانى منداڵەکە، زۆر منداڵ ئەگەر یارمەتى بدرێت، دەتوانێت لە تەمەنى 6 مانگیدا لە پەرداخێکدا شت بخوات.
3- ئەو دایکەى کە شیرى خۆى دەدات بە منداڵ دەتوانێت لە تەمەنى 2 – 4 مانگیەوە، تۆزێک خواردن بدات بە منداڵەکەى وەکو خۆئامادەکردنێک بۆ لە شیربڕینەوە.
4- کاتێ کە خواردن بە منداڵ دەدرێت لەکاتێکدا بیدرێتى کە زۆر برسى نییە یاخود نەختێ شیرى مەمک بدرێت بە منداڵەکە و ئینجا وازى لێ بهێنرێت نانەکەى بخوات، چونکە لەوانەیە لەکاتێکدا کە زۆر برسییەتى سەرى لێ بشوێت و کاتى ئەوەى نەبێت شتى تازە تاقى بکاتەوە، بەڵام کاتێ کە برسێتییەکەى دادەمرکێتەوە، بەلایەوە خۆشە شتى تازە تاقیبکاتەوە.
5- لە کاتى هیلاکى و سەر لێشواویدا منداڵ دەگەڕێتەوە سەر مەمکى دایک، چونکە مەمکى دایک سوکنایى دەروونیى بە منداڵەکە دەبەخشێت و خۆى بە سەرپشک دەزانێت، لەم کاتەدا دەبێت دایک زۆر لە منداڵەکەى نەکات، چونکە کە تەندروستى منداڵەکە باشتر بوو ، خۆى دەگەرێتەوە سەر نانخواردن.
6- لە شیر بڕینەوە دەبێت لەو تەمەنەدا نەبێت کە منداڵ (ترسى جیابوونەوەى) هەیە، چونکە ئەم ترسە و لە شیربڕینەوە بەیەکەوە دەبێت بە شتێکى قورس و گران بۆ منداڵەکە و ناتوانێت بەسەر هەردووکیاندا زاڵ بێت.
لەناو زۆر لە گەلانى کۆندا دایک تا تەمەنى سێ ساڵیش شیرى داوە بە منداڵەکەى، ئەمەش چەند هۆیەکى تایبەتى هەبووە، یەکێک لەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە دایکەکە نەیویستووە، منداڵى ترى ببێت و ئەمەی بۆ سکپڕنەبوونەوە بەکارهێناوە، یاخود نەیویستووە لە منداڵەکەى جیابێتەوە وترسى لە دەستچوونى منداڵەکەى هەبووە یان لەبەر هۆى ئابوورى و نەبوونى خواردن و هۆى ترى تایبەتى
پەنجە مژین
زۆر دایک و باوک خۆیان سەغڵەت دەکەن بەوەى کە منداڵەکەیان پەنجەى خۆى دەمژێ، پەنجە مژین، کردەوەیەکى سەرەکییە کە مرۆڤ هەر لەکاتى لەدایکبوونەوە دەیکات و بۆمانەوەى منداڵیش پێویستە و مانایەکى قووڵ بە منداڵ دەدات و ئەوە دەردەخات کە منداڵەکە لە نەشونمادایە.
زۆر منداڵ لەبەرئەوەى لە تەمەنى شیرخواردندا بە تەواوەتى شیریان نەخواردووە، یان لەکاتى شیر بڕینەوەدایە، دەست دەکەن بە پەنجە مژین یان مژینى پارچە پەڕۆیەک یان مەمکەمژە. ئەمەیش منداڵ هێمن و لەسەرخۆ دەکات و لەوکاتەدا ترسى جیابوونەوەى زیاترە. منداڵ کاتێک پەنجەى دەمژێ، دەکەوێتە دنیایەکى تایبەتى پڕ لە خەون و خەیاڵەوە و ئەم کارە واى لێدەکات پەردەیەک لەنێوان خۆى و دەورووبەرەکەیدا دروست بکات و خۆى جیابکاتەوەو ئاسانتر خەوى لێ بکەوێت.
پەنجە مژین خویەکى نائاسیى نییە، لەبەرئەوە دەبێت دایک و باوک هەوڵبدەن زۆر گرنگى پێ نەدەن و بە لایانەوە سەیر نەبێت و زۆر لە منداڵەکە نەکەن واز لەم خوە بهێنێت، چونکە هیچ زیانێکى بۆ منداڵ نییەو بەرە بەرە خۆى وازى لێدەهێنێت.- پەروەردەو سنووردانان
منداڵى ساوا نازانێت چاوەڕوانى چییە و ناتوانێت چاوەڕوان بێت کاتێکیش کە دەگرى، خواردن و گوڕین و پێویستییەکانى ترى بۆ ئامادە دەکرێت و یارى لەگەڵدا دەکرێت، بەبێ ئەوەى خۆى هیچ ئەرکێک بکێشێت، هەروەها نازانێت کاتێ کە دەگرى چى ڕوودەدات و چى بۆ دەکرێت و بۆچى پێویستییەکانى بۆ ئامادە دەکرێت، چونکە تواناى ئەوەى نییە ئەم ڕووداوانە هەڵبسەنگێنێت کە لە دەورووبەرەکەیدا ڕوودەدەن، لەبەرئەوە هەر سنووردانان و ئاگادارکردنەوەیەک دەبێت لە ئێستاوە بناغەى بۆ دابڕێژیت.
کاتێ کە منداڵ دڵسۆزانە و باش پەروەردە دەکرێت و پێویستییەکانى لەکاتى خۆیدا بۆ جێبەجێ دەکرێت و فێرى چاوەڕوانى دەکرێت، ئەوکات منداڵ بڕوا بە خۆى دەکات و دایک و باوکى دەبنە جێى متمانەیى و فێرى لەسەرخۆیى دەبێت و لە دواڕۆژیشدا ئاسانتر دەتوانێت پشت بەخۆى ببەستێت و دان بەخۆیدا بگرێت و تێبگات لەوەى کە مەحاڵە هەموو پێویستییەکانى لەکاتى خۆیدا بتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
دانانى سنوور، هەر لە سەرەتاوە بۆ منداڵ باشەو دەیپارێزێ لە کارەساتى ناخۆش و ترسناک ، بۆیە دەبێت دایک و باوک ڕوون و ئاشکرا ئەو سنوورانە لە منداڵ تێبگەیەنن و ڕێ نەدەن ئەو سنوورانە بشکێنێت. بەڵام هیچ کات نابێت ئاگادارکردنەوە و ڕێنیشاندانى منداڵ بگاتە ئەو ڕاددەیەى کە دەست لە منداڵ بەرز بکرێتەوە و لێى بدرێت و دەسەڵاتى بەسەردا بسەپێنرێت.(منداڵ لەکاتى ئاگادارکردنەوەو ڕێنیشانداندا دەتوانێت ڕووى دایک و باوک بخوێنێتەوەو ئەمەیش بەسە بۆ ئەوەى ناڕەزایى بە منداڵ پیشان بدرێت کاتێک کە کارێکى خراپ دەکات).
منداڵ و نووستن
زۆربەى منداڵ لە ماوەى تەمەنى 2 – 3 مانگى یەکەمدا جۆرە گریانێکیان لەگەڵ دایە، کە پێى دەوترێت (کولیک). ئەمجۆرە گریانە هەندێکجار دواى سێ مانگ بەسەر دەچێت و هەندێجاریش تا دەورووبەرى شەش مانگ دەخایەنێت. لەم حاڵەتەدا، منداڵ گرنگییەکى زۆرى پێدەدرێت و دایک و باوک ناچار دەبن کە زۆربەى کات لە باوەشى بگرن و بیلاوێننەوە و شەونخونى بە دیارەوە بکێشن. تا ئەوکاتەى منداڵ واى لێدێت بەبێ باوەش نەنوێت، زۆر ئازارى دایک و باوک دەدات و ناڕەحەتیان دەکات منداڵ لەم حاڵەتەدا، واى لێدێت کە بەدرێژایى شەو بەخەبەر بێت و بێجگە لەوەیش ڕۆژیشى لێ تێکدەچێت و تەندروستى خراپ دەبێت، بێ لەوەیش گرینۆک و کرۆز دەبێت و ناتوانێت بەشێوەیەکى ڕێکوپێک نان بخوات، ئەمەیش کار دەکاتە سەردایک و باوک و تەندروستیان خراپ دەبێت و بە ئاسانى تووڕە دەبن و ناتوانن وەک پێویست گرنگى بە منداڵەکە بدەن.
ئەمە زۆر بە ئاسانى دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، ئەگەر دایک و باوک بتوانن دان بە خۆیاندا بگرن، ئەویش بەوەى هەرکە کاتى نووستنى منداڵەکە هات، ئیتر ببرێتە ژوورى خۆى و شەوباشى لێ بکرێت و بەجێ بهێلرێت، لەسەرەتادا، منداڵ دەست بە گریان دەکات و دوورنییە هەندێجار بۆ ماوەى کاتژمێرێک بگرە زیاتریش بگرى، بەڵام دەبێت دایک و باوک دان بەخۆیاندا بگرن و لێگەڕێن تا منداڵەکە خەوى لێدەکەوێت، ئەنجامى ئەم کارە ، کاتێک دەردەکەوێت کە چەند شەوێک هەمان مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەدا بکرێت، تا ئەوکاتەى کە منداڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ بارى ئاسایى خۆى. بەڵام وەکو وتمان ئەمە کارێکى ئاسان نییە و زۆربەى دایکان وا دەزانن کە منداڵەکەیان گریا ئیتر دەبێت ڕاکەن بەلایدا و خێرا بیگرنە باوەش یان وا دەزانن کە ئێستا منداڵەکە خەریکە بخنکێ و لە لیک و چڵمى خۆیدا ئێستا شەتاڵ بووە. بەڵام ئەمانە هیچى وانین و هیچ نین لەچاو ئەو خۆشییەى کە خێزانەکە دەستى دەکەوێت لە دواى دوو هەفتەى گریانى منداڵەکە.
منداڵ و خەبەربوونەوەى شەو
زۆرجار منداڵ فێرى خویەک دەبێت کە هەموو شەوێک خەبەرى دەبێتەوەو دەست بە گریان دەکات، ئەمەش لەدواى هەڵامەتیک یان سک ئێشەیەک یان گوێ ئێشەیەک یان هەر نەخۆشییەکى ترەوە فێر دەبێت. زۆرجاریش ڕووئەدات هەر کە منداڵەکە خەبەرى بۆوەو دەنگى لێوە هات ، خێرا دایک ڕادەکات و لە جێگاکەى هەڵى دەگرێت. هەموو منداڵێک و تەنانەت گەورەش، لە شەوێکدا جارێک یان زیاتر خەبەرى دەبیـَتەوە و خۆى ئەمدیو و ئەودیو دەکات، بەڵام کاتێک منداڵ چەند شەوێک لەسەریەک خەبەرى دەبێـتەوە و دایک و باوکیش دەچن بەلایەوە و لە جێگاکەى هەڵى دەگرن، خەوەکەى دەزڕێت و لەبرى ئەوەى خەوەى لێ بکەوێتەوە خوو بە دایک و باوکەکەوە دەگرێت و لەسەر ئەم کارە بەردەوام دەبێت.
ئەم حاڵەتە دەتوانرێت بە ئاسانى چارەسەر بکرێت، ئەمیش ئەوەیە دایک و باوک لەو هۆیە تێبگەن کە بووە بەهۆى بەخەبەربوونەوەو خەوزڕانى منداڵەکە، دوورنییە منداڵەکە بەڕۆژ زۆر نووستبێت، بەیانیان درەنگ هەڵبسێت یان برسى بێت یا سەرما یا گەرماى بێت یاخود دوور نییە بۆ یەکەمجار خواردنێکى خواردبێت، هەرسى نەکردبێت، یان ترسى جیابوونەوە بەسەریدا زاڵ بووبێت، کاتێک دایک و باوکى لەو هۆیە تێدەگەن کە بووە بەهۆى خەبەربوونەوەى منداڵەکە دەتوانن هێمنى بکەنەوەو لەگەڵیا بمێننەوە تا خەوى لێدەکەوێتەوە، ئەگەر هەر چاریش نەبوو، دەکرێت ئەو ڕێگایانەى لە (منداڵ و نووستن) دا باسمان کردووە بەکاربهێنێرێت.
بەشى دووەم
منداڵى بچووک
1تا 3ساڵان
منداڵى بچووک، 1 تا 3 ساڵان
لەدەورووبەرى پادزە مانگیدا، منداڵ پێ دەنێتە قۆناغێکى ترە، کە پێى دەوترێت قۆناغى منداڵى بچووک، ئەمە ماوەى دوو ساڵ و نیو دەخایەنێت و نیشانەکانى ئەم قۆناغە ئەوەیە کە منداڵ دەست بە ڕۆیشتن دەکات و فێرى قسەکردن دەبێت. لەم قۆناغەدا منداڵ دەیەوێت خۆى لە دایک و باوک ڕزگاربکات و جیهانى دەورووبەرى خۆى بپشکنێ و هەموو شتێک تاقى بکاتەوەو باسى هەموو شتێک بکات، منداڵى بچووک خۆشەویستییەکى تایبەتى بۆ ژیان هەیە، جارجار بۆلاى دایک و باوک دەگەڕێتەوە بۆئەوەى وزەى تازە وەربگرێت و دڵنیابێت لەوەى کە دایک و باوک لەم پشکنین و تاقیکردنەوەیەدا ئاگایان لێیەتى. ( بەچ جۆرێک لەم قۆناغەدا دایک و باوک ڕووبەڕووى داخوازییەکانى منداڵ دەبنەوە، کارێکى گەورە دەکاتە سەر منداڵەکەو چۆنییەتى سەرکەوتنى منداڵ بەسەر تەنگوچەڵەمەکانى ژیانیدا، کە لێرەوە بناغەى بۆ دادەنرێت).
لەسەرەتاى ساڵى دووەمدا گۆڕانێکى گەورە لە منداڵدا ڕوودەدات، ئەویش ئەوەیە کە منداڵ دەست بە گەڕان دەکات لە ماڵدا، بە ماوەیەکى زۆر کەم ، منداڵ لە گاگۆڵکێکردنەوە هەڵدەستێتە سەر پێ و دوایى بەهۆى دەستگرتن بە کەرەسەکانى نێو ماڵ و دیوارەوە دەست بە ڕۆیشتن دەکات، لێرەدا منداڵ بە تەواوى ناتوانێت بڕوات، بەڵکو چەند هەنگاوێک دەنێت و دەکەوێت و هەڵدەستێتەوەو لەسەر ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت و لە ژوورێکەوە دەست پێدەکات و دواتر بەهەموو ماڵەکەدا دەگەڕێت، (هەندێ منداڵ لە مانگى 7 و هەندێکیش لە مانگى 16 دا فێرى ڕۆیشتن دەبن) ئەمە زۆر درێژە ناخایەنێت و پاشان ماوەیەک منداڵەکە فێرى هونەرى ڕۆیشتن دەبێت و بێ لەوەیش هەوڵى شتى زیاتر دەدات، وەک: سەرکەوتن بەسەر ئەو کەرەسانەدا کە لەماڵدا هەن و هەروەها پاڵنان بەشتەوە و خۆشاردنەوە لەژێر مێز و زۆر شتى ترى لەم چەشنە. منداڵ لەم ماوەیەدا، بەدرێژایى ڕۆژ خۆى لەسەر تاقیکردنەوە ڕادەهێنێت و دڵخۆش دەبێت بەهەر شتێکى تازە کە فێرى دەبێت، هەر ئەوەندە دەزانێت کە دەتوانێت بەسەر پێلیکانەکاندا سەرکەوێت و لە پێشا پێیەکى و دوایى ئەوى تریان دەخاتە سەر هەمان پلیکانە و بەمجۆرە دەچێتە سەرەوە.
لەم ماوەیەدا هیچ شتێک لەوە خۆشتر نییە بۆ منداڵەکە کە بجووڵێت و ڕابکات و سەرکەوێ و بکەوێت و هەڵسێتەوە و جارێکى تر ڕابکاتەوە.
کچان زووتر فێرى ڕاوەستان و ڕۆیشتن دەبن، ئەویش بەهۆى ئەوەى کۆئەندامى دەماری کچ لە پێشترە وەک هى کوڕ، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کچان زووتر فێرى قسەکردن دەبن ، هەرچەندە جیاوازییەکى زۆر لە نێوان منداڵێک بۆ یەکێکى تر هەیە، لێرەدا گرنگ ئەوەیە دایک و باوک لەوە ئاگاداربن کاتێک منداڵێک لە قسەکردن دوادەکەوێت لەوانەیە لە شتێکى تردا لە منداڵێکى تر لە پێشتر بێت، یاخود ئەو منداڵەى ئەمڕۆ لە شتێکدا دوا کەوتووە، ڕەنگە سبەینێ پێشکەوتنێکى گەورە لە شتێکى تردا پیشان بدات، لەبەرئەوە نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە دوو منداڵ نین لەهەموو شتێکدا لەیەک بچن.
منداڵ لەم ماوەیەدا بەملاو ئەولادا ڕادەکات و بێ ئەوەى گوێ بدات بەوەى کەچى لە ڕێگەدایە، یاخود چى بەسەر دێ، چونکە هێشتا هەر منداڵێکى بچووکەو تواناى ئەوەى نییە بزانێ ئەنجامى کارەکانى بەچى دەگات، هەروەها منداڵ زۆر دەجووڵێت و بەدارو بەردا هەڵدەگەڕێت و دەچێت بۆ دەرەوە و دەستکارى هەموو شت و کەرەسەیەکى ناو ماڵ دەکات، ئەمەش وا لە دایک و باوک دەکات، ناچار بن منداڵەکە و دەورووپشتى بپارێزن و بۆ یەکەمجار وشەى نەکەیت بەکاربهێنن، ئەم (نەکەیت)ە، نیشانەیەکى ترى ئەم قۆناغەیە.
نەکەیت
خۆت لە شوێنى منداڵى بچووک دانێ، کە هەموو شتێک لەو بەرزترە و هەموو شتەکان لەسەرووى خۆیەوە دەبینێت و ئەو لەژێرەوەى مێز، کورسى، دۆلابى جلوبەرگ، دۆڵابى قاپوقاچاخ، مەکینەى دروونى جلوبەرگ، تەلەفزیۆن، هەموو شتێکە و هەموو شتێک لەو بەرزترە، منداڵ دەیەوێت هەموو شتێک بزانێت چونکە پڕە لە وزە و حەزکردن لە تاقیکردنەوە، دەیەوێت شتى تازە بپشکنێت و تا ئەوکاتەش هیچ شتێک لەڕێیدا نەبووە و هەرچى ویستووە لەشوێنى خۆیەوە بۆى ئامادەکراوە، ئێستا پێى گرتووە و دەیەوێت ئەم بەهرە تازەیەى (بەهرەى تاقیکردنەوەو پشکنین) تاقى بکاتەوە، بەڵام گەورە لەم کاتەدا ڕێگاى لێدەگرێ کە دەست بۆ هەرچییەک دەبات پێى دەڵێن: (نا نەکەى !)
ئەم(نەء)ە، یەکەم وشەى نێگەتیڤە کە بۆ یەکەمجار بە منداڵ دەوترێت و لەهەمانکاتدا وشەیەکى نابەرجەستەیە abstract و بەم وشەیە قۆناغێکى تازە لە ژیانى منداڵ دەست پێدەکات.
ئەم (نەء)ە زۆر ماناى جیاواز بە منداڵ دەبەخشێ، ئەمەش پەیوەندى بەوەوە هەیە وشەکە، چۆن لەگەڵ منداڵەکەدا، بەکاردەهێنرێ، لەوانەیە دایک و باوک هەمووکات پێویستیان بەوە نەبێت کە وشەى(نەء)بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش دەتوانن بە زۆر شێوە بە منداڵەکە بڵێن کە شتێک قەدەغەیە و نابێت بیکات، وەک لابردنى تەپڵەیەکى جگەرە، چەرخێک یان گوڵدانێک لەبەردەمى منداڵەکەدا، بەبێ ئەوەى دایک و باوک قسە بکەن، یان دەتوانن سەرنجى منداڵەکە بەلاى شتێکى تردا ڕابکێشن و یان زۆر بە هێمنى سەر بلەقێنن و بڵێن نا، ئەمانە هەر هەموویان ماناى (نەکەیت)دەگەیەنێن، بەڵام شوێنەوارێکى سلبی و خراپ لە منداڵەکەدا جێ ناهێڵن، وەک هاوارکردن و قیژاندن بەسەر منداڵدا بۆئەوەى شتێک کە دەیەوێى بیکات، ئەو نەیکات.
کاتێک کە دایک و باوک دەڵێن(نەء) مەبەست لەوەیە کە منداڵەکەیان بپارێزن، لەو شتە ترسناکانەى کە منداڵەکە دەیەوێت بیانکات و خۆى نازانێت و تێناگات کە بۆچى ئەو شتانە ترسناکن بۆچى پێى دەوترێت وا نەکات، ئەو دەیەوێت لە دنیا فراوانەکەیدا هەموو شتێک بپشکنێت و هەوڵدەدات ئەو پەیوەندییە بچڕێنێت کە بە دایک و باوکییەوە هەیەتى و متمانە بەخۆکردن لەخۆیدا بەهێز بکات، بەڵام لەهەمانکاتدا کە دەزانێت شتێک گرانە و بەتەنیا ناتوانێت بیکات، دەگەڕێتەوە بۆ لاى دایک و باوک و داواى یارمەتى ئەوان دەکات. لە بارێکى وادا ئاگادارکردنەوەى منداڵ بەوەى کە شتێک نەکات یان لێ قەدەغەکردنى دەبێت بەشێکى سەیرى لاى و تێى ناگات.
بزێویى منداڵ، زۆرتر بەهۆى ئەوەوەیە کە دەیەوێت خۆ تێهەڵقورتێنێت و بپشکنێت، نەک لەبەرئەوە کە حەز بە هاروهاجى یان تووڕەکردنى دایک و باوکى بکات. بۆیە دایک و باوک ئەگەر ئەم ڕاستییە بزانن. ئاسانتر دەتوانن لە منداڵەکەیان تێ بگەن و دان بە خۆیاندا بگرن و کەمتر لێى تووڕەبن، هەرچەندە وا دێتە بەرچاو کە دەیەوێت تووڕەیان بکات.
کاتێک کە منداڵ تەمەنى دەگاتە نزیک دوو ساڵ، ئیتر(نەء و مەکە) دەبێت و بەشێک لەژیانى منداڵەکە و هەر بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى لەخۆیەوە دەڵێت(نا) و وا دەردەکەوێت کە ڕقى دایک و باوک هەڵدەستێنێ و لە دژیان قسە دەکات و بە پێچەوانەى ئەوانەوە دەجووڵێتەوە. لەڕاستیدا ئەمە دوو شت دەگەیەنێت:
1- منداڵ دەیەوێت وەک گەورەکان هەڵسوکەوت بکات و لاساییان بکاتەوە و کاتێک کە دەڵێت (نا) دەیەوێت لە گەورەکان بچێت و لەڕاستیدا کە دەڵێ نەء زیاتر بۆ ئەوەیە کە لە تۆ بچێت و نا هەر ناکەى تۆیە.
2- منداڵ لەو ڕێیەوە دەیەوێت ئەوە ڕابگەیەنێت کە پێویستى بە دایک و باوکى نەماوە و تێدەکۆشێ بۆ خۆ ڕزگارکردن.
ئەم ماوەیە لە تەمەنى منداڵ پێى دەوترێت ماوەى(ڕقەبەرایەتى- ڕکابەرایەتى) لەم تەمەنەدا منداڵ دوو وشە زیاد لە پێویست بەکاردەهێنێت و وا پێشان دەدات کە دەیەوێت هاوارو شەڕ و ڕکابەرایەتى بکات، ئەویش وشەى (من) و دووەم وشەى(نا).
(من)ماناى ئەوەیە، کە من خۆم ئەم کارە دەکەم.
(نا) بەزۆر شێوە خۆى دەنوێنێ، کاتێک داوا لە منداڵ دەکرێت لاچێت، لاناچێت، یاخود کە ڕق دەگرێت، پاڵ دەکەوێت و لنگەفرتێ دەکات و دەگرى ، یاخود خۆى ڕەق دەکات، یاخود ڕا دەکات بۆ دەرەوە و دەست بە شت شکاندن دەکات.
لەکاتێکى وادا، ئەگەر دایک و باوک وا پیشان بدەن کە بەم کردەوانەى منداڵ، زۆر تووڕەن و بەهەمانشێوەش هەستى تووڕەبوونى خۆیان دەربڕن، ئەوا منداڵیش ئەم هەستەى تێدا بەهێز دەبێت و نیشانەیەکە بۆى کە بە مەرامى خۆى گەیشتووە و سەرکەوتنى بەدەستهێناوە، بۆیە چاترە گوێ بەم کردەوانەى منداڵەکە نەدرێت و گرنگییەکى ئەوتۆى پێ نەدرێت، چونکە ئەمە یارمەتى منداڵەکە دەدات کە واز لەم کردەوانە بێنێت و لەبیرى بچێتەوە.
جارى وا هەیە کە ویستى منداڵەکە زۆر بەهێزە وا لە گەورە دەکات کە ناچار بێت کۆڵ بدات و بە دڵى ئەو بکات، ئەمەش کارێکى هەڵەیە و ئەنجامەکەشى تا بێت لەگەڵ گەورەبوونى منداڵەکە بەرەو خراپى دەڕوات، بۆیە دەبێت گەورەکان، سنوورى دیاریکراو و ڕوونوئاشکرا بۆ منداڵەکانیان دابنێن و بەڕاستى باسى خراپى ئەو کردەوانەیان بۆ بکەن، قسەى زیادەى پێوە نەنێن(درۆودەلەسە) و خۆیان لەو ئەرکە نەدزنەوە، چونکە لە دەرفەتێکى تردا منداڵەکە لەسەر کردەوەکانى خۆى بەردەوام دەبێت و قسە زیاد و ناڕاستەکانى بۆ دەردەکەوێت،( کەواتە قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەدا و جارێکى تریش قسەکردن و دووبارەکردنەوەى لەکاتى پێویستدا زۆر گرنگە تاکو منداڵەکە بەتەواوى بۆى دەردەکەوێت کە گەورەکان ڕاست دەکەن).
زۆر کەس پێى وایە کە بە تووڕەبوون و یەکجار قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەدا دەتوانێ وا لە منداڵ بکات کە دەست لەو کردەوانە هەڵگرێت و دووبارەیان نەکاتەوە، ئەمە تا ڕاددەیەک ڕاست دێتە بەرچاو، بەڵام دەبێت ئەوە لە بیرنەکەین، کە تووڕەبوون دەبێت بەهۆى ترسانى منداڵەکە، بۆیە بۆ ماوەیەک واز لەو کردەوانە دەهێنێت، بەڵام ئەمە ئەنجامێکى خراپى لێ دەکەوێتەوە و منداڵ فێرى ترسنۆکى و درۆزنى دەکات و زۆربەى جاریش لەبەرخاترى ئەوەى ڕووبەڕووى تووڕەبوون نەبێتەوە، نەک تێگەیشتووە لەلایەنە خراپەکانى ئەو کردەوانە دەست لەو کردەوانە هەڵدەگرێت. هەندێجاریش، کاتێک منداڵ لەو شوێنە یان لەو کارە دوور دەخرێتەوە کە نابێت بیکات و دەبرێت بۆ شوێنێکى تر، دەست بە گریان دەکات بۆ دەربڕینى ناڕەزایى خۆى، بۆیە دەکرێت دواى ژیربوونەوە دڵنەوایى بکرێت، چونکە منداڵەکە لەکاتێکى وادا وا هەست دەکات کە ناهەقى لەگەڵدا کراوە، ئەمەش لەئەنجامدا واى لێدەکات لە تواناى خۆى دوودڵ بێت و تووشى نەخۆشى شەرم بێت.
زۆرجار دایک و باوک هەست بەوە دەکەن، کە ڕقەبەرى و پێداگرتنى منداڵ لەسەر کارێک، تەنها بۆ تاقیکردنەوەى ئەوانەو دەیەوێت بزانێت کە دایک و باوک چى دەکەن، کاتێک ئەم سنوورى خۆى تاقى دەکاتەوە، بۆ نموونە : هەندێجار منداڵ کاتى نووستن هاوار دەکات و نایەوێت بچێت بنوێ، بەڵام دایک و باوک بە ئاسانى دەتوانن لەڕێى قسەکردنەوە وا لە منداڵ بکەن بچێت بنوێت، یان کاتێک هاوار دەکات و دەقیژێنێت و نایەوێت جلەکانى لەبەر بکات، دەتوانرێت بە قسەکردن لەگەڵیدا واى لێ بکرێت جلەکانى لەبەربکات.
لەکاتێکى وادا، گەر دایک و باوک تووڕە بن، ئەوا خۆیان تووشى هەڵەیەکى گەورە دەکەن و لەبرى بە دەنگەوە چوون و تێگەیشتن لە منداڵەکە، ئەو کردەوەیە دەکەن بە تەنگوچەڵەمەیەکى گەورەو منداڵەکە دەمکوت دەکەن و تەنانەت دەست لە منداڵەکەش دەوەشێنێن و ڕێ نادەن منداڵەکەیان تاقیان بکاتەوە، کە هەموو ئامانجى منداڵەکە هەر ئەوەیە.
ئەمە ڕاستیەکى گرنگە دەبێت دایک و باوک بیزانن، کە دووریان دەخاتەوە لەوەى بەشێوەیەکى نا دروست و ناهەموار مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەیاندا بکەن، هەندێجار کار دەگاتە ئەوەى منداڵ داخ دەکرێت و زیانێکى زۆرى لێدەدرێت و دایک و باوکیش ئەم خۆشییەیان لە دەست دەچێت کە دەتوانن لەڕێى قسەکردن و لەیەکتر تێگەیشتنەوە بە دەستى بێنن و لەهەمانکاتیشدا کاتێکى خۆش و پڕ لە گاڵتە و پێکەنین لەگەڵ منداڵەکەیاندا بەسەر بەرن.
ڕقەبەرایەتى منداڵ ئاساییە لەم تەمەنەدا و زاناکان لەو باوەڕەدان و دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە ئەم سەرپێچیەى منداڵ لەم تەمەنەدا پێویستە بۆ ئەوەى منداڵ پێش بکەوێ و بڕواى بە خۆى بەهێز ببێت و متمانە نەکاتە سەر خەڵکى تر، ئەگەر تۆ بتوانیت ئەم سەرپێچییە و ناڕەزاییانەى منداڵ دوور خەیتەوە لەوەى کە ببێت بە شەڕو بەیەکدا هەڵچوون ئەوە ماناى ئەوەیە دەتوانیت سوود لەو سەرپێچییانە وەربگریت و منداڵێکى سەربەخۆ و وشیار بهێنێتە کایەوە. بۆئەمەش پێویستە دایک و باوک لەسەرخۆ و وشیاربن و زەوقى گاڵتە و قسەى خۆشیان لەگەڵ منداڵدا هەبێت، چونکە شێوەى چۆنیەتى دانانى سنوور بۆ منداڵ کارێکى گەورە دەکەنە سەر پاشەڕۆژى منداڵەکە.
زۆر لە زانایانى منداڵ ، ئەم تەمەنە بە گرنگترین قۆناغ لە تەمەنى منداڵ دادەنێن، بۆئەوەى لەدوارۆژدا مرۆڤێکى سەربەخۆی لێ دەربچێت و بتوانێت بە ئاسانى بەرەنگارى ئەو تەنگوچەڵەمانە بێتەوە کە تووشى دێن.
ئەو منداڵانەى، دایک و باوکیان هەمیشە هاوار بەسەریاندا دەکەن کە(نەکەن) و خۆ لە شت بپارێزن، لە دوارۆژدا خەباتێکى سەخت دێتە ڕێیان و تووشى ئازارێکى زۆر ناهەموار دەبن و هەر لەو تەمەنەوە بڕوایان بە خۆیان نامێنێت و تووشى شەرمنى دەبن و ناتوانن بە شێوەیەکى سروشتى ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە دەکەوێتە ئەستۆیان.
منداڵ مرۆڤێکە توانایەکى دیاریکراوى هەیە و زۆرجار بۆئەوەى کارێک ئەنجام بدات لە تواناى خۆى زیاترى دەوێت، لەبەرئەوەش کە نازانێت تواناو سنوورى خۆى چەندە، پێویستى سەرشانى دایک و باوک وەک پەروەردەکار ئەوەیە ڕێگا بە منداڵ بدەن تواناى خۆى تاقیبکاتەوە ئەمە ئەوە ناگەینێت کە منداڵ بۆى هەبێت هەموو شتێک بکات، چونکە دواجار منداڵ واى لێ دێت هاروهاج و بزێو دەربچێت و هیچ کات نەزانێت سنوور ماناى چییەو دەوروپشتەکەشى تووشى ناخۆشى و ئازار دەکات.
جارى وا هەیە دایک و باوک خۆیان دوور دەخەنەوە لەوەى ڕێگا نیشاندەرى منداڵەکەیان بن، بەناوى ئەوەوە کە نایانەوێت گەورەو لێپرسراوى ئەو بن (منداڵەکە خۆى ئاقڵە چى دەکات بابیکات!).
ئەمە شتێکى باش نییە، لەبەرئەوەى منداڵەکە ناتوانێت بڕیارى تەواوى خۆى بدات، دووەمیش منداڵ خۆى لە خۆیدا حەز دەکات کە کەسێک هەبێت خۆشى بوێت و لێى بپرسێتەوە بۆیە دانانى سنوورێکى ئاقڵانە بۆ منداڵ پێویستە بە مەرجێک هەوڵ نەدرێت سەربەستى منداڵ بخنکێنرێت.
چۆن وا لە منداڵ دەکەیت کە دەستکارى شت نەکات
ئەمە گرفتێکى گەورەیە بۆ ئەو خێزانانەى کە منداڵى (1 – 3) ساڵانیان هەیە. هەمیشە شتى وا لە ماڵەکەدا هەیە کە منداڵ بۆى نییە دەستکارى بکات، وەکو گوڵدان، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و تەباغى چێشلێنان و گەلێک شتى تر، ئەم گرفتە گەورەترە، کاتێک خێزان دەچێت بۆ میوانى و منداڵ شتى تازەتر و سەیرتر دەبینێ و دەیەوێت تاقییان بکاتەوە.
زۆر دایک و باوک لەکاتى میوانداریدا توند مناڵەکەیان دەگرن و بەدرێژایى ماوەى میواندارییەکە هاوار دەکەن و بەدواى منداڵەکەیانەوەن کە دەستکارى شت نەکات، نەوەکو بیانشکێنێ، تا واى لێ دێ کە منداڵەکە دەست بە گریان دەکات و بە جۆرێکى وا ڕک دەگرێت کە ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، یان منداڵەکەیان ئەوەندە زویر دەکەن کە بە گریانەوە خەوى لێ بکەوێت. زۆرجاریش دایک و باوک شەرم دەکەن کە منداڵەکەیان دەستکارى شت دەکات، کە ڕەنگە بۆ خاوەنەکەى شتى بەنرخ بن.
باشترین چارە بۆئەوەى منداڵ وا لێ بکەیت دەستکارى شت نەکات ئەوەیە کە هەر لە زووەوە منداڵەکە دوورخەیتەوە و پێى بڵێیت کە بۆى نییە دەستکارى شت بکات. بۆ ئەمەش پێویست بە قسەو درێژدادڕى ناکات. هەروەکو چۆن کاتێک منداڵێک کە خۆى لە ئاگر نزیک دەکاتەوە و دایکى ڕائەکات و لە ئاگرەکەى دوور دەخاتەوە، ئاواش بۆ هەر شتێکى تر کە دایک و باوک نایانەوێ منداڵەکەیان دەستکارى بکات، دەبێت بەمجۆرە لەگەڵیدا بجووڵێنەوە، خۆ ئەگەر منداڵەکە جارێکى تر گەڕایەوە بۆ لاى ئەو شتە ئەوە دەبێت هەر بەهەمانشێوە بەبێ ئەوەى خۆت تووڕەکەیت، دوورى خەیتەوە و یاریەکى بۆ بدۆزیتەوە کە بە لایەوە تازەو خۆش بێت، نەک هەر شەقشەقە کۆنەکەى جارانى بدرێتەوە دەستى کە زۆر دەمێکە دەزانى چییە، خۆ ئەگەر پێویست بوو، ئەوا یان دەبێت منداڵەکە لە ژوورەکە بەرێتە دەرەوە، یان ئەو شتەى کە بۆى نییە دەستکارى بکات، ئیتر منداڵەکە لە پاش چەند جارێک تێدەگات و دەزانێ کە بۆى نییە دەستکارى ئەو شتە بکات، چ لە ماڵەوە و چ لە ماڵان.
دڵنەوایى منداڵێک کە خۆى بریندار کردووە
کاتێ کە منداڵێک خۆى بریندار دەکات، دەیەوێت دڵنەوایى بکەیت لێرەدا ئەو دایکوباوکانەى ڕەفتارى هەڵە دەکەن، دوو جۆرن
یەکەمیان، ئەو دایکوباوکانەن کە ڕادەکەن و پەلامارى منداڵەکەیان دەدەن،لهبهر ئەوەى کە خۆى بریندار کردووە، منداڵەکە ترسێکى زۆرى لێ دەنیشێ، کە زۆرجار ترسەکە زیانبەخشترە لە بریندارییەکە..
زۆرجار منداڵ کە خۆى بریندار دەکات، دەیەوێت سەرنجى دایکوباوک ڕابکێشێ، چونکە لە قۆناغى (ئوئیدیپاڵ) دایە، یان لە قۆناغى (ترسى لە جیابوونەوە) دایە و ئەیەوێت هەموو شوێنێکى بریندار بێت تەنها ئەندامى زاوزێى نەبێت، جا بەم کردەوەیە دایکوباوک ترسیان لێ دەنیشێ و ئەوەندەى تریش ترس لە منداڵەکەدا دەچەسپێنن و واى لێدەکەن بڕوا بەوە بکات کە شتێکى ترسناک ڕوویداوە بەمە منداڵێکى ترسنوکى لێدەردەچێت، مناڵێک کە هەمیشە شک لەخۆى بکات.
دووەمیان ، ئەو دایکوباوکانەن کە دەیانەوێت منداڵەکەیان ئازا بێت و نەترسێ لە برینداربوون و بە گاڵتەپێکردنى منداڵەکە یان گوێ نەدات بە برینەکەى، وا ئەزانن چارى ئازارى منداڵەکە دەکەن.
ئەمەش دەبێت بەهۆى ئەوەى کە منداڵەکە لەدواڕۆژدا زۆر هەستى تریش لە دڵى خۆیدا بهێڵیتەوە و زۆر بەلایەوە زەحمەت دەبێت کە خۆشەویستى بەرانبەر بە خەڵکى دەورووبەرى دەرببڕێت.
لەم حاڵەتەدا، باشتروایە دایکوباوک بەهێواشى و لەسەرخۆ منداڵەکە بگرنە باوەش و باسى بریندارییەکەى لەگەڵ بکەن و گرنگییەکى مامناوەندى پێبدەن، زۆرجار ئەم برینانە ئەوەندە هیچن، کە تەنها بە دەست پیاهێنانێک یان ماچێک چاک دەبێتەوە و منداڵەکەش ڕازى دەبێت و نابێت بە منداڵێکى ترسنۆک و لە هەڵسوکەوتى کۆمەڵایەتیشدا سەرکەوتوو دەبێت و ئاسانتر دەتوانێت پەیوەندى خۆشەویستى لەگەڵ خەڵکیدا دروست بکات.
لهپهرتوکی (منداڵهکهت بۆ وا ئهکات)
ویژدان چۆن دروست دەبێت؟
هەر لەم تەمەنەدا و بەدانانى سنوور بۆ منداڵەکە و بە لاساییکردنەوەو دووبارەکردنەوەى ئەم یاسایانە، منداڵ دەست دەکات بەوەى، کە ئەم یاسایانە لە ژیانى ڕۆژانەیدا بەکاربهێنێ، لێرەوە ویژدان دروست دەبێت، بەڵام ئەمە زۆر هێواش و لەسەرخۆیە و زۆر دەخایەنێت تاکو شێوەى تەواوى خۆى وەردەگرێت و کەسایەتى تایبەت بۆ منداڵەکە دروست دەبێت.
ئەگەر منداڵ لێرەوە بە ڕاست و دروستى فێرى ئەو یاسایانە بکرێت و گەورەکان درۆى لەگەڵ نەکەن و خۆشیان هەر پێڕەوى ئەو یاسایانە بکەن، کە بەسەر منداڵەکەدا دەیان سەپێنن، ئەوا بناغەى کۆمەڵێکى پێشکەوتوو دادەنرێت و ئەندامەکانى کۆمەڵ دەتوانن بە ئاشتى و پاکى لەگەڵ یەکتردا بژین.
یەکێک لەو بناغانەى دەبێت بەهۆى ئاسوودەیى کۆمەڵ ئەوەیە بزانرێت چى ڕاستە و چى چەوتە، جا ئەگەر ئەمە هەر لە منداڵیەوە بوو بە یاساى مرۆڤەکانى نێو کۆمەڵ ئەوسا بەلاى کەمەوە دەتوانن لەسەر جۆرى ژیانیان ڕێک بکەون.
لەسەرتاوە منداڵ چەند شتێک ناکات بۆئەوەى گەورەکان لەخۆى زویر نەکات و دڵیان نەڕەنجێنێ، بەڵام دواى ئەوەى گەورە بوو، بە تاقیکردنەوە بۆى دەردەکەوێت کە گەورەکان ڕاستیان لەگەڵ کردووەو ئەمیش ئەم ڕاستییە دەکات بە یاساى ژیانى خۆى و ئەو شتانە ناکات کە ناڕاستن، ئەمەش نەک لە ترسان یان لەبەر خاترى ئەوەى دڵى گەورەکانى لێ نەڕەنجێ، بەڵکو لەبەرئەوەى بڕواى تەواوى پێیان هەیە.
لێرەدا دەتوانین زۆر لەو هەڵەو چەوتیانەى لەژیانى ڕۆژانەماندا دەیکەین، بیگەڕێنینەوە بۆ ئەم باسە و زۆر نموونە بهێنینەوە بێگومان، خوێنەریش نموونەى لایە.
بۆ نموونە: لە دەرگا دەدرێت، کەچى باوکەکە منداڵەکەى دەنێرێت کە دەرگاکە بکاتەوەو بەو کەسەى لە دەرگا دەدات بڵێت : باوکم لە ماڵەوە نییە.
یان : تەلەفۆن لێدەدرێت، دایکەکە هاوار لە منداڵەکەى دەکات و کە بڵێ دایکم نووستووە.
ئەم کردەوانەى گەورەکان کە بووە بە یاسایان و جۆرێک لە ژیانیان بێگومان لە دایک و باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە و هەر بەو شێوەیەش جارێکى تر بۆ منداڵەکانیان دەمێنێتەوەو بەردەوامیش دەبێت، جا لە بارێکى وادا چۆن چاوەڕوانى ئەوە بکەین مناڵەکانمان ڕاستمان لەگەڵدا بکەن و جیاوازى بەینى ڕاست و چەوت بکەن و چۆن یاسایەکى ڕاست بۆ خۆیان دابنێن.
چوونە سەر قهعده
منداڵى دوو ساڵان تێدەکۆشێ بۆئەوەى خۆى ببێت بە سەرۆک دەست بەسەر دەووروپشتى خۆیدا بگرێت و لە دایکوباوک ڕزگارى بێت، بەتایبەتى لە دایک، جارجار منداڵەکە شێتگیر دەبێت و دەست بە قیژە قیژ دەکات، چونکە لەهەموو جووڵانەوەیەکیدا دەیەوێت خۆى بڕیار بدات. دەیەوێت شتێک بکات کە (ڕاستە) ئەوەى کە دایک پێى باشە یان شتێکى (چەوت) بکات ئەوەى کە دایک پێى باش نییە. هەر لەوکاتە ناسکەشدا زۆر دایکوباوک بڕیار دەدەن کە منداڵەکەیان ئیتر گەورە بووە و دەبێت فێر بێت بچێتە سەر قەعدە و بتوانێت خۆى ڕابگرێت و پیسایى نەکات بە خۆیدا و فێرى کۆنترۆڵکردنى ڕیخۆڵە و میزەڵدانى ببێت.
ئەم تەنگوچەڵەمەى چوونە سەر قەعدەیە، دەبێت بە باسێکى گرنگى خێزان و کەسانى دەورووبەرى منداڵەکە، بەتایبەتى کاتێ کە خێزانەکە دەیانەوێت منداڵەکە بهزوویى خۆى فێرى سەر قەعدە بکات، داوا لە منداڵەکە دەکەن و زۆرى لێدەکەن، کە لەسەر قەعدە دانیشێت، لەکاتێکدا ئەو نازانێ بۆچى و لەبەرچى دەبێت ئەمە بکات، کە ئەو تواناى نەبێت بەسەر ڕیخۆڵە و میزەڵدانیدا ئیتر بۆچى زۆرى لێ بکرێت، ئەمە لەکاتێکدا کە منداڵەکە لە تەمەنى (ترسى جیابوونەوە) دایە. ئەم باسە واى لێدێت کە ببێت بە ئاگرخۆشکەرى هەڵەیەکى زۆر لەنێوان دایکوباوک و منداڵەکەیاندا، یان دەبێت بەهۆى ئەوەى کە منداڵەکە زۆر لەخۆى بکات و بۆئەوەى دایکوباوک ڕازى بکات، ئەمەیش وا دەکات کە ئاودەست و سەر قەعدە ببێت بە مەیدانى زۆرانبازى لە نێوانى دایک و منداڵەکەیدا، بۆئەوەى بسەڵمێنن کامیان دەتوانن دەست بەسەر ئەوەیتردا بگرن. زۆر لە شارەزایان هیچ هۆیەک بۆ ڕاهێنانى منداڵ، پێش دوو ساڵ و دوو ساڵ و نیو، بۆ ئەوەى بچێتە سەر قەعدە نابینن و وا بە باش دەزانن کە دەبێت دایک چاوەڕوانکردنێکى ژیرانە و لەسەرخۆى هه بێت، بۆئەوەى ئامانجى باشتر بدات بە دەستەوە، لەوەى، کە زۆر لە منداڵەکە بکرێت، زۆر منداڵ بەرە بەرە وایان لێدێت کە خۆیان حەزبکەن بچنە سەر ئاو، ئەگەر زۆریان لێ نەکرێت و ناچار نەکرێن، چونکە ئەوانیش دەیانەوێت ئەو شتانە بکەن کە گەورەکان دەیان کەن، ئەگەر چوونە سەر قەعدە لە وەختێکى گونجاودا و بە کردەوەیەکى باش لە قەڵەم بدرێ و بکرێت بە خویەکى خۆش بۆ منداڵ ئەوا ئەم تەنگوچەڵەمەیە زۆر گەورە نابێت بە پێچەوانەوە دەبێت بە شتێکى پۆزەتیڤیش بۆ منداڵەکە.
لهمبارهیهوه زۆرشت ههیه که دایکان ئهتوانن بیکهن، لیرهدا هیوادارم دایکانوباوکان خۆیان بیر لهو رێگایانه بکهوه بۆ باشتر و بهسودترین شیوهی چونهسهر قهعدهی مندال بۆئهوهی گفتهگۆیهکی ههمهلایهنهی لهبارهوه بکریت.
تواناى قسەکردن
هەروەک لە بەشى یەکەمدا باسمان کرد، منداڵى ساوا دەست بە بەکارهێنانى چەند دەنگێک دەکات، کە لەوە دەچێت بیەوێت بڵێ (ما......ما....دا.....دا......بابا..) ئەم دەنگانە لە دووبارەبوونەوەدا بەردەوام دەبن و لە سەرەتاى ساڵى دووەمدا منداڵ هەوڵدەدات کە ناوى شت بهێنێت بەشێوەیەک کەوا پێدەچێت بیەوێت قسەبکات، ئەم وشانە هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نییە، لەڕووى ڕێزمانەوە ناتەواون و ئەوانەى دەورووپشتى منداڵەکە نەبێت، کەسى تر لە ناوەڕۆکى ئەم قسانە تێ ناگات، چونکە زیاتر ڕەمزین و خێزانەکە خۆیان دەزانن منداڵەکە چى دەوێت، کاتێ سیپان دەڵێت : (پەڕۆ). ئەوە هەر ئەندامانى خێزانەکە دەزانن کە دەیەوێت بڵێت:(پارچە قوماشێکم بدەنێ با بیجووم) یاخود کاتێ دەست بۆ پێڵاوەکانى ڕادەکێشێ و دەڵێت(بابە) مەبەستى ئەوەیە کە بچێت بۆ پیاسە لەگەڵ باوکیدا.
لەم تەمەنەدا منداڵ تینووى وشەى تازەیەو بەهەموو لایەکدا هەوڵدەدات وشەى تازە کۆبکاتەوە و گەورەکان بۆى بسەڵمێنن کە ناوى شتەکانى بەڕاستى دەڵێت، کاتێ کە دەست بۆ سەگێک ڕادەکێشێ و دەڵێ سەگ، لەهەمانکاتدا سەیرى ئەو کەسە دەکات کە لەگەڵیدایە، ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە دەیەوێت بزانێت ڕاستە یان نا و ئەو کەسەش بۆى دەسەڵمێنێ کە ڕاستە و سەرێکى بۆ دەلەقێنێ یاخود پێدەکەنێ.( ئەم سەر لەقاندن و پێکەنینە بۆ منداڵەکە زۆر پێویستە) بۆئەوەى منداڵەکە بەردەوام بێت لە گەڕان بەدواى وشەى تازەدا و گەنجینەى وشەکانى خۆى دەوڵەمەندتر بکات، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا زیاتر لەوە دەزانێت کە دەرى دەبڕێت، کاتێ کە گەنجینەى وشەکانى پڕ بوو ئەوە ئیتر دوو دوو وشەکان دەردەبڕێ و هەوڵدەدات کە یەکیان بخات و بەپێى ئەو شوێن و کاتەى کە تێدایە دەریانبڕێت، کاتێ کە سیپان دەڵێت:(سیپان نان) دەیەوێت بڵێت سیپان نانى خواردووە یان سیپان نان دەخوات یان دەیەوێت نان بخوات، چونکە بۆ بەکارهێنانى ئامرازى پەیوەندى و کردار، کاتێکى ترى دەوێت و پێویستى بە یارمەتى هەیە، ئەمەش بە قسەکردن لەگەڵیدا فێردەبێت .
جا لەو تەمەنەدا قسەى ڕێکوپێک لەگەڵ منداڵدا گرنگەو زۆریش پێویستە. لەکاتى قسەکردن لەگەڵ منداڵدا، دەبێت هەوڵ بدرێت کە ڕستەکانى بەجوانى بووترێت و ئەو قسانەى منداڵەکە بەهەڵە دەیانکات، بەڕاستى بۆى بووترێتەوە بێ ئەوەى پێویست بەوە بکات بە منداڵەکە بووترێت کە ئەوەى ئەو دەیڵێت هەڵەیە و ڕاستییەکەى شتێکى ترە، هەروەها نابێت بەهیچ جۆرێک(گاڵتە) بە منداڵ بکرێت، کاتێ کە قسەکانى ناتەواون بەڵکو دەبێت هەوڵ بدرێت زۆر ژیرانە کە قسەت لەگەڵدا کرد، کردار بکەیت، چونکە ئەو نەک تەنها قسەکانت وەردەگرێ، بگرە چۆنیەتى وتنى قسەکانیش لەگەڵ دەست جووڵان و دەم جووڵاندا لە مێشکى خۆیدا تۆمار دەکات.
لەم تەمەنەدا منداڵ دەتوانێت لەشتى مادى تێبگات، وەک پێڵاو و قەڵەم و کاغەز و ئەم بابەتە وشانە کە منداڵ دەتوانێ بە دەست بیانگرێ، نەک شتى مەعنەوى وەک عەیبە و شێت و زیرەک.
لەم پێشکەوتنەدا منداڵ فێرى زۆر شتى تایبەت بە خێزانەوە دەبێت و لاسایى خێزان دەکاتەوە لە قسەکردن و جۆرى دەربڕینى هەست و نەستدا و لە چۆنیەتى دەست جووڵاندن و دەنگ بەرزى و زۆر شتى تر... و هەستێکى وا پەیدا دەکات کە لە هەستى خێزانەکەیش دەچێت و بەلاى خێزانەکەوە ڕاستە. ئەندامانى خێزانەکەش خۆیان لە منداڵەکەدا دەبینن (باوک لە کوڕدا و دایک لە کچدا) و منداڵەکەش، بەهۆى زمانەوە، زیاتر و زیاتر فێرى پەیوەندى دەبێت بە ئەندامانى خێزانەکەوە. لەنێوانى 2 – 3 ساڵیدا، ئیتر منداڵ تواناى بۆ بەکارهێنانى (کردار) بە شێوەیەکى خێرا زیاد دەکات و ئەو وشانەى کە لەوەوپێش فێریام بووە بە ڕەزامەندییەوە بەکاریان دەهێنێت و دڵخۆشى خۆى دەردەخات و ماناى ڕستەکان و جۆرى داڕشتنیشیان باشتر دەبێت .
شتێکى ترى ئەم قۆناغە ئەوەیە کە منداڵ دەتوانێت جێناو بەکاربهێنێت و جیاوازى نێوانى( من ... تۆ.. ئەو و ئێمە و ئەوان) بکات و زیاتر لە ڕستەکانیدا بەکاریان بهێنێت.
مێشکى منداڵ زیاتر گەشە دەکات
لە تەمەنى 12 – 18 مانگی بەرەوژوور ، ئیتر منداڵ دەست بە پشکنینى دەورووبەرى خۆى دەکات و دەیەوێت هەموو شتێک بزانێ و تاقیان بکاتەوە، بێ لەوەش فێرى ئەوە دەبێت کە ڕوداوێک بەهۆى ڕوداوێکى ترەوە دەبێت، وەک ئەوەى کاتێک یارییەکى دەکەوێتە ژێر بەتانییەکەوە، بەتانییەکە ڕادەکێشێت بۆئەوەى یارییەکەى بدۆزێتەوە.
لە تەمەنى دوو ساڵیدا منداڵ دەتوانێ بە نیشانە ئیشوکارى خۆى جێبەجێ بکات، لەبەرئەوە یاریى گاڵتە بەکاردەهێنێ، وەک ئەوەى کە تەلەفۆنەکە بەرز دەکاتەوەو وا پیشاندەدات کە قسە لەگەڵ کەسێکدا دەکات، یاخود بە گاڵتەوە دەستى بە سابوون دەشوات یاخود خۆى دەکات بە سەگ و لەسەر چوار پێ دەڕوات.
یەکێک لەو پێشکەوتنە گرنگانەى لە مێشکى منداڵدا ڕودەدات، ئەوەیە کە منداڵ ئێستا دەزانێت کە شتێک ئەگەر لەبەرچاویش نەبێت هەر هەیەو لە شوێنێکى ترە، لەگەڵ پێشکەوتنکەشدا منداڵ ناتوانێ لەوە بگات کە شت نابێت لەهەمانکاتدا لە دوو شوێن بێت.
لەم تەمەنەدا، منداڵ فێرى چەند شتێکى تازە دەبێت و دەزانێت کە دوو کەمترە لە سێ و جیاوازى نێوانى شەو و ڕۆژ، ئێستا و دوایى و بەم زووانە و سبەینێ دەکات، ئەمەش بەوەدا دەردەکەوێت کە منداڵ دەتوانێت چاوەڕێ بکات و بزانێ مەبەست لە(دوایى)ئێستا نییەو مەبەست کاتێکى ترە.
ئەم منداڵە بچووکە فێر بووە کە وا بکات کە شت ڕوبدات و پێى دڵخۆش بێت، وەکو گڵۆپ داگیرساندن و کوژاندنەوە، ڕادیۆو تەسجیل و تەلەفزیۆن داگیرساندن و کوژاندنەوە و دەنگ نزم و بەرز کردنەوەیان. ئەم منداڵە کە ئێستا خانووەکە و ژوورەکان و باخچەکە باش دەزانێت و دەزانێت شتومەک لەکوێ دانراوە و چۆن پیاو بەدەورى خانووەکەدا دەتوانێت بڕوات و بچێت بۆ ماڵى دراوسێکەى و لەوێ دانیشێت، بەڵام تەنها ئەوەندە دەتوانێت، ئەگینا ئەگەر منداڵەکە لەشوێنێکى تر بێت ناتوانێت ماڵى دراوسێکە بدۆزێتەوەو بچێت بۆئەوێ، هەرچەند ئەگەر شوێنەکەیش نزیک بێـت.
منداڵ لەم تەمەنەدا بانگى نەنەو باپیرەى دەکات و ناویان دەبات، بەڵام نازانێ کە نەنە دایکى دایکێتى و باپیر باوکى دایکى یاخود بابە گەورە باوکى باوکیەتى، هەروەها نازانێ کە (ئامۆزاو پورزاو خوشکەزا...) ئەمانە چین تەنها ئەوە نەبێت کە ئەمانە ناسیاون و پەیوەندییەکیان بە خێزانەوە هەیە، جا لەبەرئەوەى هەتا منداڵ لەمانە دەگات ئەم وشانە تەنها وەک ناوێک بەکاردەهێنێت و مێشکى منداڵەکە هەر خەریکى ڕێکخستنى ئەم ناوانەیە لە خانەى تایبەتیدا و هەر شتە خانەى تایبەتى خۆى هەیەو هەموو شتێک دەبێت ڕێک بکەوێت لەگەڵ سەرجەمى خەیاڵاتى منداڵەکەدا وەک کورت یان درێژ، بەرز یان نزم، گەورە یان بچووک.
سێ ساڵان لە ڕێکخستنى ئەم شتانەدایە و سیستمێکى تایبەتى دادەنێت بۆیان و دەیگۆڕێت و ئیتر ئەمە دوایى نایەت. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەم سێ ساڵانەیە سنوورى پێشکەوتنى مێشکى خۆى هەیە و زیاتر لەشتى مەعنەوى تێدەگات و ناتوانێت تێى بگەینێت کە کیلۆیەک خۆى و کیلۆیەک کا وەکو یەک قورسن و یەک کێشیان هەیە. هەروەها هەتا ئێستاش هەستى خۆیى منداڵ کزە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بە سۆران بڵێت: کە ئەو ناوى سۆران نییە و کەسێکى تر ناوى سۆرانە، ئەوا تووشى ترس دەبێت و سوورە لەسەر ئەوەى کە هەر ئەو ناوى سۆرانە و ئەم قسەیە دەبێت بەهۆى ئەوەى کە(هەستى خۆیى) منداڵەکە بریندار ببێت، ئەمە ئەگەر پیاو زۆر بەڕاستى پێى بڵێت و بە گاڵتەوە نەبێت، زۆر زەرەرى هەیە بۆ منداڵەکە.
یارى یاخود پشکنین
زۆرترى ژیانى ڕۆژانەى منداڵ بە هەڵسوکەوت یا جموجۆڵ پڕ دەبێتەوە، کە ئێمە پێى دەڵێن:(یارى) ئەم (یارى)یە، شتێکى گرنگە بۆ منداڵ و یارمەتى دەدات کە دنیاى دەورووپشتى(بپشکنێ) و شتى تازە بدۆزێتەوە یاریکردنى منداڵى دوو ساڵان بۆ ئەوەیە کە شتێک ڕوبدات، کاتێ دوو سەرەقابلەمە بەیەکدا دەدات، بۆئەوەیە بزانێت چى ڕوئەدات، کاتێکیش کە کەوچکەکەى فڕێ دەدات یان کاتێ کاغەزێکى بەردەمى دەدڕێنێت و سفرەکە ڕادەکێشێ، مەبەستى ئەوە نییە کە شتێک بکات و بگاتە ئەنجامێک و شتێکى دەست بکەوێت. یارییەکە دەست پێدەکات و لەپڕێکا بۆ یارییەکى تر وازى لێدەهێنێ، بەبێ ئەوەى یارى یەکەمى تەواو کردبێت.
ئەم منداڵە بچووکانە لەیەک شوێندا یارى دەکەن ، زۆرجار ئاگایان لەیەکترى نییە، منداڵ نازانێت کە کەسى تر لەگەڵیدا دانیشتووە و یارى دەکات، بەڵکو بە جارێ چووەتە ناو یارییەکەى خۆیەوەو یارى بە ئۆتۆمبێلە تەختەکەى خۆى دەکات، یان خۆڵ دەکاتە ناو قاپێکەوە بەبێ ئەوەى بەلایەوە گرنگ بێت کە یارى لەگەڵ منداڵێکى تر دەکات، ئەمەش ماناى ئەوەیە کە پەیوەندى کۆمەڵایەتى لەنێوانى دوو منداڵى دوو ساڵیدا ڕونادات و هەتا ئێستا نەبووە بە مرۆڤێکى کۆمەڵایەتى. منداڵ لەم تەمەنەدا حەزى لەهەموو جۆرە یارییەکە، کە جووڵانى تیا بێت، وەک بەسەر داردا سەرکەوتن، ڕاکردن بەدواى یەکتردا، بازدان و چاوشارکێ و زۆر یارى تر. زۆرجار دایک و باوک سەریان سووڕدەمێنێت لەوەى کە چۆن ئەم منداڵە بچووکە ئەوەندە وزەى تێدایە، بەڵام منداڵ ساتێ پشووى هەیە و زۆرجار حەزدەکات کە گوێى لە حیکایەتێک بێت یان دانیشێ و سەیرى تەلەفزیۆن بکات، لەم کاتەدا زۆر بەتەواوى پشوو دەدات و دەچێتە جیهانێکى ترەوە یان دایک و باوک سەریان سووڕدەمێنێ کە چۆن منداڵەکەیان گۆرانیەکى لەبەرکردووە و دەیڵێتەوە.
کاتێ کە منداڵ لەنێوانى 5، 1 – 2 ساڵى دایە، دەست بە لاسایکردنەوەى گەورەکانى دەورووپشتى دەکات، ئەمە ماناى ئەوەیە کە منداڵ لەم کاتەوە دەتوانێت بە (نیشانە) بیربکاتەوە و شتێک لەجیاتى شتێکى تر بەکاربهێنێ. بۆیە دەبینین کە منداڵ یارى بووکبووکێنە دەکات و نانى دەداتێ و ڕایدەژەنێ و دەیشوات و شەڕى لەگەڵ دەکات ئەم هەڵسوکەوتانە (نابێت بەهیچ شێوەیەک لە منداڵ تێک بدرێت و گاڵتەى پێبکرێت)، بەڵکو دەبێت یارمەتى منداڵ بدرێت و بە گرنگییەوە وەڵامى پرسیارەکانى بدرێتەوە و تەنگوچەڵەمەکانى نێوانى خۆى و بووکەکەى بۆ چارەسەر بکەیت، یاخود یارى بە ئەسپ و ورچ و عەرەبانەوە ئۆتۆمبیل و موتورسیکلێک دەکات بە بەکارهێنانى ئەو شت و داروبەردەى لەبەردەستى دایە و بە تەواوەتى بە ڕاستیان دەزانێت.
زۆرجار منداڵ لاسایى گەورەکان دەکاتەوە و تاکە پێڵاوێک دەکات بە تەلەفۆن و لەگەڵ یەکێکى تر قسە دەکات، دایک و باوک نابێت سەریان لەوە سووڕبمێنێت کە منداڵەکەیان لاساییان دەکاتەوە، کاتێ کە چا دەخۆنەوە یاخود کاتێک باوک ڕیش دەتاشێت،(کچانیش ئەم لاساییە دەکەنەوە) چونکە ئەمە دەرى دەخات کە منداڵەکە لەوە زیاتر دەزانێت کە تۆ پێى دەزانیت. هەندێ یارى سەردەمى ساوایى هەر لەگەڵ منداڵدا بەردەوام دەبێت جارجار منداڵ خۆى دەکشێنێ بۆ باوەشى دایکى و دەیەوێت پەنجەى خۆى بمژێ و لە باوەشى دایکیدا خۆى مەڵاس دەدات.
لە تەمەنى 3 ساڵیدا منداڵ لەگەڵ یەکێکى تر یان دوو منداڵى تردا دادەنیشێ و یارى دەکەن. بە گەورەبوونى منداڵ یارییەکان زیاتر ڕێکوپێک دەبێت و ئامانجێکى تێدایە و سەرەتا و دوایى هەیە.
منداڵ و درۆکردن (ناڕاستى وتن)
لەدەورووبەرى سێ ساڵیدا، لەدواى ئەوەى کە منداڵ فێرى وشە بەکارهێنان بوو، دەگاتە ئەو تەمەنەى، کە بتوانێت قسە بکات و هەتا ڕاددەیەک ماناى وشەکان دەزانێت و دەتوانێت چەند وشەیەک بەیەکەوە ڕێک بخات و مانایەکیان بداتێ، خەیاڵى فراوانى منداڵ زۆر بە خۆشییەوە ئەم وشانە بەکاردێنێت. منداڵ دەست دەکات بە(خەوبینینى ڕۆژانە) و شتى وا دەدۆزێتەوە و لە خەیاڵیدا دەیکات کە لە ڕاستیدا بۆى ناکرێت و بۆى ناچێـە سەر. ئەم منداڵە سێ ساڵییە دەکەوێـە ئاسمانى خەیاڵاتەوەو قسەو باسى وا دەکات کە لاى دەورووپشتى بە درۆزنێکى گەورە لە قەڵەم بدرێ، حیکایەتى وا دەگێڕێتەوە کە مەگەر هەر خۆى بزانێت لەکوێى هێناوە و لەگەڵ کێدا ڕوویداوە، یاخود هەر بە ئاسانى درۆ دەکات و دەڵێ کە هاوڕێکەم بوو، یاخود (ئازاد) بوو کە پەرداغەکەى شکاند ( لە کاتێکدا کە هاوڕێى نییە و بەتەنیا دانیشتووە) زۆر لەو حیکایەتانەى منداڵەکە دروستیان دەکات، ئەوەندە ڕوون و ئاشکران کە دەبنە جێگاى پێکەنینى دایک و باوکى منداڵەکە.
منداڵ لەم تەمەنەدا وا دەزانێ کە دایک و باوکى هەموو شتێک دەزانن، هەموو شتێک دەبینن، هەتا دەشزانن کە منداڵەکە چۆن و بیر لەچى دەکاتەوە و بیرو هەستى چۆنە. بەڵام بە تەواوەتى سەرپشک نییە لەم ڕاستییەدا و باشترین ڕێگا بۆئەوەى ئەم ڕاستییەى بۆ دەرکەوێت ئەوەیە، کە درۆیەکى گەورە بکات بۆئەوەى ڕاستییەکەى بۆ دەرکەوێت، کە دایک و باوک هەموو شتێک دەزانن، جا بۆیە منداڵ لەبەرئەوە درۆ ناکات بۆئەوەى دایک و باوکى و دەورووپشتى بخەڵەتێنێت، هەوڵیش نادات کە بیشارێـتەوە کە شتێکى خراپى کردووە، هەرچەندە دەشڵێت کە من نەبووم ئاوەکەم ڕشت، بەڵکو (سامان) بوو، کە لەوکاتەدا سامان لەوێ نییە و کەسیش بەو ناوەوە ناناسێ، ئەمە تەنها بۆئەوەیە کە بزانێت دایک و باوک چەند ئاگایان لە خۆیانە و چەند دەزانن و وایان لێبکات کە زیاتر گرنگى پێبدەن. لێرەدا کە ئەمجۆرە درۆیانەى منداڵەکەت لەتەمەنى سێ ساڵیدا، بەرگوێ دەکەوێت، پێویست بەوە ناکات خۆت تووڕە بکەیت، یان وا پیشان بدەیت کە بڕواى پێدەکەیت، لەجیاتى ئەمە دەتوانیت بە گاڵتەوە پێى بڵێیت: (ئەوا ئەحە دەستى کرد بەسەر گوزشتەى دروستکراو) لەگەڵ زەردەخەنەیەکى فراواندا باوەشى پێدا بکەیت و ماچێکى بکەیت، چونکە ئەمە وا لە منداڵەکە دەکات کە زیاتر لەخۆى دڵنیا بێت و بزانێت سنوورى درۆ و ڕاستى چییە.
ئەم درۆ و خەیاڵاتەى منداڵ لە تەمەنى دوو و سێ ساڵیدا و بەکەمى زۆرجار ترسناک نییە و پێویست بە دڵگرانى ناکات، بەڵام ئەگەر واى لێهات کە درۆکان لە سنوورى خۆیان چوونە دەرەوەو بەشێکى زۆرى ژیانى منداڵەکەى داگیرکرد و منداڵ هەر خەریکى ئەمجۆرە سەرگوزشتانە بوو، ئەوسا پێویستە زوو بە فریایدا بگەیت و زیاتر گرنگى پێ بدەیت و باسى ئەو شتە باشانەى بۆ بکەیت کە دەیانکات، هەرچەندە زۆر شتى گرنگیش نەبن، بۆئەوەى واى لێ نەیەت کە ڕوو بە جیهانێکى پڕ لە خەیاڵ و شت دروستکردن بکات.
ئەم کارە زۆر گرانەو پێویستى بە توانایەکى زۆر هەیە و پێویستە هەموو دەورووپشتى منداڵەکە یارمەتى یەکتر بدەن بۆئەوەى لەو ناخۆشیەى خۆى هەستى پێ ناکات ڕزگارى بکەن، چونکە زۆرجار هۆى ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانى خێزانى منداڵەکە و نەبوونى ژیانێکى پڕ خۆشەویستى.
هاوڕێى گاڵتە
هاوڕێیەکى گاڵتە و خەیاڵ بۆ منداڵ، ڕۆڵێکى گەورە دەبینێ لەم تەمەنەدا، ئەم هاوڕێیەش منداڵ خۆى بۆخۆى دروستى دەکات و هەمیشە و لەهەموو شوێنێک لەگەڵیدایە، ئەمەش لەوانەیە مرۆڤێک بێت یان ئاژەڵێک بێت کە منداڵەکە هەڵسووکەوتى لەگەڵدا دەکات هەروەک هاوڕێى ڕاستەقینەى بێت، لەبەرئەوە قسەى لەگەڵ دەکات و لەکاتى نانخواردندا قاپى بۆ دادەنێ و حەز دەکات جێگایەکى تایبەتى لەسەر سفرەکە هەبێت. ئەمە وەکو هاوڕێیەک وایە بۆ منداڵ (منداڵى تاقانە زۆرتر هاوڕێى گاڵتەى هەیە، وەک لە منداڵى تر) و بەکارى دەهێنێت بۆئەوەى لەکاتى پێویستدا منداڵەکە گوناهى ئەو بگرێت و هەر هەڵەیەک ڕوو دەدات بیخاتە پاڵ ئەو، ئەگەر پەرداغێک یان یارییەک بشکێت، ئەوە گوناهى منداڵەکە نییە و گوناهى هاوڕێ گاڵتەکەیەتى، کەواتە ئەم هاوڕێ گاڵتەیە دەبێت بە یەکێک کە هەموو هەڵەو ژێر کەوتنەکانى منداڵەکە لەکاتى پێشکەوتندا دەپۆشێت و گوناهەکانیش، دەدرێنە پاڵ ئەو، هەروەها ئەو ڕەخنەیەى لە منداڵەکە بگیرێت، یان هەر ئازارو ڕوداوێکى ناخۆش ڕوبدات، بەسەر هاوڕێ گاڵتەکەیدا دەدات و بەمشێوەیەش لە ئازارى خۆى کەم دەکاتەوە.
کاتێ کە (ئەحەیان) برد بۆ خەستەخانە بۆ دوورینەوەى پەنجەى کە بریندار بووبوو، یاریەکیشیان لەگەڵ خۆیاندا برد، ئەویش ورچەکەى بوو. دواى ئەوەى پەنجەیان دوورییەوە و هاتنەوە ماڵەوە ئیتر(ئەحە) فێرى شتى تازە بووبوو، هەرچییەکى لە خەستەخانە لەگەڵدا کرابوو، ئەمیش لە ماڵەوە لەگەڵ ورچەکەیدا دەیکرد و بەشەو برینەکەى دەپێچێ و شرینقەى لێدەدا و دەستى دەهێنا و بەسەریدا و دەیخستە جێگاکەى خۆیەوە. بەمە ئازارەکەى خۆى کەم دەکردەوە و دەیخستە سەر هاوڕێکەى.
جا ئەگەر هاوڕێ گاڵتینەکەى منداڵەکەت ئەم ڕۆڵە گەورەیەش بۆ منداڵەکەت نەبینێت، ئەوا هەر کارى خۆى دەکات و خەیاڵى منداڵ ڕادەهێنێ و زۆر تەنگوچەڵەمەى منداڵ کەم دەکاتەوە و زیانى زیاترە لە قازانج ئەگەر ئەم خەیاڵە لە منداڵەکەت بستێنیتەوە و هەوڵبدەیت پێى بسەڵمێنیت، کە هاوڕێى نییە و گاڵتەى پێ بکەیت، بۆیە باشتر وایە وازى لێبهێنێت و دەست نەخەیتە کارى ئەم پەیوەندییەى نێوان منداڵەکە و هاوڕێ گاڵتینەکەى (هەرچەندە هەندێجار منداڵ ئەمە بەکاردێنێ بۆئەوەى قسەى ناشرین بکات و خەتاکەیشى بخاتە پاڵ ئەو).
ئەم هاوڕێ گاڵتینەیە جارى وا هەیە، کە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دەمێنێ دوایى ون دەبێت و جارێکى تر دێتەوە و ون دەبێـتەوە و دەبێت بەژێر ئۆتۆمبێلەوە و لەناودەچێت و گورگ دەیخوات و دەکەوێتە ناو ئاوێکەوە ، یان هەر لەخۆیەوە ون دەبێت. ئەمە هەمووى شتێکى ئاساییە لە جیهانى خەیاڵى منداڵدا و لەم تەمەنەدا و لەوانەشە تا تەمەنى(5 – 6) ساڵان هەر بمێنێت. گرنگ ئەوەیە، کە دایک و باوک ڕێزێکى تەواوى ئەم هاوڕێ گاڵتینەیەى منداڵەکە بگرن و چۆن بە باشى دەزانێت ئاوا ڕەفتارى لەگەڵدا بکەن.
کوڕو کچ و جیاوازى نێوانیان
لەژیانى منداڵى ساوادا، بەتەواوەتى جیاوازى لەنێوانى کەسایەتى و حەزو جۆرى یارى کوڕو کچدا دەبینرێت، لەبەرئەوەى هەموو ڕوداوەکان هەر لەکاتى لەدایکبوونى منداڵەوە تا ئێستا واى کردووە، کە جیاوازی لەنێوانیان بکەین.
یەکەم پرسیار، کە دایک لە مامانەکەى دەکات ئەوەیە: منداڵەکە کوڕە یان کچ؟ لەدواى زانینى وەڵامەکەى ئیتر هەموو بیرو هەست و کردارى دایکەکە بەپێى وەڵامەکەى دەگۆڕێت. لەبەرئەوەى هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵى منداڵەکە لەژیاندا شێوەى تایبەتى خۆى وەردەگرێت. ئیتر بەمجۆرە هەست و بیرو کردارى ئێمە دەگوازرێتەوە و بەسەر منداڵە ساواکەدا دەسەپێنرێ، تەنانەت پێش ئەوەى خۆى بزانێت، کە هەیە یان نا!
ڕاستە جیاوازى بایۆلۆژى لە نێوانى کچ و کوڕدا هەیە، بەڵام ئەمە یەکەم هۆکار نییە بۆ جۆرى هەڵسوکەوتى منداڵ، ئەم بیرە لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، لەشێوەى چاوەڕوانى و هەست و کردەوەى دایک و باوکەوە بەرامبەر منداڵەکە واى لێدەکات کە وردە وردە هەستى پێبکات. وەکو دایک و باوک، جیاواز دەجووڵێتەوە بەرامبەر کچەکە یان کوڕەکە چونکە ئەمە لە دایک و باوک و کۆمەڵەوە بۆمان ماوەتەوە، وافێر کراوین، ئەم خواست و نەستەى دایک یان باوک و جۆرى مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەدا، وا لە منداڵەکە دەکات کە وەک کوڕ یان وەک کچ ڕەفتار بکات.
زۆرمان بە چاوێکى بەستراوەوە سەیرى هەڵسوکەوت دەکەین، کە ئایا ژنانەیە یان پیاوانەیە. کوڕێک هەر لەکاتى لەدایکبوونیەوە، وا چاوەڕوانى لێدەکرێت، کە تووڕەتر بێت لە کچ، هەر لە ڕۆژى لەدایکبوونەوە، دایک بە جۆرێک کچەکەى هەڵدەگرێ و بەرزى دەکاتەوە. کە جیاوازە لە هەڵگرتنى کوڕ، زۆر پشکنین دەریانخستووە، کە دایک بە جۆرێک قسە لەگەڵ کچەکەى دەکات، کە جیاوازە لەگەڵ قسەکردن لەگەڵ کوڕەکەى. هەر لە منداڵیەوە دایک و باوک، لەڕووى جلوبەرگ لەبەرکردن و جۆرى هەڵبژاردنى یارییەوە، جیاوازى لەنێوانى کچ و کوڕدا دەکەن، چونکە چاوەڕوانى ئەوە دەکەن کە کوڕەکەیان کوڕ بێت و کچەکەشیان کچ، بەمەش ئەم هەستە لەلاى منداڵەکە بەهێز دەکەن.
دایک و باوک و پەروەردەکاران هەر لە سەرەتاى تەمەنەوە، منداڵ لە پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى چڕەوە دەگڵێنن و بڕیار بەسەر منداڵەکەدا دەدەن، کە چۆن بیر بکاتەوە و چى بکات، ئەمانە بەبێ ئەوەى مەبەستیان بێت منداڵەکە زیاتر بەرەو لایەک ڕاکێشن، چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکەن کە بە جۆرێک بێت (گونجاو) بێت لەلاى کۆمەڵ و ئەگەر شتێکى(نەگونجاو) کرا ئەوا پێى دەوترێ و ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەمە(ڕاست)نییە. باوک، چاوەکانى دەدروشێتەوە و زۆر بە شانازییەوە پێدەکەنێ و دەیگێڕێتەوە کە چۆن کوڕە سێ ساڵەکەى هەوڵى دا بەسەر دارێکدا سەرکەوێ، بەڵام بە ترسەوە باسى ئەوە دەکات کە چۆن کچەکەى هەوڵى دا هەمان شت بکات و ئەم خێرا فریاى کەوت و نەیهێشت بکەوێتە خوارەوە، هەردوو منداڵەکە، کاتێ ئەم گێڕانەوەیە دەبیستن، هەست بەوە دەکەن و هەوڵدەدەن بەپێى بینینى باوکەکە خۆیان ڕاست بکەنەوە.
منداڵێکى تەمەن 18 مانگ بەپێى جنسى کوڕ و کچ خۆى جیادەکاتەوە، هەرچەندە ئەمە هیچ بەلایەوە گرنگ نییە و هیچ جیاوازییەک نابینێ لە نێوانى خۆى و ئەوى تردا، بەڵام وردە وردە هەست دەکات بە جیاوازى لەنێوانى(پیاوانەو ژنانە)دا. دوو ساڵانەیەک دەزانێت کە هاوڕێیەکەى کوڕە یان کچ، بەبێ ئەوەى کە یەکتریان پشکنى بێت، منداڵ لەم تەمەنەدا دەیەوێت لاسایى دایک و باوکى بکاتەوە، باوک ئۆتۆمبێل و تراکتۆر و مەکینەى گەورە لێدەخوڕێ بۆیە کوڕ لاسایى ئەو کارانەى باوک دەکاتەوە، دایک بە ئیشوکارى نێو ماڵ و بەخێوکردنى منداڵەوە خەریکە، بۆیە کچیش یارى بە بووکە شووشە دەکات و دەیەوێت ببێت بە مامۆستاو سستەر، خۆ ئەگەر دایک و باوکى منداڵەکەش ئەمانە نەکەن ئەوا ڕۆژانە زۆر کەسى تر لە دەورووبەرى خۆیان و لەکۆمەڵدا دەبینن، کە ئەو کارانە دەکەن، لەبەرئەوەى دەڵێین کە منداڵ هەر لە ئێستاوە ئەو ڕۆڵە دەبینێ کە بە ژنان یان پیاوان لە کۆمەڵدا دەدرێت، خۆ ئەگەر بە کچێکى سێ ساڵانە بڵێیت کە تۆ کچ نیت و کوڕیت، زۆر تووڕە دەبێت و زۆریش پێى ناخۆشە و سوورە لەسەرئەوەى کە کچە نەک کوڕ. ڕوانینى کۆمەڵ لەبارەى کچ یان کوڕەوە، بەرەو گۆڕان دەچێت، بەڵام کوڕ هەروەکو(کوڕ)و کچیش هەروەکو(کچ)ڕەفتارى لەگەڵدا دەکرێت و تا ئێستاش کە کوڕێکى منداڵ دەگرى، پێى دەوترێت کە(عەیبە کوڕ ناگرى) یاخود کە کچێک شەقەزللەیەک بهاوێت، پێى دەوترێت(خلە کوڕانى) و (کچێ عەیبە تۆ چۆن شەق دەهاوێژیت).
سنووردانان بۆ منداڵ
لەهەر قۆناغێکى ژیانى منداڵدا، هەندێ شت هەیە، کە نابێت منداڵ بیانکات، چونکە لەو کۆمەڵەدا بەباش نازانرێت و لەسەر منداڵیش پێویستە کە پێڕەویان بکات، بۆئەوەى وەک ئەندامێکى کۆمەڵ قبوڵ و پەسەند بکرێت، ئەم دەستوورانە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر و لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکى تر جیاوازیان هەیە.
دایک و باوکان پێویستە ئەوە بزانن، کە چەند شتێکى بنەڕەتى هەیە کە دەبێت ئاگایان لێى بێت، بۆئەوەى پەروەردەکردنى منداڵ، هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ منداڵەکان، ئاسانتر بکەن:
1- پێویستە لە کاتى خۆیدا منداڵ فێرى ئەو دەستوورانە بکرێت کە پێویستە بیانزانێت، منداڵێکى تەمەن7مانگان ناتوانێ دەست بگرێ بەسەر ڕیخۆڵەکانیدا، لەبەرئەوەى هیچ پێویست ناکات زۆرى لێ بکرێت کە فێرى چوونە سەر قەعدە ببێت. زۆربەى منداڵان ڕازین بەوەى ڕۆتینى تازە فێر ببن، بەڵام پێویست بە لەسەرخۆیى و توانایى هەیە و دەبێت خۆیان تا سنوورێک بتوانن بڕیار بدەن، بۆئەوەى بە ڕەزامەندى خۆیان کارەکە بکەن، نەک لەبەرخاترى گەورەکان یان لە ترساندا، (زۆرکردن لە منداڵ هەر لە پێشەوە بەژێرکەوتن مەحکومە).
2- کاتێک کە دایک یان باوک بیەوێت منداڵەکەى شتێکى تازە بکات (یان نەیکات) باشترین ڕێگا (قسەکردنە) لەگەڵ منداڵەکەدا، قسەى خۆش، شێوازى گفتوگۆ و ڕازیکردن، کە بە زوویش ئەنجام بەدەستەوە دەدات و وا لە منداڵەکەش دەکات کە دایک و باوکى خۆش بووێت و نەیەوێت لە دەستى بچن. ڕووخۆشى و پیاهەڵدان بەڕاستى بەبێ زۆر پێوەنان و زێدەڕۆیى. لەجیاتى تووڕەبوون و قسەى ناشرین و هاوارکردن و شێتگیربوون، باشترین پادداشتە کە منداڵ لە دایک و باوکى دەخوازێت و دایک و باوکیش دەگەیەننە ئەنجامى خۆیان بەبێ ئەوەى تووشى هەڵە ببن، کە زۆرجار تووش دەبن لەبەرئەوەى نازانن دنیاى منداڵ چۆنە و لەبیریان چۆتەوە کە خۆیان چۆن بوون و چیان ویستووە و دایک و باوکیان چۆن بوون و چیان لەگەڵ کردوون.
3- کاتێک دایک یان باوک دەیەوێت دەسەڵاتى خۆى بەسەر منداڵدا بسەپێنێت و سەرپشک بێت و سووربێت لەسەر بڕیارى خۆى ، دەبێت هەر جارێک کە بڕیارێکى دا، کارى پێبکات و خۆى لە درێژدادڕى دوور بخاتەوە. منداڵ بۆى نییە کە دەیەوێت بچێتە بەر دەرگاکە یان نا، ئەمە باشترە لەوەى کە دوو دڵ بێت لە بڕیارەکەیدا، منداڵ هەست بەوە دەکات کە بەڕاستی نییە، چونکە تەنها ئەوە بەس نییە بە منداڵەکە بووترێت، کەشتێک بکات یان نا، بەڵکو پێویستە منداڵەکە لە دەموچاوى دایک یان باوکدا بیخوێنێتەوە.
4- دوورکەوتنەوە لە ئامۆژگاریکردن و باسکردنى چاکەو خراپەى کردەوەى منداڵ، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا نازانێت عاقڵ، زیرەک، بێحەیا، کەر و تەمەڵ... چییە و وا لە منداڵ دەکات، بەهەموو جۆرێک دایک و باوک تاقى بکاتەوە. هەرچەندە زۆرجار دەبێت بە منداڵ بووترێت کە نابێت شتێک بکات، بەڵام ئەو هەر دەیکات ، لێرەدا ئامۆژگاریکردن و زیاد لەسەر ڕۆیشتن سوودى نییە و باشتر وایە منداڵەکە لەشوێنى خۆى هەڵگرى و بیگۆزێتەوە بۆ شوێنێکى ترو هەوڵ بدەیت سەرنجى بۆ شتێکى تر ڕابکێشى ئەگەر خۆشەویستى بە منداڵ ببەخشرێت و لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر بڕیارەکە سوور بێت، ئەنجامى کارەکە سەرکەوتووتر دەبێت و منداڵیش سنوورى خۆى باشتر دەزانێت.
کاتێ منداڵێکى تر لەدایک دەبێت
لە دەورووبەرى ئەم تەمەنەدا پێویستە منداڵ لەسەر ئەوە ڕابهێنرێ، کە برایەک یان خوشکێکى دەبێت، ئەگەر خێزانەکە بڕیاریان دابێت کە منداڵى تریان ببێت، چونکە هاتنى منداڵێکى تر بۆ ناو خێزانەکە، دەبێت بەهۆى تەنگوچەڵەمەیکى گەورە بۆ ئەو منداڵانەى کە هەن و کار دەکاتە سەر هەڵسوکەوت و پێشکەوتنى مێشکیان.
دایک و باوک دەتوانن حەسوودى منداڵەکانى تریان بەرانبەر منداڵە تازەکە کەم بکەنەوە، ئەویش بەوەى کە قسەیان لەگەڵ بکەن و بۆیان باس بکەن کە برایەک یان خوشکێکى تریان دەبێت، بۆئەوەى لە کوتوپڕ تووشى ڕاچەنین نەبن و بەلایانەوە سەیر نەبێت. دەتوانرێت وایان تێ بگەیەنرێت کە ئەوانیش بەشدارن لە هاتنە دنیاى منداڵە تازەکەوە یارمەتى دایک یان باوکیان بدەن. کاتێک کە دایک و باوک باسى منداڵە تازەکە، لەگەڵ منداڵەکانى تردا دەکەن، باشتر وایە تێیان بگەێنن کە زۆر شت هەروەکو خۆى دەمێنێتەوە و جیاوازییەکى زۆر لەناو خێزانەکەدا نابێت و باسى چاکەى ئەوەیان بۆ بکەن کە منداڵێکى تر دەبێت و دەبێت ئەوانیش هاریکارى بکەن و ئاگایان لێى بێت و یارى لەگەڵدا بکەن. هەرچەندە زۆریش هەوڵبدرێت ناتوانرێت لە حەسوودى منداڵەکان کەم بکرێتەوە و ئەمەش شتێکى زۆر ئاساییە. (سیپان) یازدە مانگان بوو کاتێک بۆمان باسکرد کە ئیتر هاوڕێیەکى بۆ پەیدا دەبێت، ئەویش برایەک یان خوشکیەتى و لە پاش چەند مانگێکى تر دەیبینێت گرنگیەکى زۆرى دا بە مەسەلەکەو شەو و ڕۆژ هەر باسى ئەوە بوو کەى ئەم هاوڕێیەى دێت، زۆرجار سەرى ئەخستە سەر سکى دایکى و گوێى لە منداڵەکە دەگرت، کاتێک کە(سۆران) لە سکى دایکیدا لەقەى دەهاویشت. ئیتر سیپان دەهات و دەستى لێدەدا، تا واى لێهات منداڵەکەى لە ئێستاوە دەناسى، بەڵام دواى چەند هەفتەیەک کە سۆران لەدایکبوو، سیپان پرسیارى لە دایکى کرد کە ئایا کەى سۆران دەچێتەوە بۆ خەستەخانە؟
منداڵى بچووک بەزۆر جۆر حەسوودى خۆى دەردەبڕێ و هەندێجار دەیەوێت کە منداڵە تازەکە ئازار بدات، لەم کاتەدا پێویستە بە زووترین کات منداڵە گەورەکە دووربخرێتەوە و لەو شوێنەدا لاببرێت و بە ئاشکرا بۆى دەربخرێت کە ئەمە کارێکى خراپەو بە هیچ جۆرێک نابێت دووبارەى بکاتەوە و بەمە سنوورى بۆ دیارى بکرێت، پێویست ناکات زیاتر بۆى ڕوونبکرێتەوەو باسى ئەوەى بۆ بکرێت کە ڕاست نییە، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت واى پیشان نەدرێت کە ئەم منداڵێکى بێحەیا و خراپە، چونکە ئەمە شتێکى ئاساییە و دەبێت ئەوە بزانرێت کە منداڵى بچووک لەوە دەترسێ منداڵە تازەکە جێگاى ئەو بگرێتەوەو ئیتر ئەم لەبیر بچێتەوە یاخود حەسوودى خۆى بەوە دەردەبڕێ کە دەبێتەوە بە منداڵ و لاسایى منداڵە بچووکەکە دەکاتەوە، یان بۆڵەبۆڵ بۆ شتێک دەکات کە ڕێى نادرێت، یان مان دەگرێت لەوەى کە ئەو کارانەى چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ئاسانى خۆى دەیکرد، ئێستا بۆى ناکرێ و نایکات، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەیتوانى جلەکانى خۆى لەبەر بکات و ئێستا نایکات، یاخود داواى حیکایەت دەکات کە بۆى بگێڕدرێتەوە یا دەیەوێت لەلاى دایک یا باوکى بنوێت، قسەکانى منداڵانە دەبنەوە و جارى واهەیە کە بە جارێ لاڵ دەبێت و وشەى بۆ دەرنابڕدرێت، یاخود لە پڕێکا تووڕە دەبێت و جارى واش هەیە میز دەکات بە خۆیدا، هەموو ئەمانە نیشانەى ئەوەن کە مناڵەکە هەست بەوە دەکات یاخود دەترسێ لەوەى کە بخرێتە پشتگوێ و ئیتر خۆشەویستى دایک و باوکى لە دەست بچێ، چونکە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى کە تەنها ڕێگایەک بۆئەوەى خۆشەویستى دایک و باوکى بۆ بمێنێ، ئەوەیە کە وەکو منداڵە بچووکەکە بکات و لاسایى ئەو بکاتەوە. ئەگەر منداڵێک ئەم نیشانانەى تێدا دەرکەوت و زانرا کە هۆکارەکەى بۆ بوونى حەسوودى دەگەڕێتەوە ئەوا باشترین کار ئەوەیە کە دوو شت بکەین.
یەکەم: هەوڵ نەدەین وا لە منداڵەکە بکەین خۆى بە گەورەتر بزانێت، واى لێ بێ شەرم لە خۆى بکات، لێرەدا منداڵەکە واى لێدێ کە لە نێوانى شەرم و سەربەستیدا یەکێکیان هەڵبژێرێ. سەربەخۆیى ناتوانێت و شەرمیش باش نییە بۆى.
دووەم : بۆى باس بکرێت کە خۆشت دەوێت، لەبەرئەوەى ئەم گەورەتر و زیاتر دەزانێت و منداڵە بچووکەکە بە قەدەر ئەو نازانێت، ماوەیەکى ترى دەوێت تا ئەویش گەورە دەبێت و شت فێر دەبێت.بەمە منداڵەکە شانازى بەخۆیەوە دەکات و ترسى کەم دەبێتەوە.
بەشى سێیەم
منداڵ لە تەمەنى باخچەى ساوایاندا
(6-3 ساڵان )
منداڵ لە تەمەنى باخچەى ساوایاندا (3- 6 ساڵان)
لە تەمەنى دوو ساڵ و نیو و سێ ساڵیدا منداڵ دەچێتە تەمەنێکەوە کە پێى دەوترێت تەمەنى (باخچەى ساوایان) و لە ماوەى سێ ساڵى داهاتوودا منداڵ بە گۆڕانێکى یەکجار گەورەدا دەڕوات کە قورسترین و ناخۆشترین ماوەیە لەهەموو ژیانى پێشکەوتنەدا، هەتا دوو ساڵ و دوو ساڵ و نیویش پەیوەندى لەگەڵ خێزانەکەیا پەیدا دەکات، ئیتر پێویستە منداڵ لێرەوە نەختێ لەو پەیوەندییەى کە بەخێزانەوە هەیەتى کەم بکاتەوە و لەجیاتى ئەوە پەیوەندى بە هاوڕێکانییەوە بکات لە باخچەى ساوایان ئەم کارە زۆر گرانەو هەروا بە ئاسانى مەیسەر نابێت، بەڵام بۆ پێشکەوتن و سەربەخۆیى و پێگەیشتنى منداڵ زۆر پێویستە.
ئەم قۆناغە پێى دەوترێ (ئوئیدیپال) لەبەرئەوەى منداڵ لەم قۆناغەدا، لەڕووى جنسییەوە، عاشقى دایک و باوکى دەبێت(کوڕ عاشقى دایک و کچ عاشقى باوکى دەبێت)لەدواى ئەم قۆناغە منداڵ واى لێدێ کە وەک کوڕ یان کچ لەخۆى ڕازى بێت و بەتەواوى لە جنسى خۆى بگات. لەم قۆناغەدا هەستى منداڵ پێشدەکەوێت و لەدواى ئەوەى کە هەر پەیوەندى بە باوک و دایکییەوە هەبووە، ئێستا پەیوەندى بەزۆر کەسانى ترەوە هەیە و بە چاوێکى جیاواز سەیرى خۆى و دەورووپشتى دەکات هەر لەم قۆناغەشدا منداڵ ویژدانى بۆ دروست دەبێت و شێوەى کۆتایى بۆ دروست دەبێت، فێرى ئەوە دەبێت کە بۆى هەیە چى بکات و چى نەکات. بە مانایەکى تر فێرى ڕاست و چەوت دەبێت. لەوانەیە لەم قۆناغەدا براو خوشکى تازەى بۆ پەیدا ببێت، ئیتر ئەمە ماناى ئەوەیە کە تێکۆشانێکى زۆرى لەبەردەمدایە بۆئەوەى شوێنى خۆى لەناو خێزاندا دیارى بکات. ماوەى ئەو سێ ساڵەى داهاتوو پڕە لە ڕوودانى گۆڕانکارى لە گەشەکردنى مێشک و هەست و جەستەى منداڵ، هەموو ئەمانەش پێویستن بۆئەوەى بتوانێ بەرەنگارى دنیاى دەرەوە ببێتەوە و بتوانێت لەگەڵ منداڵانى تردا لە قوتابخانە یارى بکات و پێش بکەوێت.
ژیانى کۆمەڵایەتى
ژیانى کۆمەڵایەتى منداڵى کوردەوارى زۆر هەنگاو لەپێش ژیانى کۆمەڵایەتى منداڵانى وڵاتانى ئەوروپایییەوەن و منداڵى کورد بەهۆى ئەو ژیانە دەوڵەمەندە کۆمەڵایەتیەى کە لە دەورووپشتییەتى دەتوانێت زۆر شت فێر ببێت بەبێ ئەوەى کە پێویستى بەوە بێت بچێت بۆ باخچەى ساوایان، هەروەها بەهۆى زۆرى ئەندامانى خێزانەوە منداڵ فێرى هەڵسوکەوت و کارى کۆمەکى دەبێت یاخود ناچار دەبێت وا بکات بۆئەوەى ئەندامانى کۆمەڵ قبووڵى بکەن و هەر لە منداڵیەوە فێرى ئەوە دەبێت کە ڕێزى ئەوانەى دەورووپشتى بگرێت. خۆ ئەگەر بێت و ئەم وزە گەورەیەى خێزان باشترو ڕاستر و بە شێوەیەکى زانیارى بەکاربهێنرێت ئەوا منداڵ هەزاران باخچەى ساوایانى بۆ دێتە ماڵەوە.
خەیاڵ و راستى
کاتێ منداڵ دەگاتە تەمەنى دوو ساڵ و نیو و سێ ساڵ، تواناى قسەکردن و کۆنتڕۆڵى بەسەرزماندا بە ئاشکرا دەردەکەوێت. لە تەمەنى سێ ساڵیدا منداڵ(چەنەبازێکى تەواوە) لەبەرئەوەى زۆرجار ئەوەى دەیڵێت زۆر ئاقڵانە دێتە بەرچاو، چونکە لەوانەیە بە هەڵە لە تواناى هەست و مێشکى منداڵ بگەین. هەنگاوێکى گرنگى ئەم قۆناغە ئەوەیە کە منداڵ زیاتر جیاوازى لە نێوانى خەیاڵ و ڕاستیدا دەکات، بەڵام ماوەیەکى ترى دەوێت کە بە تەواوەتى سنوورى ئەمەى بۆ دەربکەوێ و تا ئەو کاتەش ئاوات و ترس و خەیاڵى منداڵ هەر بە هەڵەدا دەچێت، هەرچەندە ئەم منداڵە شتێک دەزانێت لەبارەى دەورووبەرى و خەڵکى و شوێن و شتومەک دەناسێتەوەو دەزانێ چى بۆ هەیە بیکات و نەیکات، لەگەڵ ئەمەشدا ژیانى پڕە لە خەیاڵات و ئەندێشە.منداڵانى باخچەى ساوایان لە ژیان ڕادەکەن بەوەى بە خەیاڵ خۆیان لە شوێنێکى تردا ببیننەوە و بە خەیاڵ دەبن بە فریشتەیەک و بە سوارى ئەسپێکى سپییەوە لە شارى پەرییەکاندا دەگەڕێن، بووکێک یان یارییەکى تر لە باوەشیدا دەبێت بەڕاستى و زۆرجار دایکوباوک دەترسن کە منداڵەکەیان تووشى شتێک بووبێت.
منداڵێکى چوار ساڵان بڕواى وایە کە خەڵکى ناو تەلەفزیۆن ڕاستین و لەناو تەلەفزیۆنەکەدان و فلیمى کارتۆنى منداڵان ڕاستین و ئەو دەنگەى لە ڕادیۆکەوە دێت لە مرۆڤى ڕاستییەوە دێت، کە چۆتە ناو ڕادیۆکەوە و پرسیارى دەکات کە ئەمانە چۆن چوونەتە ناو ڕادیۆو تەلەفزیۆنەکەوه..
خەوێکى ناخۆش منداڵەکە دەترسێنێ و تا دواى خەبەربوونەوەش وا دەزانێ کە خەوەکە ماوە. کوڕ زۆرجار لەوە دەترسێ کە ببێت بە کچ و کچ دەترسێت ببێت بە کوڕ، منداڵ وا دەزانێ کە دایکى برا بچووکەکەى لە بازاڕ کڕیوە یان لە خەستەخانە قەرزى کردووە و وا دەزانێ کە دایکى کچى دەبێت و باوکى کوڕى دەبێت، مێشکى منداڵەکە لە نێوانى(3 – 6) ساڵیدا گەشە دەکات، بەڵام زۆر گرنگە بزانین منداڵەکە تا ئێستاش لە تێگەیشتن و خەیاڵاتیا سنووردارە و کارى وا نەدەین بە سەریدا کە لە توانایدا نەبێت، بەتایبەتى ئەمە زۆر گرنگە کاتێ کە منداڵ لەلاى کەسێکى تر بێت و نەزانێت تواناى چەندە و کارى قورس بدات بەسەریدا یاخود پرسیارى قورسى لێبکات.
منداڵ چەند دەزانێت و سنوورى زانینى چەندە؟
لەم تەمەنەدا تواناى دەربڕینى هەست و نەستى منداڵ بە ڕەمز بە تەواوەتى دەردەکەوێ، منداڵ دەست دەکات بە بەکارهێنانى نیشانە(وشەو وێنە) بۆئەوەى ڕووداوى ڕاستى بگێڕێتەوە. بە مانایەکى تر، منداڵ ڕووداوێک بە وێنەکێشان یان بە یارى دەردەبرێت. ئەمە تێگەیشتن و ئەو زانیارییانەى لە مێشکیدا کۆیکردوونەتەوە دەردەخات. بیرکردنەوەى منداڵ لەم تەمەنەدا زۆر نیشانەى واى تێدا دەردەکەوێت کە پیشانى دەدەن کە ناتوانێت بە تەواوى لە ڕاستى ئەو کارانە بگات کە لە دەورووپشتیدا ڕوودەدەن.
بیرکردنەوەى منداڵ لەم تەمەنەدا زۆر خۆپەرستانەیە و تەنها بیر لەخۆى دەکاتەوە ، هەر لە سووچى خۆیەوە دەبینێت و ناتوانێ و ئەوە تێناگات کە مرۆڤێکى تر لە سوچێکى ترەوە هەمان شت دەبینێت. ئەگەر داوا لە منداڵێکى تەمەن 4 – 5 ساڵانێک بکەیت کە باسى ئەوەت بۆ بکات لەلاى تۆوە دیارە لە خانوویەک یان ئاژەڵێک ئەوە باسى ئەوەت بۆ دەکات، کە لەخۆیەوە دیارە. منداڵێک کە باسى ڕووداوێک دەکات لەم تەمەنەدا بەلایەوە زۆر گرانە وا باسى بکات کە خەڵکى تێى بگات، منداڵ وا دەزانێ کە خەڵکى تریش(هەروەها ئاژەڵ و شتى مردووش) هەر هەمان هۆى هەیە بۆ کردەوەکانى وەکو منداڵەکە خۆى. سەگەکە دەوەڕێ، چونکە برسیەتى، پاسەکە خێرا دەڕوا، چونکە دەیەوێت بچێتەوە بۆ ماڵەوە بۆلاى دایکى.
منداڵى باخچەى ساوایان ناتوانێ بزانێ کە هەمان ئاو کە دەکرێتە پەرداغێکى شێوە لوولەیى بەرز بەقەدەر ئەو ئاوەیە کە لە پەرداخێکى پاندایە و هەر هەمان شت دەبینێت. منداڵ زۆر سەرى بەیەک خەسڵەتەوە قاڵە. ئەویش (بەرزییە). وا تێدەگات کە ئەم پەرداغە لوولەیییە بەرزە زیاترە ئاو دەگرێ لە پەرداغە نزمەکە لەکاتێکدا کە هەردوو پەرداغەکە بەقەدەر یەک ئاو دەگرن.
لەبەرئەوەى هەتاکو ئێستاش منداڵ لە(هۆ و ئەنجام) ناگات لەبەرئەوە ناتوانێ بەیەکیانەوە ببەستێ، دوو ڕووداوى جیاواز کە بەڕێکەوت بەیەکەوە ڕوویان دابێت لە مێشکى منداڵەکەدا یەک هۆى هەیە هەر یەکەیان لەوانەیە ببێت بەهۆى ئەوى تریان.
بۆ نموونە: دایکێک بۆ منداڵەکەى باسکرد کە لە پاش کاتژمێرێکى تر بەفر دەبارێت، (گوێى لە دەنگوباسى ئاوو هەوا بوو لە ڕادیۆدا) منداڵەکە لە پەنجەرەکەدا ڕاوەستاو چاوەڕوانى کرد تا بەفر بارى. منداڵەکە زۆر سەرى سووڕما لەوەى کە قسەکانى دایکى بوو بەهۆى بەفربارین، دایکى وتى: بەفر دەبارێ و بارى (ڕووداوێک بوو بەهۆى ڕووداوێکى تر).
نیشانەیەکى ترى ئەم تەمەنە ئەوەیە کە (ئاژەڵ و دارو درەخت و تەنانەت شتى مردووش) هەستى مرۆڤى دەدرێتى، پیاو نابێت گوڵ بکاتەوە، لەبەرئەوەى ئازارى پێدەگات) گوڵەکان خۆیان دادەپۆشن و پەلکەکان دەدەن بەسەر خۆیاندا، چونکە سەرمایانە، یاخود هیلاکن و دەیانەوێت بنوون، چۆلەکەکان دەخوێنن و بانگى دایکیان دەکەن مانگەکە لە پشت هەورەکەوە خۆى دەشارێتەوە، چونکە شەرم دەکات و زۆر شتى ترى لەم بابەتە.
بیرى منداڵ لە ڕاستییەوە بەرەو خەیاڵ دەچێت و دێتەوەو جارێکى تر دەڕواتەوەو دێتەوە، ئەمە هەمووى لە ساتێکى کورتدا، منداڵێک زۆر بەبەزەیییەوە، بووکە شووشەکەى هەڵدەگرێ و دەرمانى دەکات و برینەکەى بۆ دەپێچێ و دڵنەوایى دەکات، کەچى لە پڕێکا فڕێى دەدات و ڕادەکات بۆ یارییەکى تر. منداڵ لەم تەمەنەدا وادەزانێ کە هەرچى ڕوودەدات. بەهۆى هێزى مرۆڤەوەیە. ئەو هێزەى، کە دەیەوێت شتەکە لەبەرخاترى منداڵەکە ڕووبدات و بەس. کاتێک کە منداڵێک دەچێتە دارستانێکەوە لەوانەیە پرسیار بکات کە کێ ئەم هەموو گەڵایانەى بە دارەکانەوە هەڵواسیوە، پێش ئەوەى ئێمە بێین، یاخود کێ ئاسمانى ڕاگرتووە.
منداڵ ناتوانێ تێبگات کە زۆر واقعى جیاواز هەیە و خەو شتێکە و ڕاستى شتێکى تر. ئەو شێرەى لە خەویدا پەلامارى داوە یاخود نەڕاندوویەتى بەسەریدا، ئێستاش هەر لە ژوورەکەیدایە و داواى دەرکردنى دەکات، چونکە وا دەزانێ کە تۆش دەیبینى و وادەزانێ کە تۆ و گەورەکانى تریش دەزانن ئەو بیر لەچى دەکاتەوە. گەورەکان زۆر بەهێزن و دەتوانن هەموو شتێک بکەن. ئەمە زۆرجار وا لە منداڵ دەکات کە درۆ بکات یاخود حکایەتى خەیاڵاوى بگێڕێتەوە. منداڵ لەم قۆناغەدا هیچ لە بارەى(کاتەوە)نازانێ، ژیانى ڕابردووى خۆى لەبیر نەماوە و دواڕۆژ شتێکى خەیاڵاوییە و ماناى نییە، کاتێ کە منداڵ فێرى چەند وشەیەک دەبێت، کە پەیوەندى بە کاتەوە هەیە هیچ شتێک تێناگات و نازانێ ئەمانە چین. کات شتێکى بەیەکەوە بەستراوى دووروودرێژ نییە، کە بەشکرابێت و تێگەیشتنى تەواوى ئەمڕۆ و دوێنى و سبەینێ دەخایەنێى تا منداڵ دەست بە چوونە قوتابخانە دەکات. لەم تەمەنەدا منداڵ زۆر لەخۆى دەکات بۆئەوەى فێرى ڕۆژەکانى هەفتە و مانگ ببێت و لەوانەیە وەرزکانى ساڵیش بزانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت بزانێت کە کات چەندە و ماوەیەکى ترى دەوێت کە فێرى کاتژمێر ببێت.
منداڵ لەم تەمەنەدا زۆر بەزوویى شتى لەبیر دەچێتەوە ، بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەشدا باسى ڕووداوێکى کۆنت بۆ دەکات و لەوانەیە بە دووروودرێژى باسى خانوویەکت بۆ بکات کە پێشتر دیویەتى یان ناوى کەسێک کە ساڵى پێشووتر بینوویەتى، تا دەشتوانێ بەتەواوەتى باسى ڕوخسارى دەکات. ئەمە لەکاتێکدا کە ناتوانێت باسى هەموو ڕووداوەکان بەیەکەوە بکات. منداڵ زۆر لەخۆى دەکات بۆئەوەى لەوە تێبگات کە تۆش وەکو ئەو بچووک بوویت، چونکە بە شتێکى سەیرى دەزانێت کە تۆیش جارێ لەجاران بچووک بوویت و دایک و باوکت داوایان لێکردوویت بڕۆیت بنوویت و بە گوێت نەکردوون. بەلایەوە سەیرە کە ڕۆڵى مرۆڤ لە ژیاندا دەگۆڕێت و لە منداڵەوە دەبێت بە ژن و پیاو و گەورە دەبێت. بەلاى منداڵەوە کات شتێکى شاراوە و سەیرە کە جیاوازى تەمەنى تۆو ئەو هەروەکو یەک دەمێنێتەوە. کەواتە لەم قۆناغى پێشکەوتنەدا سەرت لە منداڵ سووڕنەمێنێ کە زۆرجار چەند زیرەکەو زۆرجاریش چەند سادەیه.
ترسى منداڵ
لە سێ ساڵیەوە منداڵ زیاتر گرنگى بە لەشى خۆى دەدات و جۆرێک پشکنین لە لەشى دەکات و ئێستا گرنگى بە(ئەندامى زاوزێ)ى دەدات. هەر لەبەرئەوەى خۆشە، دەست دەکات بە یاریکردن پێى، زۆر دایک و باوک ناڕەحەت دەبن کاتێک ئەم کارە سروشتى و ئاساییە لە منداڵەکەیان دەبینن، بەتایبەتى کاتێ کە خەڵکى تر چاوى لێبێت.لێرە بە دواوە ئەو گرنگییەى لەلایەن منداڵەوە بە لەش دەدرێت لەبەر ترسانى ونبوونى ئەم پارەچەیەیە لە لەش.
کچێک بەوەى کە هەوڵدەدات دەستى بووکە شووشەکەى لێبکاتەوە یان هەڵیبوەشێنێت و بزانێ چى لە ناوەکەى دایە، سەرسوڕمانى خۆى دەردەبڕێت. (کوڕیش ئەمە دەکات) منداڵ گرنگیەکى کوتوپڕ بەرانبەر ئەوەى چۆن لەش ئیش دەکات پیشان دەدات و دەست بە پرسیارکردن دەکات. پرسیارەکانى منداڵ لەم تەمەنەدا زیاتر لەبارەى ئەوەوەیە کە چۆن چاو ئیش دەکات. منداڵ لە کوێوە دێت، یاخود چى ڕووئەدات کاتێک کە ئەنداکێکى لەش ون بێت و زیاتر گرنگى بە ڕووشاندنى قاچ و دەستى برینداری بچووک بچووک دەدات و داوا دەکات دەرمان بکرێت و ببەسترێت، کە زۆرجار ئەم برینانە ئەوەندە هیچن کە بەدەست پیاهێنانێک چاک دەبنەوە. منداڵێک کە زۆر بە خۆشیەوە یەکەمجار دەچێت بۆ لاى سەرتاش، ئیتر لێرە بەدواوە دەترسێت و حەز ناکات بچێتەوە بۆلاى. قسەى نێوانى منداڵى ئەم تەمەنە بریتییە: لە هەڕەشە و سەربڕین و دەستبڕین و گوێ دەرهێنان و زمانبڕین.
ترسى کوڕ
لە سێ ساڵیدا منداڵ زۆر حەز بە یاریکردنى ئەندامى زاوزێى خۆى دەکات و بەشتێکى بەنرخى دەزانێت و دەیەوێت پیشانى بدات.( لەبەرئەوەیە کە زۆرجار منداڵ لە حەمامەکەوە ڕادەکاتە دەرەوە بۆ ناو خەڵکەکە) ئەم شانازییە و نرخ پێدانە پەیوەندى بەوەوە هەیە کە منداڵ دەیەوێت پیشانى بدات کە ئەویش وەکو باوکى وایە و دەیەوێت بەو بۆنەیەوە خۆى بە خەڵکى بناسێنێ. کوڕێک لەم تەمەنەدا زۆر شانازى بە گەورەییەوە دەکات، بە شانازییەوە باسى باوک و برا گەورەکەى و مامەکانى دەکات. کە چەند گەورەو چەند ئازان.
لەبەرئەوەى کە منداڵ لەم تەمەنەدا خۆپەرستە، وا دەزانێ کە هەموو کەسێک ئەندامى زاوزێى وەکو ئەمى هەیە، بۆیە زۆرجار لە بارەى جیاوازى کوڕو کچەوە نازانێت، بەڵام دواى ئەمە فێر دەبێت و ئیتر ئەو وێنەیەى کە لە خەیاڵیدا هەبووە، بە جارێ دەگۆڕێ و بۆى دەردەکەوێ کە ئەندامى زاوزێى کچ جیاوازە لەهى کوڕ. وتمان کە منداڵەکە(خۆپەرستە) لەبەرئەوە کوڕەکە واى لێک دەداتەوە کە کچەکەش هەمان ئەندامى هەبووە. بەڵام لێى سەندراوەتەوە یان لێى کەوتووە، بۆیە ترسى ئەوەى لێدەنیشێ کە ئەمیش لێى بسەنرێتەوە، ئەمەش بۆ منداڵى سێ ساڵان شتێکى تازەو سامناکەو دەیترسێنێ، لەوانەیە دەست بکات بە گەڕان بە دواى ئەندامى کچەکەدا، چونکە وا دەزانێ شاردویەتیەوە، بۆیە بۆئەوەى خۆى ڕازى بکات و لەم ترسە دوورکەوێتەوەو پیشانى بدات کە لەشى ئەم تەواوە و ئەندامەکەى ون نەکردووە، یارى پێدەکات و ڕای دەکێشێ و جارجار لە نێوانى ڕانەکانیدا دەیشارێتەوەو بەرى دەدات بۆئەوەى بیسەڵمێنێ کە ماوە، یاخود خۆى خەریک دەکات بەهەموو لەشى خۆیەوەو هەر کە شوێنێکى بریندار دەبێت یان دێشێ، تەنها ئەندامەکەى نەبێت کە ساغە، بۆیە هەر تاو نا تاوێ ڕادەکات و شوێنێکى بریندار بووە و دەیەوێت بۆى ببەسترێت و دڵنەوایى بکرێت یاخود بڕیار دەدات کە کچان ترسناکن و دەبێت لێیان دوورکەوێتەوەو وا دەزانێت گەر کچێک دەستى بەر دەستى بکەوێت، ئەوا ئەندامەکەى ئەمیش ون دەبێت، لەبەرئەوە سەرت سووڕنەمێنێت کە سێ چوار ساڵانێک بەهیچ جۆرێک نایەوێت لەلاى کچێکەوە دانیشێ یان دەستى لێبدات یان ماچى بکات. ئەمانە هەمووى قەدەغەیە و نابێت ڕووبدەن. هەر ئەم منداڵە چوار ساڵانە هەوڵدەدات، کە ئەم ترسە لەسەر خۆى لابدات و تێکۆشانێکى هەمیشەیى دەکات بۆئەوەى ئەندامەکەى بپارێزێ، بەڵام ئەمە چەند ساڵێکى زۆر دەخایەنێت و منداڵ بە جارێ هەراسان دەکات و ئازارى دەدات.
ترسى کچ
کچ لەم تەمەنەدا هیچ جیاوازییەک لەنێوانى خۆى و کوڕێکدا نابینێت، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەوان قژیان کورتترە و جلەکانیان جیاوازە. کاتێ لە کچێکى منداڵى سێ ساڵان پرسیار کرا، کە ئایا ئەو منداڵەى لەولایەوە یارى دەکات کوڕە یان کچ، لەوەڵامدا وتى: نازانم چونکە جلى لەبەردا نییە. لە تەمەنى سێ چوار ساڵیدا ئەم کچە بۆى دەردەکەوێت کە لەشى کوڕ جیاوازە لە لەشى کچ و دەبێت بەهۆى ترسى کچەکە کە لەوانەیە ئەم خۆى بریندار کردبێت، یان ئەم پارچەیەیان لە لەشى کردبێتەوەو بیرى بۆ ئەوە دەچێت کە ڕۆژێ لەڕۆژان ئەمیش ئەم پارچەیەى هەبووە و ئێستا ونبووە. ئەمە دەبێت بەهۆى ترسى کچەکە لەوەى کە پارچەى ترى لەشى لەناوبچێت یان لێى ببێتەوە و دەیەوێت ئەمیش ئەم ئەندامەى هەبێت و دەست دەکات بە گەڕان بەدوایدا و دەبێت بە پزیشکێکى چاک بۆ عەمەلیاتکردنى بووکەکەى. بۆئەوەى جارێکى ئەم ترسە نەکات، ئەوا بیر لەوە ئەکاتەوە کە دایکیشى نییەتى و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمیش وەکو دایکى لێ دێ. بەهەرحاڵ، تەنگوچەڵەمەى ئەمیش لە کوڕ کەمتر نییە و دەبێت زۆر ژیرانە هەڵسوکەوتى لەگەڵدا بکرێت.
کوڕ و کچ حەز ئەکەن لەیەک بچن
زۆرجار دەبینین کە کوڕ حەز دەکات مەمکى هەبێت، یاخود کچ حەز دەکات جلى کوڕانە لەبەربکات و یارى بە ئۆتۆمبێل بکات. زۆر گرنگە لەوە بگەین کە ئەم کوڕە سێ چوار ساڵانەیە حەسودى بە کچ دەبات و حەز دەکات ئەمیش منداڵى ببێت، وەکو دایکى ئەم خواستانەى منداڵ لەزۆر کۆمەڵدا بەرەنگارى دەکرێت و ڕێنادرێت بەکوڕ شتى کچانە بکات. بەڵام بە ئاسانى ئەوە پەسەند دەکرێت کە کچێک یارى بە ئۆتۆمبێل بکات.دەبێت ئەوە بزانین کە زۆر ئاساییە کاتێک کوڕ دەیەوێت ببێت بە کچ و تاقى بکاتەوە، کچیش هەروەها، ئەم کردەوانە کاتییە و بەسەر دەچێت و منداڵ خۆى لەبیرى دەچێتەوە. ئەگەر وازى لێبهێنرێت بە دەورى سروشتى خۆیدا بڕوات و شتەکە زۆر گرنگ نەکرێت لێى، چونکە بە بینینى ئەم دەورە منداڵ دەتوانێت زیاتر لە ڕۆڵى خۆى بگات، وەک پیاو یان ژن و کار ناکاتە سەر کەسایەتى منداڵەکە لەدواڕۆژ و ڕۆڵى خۆى بە باشى دەبینێ ئەوەى کە گرنگە ئەوانەن کە لە دەورووپشتى منداڵەکەن و منداڵ خۆیان پێ دەپێوێت.
قۆناغى ئۆئیدیپال
لەسەرگوزشتەى یۆنانى کۆندا وا هاتووە، کە پاشایەک هەبووە بە ناوى(ئوئیدۆپۆس) لە شارى ( تى بى) باوکى خۆى کوشتووە و پاشان دایکى مارە کردۆتەوە. لە زانستى شیکردنەوەى دەروونییدا ئەم هەستى دوژمنایەتییەى کوڕ بەرامبەر بە باوک، پێى دەوترێ ئۆئیدیپال. سێ ساڵى یەکەمى منداڵ بریتییە: لە دروستبوونى پەیوەندى بەهێز لەگەڵ دایکیدا و هەر لەم قۆناغەدا گۆڕانێکى گەورە ڕوودەدات، ئەویش گرنگیدانى منداڵە بە دەورووپشتى کە دایک و باوکیش دەگرێتەوە. ئەم پەیوەندییە سێکۆچکەیییە زۆر بەئاسانى دەبینرێ و زۆر دایک و باوک دەزانن کە منداڵەکەیان هەستى بەهێزى خۆشەویستى بەرانبەر هەردووکیان هەیە.( بەڵام لەم قۆناغەدا منداڵ دەیەوێت خۆشەویستى ئەو دایکە یان باوکەکە داگیربکات کە لەخۆى ناچێت)، بە ماناى ئەوەى کچ بەرەو باوک و کوڕ بەرەو ڕووى خۆشەویستى دایک دەبێتەوە. بەمە دوژمنایەتى دروست دەبێت لەگەڵ ئەو لایەى کە لە منداڵەکە دەچێت، دوژمنایەتى کوڕ لەگەڵ باوک و دوژمنایەتى کچ لەگەڵ دایک، دەست پێدەکات ئەمە گیروگرفتێکى زۆر دەخاتە نێو دەروونى منداڵەکەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستى ئەوى تریانى هەر ماوەو دەکەوێتە بارێکى زۆر ناڕەحەتەوە، ئەم ناڕەحەتییە دەبێت بەشێوەیەک چارەسەر بکرێت، لەبەرئەوەى هەر منداڵەى بە جۆرێک ئەم بارودۆخەى بەسەردا تێپەڕدەبێت، بۆیە چارەسەریش لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر دەگۆڕێت و کارێکى گەورەش دەکاتە سەر پاشەڕۆژى منداڵەکە. لەبەراوردکردنى ئەم هەموو هەستانە و بەیارمەتى و کۆمەککردنى دایک و باوکەکە، منداڵەکە دەتوانێت بەم قۆناغى پێشکەوتنەدا سەربکەوێت و بەو گۆڕانانەدا تێپەڕێت کە لەڕووى هەست و نەست و خۆشەویستییەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و بناغەى مرۆڤێکى سەربەست و ئازاد دابنێ.
خۆشەویستى ئۆئیدیپالى کچ
لە تەمەنى سێ ساڵى و بەرەو ژوور، کچ ڕووى خۆى بەرەو لاى باوک وەردەگێڕێ، کاتێک کەبۆى دەردەکەوێت کە ئەم وەکو براکەى(ئەندامى پیاوانەى هەیە). جا ئیتر خەتاى ئەم جیاوازییە دەخاتە ئەستۆى دایکى و بۆئەوەى ئەم جیاوازییە و ئەو بۆشاییە دەروونییەى نێو خۆى پڕ بکاتەوە، خۆى لە باوک نزیک دەخاتەوە. (پەیوەندى ئافرەت لە دواڕۆژدا لەگەڵ پیاو دەگەرێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییەى نێوانى کچ و باوک و چۆنیەتى ڕەفتارکردنى باوک بەرانبەر بەم خۆشەویستییەى کچ). بەشێوەیەکى گشتى بۆ باوک ئاسانترە کە نەرمونیانى پیشانى کچەکەى بدات وەک لە کوڕەکەى، لەم قۆناغەدا کچەکە باوکى هەر بۆ خۆى دەوێت و هیواى وایە کە باوکەکە هەر گرینگى بەو بدات و بەبێ سنوور بیر لە پیلاندانان دەکاتەوە کە خۆى زیاتر لەو نزیک بخاتەوە. دەبینیت کچەکە پرسیار دەکات:(دایە کەى دەڕۆیت بۆئەوەى من خزمەتى بابە بکەم!) هەر لەوانەیە پرسیار بکات، (کەى دایکى دەمرێت و ئەم شوێنى دەگرێتەوە).
منداڵەکەت کاتێ قسەى وا دەکات چى دەوێت؟
بە کورتییەکەى دەیەوێت هەمان خۆشەویستى دەست بکەوێت، کە دایکى هەیەتى و دەیەوێت باوکەکە تەنها بۆخۆى بێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا دایکى یەکەم کەس بووە، کە ڕاستەوخۆ بەخێویکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە دوژمنایەتییەک دەکات لەگەڵیدا. لە ساڵانى داهاتوودا منداڵەکە تێدەگات کە ناتوانێ بە تەواوى باوکى بۆ خۆى بێت و باوکیش هەرگیز ئەم خواستەى ئەوى بە ڕاست نەزانیوەو جێگاى دایک و باوک و منداڵ لە خێزاندا جیاوازە و بۆئەوەى ئیتر زیاتر دایکى تووڕە نەکات و زیاتر لە دایکى دوور نەکەوێتەوە بڕیارى ئەوە دەدات کە ناتوانێت لە دایکى بچێت و وەکو دایکى بکات، چونکە ئەمیش ڕۆژێک لەڕۆژان وەکو دایکى دەبێت بە ژنێکى گەورە و شوو دەکات. ئەم پەیوەندییە لە پڕێکا تەواو نابێت، بەڵکو تا تەمەنى گەنجێتى و ڕەنگە زۆرجاریش تا تەمەنى ژنێتیش ئەم ئاواتانە هەر بەردەوام بن و جارجار ون بن و جارجار بگەڕێنەوە. لەگەڵ خەستبوونەوەو زیاتر تێگەیشتنیشدا لەو پەیوەندییە، کەچى کچ زۆرجار هەر دەیەوێت بە (کچە بچکۆلەکەى بابە!) ناویبرێت، زۆربەى کچان زۆر دوورتریش دەڕۆن، زۆر خەیاڵى جیاوازیان هەیە کە لەگەڵ باوکیان یەک ناگرێتەوە، کەچى زۆرجار خۆى بە باڵاى باوکى دەپێوێت و دەیەوێت لەزۆر ڕووەوە لەو بچێت: ( باوکم کچێکى خۆش دەوێت کە بە دەنگى نزم قسە بکات).( وا مەکە چونکە باوکم پێى خۆش نییە).(باوکم حەز دەکات ببم بە دکتۆر) هەر ئەمەش واى لێدەکات خۆى لەهەندێ ڕەفتار دووربخاتەوەو هەندێکى تر بکات بە پیشە و خوى خۆى. کچ زۆر ڕێگا دەگرێتەبەر، بۆئەوەى بەسەر ئەم هەستانەدا سەرکەوێت و بڕیارى خۆى دەدات کە لەدواڕۆژدا شوو دەکات بە پیاوێک و منداڵى دەبێت و ئەمە لە دایکى دەچێت، یاخود بڕیار دەدات کە شوو نەکات و وەک باوکى دەست بەکار بکات و زۆر ڕێگاى جیاوازى تر. لەکاتێکى وا ناسکدا لەوانەیە، کە بارەکە زیاتر ئاڵۆزى بۆ ئەم کچە بە لەدایکبوونى برایەکى بچکۆلە، کە هەموو لایەک گرنگى پێدەدەن و بەجارێ ئەم کچە لەبیر دەچێتەوەو خۆى بە کەم دەزانێ و حەسوودى بە منداڵەکە دەبات و خۆى لە پەیوەندى کۆمەڵایەتى دوور دەخاتەوەو ئیتر بەجارێ لە کۆمەڵ دادەپچڕێت و تووشى نەخۆشى دەروونى دەبێت، کە لەوانەیە بە درێژایى ژیانى لەگەڵیدا بمێنێتەوە.
هەندێ ژن هەرگیز گەورە نابن و لەم هەستە ڕزگاریان نابێت، کچى وا هەیە کە هەرچەند تەواو گەورە بووە ، بەڵام هەر پێویستى بە باوکێک هەیە بۆخۆى کچى وا حەز دەکات کە وەکو ژن ڕەفتارى لەگەڵ بکرێت، بەڵام لە پەیوەندى(جنس)ى دەترسێ و ناتوانێ مامەڵەى لەگەڵ بکات. زۆر ڕێگا هەیە بۆ چارەسەرکردنى ئەم تەنگوچەڵەمانە، کە بریتییە: لە چارەسەرکردنى هەست و دەروونى کچ بەرامبەر دایکى و نەهێشتنى دژایەتى نێوانیان لەسەر خۆشەویستى باوک، هەر منداڵەى بە ڕێگاى خۆى چارە دەکات.
خۆشەویستى ئۆئیدیپالى کوڕ
لە تەمەنى سێ ساڵیدا کوڕ دەیەوێت دایک بۆ خۆى بێت و دوژمنایەتى باوکى دەکات، حەز بە هاوڕێیەتى دایکى دەکات و دەیەوێت کە لە باوکى ئازاتر و بەهێزتر بێت و هەرچى باوکى هەیەتى ئەمیش هەیبێت، ئەم منداڵە ئێستاش باوکى خۆش دەوێت، بەڵام حەز دەکات کە باوکى بڕوات و لەبەرچاو ونبێت. کاتێک منداڵێکى پێنج ساڵان بینى کە ئۆتۆمبێلى خۆڵەکە بەبەر دەرگاکەدا ڕۆیشت لە دایکى پرسى چى بکەین ئەگەر باوکم کەوتە ناوى؟ کاتێ باوک لە کار دێتەوە منداڵەکە باوەشى پێدا دەکات و لەهەمانکاتدا دەشیەوێت زۆرانێى لەگەڵدا بگرێت، هەستى منداڵەکە هەستێکى تێکەڵاوە و لە بارێکى ناخۆشیدایە، چونکە ئەم سێ چوار ساڵانەیە بەشێوەیەکى خەیاڵاوى دەژى و زۆرجار لەڕاستییەوە دوور دەکەوێتەوە. ئەم منداڵە وا دەزانێت کە دایک و باوکى هەموو شتێک دەزانن، تەنانەت ئەم شتانەیش کە ئەو بیریان لێدەکاتەوە، هەرچەندە منداڵەکە دەیەوێت باوکى ون بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت تەحەمولى بوونى ئەو پیاوە بە دەسەڵاتەش بکات و دەگاتە ئەو ئەنجامەى کە باوکى دەزانێت ئەم بیر لەچى دەکاتەوەو خراپتریش لەوە ئەوەیە کە منداڵەکە کاتێک سەرپشک دەبێت لەوەى باوکى پێى زانى، لێى زویر دەبێت و سزاى دەدات.
ئەم سزایەش لەم کاتەدا ئەوەیە کە ئەندامى زاوزێى لەناو دەچێت بۆچى؟
یەکەم: لەبەرئەوەى لەم نزیکانەدا بۆى دەرکەوتووە، کە ژن ئەم ئەندامەیان نییە، بەپێى ئەو بیرە سادەیەى منداڵ ئەمە نیشانەیەکە بۆئەوەى کە پیاو لەوانەیە ئەم ئەندامەى لە کیس بچێت.
دووەم: لەبەرئەوەى ئەم ئەندامە سەرچاوەى خۆشى و هەوەسێتى و ئەم منداڵە حەز دەکات یارى پێ بکات، بۆیە ترسى منداڵەکە لەوەیە کە باوکى تووڕە ببێت و ئەم ئەندامەى لێ بسێنێتەوە.
ئەم تەمەنە تەمەنێکى پڕ لە تەنگوچەڵەمەیە و منداڵ نیشانەى ئەم تەنگوچەڵەمانەى پێوە دیارە کە لەهەمانکاتدا نیشانەى پێشکەوتنە منداڵێکى 6 ساڵان زۆرجار خۆى لە کچ دەپارێزێ، هەتا زۆرجار نایەوێت دەستى بەر دەستى بکەوێت، بەتایبەتى کاتێ کە مامۆستا دەڵێت دەستى یەکترى بگرن و بازنەیەک دروست بکەن. لەهەمانکاتدا زۆر گرنگى بەو نیشانانە دەدات کە بە پیاوانە دەژمێردرێن وەکو وەرزش، سەربازى و پۆلیسى و ئاگرکوژێنەوە. لەم تەمەنەدا بۆى دەردەکەوێت کە بۆى ناکرێ، لەسەر خۆشەویستیى دایکى پێشبڕکێ لەگەڵ باوکیدا بکات. هەرچەندە ئەم زۆر حەز بە خۆشەویستى دایکى دەکات و چەند دایکیشى ئەمى خۆش دەوێت، بەڵام دایکى ئەم خۆشەویستییەى بەڕاستى نەگرتووە. هەروەکو کە کچ دەیەوێت لاسایى دایکى بکاتەوە، بۆئەوەى بەسەر ئەو تەنگوچەڵەمانەدا سەر بکەوێت، ڕۆلى پیاو دەبینێت و هیوادارە کە ڕۆژێ لەڕۆژان وەکو باوکى لێبێت و ژن بهێنێت.
لەم قۆناغى پێشکەوتنى هەست و نەست و دەروونییەدا منداڵ شتى بەنرخ بۆ خۆى دەکات بەیاسا، (جوان نییە قسەى ناشرین بکەیت) (منداڵ ویژدانێک بۆ خۆى دروست دەکات) ئەم ویژدانە نەگەییوە و زۆرى دەوێت بۆئەوەى پێبگات. یەکێک لەو یاسایانەى شەش ساڵییەک ئەوەیە کە بەهیچ جۆرێک نابێت پەیوەندى خۆشەویستى لەگەڵیدا هەبێت، زۆرجار ئەوەندە دوور دەڕوات کە نابێت بەهیچ جۆرێک حەز لە کچ بکات و پەیوەندى لەگەڵ کچدا هەبێت و ناویان ببات. ئەم بارودۆخە گرانەى کوڕ ئاسانتر دەبێت بەهۆى پەیوەندییکردن بە پیاوانى دەورووپشتییەوە وەکو مامۆستا و خزم و خەڵکى تر. هەروەکو چۆن کچ بۆ چارەسەرکردنى ئەم تەنگوچەڵەمانە زۆر شێوەى جیاوازى هەیە، کوڕیش هەروەها.
باوکێک کە دەتوانێت تەحەمولى ئەم کردەوانەى منداڵەکەى بکات و بەزۆرى زۆردارى منداڵەکە لەم کردەوانە دوور بخاتەوە یان زۆر بەکاربهێنێت و گاڵتە بە منداڵەکەى بکات یان هەڕەشەى لێبکات. (لاچۆ تۆ عەیب ناکەیت هەر لەلاى ئێمە دانیشتووى، بچۆ بۆلاى منداڵەکان.(ئەگەر وازم لێ نەهێنێ ئیتر باوکى تۆ نابم.) ئەمە دەبێت بەهۆى دواکەوتنى منداڵەکە و واى لێدێ کە ببێت بە مرۆڤێکى ترسنۆک و لاواز و شەرمن کە ناتوانآ بەرەنگارى کەس بێـتەوە و وەک مرۆڤێکى تەواو دانیشێ قسە لەگەڵ خەڵکیدا بکات. ئەم جۆرە منداڵە منداڵێکى پاسیڤ دەردەچێت و ناتوانێ بوونى خۆى بسەڵمێنێت .
هەندێ کەس لەوانەیە لەم ڕۆڵەدا نەیەنە دەرەوە و زۆر پیاو هەیە کە تا ئێستاش هەر شەش ساڵانن و پێویستە بە چاوى سووک سەیرى ژن بکەن و دەترسن لەو ترسەى ژن هەیەتى لەسەریان بەهۆى ئەو میراتە دەروونییەى کە هەر لە منداڵییەوە بۆیان ماوەتەوە، خۆیان لە هەر شتێک بۆنى ژنى لێوە بێت دووردەخەنەوە و ڕوو دەکەنە ئەو یارییانەى کە نیشانەى پیاوەتییان پێوەیە، وەک: فۆتبۆڵێن و یارى ئاسن و ڕقیان لە شتى ژنانە دەبێتەوە، وەک مۆسیقا و شانۆ و ... هتد. لەبەرئەوەى کە منداڵەکە دەترسێ لەوەى کە ئەندامى زاوزێى زیانى پێبگات، لەبەرئەوە ئەم تەمەنە تەمەنێکى پڕ لە ئازارو ناخۆشییەوە و وا لە منداڵەکە دەکات بە توندى بەرهەڵستێ ئەم هەستانەى خۆى ببێتەوە، ئەم گۆڕانە وا لە منداڵەکە دەکەن کە خۆشەویستییەکەى بەرانبەر دایکى هەیەتى، ببڕێتەوە و زۆر ناخایەنێ، هەر لەبەرئەمەشە کە بە دەگمەن دەبینین کە پیاوێک ژنێک بهێنێ کە لەخۆى بەتەمەنتر بێت.
لە قۆناغى ئۆئیدیپاڵدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵدا دەکەین؟
لەم قۆناغەدا منداڵ بە زۆر جۆرى جیاواز خەیاڵى خۆى دەردەبڕێ. سەرت سووڕ نەمێنێ کە منداڵەکەت بڕیارى وا سەیر دەدات کە تۆ پێکەنینت پێى دێت، کچەکەت لە پڕێک بڕیارى داوە خۆى ماڵەکە بەڕێوەبەرێت و داوا لە دایکى دەکات کە بڕوات بۆ شوێنێکى تر و لەبەرچاو ونبێت.
کوڕەکەت بڕیارى داوە ئیتر پێویستى بە باوکى نییە و زۆرجار هەر بە ئاشکرا دەچێت بەگژ باوکیدا و زۆرانى لەگەڵ دەگرێت و هەوڵدەدات کە بیدا بە زەویدا، لەبیرت نەچێت، کە کوڕەکەت لە تێکۆشانێکى سەخت دایە لەنێوانى دوو هەستدا، یەکەم خۆشەویستى باوکەکە و دووەم دوژمنایەتى و بەربەرەکانى کردنى، هەروەها کچەکەشت لە خۆشەویستى دایکەکە و دوژمنایەتى و بەربەرەکانیکردنیدا. منداڵەکەت لەگەڵ ئەم دایکە یان باوکەدا پێشبڕکێ دەکات و دەیەوێت بەسەریدا سەرکەوێت و لەهەمانکاتدا دەیەوێت خۆشەویستى ئەوى تریانى دەست بکەوێت و منداڵەکە باش دەزانێت کە خۆشەویستى هەردووکیان پێویستە لەهەمانکاتدا. لەم قۆناغەدا پێویستى سەرشانى دایک و باوک ئەوەیە کە نموونەیەکى ڕاست و پڕ خۆشەویستى بن بۆ منداڵەکە، جێگاى متمانەو ڕێزى منداڵەکە بن، هەوڵ نەدەن کە گاڵتەى پآ بکەن ، کاتێ کە پێشنیازەکانى دەکات و هەروەها گرنگییەکى زۆریش نەدەن بە پێشنیاز و خەیاڵەکانى. باشتر وایە بۆى ڕوون بکەنەوە کە تۆى(دایک) ئەوت خۆش دەوێت، ئەویش ڕۆژێک لەڕۆژان گەورە دەبێت و ژنێک دێنێ لە تەمەنى خۆیدا. هەروەها باوکەکە تووڕە نەبێت بەوەى کوڕەکەى ئەیەوێت زۆرانێى لەگەڵدا بگرێت و بیدات بە زەویدا و جارى واش هەیە، شەقیش دەهاوێژێَت و خراپتریش دەکات، باشتر وایە کە بۆى ڕوون بکەیتەوە کە ڕۆژێ لەڕۆژان ئەویش گەورە و بەهێز دەبێت و لەوانەیە لە باوکى بەهێزتریش بێت و زۆرانێش لەگەڵ منداڵەکەیدا بگرێت، بەڵام وریای ئەوە بە، کە هەموو جارێک منداڵەکەت نەدەیت بە زەویدا، چونکە وا لە منداڵەکە دەکات کە بڕواى بەخۆى نەمێنێ و وابزانێ کە هەرگیز ئەم ناتوانێ وەکو تۆ گەورەو بەهێز ببێت.
لەم تەمەنەدا پێویستە وەکو نموونەیەکى گەورە بۆ منداڵ بسەڵمێنرێت کە ئەویش پێویستە ببێت بە پیاو، ڕۆژێ لەڕۆژان ئەو پەیوەندییە بەهێزەى هەیە لە نێوانیاندا دەپچڕێ.(دایک و باوک یەکەم خۆشەویستى ڕاستەقینەى منداڵن و چۆن ئەم قۆناغە بەسەر دەبەن پێکەوە، ئەوا کار دەکاتە سەر هەموو پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى منداڵەکە لەدواڕۆژدا )
ویژدانى منداڵ
لەم تەمەنەدا گۆڕانى گەورە لە مێشکى منداڵدا ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆى گۆڕینى پەیوەندى بە دایک و باوکەوە و بە چاوێکى تر سەیرى ژیان و تواناى خۆى دەکات. یەکێک لەم گۆڕانانە ئەوەیە کە منداڵ زیاتر لە دایک و باوک دەچێت لەبارەى ئەوەى کە ئەوان چیان پێ خۆشە و چییان پێ ناخۆشە، ئەمیش هەروەکو ئەوان وایە و حەزدەکات کە لەوان بچێت و لاساییان دەکاتەوە. بەمە بناغەى ویژدا بۆ منداڵ دروست دەبێت، لەم تەمەنەدا منداڵ پەیوەندى ڕەوشتى دایک و باوک بەهى خۆى بەراورد دەکات و هەوڵدەدات کە پێشى بخات، ئەو شتانەى (شتى باش) کە بۆى هەیە بیانکات و ئەو شتانەى بۆى نییە(شتى خراپ) بیانکات دەکات بە دەستوورى خۆى و لەسەریان دەڕوات. لەبەرئەوەى کە ئێستا ویژدانى منداڵەکە پێشکەوتووە، لەبەرئەوەى ئێستا یاسایەکى هەیە. گەر هەست و بیر کردەوەکان دژى ئەم یاسایە بن، بەتوندى دژیان دەوەستێتەوە، ئێستا منداڵ هەست بە خەتا دەکات. لە تەمەنى 6 ساڵیدا، ویژدانى منداڵ زۆر توندو تیژە زۆر بەتوندى دەست بەو دەستوورەوە دەگرێت کە بۆخۆى دروستکردووە و هیچ ڕێگاى گفتوگۆ نادات، ئەمە بۆ منداڵێکى 6 ساڵان شتێکى ئاساییە و پێویست ناکات خۆت دڵگیر بکەیت یاخود زۆرى لێ بکەیت کە وازیان لێبهێنێ، بەڵام ئەگەر منداڵ بەردەوام بوو لە توندوتیژى و دەستگرتن بەم یاسایانەوە و هەر کارێک کە کردى و سەرنەکەت خەتاکەى دەگەڕێنێتەوە بۆ خۆى، ئەوە نیشانەیەکى باش نییە و منداڵەکە ناتوانێ لە دواڕۆژدا بەشێوەیەکى چالاک بەشدارى ژیانى کۆمەڵایەتى بکات.
دایک و باوک لەتەمەنى چوونە قوتابخانەدا هەست بەم ویژدانە توندوتیژە دەکەن. کاتێک کە منداڵەکەیان نایەوێت لەگەڵ قوتابیانى تر بەشدارى یارى و ژیانى قوتابخانە بکات، لەبەرئەوەى کە زۆرجار هەڵە ڕوودەدات و هەڵەکەش گوناهى ئەمە.
وەکو دایک و باوک دەبێت ئاگادارى ئەوە بیین کە ئایا منداڵەکەمان زیاد لە پێویست دەست بە یاساکانییەوە دەگرێت یان نا، زۆرجار دەبینین کە منداڵ ڕۆژى چەند جارێک خۆى دەشوات، یاخود هەموو شەوێک جلەکانى بە جۆرێکى تایبەتى ڕێکدەخات و زۆر کارى تر کە دووبارە دەبێتەوە و بەبێ ئەوەى کە منداڵەکە بەقەدەر موویەک لێى لابدات.
ویژدانى منداڵ وردە وردە پێشدەکەوێت و منداڵ حەز دەکات کە شتى تازە فێر ببێت، و لە ژیاندا نموونەى وا دەبینێت کە جیاوازە لەوەى کە لە مێشکى خۆیدا دروستى کردوون، و بەوەى کە بەراوردى دەورووپشتى خۆى بکات لەگەڵ یەکتریدا ئیتر دەستوور و ویژدانى منداڵیش دەگۆڕێ بەم پێیە و بۆى دەردەکەوێت کە زۆر ڕێگا هەیە بۆ بەشداربوون لە ژیانى ڕۆژانەدا لە دەربڕینى هەست و خواستەکانى.
هەندێ لە تەنگوچەڵەمەکانى ئەم قۆناغە
ترساندنى منداڵ بەخێو و دێو و درنج
لەم قۆناغەدا منداڵ لە زۆر شت دەترسێ، خێو ، دێو ، جنۆکە ، دز ، سەگ ، پڵنگ، شێر ، مێشوولە و شەو لەبان و هتد... .
ئەگەر لەبیرمان بێت کە منداڵێک لە هەستێکى دوو جەمسەریدا (خۆشەویستى و ڕق) دا بەرامبەر باوکى بژى، ئەوا حەز دەکات باوکى نەمێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا حەز دەکات وەکو ئەو بێت و دەترسێ لەوەى کە باوکى پێى بزانێت کە ئەم چۆن بیر دەکاتەوە، چى دەکات؟ ئایا منداڵێک لە دەست ئەم هەموو هەست و بیرە بەهێزانەدا چۆن بتوانێت خۆى ڕزگار بکات و سەربکەوێت؟
بۆ منداڵێک زۆر گرانە لەگەڵ یەکێکدا بژى کە زۆر لێى دەترسێ (باوکى) ئەگەر ئەم دوژمنایەتییە بخاتە سەر کەسێکى تر یان شتێکى تر ئەوا ئیتر پێویستى بەوە نییە خۆى لەدەست باوکى ڕزگار بکات.
منداڵەکە لە پڕێکا دەترسێ کە سەگێک گازى لێدەگرێت یاخود دێوێکى گەورە دێت و دەیبات، یاخود ناتوانێ بنوێ، چونکە ژوورەکەى خێوى لێیە، بەبێ ئەوەى منداڵەکە بەخۆى بزانێ تۆڵەکردنەوەو ترسى باوکەکە دراوە بەیەکێکى تر کە ئەم منداڵە بە ئاسانى دەتوانێت خۆى لێ بپارێزێ، ئەو ناتوانێ خۆى بپارێزێ لە باوکەکە، بەڵام بەئاسانى دەتوانێت خۆى بپارێزێ لە سەگى دراوسێیەکەیان و بەوێدا نەڕوات، یاخود زۆر لە دایکى بکات کە تا خەوى لێدەکەوێ لایەوە بێت و لەخێوەکە ڕزگارى دەبێت، جا بەمە کە ئەم منداڵە دەتوانێت خۆى لەمانە دوورخاتەوە کە لە جیاتى باوکین ئەوا ژیان ئاسانتر دەبێت بۆى.
خەوى ناخۆش و ترسى ئەم تەمەنە بریتییە لە هەوڵدان بۆ ئەوەى خۆى ڕزگار بکات لەم هەموو و هەستە دوو جەمسەرانە. ترسێک ون دەبێت و ترسێکى تر سەرهەڵدەدا، سەغڵەت مەبە بەوەى منداڵەکەت هەندێجار زۆر زیاد لە پێویست لە شتێک دەترسێ، پێى بڵێیت کە دەبێت دەستى لێ بدات، چونکە ئەمە ڕاست نییەو دەبێت بەهۆى بەهێزکردنى هەستى منداڵەکە، ئەمجۆرە ترسانە کاتییە و لە قۆناغى داهاتوودا بەسەر دەچێت و لەبیر دەچێتەوەو نامێنێ. با وادابنێین ڕۆژێ لەڕۆژان منداڵەکەت تووشى سەگێک یان پشیلەیەک بوو و دەستى کرد بە زریکاندن و ترسى لێ نیشت. ئایا چى دەکەیت؟
لەکاتى وادا پێویست بە سەر لەخۆ شێواندان ناکات و بەبێ ئەوەى کە هیچ شڵەژانێک پیشان بدەیت و ڕابکەیت بۆ پێشەوە بۆ ڕزگارکردنى منداڵەکە و دەستى بگرێت و ڕایکێشیتە دواوە، کە ئەمە ئەوەندەى تر ترسەکەى زیاد دەکات، بەڵکو دەبێت لەسەرخۆ و بە ئەسپایى بچێتە پێشەوە بۆلاى منداڵەکە و بیگریتە باوەش و دڵنەوایى بکەیت و پێى بڵێیت کە هەقى بوو کە ترسا و نابێت هەوڵبدەیت کە بۆى بسەڵمێنیت کە ئەمە ترسناک نییە و نابێت زۆرى لێ بکەیت کە بچێت دەست لە سەگەکە بدات و کاتێ گەیشتیتە لاى منداڵەکە دەبێت زۆر لەسەرخۆ لەو شوێنە لاچیت و بۆى باس بکەیت کە ئیتر پێویست بەوە ناکات بترسێت و سەگەکە زۆر ترسناک نییە و نایەوێت گاز لەم بگرێت و خۆشى لە ترساندا دەوەڕێت.
هەروەها بۆ هەموو ئەو شتانەش کە منداڵ لە مێشکى خۆیدا دروستى کردوون، یا لە گەورەکانى بیستووە، باشتر وایە کە باسیان بکەیت لەگەڵ منداڵدا و سەرگوزشتەى وا بۆ منداڵەکە بگێڕێتەوە دەریخات ئەم شتانە هیچ نین و لەڕاستیدا شتێکى تر یان کەسێکى تر بوو کە خۆى گۆڕى بوو، زۆرجار یارییەکى کوردەوارى هەیە کە یەکێک خۆى دەکات بەخێو و جلى سپى لەبەردەکات و دێتە ژوورەوە و دەیەوێت منداڵان بترسێنێ، ئەمە یارییەکى باشە و منداڵ بۆى دەردەکەوێت کە یەکێک لە براکانى یاخود خوشکە گەورەکەى بوو کە ببوو بەخێو، هەروەها زۆر یارى تر کە پێویستە پەرەیان پێبدرێت و واز لەو کردەوانە بهێنرێنێت کە دەبن بەهۆى ترسانى منداڵ بەخێو و دێو و درنج، بۆئەوەى نەچێتە ژوورە تاریکەکەوە و نەختێ مێوژى قرپۆک بخوات، یاخود هەر لەسەر حسابى منداڵەکە پێکەنین دروست بکرێت و پاڵ بە منداڵەکەوە بنرێت بۆلاى ئەو شتەى کە لێى دەترسێت، ئەمانە کارێکى زۆر ناهەموارن بەرانبەر بە منداڵ و کارێکى خراپ دەکەنە سەر هەموو ژیانى لە داهاتوودا.
درۆکردن
خەیاڵى منداڵێکى سێ چوار ساڵان زۆرجار دوور دەڕوات و دەفڕێ. جیهانى منداڵ جیهانێکە لە (خەیاڵ و ڕاستى) پێکهاتووە، دایکو باوک نازانن جیهانى منداڵ چەندە بەرتەسکە و چۆن بە ئاسانى کارى تێدەکرێت. بە ئاسانى تووڕە دەبن چونکە وا دەزانن کە منداڵەکەیان تووشى نەخۆشى درۆزنى بووە. لە ڕاستیدا درۆ زۆر جۆرى هەیە . هەندێ لەو درۆیانە سامناکن و ئامانجى باشیان لێ ناکەوێتەوە و هەندێکى تریان نیشانەى ئەوەن کە منداڵەکە تەنگوچەڵەمەى هەیە و ئەم درۆیانە هاوارێکە بۆ یارمەتى.
درۆى سێ چوار ساڵان لەوە دەچێت کە هەوڵدانێکى منداڵەکە بێت بۆ گۆڕینى ئەو بارودۆخەى کە هەیە بۆ بارێکى باشتر کە بە دڵى منداڵەکە بێت. منداڵێک جارى وا هەیە سەرگوزشتەى سەیر دەگێڕێتەوە. هەر لەبەرئەوەى سەرنجى دەوورووبەرەکەى ڕابکێشێت بۆ لاى خۆى وابکات کە ستایش بکرێت، لە سنوورێکى دیاردا ئەم درۆیانە زیانیان نییە و پێویست بە هیچ دڵگیرییەک ناکات، بەڵام ئەگەر درۆکان زیادیان کرد و منداڵەکە هەموو ئیشى بوو بەوەى سەرگوزشتەى سەیرو سەمەرە بگێڕێتەوە ، ئەوا نیشانەى ئەوەیە کە منداڵەکە پێویستى بە خۆشەویستییە و دەبێت زیاتر گرنگى پێ بدرێ.
منداڵ هەمووکات هەوڵدەدات دەورووبەرەکەى تاقیبکاتەوە و بۆ ئەمە ڕاستى دەگۆڕێت و ناشى شارێتەوە کە درۆ دەکات، لەبەرئەوە دەبینیت درۆکەى یەکجار گەورەیە. چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا وا دەزانى و بڕواى وایە کە باوکودایکى هەموو شتێک دەزانن و بۆ تاقیکردنەوەى ئەمەش پێویستە بیسەڵمێنێ کە وایە لەبەرئەوە درۆ دەکات بۆئەوەى سەرپشک بێت لەم بیروڕایەى خۆى.
چۆن ڕەفتار لەگەڵ ئەم درۆیانە دەکەین، کارێکى تەواو دەکاتە سەر هەڵسوکەوتى منداڵ لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ و کەسانى تردا لە ئێستا و لە دواڕۆژدا. کاتێ کە زانیت منداڵەکەت درۆ دەکات، پێویستە بەبێ دەمارگیریى و لەسەرخۆ ڕەفتارى لەگەڵ بکەیت، پێى بڵێیت کە بڕوا ناکەیت و ڕاستى کارەکەت لاباشە کە بیگێڕێتەوە و دەزانێت کە ئەم زۆرجار ڕاست قسە دەکات. تووڕەبوون و خۆ گرژکردن لەم کاتەدا هیچ سوودى نییە و کارەکە زیاتر خراپ ئهکات و زیاتر لە نرخى منداڵەکە کەم دەکاتەوە لە برى ئەوەى کە چارێکى ئەم گیرو گرفتە بکەیت
خۆ ئەگەر منداڵەکە دانى بە هەڵەکەیدا نا ئەوە باشترین شت ئەوەیە کە پێى بڵێیت دڵخۆش بوویت و شادمان بوویت بەوەى ئەو ئێستا ڕاستەکەى دەربڕى و بۆى باس بکەیت بۆچى هەڵە بوو کە ئەو درۆى کرد.
ئەو هەڵانەى لەگەڵ منداڵدا دەکرێت و دەبێتە هۆى ئەوەى منداڵ درۆ بکات:
هەموومان دیومانەو ڕووبەڕووى ئەو پەروەردە هەڵەیە بووینەتەوە کە گەورەکان لەگەڵ منداڵى ساوادا بەکارى دەهێنن.( هەر کە منداڵەکە چاوى کردەوە. دایک و باوک دەست دەکەن بە گڕە گڕ و تڕە تڕ و قڕە قڕ..) لەکاتى دواندنى منداڵەکەدا بەو نیازەى کە گوایا ئەمانە دڵى منداڵەکە خۆش دەکەن و گوێى دەکەنەوە، نازانن کە ئەم ڕەفتارەیان هەر لە ئێستاوە شتێکى ناهەموارە بەرانبەر بەم ساوایەو باشتر وایە لەجیاتى ئەم دەنگە ناخۆشانە چەند وشەیەکى ڕێکوپێک بەکاربهێنن و هەر لە ئێستاوە گوێى منداڵەکە بە وشەى ڕاست بکەنەوە لە برى ئەم وشانە کە هیچ مانایەکیان نییە.
هەر لێرەوە دەتوانین منداڵ فێرى وشە بکەین و فێرى ئەوەى بکەین کە جیاوازى لە نێوانى (بچووک، گەورەو گەورەتر..) (بەرز، بەرزتر و بەرزترین ) دا هەیە، بۆئەوەى بتوانێ لە دواڕۆژدا بە تەواوى ئەم وشانە لێک جیابکاتەوە و بەکاریان بهێنێ، چونکە یەکێک لەو شتانەى بە درۆ دەژمێردرێت ئەوەیە کە منداڵ ناتوانێت بە (ڕێژەیەکى گونجاو) (ئاوەڵناو) بەکاربهێنێت و هەتا کە گەورەش دەبێت هەر ئەم کەموکوڕییەى لەگەڵدا دەمێنێتەوەو بە جۆرێک کە دەبیستێت خەڵکى قسە دەکات یان ئەوەیە زۆر چاکە یان زۆر خراپ، زۆر پیاو خراپە یان زۆر پیاوێکى چاک، کەسێک نییە بڵێت ئەم مرۆڤە لە ئیمڕۆدا باشە و نازانرێت سبەینێ چى بەسەردێت.
هەڵەیەکى ترى گەورەکان بەکارهێنانى پەیمانى درۆیە لەگەڵ منداڵدا، هەر کە منداڵەکە گریا، ئیتر بە پەیمانى درۆ دەیانەوێت ژیرى بکەنەوە، دوایى شەربەتت بۆ دەکەم بڕۆ بۆ ماڵەوە دوایى جلت بۆ دەکڕم، ئەمە هەڵەیەکى گەورەیە و ئەنجامێکى خراپى هەیە و پێویستە لەسەر دایک و باوک و پەروەردەکاران کە لە درۆکردن و پەیمانى درۆ دووربکەونەوە، چونکە ئەمە دەبێت بەهۆى نەمانى ڕێز لە نێوانى منداڵ و گەورەکاندا و ئیتر منداڵ بۆى دەردەکەوێت کە گەورەکان ئەوەندە پیرۆز نین کە ئەو لاى وایە.
دیارە کە منداڵ لەم تەمەنەدا هەموو ئیعتمادێکى لەسەر دایک و باوکێتى و کاتێک کە ئەوان دیار نامێنن ئیتر ئەم دەست بە گریان دەکات، ئەمە گیروگرفتى هەموو خێزانێکە و هەموو منداڵێک لە ونبوونى دایک و باوکى دەترسێت، بابزانین چۆن ئەم تەنگوچەڵەمەیە لەلاى خۆمان، چارەسەر دەکرێت؟
هەرکە باوک یان دایک ڕۆیشتە دەرەوە ئیتر ئەمە درۆیە و لەگەڵ منداڵدا دەکرێت و منداڵیش دەگرى، ئێستا بابە دێتەوە، بابە چوو بۆ ئاودەست، بابە چوو بۆ سەربان، بابە چوو شیرینیت بۆ بکڕێت، ئیتر هەموو شتێک بێجگە لە ڕاستییەکەى بەم منداڵە دەوترێت، بابە پێویستە بچێت بۆ کارى خۆى و پارە پەیدا بکات بۆئەوەى بتوانین نان و خواردن بکڕین و ئێوارە دێتەوە بۆ لامان، چونکە ئەو ئێمەى خۆش دەوێت و هەر جارێک دەچێت بۆ کار دواى تەواوبوونى دێتەوە، بەم ڕاستییە منداڵەکە دڵخۆش دەبێت و دەزانێت کە باوکى نەڕۆیشتووە بۆئەوەى (ون ببێت)چونکە ئەو لەوە دەترسێ و بۆ ئەوە ناگرى کە باوکى شیرینى بۆ بێنێت. جا ئەمەیە کە بناغەى ڕاستى دادەنێ بۆ منداڵ و لەسەر ئەوە ڕایدەهێنێت کە بڕوا بە گەورەکان بکات و واى لێدەکات کە ئەویش لاى خۆیەوە درۆ لەگەڵ گەورەکان نەکات.
لە ئەنجامى درۆکانمدا لەگەڵ منداڵدا تەنها ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە کە لە دواڕۆژدا ئێمەش بڕوا بە منداڵەکانمان دەکەین و گوناهیش گوناهى خۆمانە، منداڵێک کە بە درۆ لەگەڵ کردن گەورە کرا، لەوە زیاتر کە درۆمان لەگەڵ بکات، چاوەڕوانى هیچى ترى لێ ناکرێت.
بڕوا نەکردنى ئێمە بە یەکتر و درۆ دەلەسەمان لێرەوە سەرچاوەى هەڵگرتووە و دەبێت لێرەشەوە چارەسەر بکرێت، ئەویش تەنها بە پەروەردەیەکى ڕاست و بێ درۆ دەلەسە، لەگەڵ منداڵى ساوادا دەتوانرێت کۆمەڵێکى ڕاستگۆ دروست بکرێت.
جا باشتر وایە لە ئێستاوە بەڕاستى لەگەڵ ساواکانماندا ڕەفتار بکەین و درۆیان لەگەڵ نەکەین، منداڵ ئەوە ناکات کە تۆ پێى دەڵێیت، ئەوە دەکات کە تۆ دەیکەیت، جا باشتر ئەوەیە بۆى باس بکەیت کە بابە دەڕوات بۆ ئیش و دێتەوە (ئەگەر باوکەکە یان دایکەکە مرد، ئەمە باسێکى ترە.) باشتر وایە هەر لە منداڵییەوە کە بەدواى دایکى یان باوکیدا گریا، بگیریتە باوەش و ڕێى پێبدرێت هەر لە دەرگاکەوە خواحافیزى لە باوکى یان لە دایکى بکات، بۆى باسبکرێت کە ئێوارە دێتەوە .( ئێوارە کە دنیا تاریک بوو، یان کە دەستمان کرد بە نانخواردن، یاخود کە سارد بوو.) ئەمە بە چەند جارێک دووبارەکردنەوە دوایى دێت و منداڵەکەش هەرگیز بە دوایى باوکیدا ناگرى و واى لێدێت کە خۆى دەچێت دەرگاکە بۆ باوکى دەکاتەوە و دەڵێت خوا حافیز.
جا بەمە خۆشمان و منداڵەکەشمان لە درۆکردن دەپارێزین. هەر یەکێ لە ئێمە گەر بیر لە ژیانى ڕابردووى خۆى بکاتەوە، دێتەوە بیرى کە چۆن گەورەیەک لە گەورەکان یان زۆربەمان وەڵامى هەموو شتێکیان پێبوو، هەموو شتێکیشمان دەزانى. هەر پرسیارت لێبکردنایە، ئەوا شارەزایى تەواویان هەبوو و هەر زووش وەڵامیان دەدایتەوە، منداڵ لەم تەمەنەدا پرسیار لەهەموو شتێک دەکات و وەڵامى بۆ هەموو شتێکیش دەوێت. جا لێرەدا بیرمانە، کە چۆن هەندآ لە گەورەکان وەڵامیان دەداینەوە و ئێمەش تا ڕاددەیەک بە وەڵامەکانیان ڕازى دەبووین، بەڵام کە گەورەتر بووین، ئیتر بۆمان دەرکەوت وەڵامەکانى زۆریان ڕاست نەبوون و ئەم گەورانە لە خۆیانەوە زانیارى چەوتیان دەخستە مێشکمانەوە، یاخود لەبەرئەوەى خۆیان ڕزگاربکەن لە پرسیارەکان وەڵامێکى وایان دەداینەوەو دەمکوتیان دەکردین، ئەمە ئەنجاکى خراپە و دەبێت بەهۆى ئەوەى منداڵیش لەخۆیەوە وەڵام درست بکات و خۆى وا دەرخات کە هەموو شتێک دەزانێت، چونکە دەترسێ لەوەى گەورەکان بە کەم سەیرى بکەن. باشتر وایە لە کاتێکى وادا منداڵ کە پرسیار دەکات و گەورەکان وەڵامى نازانن، بە ئاشکرا پێى بڵێن کە نازانین و کەسیش نییە وەڵامى هەموو پرسیارێک بزانێت جا باشتر وایە:
ڕ- ئەگەر توانیت بەڕاستى وەڵامى پرسیارەکە بدەیتەوە، ئەوە باشە.
ب- کە وەڵامەکە نازانیت، بڵێیت نازانم باشترە و دەتوانیت لە پەرتووکێک بۆى بگەڕێیت یان لە مامۆستاى شارەزا پرسیار بکەیت. خۆشت یارمەتى بدەیت وەڵامە ڕاستەکەى دەستکەوێت.
لەدواییدا دەبێت بڵێین کە:
1- هەرگیز نابێت لەگەڵ منداڵدا درۆ بکرێت، لەژێر هەر بارو دۆخ و بڕوبیانوێکدا یان لەهەرکاتێکدا بێت.
2- تەنها بە پەروەردەکردنێکى ڕاستگۆ دەتوانرێت منداڵى ساواو کۆمەڵێکى بەختیار دروست بکرێت.
میزکردن لەناو جێگادا:
میزکردن بەخۆدا و میز لەناو جێگادا کردن، گرفتێکى ناخۆشە بۆ خێزان، کە نازانێت چى بکات، منداڵیش لە ترسى ئەوەى کە هەرجار میزى کرد بەخۆیدا دایک و باوکى دڵیان لێى نەیەشێت، زۆرجار دەیشارێـتەوە، هەروەها ترسى ئەوەى هەیە هاوڕێکانى پێى بزانن و توانج و تەلارى لێبدەن. زۆر پشکنین کراوە لەسەر ئەم باسە و تا ئێستا بە تەواوى نازانرێت هۆى ئەمە چییە، بۆیە ئەگەر درێژەى کێشا پێویست بە ئامۆژگارى دکتۆر دەکات، بەڵام زۆربەى کات ئەم خووە ئاساییە و کاتێک منداڵ گەورەتر دەبێت نایمینێت، چونکە ئیتر منداڵ لە تەمەنى(8- 9) ساڵیدا دەتوانێت دەست بەسەر میزەڵانیدا بگرێت و لەکاتى نووستندا خەبەرى بێتەوە و بچێت بۆ ئاودەست، لەبارێکى تردا منداڵ ناتوانێت و بەدەست خۆى نییە کە میز لە جێگاکەیدا بەخۆیدا دەکات چى بکەین؟
زۆر ڕێگا هەیە بۆ یارمەتیدانى منداڵ و ڕزگارکردنى لەم گرفتە کە زۆرجار خۆى زیاتر لە دایک و باوک پێ ناخۆشە.
لەبیرت نەچێت هەموو منداڵێک جارێک لەجاران لەناو جێگاکەیدا میز بەخۆیدا دەکات و ئەمە گرفتێکى زۆر گەورە نییە و نابێت وا لە منداڵ بکرێت کە شەرم لەخۆى بکاتەوە و دەبێت پێى بوترێت: ئەمە شتێکى ئاساییە و هەموو منداڵێک تووشى ئەمە دەبێت و کە گەورەتربوو ئیتر ئەمەى نامێنێت. باشتر وایە بۆ شەوى دواتر پێش نووستن کەمتر ئاوو شلەمەنى بخواتەوەو پێش ئەوەى خۆت بخەویت منداڵەکە خەبەرکەیتەوە بۆ میزکردن، هەروەها ئەم باس و گفتوگۆیە دەبێت لە نێوانى منداڵەکەو دایکیدا بێت و نەکرێت و بەبنێشتە خۆشەى خێزانەکە و هەوڵبدرێت هۆى میزکردنەکە بزانرێت، لەوانەیە پەیوەندى بە بارى کۆمەڵایەتى خێزانەکەوە هەبێت، یاخود مردنى کەسێک یان ونبوونى ئەندامێک لە ئەندامەکانى خێزانەکە، یان بەهۆى لەدایکبوونى منداڵێکى تازە یان جیابوونەوەى دایک و باوکەوە، دەبێت هەوڵبدرێت لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکرێت، هەروەها ئەو شەوەى کە منداڵەکە خۆى پیس ناکات، پێ بووترێت و خۆشحاڵى بۆ دەرببڕێت و ئافەرین بکرێت، دڵنەوایى بکرێت بە ماچێک یان بە باسکردنى شتێکى خۆش یان سەیرانێک کە پێکەوە لەگەڵ خێزانەکەدا ئەنجامى دەدەن.
بۆ پێشکەوتن و فێربوونى زمان چۆن یارمەتى منداڵ دەدەین؟
زۆر ڕێگا هەیە بۆئەوەى یارمەتى منداڵ بدرێت، زمانى پێش بکەوێت و بەهۆى ئەم پێشکەوتنەوە بتوانێت هەنگاوى تر لەژیاندا بنێت، چونکە زمان چەکێکى کاریگەرە لەدواڕۆژى منداڵدا و زۆرجار ئەم ڕاستییە پشتگوێ دەخرێت، کاتێ منداڵ دەتوانێت ئەم چەکە بەکاربهێنێت، ناچار پەنا دەباتە بەر چەکى دەست و قاچ و هێزى بازوو بەکارهێنان، چونکە زیاتر ڕاهێنانى بەمانە کردووە، زۆر زەحمەتە منداڵێک هەڵخەڵەتێنرێت کە چەکى زمانى هەبێت و لە بەکارهێنانیدا کارامە بێت، بۆیە باشترە هەر لە ئێستاوە هەوڵبدرێت کە منداڵ بیربکاتەوەو زمان بەکاربهێنێت بۆ بیرکردنەوە، ئەمەش بەوەى ڕێگاى بدەیت قسە بکات و قسەى پێ نەبڕدرێت و قسەى لەگەڵدا بکرێت، دەبێت ئەحەمولت هەبێت و قسە بۆ منداڵ نەکەیت و وازى لێبهێنێت خۆى بیربکاتەوە و قسەکەى بکات، کە پرسیارى لێدەکەیت چاوەڕوان بکەیت و پەلەى لێ نەکەیت. پرسیارەکانت دەبێت کورت و ئاسان بێت وەکو ئیمڕۆ چیت کرد لەگەڵ هاوڕێکەت؟ کێت بینى؟ چیت خوارد؟ چیت لە دەستایە؟ لەدواى ئەوەى پرسیارێکت لێکرد چاوەڕوان بکەیت بۆ وەڵام، ئینجا دەبێ پرسیارێکى لێ بکەیت کە نزیک بێت لە پرسیارى یەکەمەوە و پەیوەندى بەیەکەوە هەبێت، بەمجۆرە لەنێوان خۆت و منداڵەکەتدا دیالۆگێک دروست دەکەیت و دوورکەویتەوە لەوەى کە زوو زوو قسە هەڵەکانى بۆ ڕاست بکەیتەوە، بەڵکو تۆ خۆت بەشێوەیەکى سروشتى قسەکان بەڕاستى بکەیت.
منداڵى چوار پێنج ساڵان حەز لە یاریکردن دەکات و زۆربەى کاتى خۆى بە یارى (پشکنین) دەباتە سەر و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار حەز دەکات کە دانیشێ قسە لەگەڵ گەورەکاندا بکات، جا لەم کاتەدا زۆر گرنگە کە هەل وەرگریت و دەست بکەیت بە گێڕانەوەى حیکایەت و باسى شتێکى بۆ بکەیت. هەروەها یارى (زمانەوانى) زۆر بە کەڵکە بۆ منداڵ و کاتێکى خۆش پێکەوە دەبەنەسەر و ئەمانەش دەبێت بەهۆى هاندانى منداڵ بۆ بەشداریکردن لە پەیوەندى کۆمەڵایەتیدا و بەمەش زیاتر شت فێر دەبێت.
هەڵخەڵەتاندن
بۆچى دەهێڵیت سۆران بچێت بۆ دەرەوە کەچى ناهێڵیت من بچم؟ دایکم دەهێڵێت یارى بکەم و تۆ ناهێڵیت، دایکم لەتۆ باشترە!
کاتێ کە منداڵ ئەم قسانە دەکات و نەختێک ڕووى خۆى بە بەستەزمانى پیشان دەدات، ئەوا ئیتر پیلانى هەڵخەتاندنى خستۆتە کارو دەیەوێت وات لێبکات هەست بکەیت کە تۆ دادپەروەر نیت و لەسەر هەق نیت و دەتەوێت سزاى بدەیت.
ئەم ڕەفتارە لاى منداڵ زۆر ئاساییە، هەر لە ئێستاوە هەوڵدەدات تاقیت بکاتەوەو بزانێت چەند دەزانى و چۆن فێڵت لێدەکات و چۆن دەتوانێ بەسەرتا زاڵبێت. بە مانایەکى تر (تاقیکردنەوەى هێزى خۆى بەتۆ و دوایش بە کۆمەڵ پیشان دەدات.) ئەمە تێکۆشانێکى بێوچانە لە نێوانتاندا و تا تەمەنى گەنجیش هەر بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵخەڵەتاندنە لەهەموو شتێکدا کە منداڵ دەیکات، خۆى دەنوێنێ، هەر لە نانخواردنەوە تا نووستن و چوونە دەرەوە و یارى و هەموو شتێکى تر. کاتێ کە منداڵەکەت دەلێَ من ئەم خواردنە ناخۆم، بەڵام فڵان خواردن دەخۆم، یاخود لە کاتى نووستندا کە منداڵەکەت دەیەوێت جارێکى تر بچێت بۆ ئاودەست، هەر لەبەرئەوەى کە تۆ تاقى بکاتەوە. دایک و باوک زۆرجار وا دەکەن کە کردەوەى منداڵەکە لە هەڵخەڵەتاندن تێپەڕێ و ببێت بە بێحەیایى و لاسارى بەوەى چەند جارێک ڕێگاى منداڵەکە دەدەن کە کارەکەى دوابخات، ئێستا نا ! ئیتر منداڵەکە واى لێدێ کە لاسار بێت، بەڵام ئەگەر بە ڕێژەیەکى گونجاو ڕێگا بدەیت بە منداڵەکەت کە بتخەڵەتێنى ئەوا خراپ نییەو ڕاهێنانێکە بۆ ژیان.
یاخود زۆرجار دایک و باوک ئەم هەڵخەڵەتاندنەیان پێخۆشە و واز لە منداڵەکە دەهێنن کە هەڵیان بخەڵەتێنێت و دەزانن کە ئەم خۆشیەیان لە دەست دەچێت کاتێ کە گەورە دەبێت.
کاتێ مرۆڤ بیر لەوجۆرە هەڵخەڵەتاندنە دەکاتەوەو دەبینێت کە خۆت هۆى ئەمەیت، بەوەى کە تۆش هەوڵدەدەیت منداڵەکە بخەڵەتینێت(زۆرجار بۆ چاکەى خۆى) بەوەى کە بەرتیلى بدەیتێ، پەیمانى درۆى بدەیتێ یاخود هەڕەشەى لێ بکەیت، کە منداڵەکەش لە تۆوە فێرى ئەوە دەبێت ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنێت کە ئاسانترە کتێبە خۆشەویستیەکەى بگرێت بە دەستیەوە و بێتە بەردەمت بۆئەوەى بۆى بخوێنێتەوە وەک لەوەى کە هەر بڵێت وەرە کتێبم بۆ بخوێنەوە، کاتێ کە منداڵێکى بچووک لە ناوەڕاستى بازاڕدا دەزریکێنێ و هاوار دەکات بۆ شتێک، کە باش دەزانێت ئاسانترە بۆى بۆئەوەى داواکەى بۆ جێبەجێ بکەیت وەک لەوەى لەماڵەوە داواى بکات، لەبیرمە کاتێک کە پێویستمان بە شتێک دەبوو ڕادەوەستاین تاکو باوکمان لەگەڵ کەسێکى تردا بووایە ئەوسا پێمان دەوت، ئیتر ئەو نەی دەوت نا و کارەکەى بۆ دەکردین، دەبێت لێرەدا ڕاوەستین و پرسیار لەخۆمان بکەین ئایا کاممان هەڵدەخەڵەتێنن. چۆن پیاو ڕووبەرووى ئەم ڕەفتارەى منداڵ دەبێتەوە و چارى دەکات، ئەمە دەکەوێتە سەربارو دۆخى ڕووداوەکە و تا چ ڕاددەیەک دایک و باوک دەتوانن لەگەڵ منداڵەکەیاندا ڕەفتار بکەن.ئەگەر هەڵخەڵەتاندنى منداڵەکە نیشانەى زیرەکى و لاساریى منداڵەکەى تێدا بوو بۆچى مرۆڤ خۆى نەهاتە ناو یارییەکەوەو بزانێت لەکوێ سەر دەر دەهێنێت، تواناى منداڵەکەت کە بتوانێت هەڵتبخەڵەتێنێ بەبێ ئەوەى تۆ بە خۆت بزانى نیشانەیەکى زیرەکى منداڵەکەیە و یارمەتیدەرێکى باشە لە دواڕۆژدا، لەگەڵ ئەوەدا بڕوام وایە کە مرۆڤ ناهێڵێ هەمووجارێک کە منداڵەکە ئەوەى دەیەوێت بۆى بچێتە سەر، لەبەرئەوە منداڵەکە پلەى تواناى خۆى بۆ دەردەکەوێت.
بۆئەوەى یارمەتى منداڵەکەت بدەیت، کە یارمەتیدەر بێت، نەک هەوڵبدات هەمووکات هەڵخەڵەتێن بێت و ئەم کارە ببێت بە پیشەى هەمیشەیى، کە ئەنجامەکانى زۆر باش نین، ئەوا ئەم خاڵانەى خوارەوە چەند پێشنیارێکن دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت:
1- گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکەتدا بکە، پێش ئەوەى کە تەنگوچەڵەمە دروست ببێت، کاتێ کە دەزانێت ئەمیش داواى ئەوە دەکات کە براکەى هەیەتى، دانیشە لەگەڵیدا و باسى تەواوى بۆ بکە کە بۆچى ئەو ئەوەى وەرگرتووە و بۆچى ئەم وەرى ناگرێ و چەند پێشنیازێکى بخەرە بەردەم کە خۆى بڕیار لەسەر یەکێکیان بدات.
2- ڕێزى منداڵەکەت بگرە، گەر بتوانێت شتێک هەڵبژێرێ کە تۆ پێشنیازت کردووە، بەوەى کە پێشنیازەکە بگونجێ لەگەڵ تەمەن و هۆش و مێشکى منداڵەکەدا و بتوانێت لەبیرى بێت کەچى هەڵبژاردووە.
3- بیرت نەچێ کە لەقەفرتێى منداڵەکە، ڕێیەکە بۆ تاقیکردنەوەى خۆى و زانینى سنوورى هەڵسوکەوتى.
4- بزانە کە تۆ خۆت چەند لە منداڵەکە دەبوورێت و چەند ڕێگارى دەدەى کە تووڕە بێت، لەوانەیە هەندێ لەو تووڕەبوونانەى تۆ پێویست نەبن و خۆت و منداڵەکەش لە شەڕوشوڕ ڕزگار بکەیت.
5-بەشدارى منداڵەکەت بکە لەوەى کە دەتەوێت ئەو بیکات، بەمە دەبێت بە نموونەەیەکى زیندوو بۆ ئەو و هەستێکى خۆش دەدات بە هەردووکتان کە بەهۆى ئەوەوە دەتوانن زیاتر گفتوگۆ پێکەوە بکەن.
6- کاتێک دەتەوێت منداڵەکەت شتێک بکات کە پێویستە، مەڵێ: (ئەرێ دەتوانى بچێت ئەو کارە بکەیت؟) بەڵکو بڵێ:(ئێستا بڕۆ و ئەم کارە بکە!) بە مانایەکى تر داوا لە منداڵەکە نەکەیت کە ئایا دەیەوێت بیکات یان نا؟ و خۆى سەرپشک بێت لەوەى کە بیکات یان نا، بەڵکو بە دەنگێکى لەسەرخۆ و بڕوایەکى تەواوەوە بڕیار بدە کە دەبێت ئەم کارە بکات و جێى گفتوگۆى تێدا مەهێڵەرەوە.
7- پەسەندى کارى منداڵەکە بکە کاتێک کە یارمەتیدەرە و لەسەر بڕیارەکان دەڕوات، هەمووکات پێویست بە پێدانى بەبەرتیل ناکات، چونکە ئەنجامى باشى نییە.
کاتێ ئێمە وەکو دایک و باوک ڕێگاى هەڵخەڵەتاندن بەکاردەهێنین لەگەڵ منداڵەکەماندا، ئیتر بەمە بڕواى منداڵەکە بە جارێ دەڕووخێت و توناى نامێنێ کە لە تەنگوچەڵەمەکانى ژیانى خۆى ڕزگارى ببێت.
گفتوگۆیەکى ڕاست و دڵسۆزانە باشترین ڕێگاچارەیە.
بەمە منداڵەکە خۆى دەتوانێت پێشنیازێک لە نێوانى پێشنیازەکانى تۆدا هەڵبژێرێ و هەست بەوە بکات کە خۆى بڕیارى خۆى داوەو لەئەنجامى کارەکەى ڕازییە.
خۆپەرستیى منداڵ
خۆپەرستیى منداڵ بەسێ شێوە خۆى دەنوێنێ:
یەکەم: منداڵ ناهێڵێ کەس یارى بە شتەکانى بکات.
دووەم: دەبێت هەمووکات چى ویست بیکات و هەمیشە گرنگى پێبدرێت.
سێیەم: منداڵ گوێ ناداتە هەست و نەستى خەڵکى تر و بەلایەوە دنیایەکى تر نییە بێجگە لە دنیاى خۆى.
ئەوەى ئێمە پێێ دەڵێین خۆپەرستى شتێکى ئاسایى و چاوەڕوانکراوە لە ژیانى منداڵى (3 – 6) ساڵیدا و کاتێک کە تەمەنى لە تەمەنى چوونە قوتابخانە نزیک دەبێتەوە ئیتر منداڵەکە فێرى ئەوە دەبێت لە ژیانى ڕۆژانەیدا بەشدارى خەڵکى تر بکات و لەگەڵ قوتابیانى تردا بەشدارى بکات و گرنگى پێدانى مامۆستا بەش بکەن بەیەکەوە. بۆ سێ چوار ساڵانێک کە تازە دەستى کردووە بە ناسینى کەسانێکى تر چ لە ماڵەوە و چ لە گەڕەکدا و چ لە باخچەى ساوایان. زۆر گرنگە کە بزانێ چۆن بەرەنگارى ئەم دنیا تازەیە دەبێتەوە و تا چ ڕاددەیەک بۆى هەیە دەستدرێژى بۆ سەر سنورى خەڵکى تر بکات و سنوورى خۆى چەندە، ئەمە تەنها بە تاقیکردنەوە فێردەبێت و تەنها ڕێگایەکە بۆ منداڵ کە فێرى هەڵسوکەوت ببێت لەناو کۆمەڵدا و لەم ڕێیەدا زۆرجار منداڵ هەڵە دەکات و بۆى ڕاست دەکرێتەوەو باشترین شوێن بۆ ئەوەى تاقیکردنەوەى خۆى تێدا بکات خێزانە کە بۆى هەیە هەڵە بکات بەبێ ئەوەى کەس لێى بڕەنجێ. هەر لەبەرئەمەشە کە پێنج ساڵانەیەک دەست دەگرێت بەسەر یارى حەوت ساڵانەکەى برایدا و دەیەوێت داگیرى بکات. دوو ساڵ لەوانەیە بەلاى ئێمەوە کەم بێت بەڵام بۆ منداڵێکى پێنج ساڵان بازێکى گەورەیە و بەم هۆیەوە دەیەوێت واى پیشان بدات کە ئەمیش بە قەدەر برا حەوت ساڵەکەى گەورەیە.
ئەم بارودۆخە دەتوانرێت بۆ فێرکردنى منداڵە بچووکەکە بەکاربهێنرێت، کە ڕێى بدرێت کەسانى تریش یارى بە یارییەکانى بکەن، ئەمە زۆر بەهێواشى و لەسەرخۆ دەکرێت و کارێکى درێژ خایەنە، چونکە ئەم منداڵە لەخۆى دڵنیا نییە باشترین شت ئەوەیە کە هەر جارێک منداڵەکە ڕێگاى دا منداڵێکى تر یارى بە شتەکانى بکات مەدحى بکەیت، بەمە منداڵەکە دەزانێت کە ئەم کارەى شتێکى پۆزەتیڤە، هەروەها هەڵسوکەوتى دایک و باوک لەم بارەیەوە زۆر گرنگە بۆئەوەى منداڵەکە چاویان لێ بکات.
هەروەها گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵە گەورەکەیاندا و تێگەیاندنى کە چەند برا بچووکەکەى خۆشى دەوێت و لەگەڵ ئەوەشدا حەسوودى پێدەبات، چونکە ئەم گەورەترە و زیرەکترە و زیاتر دەزانێت. زۆر باشە ئەگەر برا بچووکەکەى فێرى شت بکات و بەمە یارمەتى برا گەورەکە بدەیت کە بەڕاستى لە بارودۆخى پێوەندییەکەیان بگات، کە ئەویش دەبێت بەهۆى بەهێزکردنى کەسایەتى و ڕێگا دەدات بەبرا بچووکەکەى کە یارى بە شتەکانى بکات و بەمەش دەبێت بە نموونەیەک بۆ برا بچووکەکەى. جارى وا هەیە چارەکردنى ئەم تەنگوچەڵەمەیە بەوە دەکرێت کە یەک دوو یارى بدرێت بە منداڵەکە خۆى و تەنها بۆ خۆى بێت و کەسى تر بۆى نەبێت یارى پێ بکات، بەڵام هەموو شتەکانى تر هى هەمووانە و دەتوانن هەموویان یارى پێ بکەن.
چەژنى لەدایکبوون کاتێکى باشە بۆ فێرکردن، کە تەنها ئەو هەڵبژێردراوە لەناو هەموو منداڵەکانى تردا لەو ڕۆژەدا بۆئەوەى دیارى بدرێتێ و لە جەژنى لەدایکبوونى منداڵێکى تردا منداڵێکى تر هەڵبژێردراوە و ئەم لەملاوە وەستاوە و جێگاى تایبەتى نییە. ئەمە نموونەیەکى زیندووە بۆ منداڵ کە نابێت هەمووکات ئەم جێگای سەرەوەى هەبێت و هەموو ئەوانى تر لەدواى ئەمەوە بن، هەروەها هەبوون و مافى هەبوون کە گرنگییەکى تایبەتى هەیە لە ژیانى مرۆڤدا بۆ زانینى مافى خۆى و ڕێزگرتن لە مافى خەڵکى تر کە ئەوانیش مافى ئەوەیان هەیە کەشتى خۆیان هەبێت. لە تەمەنى(8 – 9) ساڵیدا ئیتر منداڵ فێرى ئەوە دەبێت بزانێ شوێنى خۆى لەخێزاندا و لەناو هاوڕێکانیدا لە کوێیە و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکات، خۆ ئەگەر منداڵێک لەم تەمەنەدا هەر بە خۆپەرست مایەوەو ویستى هەر خۆى بڕیار بدات لەهەموو شوێن و کاتێکدا، یان ئەوە بکات کە خۆى دەیەوێت، ئەوا ئەمە زیانێکى زۆر لە ژیانى منداڵەکە دەدات و لە دواڕۆژدا تووشى دڵشکان دەبێت و کار دەکاتە سەر پەیوەندى کۆمەڵایەتى منداڵەکە.
خۆ ئەگەر منداڵەکەت خۆپەرستیى نیشاندا چ لە ماڵەوە و چ لەگەڵ هاوڕێکانیدا، ئەوا پێویستى بە پشکنینى زۆر هەیە بۆ زانینى ئەو هۆیانەى کە بوون بە مایەى ئەم خۆپەرستییە، لەوانەیە یەکێک لە خێزانەکەدا بووبێت بەهۆى ئەمە، برایەک یان خوشکێک کە زیاتر گرنگى پێدەدرێ، یەکێک لە خێزانەکەدا کە نەخۆشییەکى هەیە کە پێویستى بە چاودێرى زۆر هەیە. یاخود یەکێک کە زیرەک و وریایەو هەموو لایەک هەر باسى دەکەن. لێرەدا تەنها قسەکردنە کە سوودى هەیە لەگەڵ منداڵەکەدا و باسکردنى بارودۆخى خێزانەکە و شیکردنەوەى ئەو تەنگوچەڵەمانەى لەناو خێزاندا هەیە بۆ منداڵەکە و تێگەیاندنى کە هەرچى ڕووبدات خێزانەکە ئەویان هەر خۆش دەوێت و ئەو خۆشەویستى هەمووانە و واى لێبکەن کە بەپێى تواناى خۆى یارمەتى خێزانەکە بدات. لەم گفتوگۆیەدا بیر و هەست و نەست و گلەیى منداڵەکە دەردەکەوێت و ئەوساش ئاسانە کە بە هەمووتان هەوڵبدەن چارى بکەن.
زۆرجار ڕوو دەدات کە ئەم منداڵە تەنها لە ماڵەوە بەمجۆرە دەجووڵێتەوە، بەڵام لە دەرەوە و لە قوتابخانەدا بە جۆرێکى ترە و دەتوانێت ڕێزى مافى ئەوانى دەوروپشتى بگرێت و بە ئاسوودەیى لەگەڵیاندا بژى، بە مانایەکى تر ئەم خووە خوویەکى سەرەکى نییە و هەڵسوکەوتى منداڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ بوونى تەنگوچەڵەمە لەناو خێزاندا و دەبێت چارى بکرێت و داواى لێ بکرێت کە دەبێت بەتوندى دواى یاساى خێزان بکەوێت، کە خێزانەکە بۆ خۆى داناوە، چ لە بارەى ئیشوکارى ناوماڵ بێت یان هەڵسوکەوتى ئەندامەکانى لەگەڵ یەک و ڕێگا نەدرێت بە منداڵەکە لێى لابدات.
بەشى چوارەم
منداڵ لە تەمەنى قوتابخانەدا (7 تا 12 ساڵان)
دواى ئەوەى منداڵ بەسەر ئەو قۆناغە دوو جەمسەرییەى پێشکەوتندا (خۆشەویستى و ڕق) سەرکەوت، لە زۆر تەنگوچەڵەمەى جۆراوجۆر ڕزگارى دەبێت و ئیتر دەبێت بە مرۆڤێکى پێگەیشتوو، کە دەزانێت چى ڕاستە و چى چەوتە. (ویژدان) ئێستا خۆى ئامادە دەکات بۆ قوتابخانە و لەماوەى ئەم پێنج شەش ساڵانەى داهاتوودا کە دەست دەکات بە پۆڵى یەکەم و بە پلەى ناوەندى کۆتایى پێ دێنێت زۆر گۆڕان لەژیانیدا ڕوودەدات.
یەکەم ڕۆژى دەسپێکردنى قوتابخانە نیشانەى ژیانێکى تازەیە بۆ منداڵ و دایک و باوک هەستێکى سەیریان هەیە، کە بۆ یەکەمجار منداڵەکەیان دەدەنە دەست کەسێک یان کەسێکى تر، هەر لەم ڕۆژەوە منداڵەکە زیاتر ڕوو بەلاى دەرەوەى خێزاندا وەردەگێڕێت و گرنگى بۆ دەرەوە زیاتر دەبێت، دەبێت بە زوویى ڕووبەڕووى ئەم دنیایە ببێتەوە کە زۆر زۆر فراوانترە و پێویست بە تێگەیشتوویى و ژیرى زیاتر هەیە بۆئەوەى تێیدا سەرکەوێت، دایک و باوکى منداڵ تا چەند ساڵێکى زۆرى تریش هەر پاڵپشتى هەست و بیرى منداڵەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان و ڕۆڵیان لە ژیانى منداڵەکەدا زیاتر چڕوپڕ دەبێت.
لەناو خێزاندا منداڵەکەت خۆشەویستە و ڕێزى خۆى هەیە، لەبەرئەوەى کە منداڵى خۆتە، بەڵام هاوڕێیانى قوتابخانە ئەمە نازانن و گوێ بەوە نادەن منداڵەکەت برا گەورەیە یان برا بچووک، خوشکى گەورەیە یان کچە تاقانەى باوکییەتى. ئەم هاوڕێیانە گوێ بەوە نادەن منداڵەکەت حەزى لە چییە و چۆن بیر دەکاتەوە . ئەگەر شتێکى وا بکات کە جیاواز بێت لەوان ئەوا تووشى ناخۆشى دەبێت.
منداڵەکەت لە پۆڵدا و لەناو قوتابخانەدا دەبێت فێرى ئەوە بێت کە تووشى خەڵکى تازە و شوێنى تازە ببێت بەبێ یارمەتى تۆ، لە پاش ماوەیەک منداڵەکە فێرى ئەوە دەبێت کە هەندێ کەس خۆشیان دەوێت و ئەمیان دەوێت وەکو هاوڕێ و هەندێ کەسى تر خۆشیان ناوێت و لێى دووردەکەونەوە، منداڵ دەبێت خۆى بڕیارى خۆى بدات لەم کاتەدا کە زۆرجار ماناى ئەوەیە کە منداڵەکە هەندێ لەو بیروڕایانەى کە پێشتر بەرانبەر بە خۆى و خێزانەکەى هەیبووە بەسەریاندا بچێتەوە.
منداڵەکەت لەقوتابخانە تووشى سەرکەوتن و ژێر کەوتن دەبێت، ڕووى بە توانایى و بێتوانایى خۆى بۆ دەردەکەوێت و فێرى کارکردن لەگەڵ منداڵانى تردا دەبێت، منداڵ تێدەگات کە خەڵک هەیە چاوەڕوانى شت دەکەن و هیوایان بەمە کە شتێک بکات و ئەمیش چاوەڕوانى شت لەخۆى دەکات، کە بیکات.
لەگەڵ دەستپێکردنى قوتابخانەدا منداڵ لە بارودۆخى جیاوازدا دەژى. ماڵەوە – پۆڵ – کۆمەڵ – هاوڕێ – کۆمەڵى وەرزش، لە شوێنێک سەرۆکە، لە شوێنێکى تر لە هەموویان خراپتر و لە شوێنێکى تر لە هەموویان خۆشەویسترە. لە شوێنێکى تر لە هەموویان زیرەکترەو هەروەها ..بەمە منداڵەکە زیاتر لەخۆى دەگات و لە گۆشەى جیاوازەوە سەیرى خۆى و دەورووپشتى دەکات کە فراوانترە لە خێزانەکەى. لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە قوتابخانە فێرى شتى تازە دەبن کە پێویستە بۆ ژیان و گونجان لەناو کۆمەڵدا. کۆمەڵ زاڵ دەبێت بەسەر تاکە کەسدا و هەڵسوکەوتى منداڵەکە دەگۆڕێ.
لەم تەمەنەدا کوڕان خۆیان کۆمەڵى خۆیان هەیە و بەهەموو جۆرێک وا دەکەن کە لە کچان دووربکەنەوە و ئەم بەشکردنە لەوانەیە تا پۆڵى سێ و چواریش بەردەوام بێت و لەم تەمەنەدا بە دگمەن کوڕێک دان بەوەدا دەنێت کە پێى خۆشە لەگەڵ کچێک قسە بکات و ئەمەش هۆى زۆرە. لەم تەمەنەدا کوڕ هەوڵدەدات خۆى لە دایکى ڕزگار بکات لەبەرئەوە خۆى دوور دەگرێ لەهەموو شتێک کە لە دایکى بچێت و دایکى بیکات. هەروەها لەم تەمەنەدا کوڕ خەریکى چەسپاندنى بناغەى پیاوەتى خۆیەتى و زۆرجار زیدەڕۆیى دەکات لەو ڕەفتارانەدا کە بە گرنگى دادەنێ، ئەمە لە هەڵبژاردنى (پاڵەوان)دا لەلایەن منداڵەکەوە دەردەکەوێت، پیاوە ئاسنینەکە، باتمان و سوپەرمان، یاخود سەرۆکى گەل و پیاوى گەورە (ئەمانە بەهێزن و هەرچەندە ژنیان لەگەڵدایە، بەڵام بە هیچ جۆرێک پێوەندییەکى بەهێزیان پێکەوە نییە).
لەلایەکى ترەوە دوورکەوتنەوەى کوڕ لە کچ دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە کوڕ تا ئێستا ئەو ترسەى ماوە کە بەمنداڵى پێیدا تێپەڕیوە و ترساوە لەوەى کە وەکو کچ ئەندامى زاوزێى لێ بسێنرێتەوە. لەبەرئەوە لە هەڵبژاردنى یارى و هیوایەتدا کوڕان فوتبۆڵێن و زۆرانبازى و مۆتورسیکل هەڵدەبژێرن و خواستیان ئەوەیە ببن بە پۆلیس و ئەسترۆناوت و سوار بە یاریکەر و دکتۆر و ئەندازیار و کچان دەیانەوێت ببن بە مامۆستا و سستەر (پەرستار)و منداڵ بەخێوکەر و خەو بە خۆشەویستى و شووکردنەوەى دەبینن.
شت کۆکردنەوە
کوڕو کچ لەم تەمەنەدا شت کۆ دەکەنەوە، لە یەکەمجاردا منداڵ، بەشێوەیەکى هەڕەمەکى (خود بە خودى) و بەبێ ئەوەى بیەوێت شت کۆبکاتەوە و زۆر شتى جیاواز لەیەککاتدا کۆدەکاتەوە ، لە پارچە کاغەزێکى بچووکەوە تا بەڕوو و هەڵمات و وێنەو و زۆر جۆرى تر، بەڵام وردە وردە ئەم کۆکردنەوەیە زیاتر ڕێکوپێک دەبێت و هەر منداڵەى شتێک دەکات بە هیوایەتى خۆى.
ئەم کۆکردنەوەیە پێویستییەکى دەروونى زۆر گەورە بۆ منداڵ پڕ دەکاتەوە و یارمەتى دەدات هەست بکات تواناى هەیە ئەم جیهانەى دەورووبەرى ڕێک بخات و بەهۆیەوە دەتوانێت ترسى خۆى کەمکاتەوە. ئەم ڕەفتارەى منداڵ لەلاى ئێمە یارمەتى نادرێت و دایک و باوک کەمتەرخەمى دەکەن و بەلایانەوە منداڵێکى پاک و تەمیز باشترە لە منداڵێک کە گیرفانى پڕ بێت لە هەڵمات و پارچەدارو ئاسن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و باشترە کە منداڵ دەست و جلى خۆى پیس بکات و شت فێر ببێت وەک لەوەى کە پاک و تەمیز بێت و هیچ نەزانێ، بە زمانى سویدى دەڵێن: (منداڵى پیس و پۆخڵ تەندروستى باشە). منداڵ هەر لە تەمەنى سێ ساڵیەوە یاخود زووتریش ئەم کارە دەکات و هەوڵدەدات کە چیلکەدارو بەردو شت کۆبکاتەوەو لەگەڵ خۆى دەیباتەوە ماڵەوە، بەڵام لەوێ لێى دەسێنرێت و فڕێ دەدەدرێتە دەرەوە، لەبەرئەوەى ماڵەکە پیس دەکات، لە جیاتى ئەوەى یارمەتى منداڵەکە بدەن کە شوێنى تایبەتى بۆ داروبەردەکەى تەرخان بکەن لە کارتۆنێکدا یان لە شوێنێکى تردا کە منداڵەکە خۆى بتوانێ لەکاتى پێویستدا دەشتکاریان بکات و بەهیچ جۆرێک دەسکارى نەکەن تا لەگەڵ خۆیدا نەبێت و بەڕەزامەندى خۆى نەبێت. کاتێکیش کە ویستى فڕێى بدات ئەوسا خۆى بڕیار بدات.
تقوس و سیحر
منداڵ لەم تەمەنەدا زیاد لە پێویست حەزى لە تقوس و کردەوەى سەیرە و هەندێ قسە کە دووبارە دەبێتەوە بەبێ ئەوەى کەس تێیان بگات دەیکات وەکو قسەى چەتە و جادووگەر و شتى وا کە تەنها منداڵەکە و هاوڕێ تایبەتییەکانى تێى دەگەن و وا لە کەسانێکى تر دەکات کە نەتوانن بچنە ناو کۆمەڵەوە. دڵخۆشى ئەم منداڵە باس ناکرێ کاتێ کە بۆى دەردەکەوێ کە تەنها ئەم و ئەوانەى خۆى هەڵى بژاردوون لەم زمانە نهێنییە دەگەن و ئەمەش بۆ منداڵ گرنگە نموونەى ئەم وشانە:(گزە مزە لزە فزە کزە). ئەم تقوس و زمان و تەرتیلە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کاتێ کە منداڵ یارى دەکات وەکو یارى (هەلور بەلور تەکامە) کە ئەم وشانە چەند جارێکى زۆر دەوترێتەوە بەبێ ئەوەى هیچى لێ بگۆڕێ و ئەوانەى کە هەڵە دەکەن نابێت لەناو یارییەکەدا بمینێ، ئەو کەسەى هەڵە دەکات دەستوورى یارییەکە تێکدەدات، جارى وا هەیە کە یارییەکە بەخۆى زۆر گرنگ نییە و دەستورەکانى زۆر گرنگترە و منداڵەکان ئاژاوەیان تێئەکەوێت لەسەر دەستوورەکە نەک یارییەکە.
ڕێکوپێک خستن و دەستبەسەراگرتن زۆر گرنگە لەم تەمەنەدا. منداڵان لەم تەمەنەدا گروپى تایبەتى دروست دەکەن کە دەستوورەکانى زۆر گرنگن، چەند منداڵێک کۆ دەبنەوە بۆئەوەى بڕیار بدەن کە چۆن و کەى کۆبوونەوەکەیان بکەن و کێ لەگەڵیان دەبێت و کێ بۆى نییە ببێت بە ئەندام و چى دەبێت بکەن و چۆن نهێنى کۆمەڵەکە دەپارێزن، ئەمە هەموو لەبەرئەوەى پیشانى بدەن کە ڕێکوپێک کردن زۆر پێویستە.
ژیانى قوتابخانە پڕە لە تقوس و سیحر، ئەمە بۆ ئەوەیە ئەو کەسانەى کە پەیوەندییان بەم گروپانە بکەن، کاتێ کە منداڵان لە ڕێگاى قوتابخانەدا بڕیار دەدەن کە بە قەراخى شۆستەکەدا بڕۆن بە شێوەیەکى تایبەتى، هەموو ئۆتۆمبیلەکان بژمێرن، وشەیەکى تایبەتى لەژێر لێوەوە بڵێنەوە یان گۆرانییەکى تایبەتى بڵێن ئەمە هەمووى هەندێ لەو تقوسانەیە کە منداڵ لەنێوانى خۆیاندا لەسەرى ڕێککەوتوون. لاسایى یەکێک بکەیتەوە لە ڕۆیشتنیدا لەسەر جادەکەو لە دوایەوە بڕۆیت، یاخود بە جۆرێکى تایبەتى دەستى یەکترى بگرن و بازبدەن و هەزارەها لەمجۆرە ڕەفتارانە بریتین لە ڕۆژگارى منداڵ.
لێرەدا سەرگوزشتەیەکى لەم بابەتم هاتەوە یاد کە منداڵانى گەرەکى عەقارى لە شارى سلێمانى بەشداربوون تێیدا یاخود بوون بەهۆى ڕوودانى ئەم کارەساتە ناخۆشە، ئەویش ئەوەبوو کە چەند منداڵێکى گەڕەک دواى تەواوبوونى قوتابخانە لەبەردەرگا دادەنیشتن و قسەیان دەکرد، بڕیاریان دا هەموو ڕۆژێ کە خەڵکى لەوێوە دەڕوات ئەمان لەخۆیانەوە ژمارە بڵێن تاکو بزانن کێ تووڕە دەبێت، ئیتر دەستیان دەکرد بە وتنى ژمارە و هەر یەکەى ژمارەیەکى دەوت و ئەو کەسانەش کە لەوێوە تێدەپەڕین نەیان دەزانى ئەم منداڵانە بۆچى وا دەکەن و زۆر کەس وایان دەزانى کە گاڵتە بەوان دەکەن، تا مامۆستایەک ڕۆژێ لەڕۆژان چارى نەما و چوو بە گژیاندا و لەبەرئەوەى لە ژمارەى (73) دا ئەم مامۆستایە تووڕە بوو و هەرکە دەیانوت73ئیتر ئەو شێتگیر دەبوو و لەدوایدا بوو بەهۆى شێتبوون و وازهێنانى مامۆستاکە لە کارەکەى.
لەم ساڵانەى قوتابخانەدا جیهانى منداڵ لە جاران گەورەتر دەبێت، منداڵ دەچێت بۆ ماڵى هاوڕێکانى خۆى و گوێى لە دایک و باوکى ئەوانیش دەبێت و هەست دەکات بەو جیاوازییەى لە شێوەى قسەکردنى ئەوان و ماڵى خۆیاندا هەیە. لەوانەیە گوێى لە قسەى ناشرینیش ببێت و بۆى دەردەکەوێت گەورەى واش هەیە کە بێدەماغە و شتى خراپ دەکات. بۆى دەردەکەوێ کە مامۆستاش تووڕە دەبێت و درۆ دەکات و زۆرجاریش لەوانەیە دڵى زۆر ڕەقیش بێت و گوێآ منداڵ ڕاکێشێ . بەکورتى بڵێین منداڵ بۆى دەردەکەوێ کە دایک و باوک و هەموو گەورەکانى تریش زۆر دوورن لەوەى کە ئەم بە تەواوى دەزانین. منداڵ فێرى خوێندنەوە دەبێت و زیاتر شت فێر دەبێت و دەبینێت و دەبیستێت و بۆى دەردەکەوێت کە جیهان گەورەترە لەوەى کە ئەم دەیزانێ، زیاتر شێواوە و شوێنێکى ئاسوودە نییە کە تیا بژیت و گەلان شەڕ لەگەڵ یەکترى دەکەن و کارەساتى سروشتى ڕوودەدات، و خەڵکى لە وڵاتى خۆى ڕادەکات و خەڵکى بڕوا بەیەکترى ناکەن و دڵى یەکترى دەیەشێنن، لەبەرئەوە منداڵەکە تووشى دڵتەنگى دەبێت و ژیانى ئاسایى و بێگوناهى خۆى لێ تێکدەچێت و دەگۆڕێ بە ژیانى مرۆڤێکى گەورە کە زۆرجار ڕەق و ترسناک و ناخۆشە.
هەموو ئەو تقوس و سحرانەى کە باسمان کردن بریتین لە هەوڵدانى منداڵ بۆ خۆپاراستن لەم ناخۆشییانە و بۆئەوەى بتوانێ بەرەوپێش بڕوات و لەژیاندا پێشبکەوێت.
گرنگى ساڵانى قوتابخانەو تەنگو چەڵەمەکانى
لەم تەمەندا قوتابخانە دەبێتە بەشێکى گرنگ لە ژیانى منداڵدا و پێویستە قوتابخانە ئەو زانیارى و چاپوکییە بە منداڵ بدات کە یارمەتى دەدات تا ببێتە مرۆڤێکى سەربەخۆ. دەستکردن بە چوونە قوتابخانە زۆر ئاسان نییە بۆ منداڵ، منداڵەکەت ئیتر ئێستا بەشێکە لە کۆمەڵێک کە ئەندامەکانى یەکە یەکە و بە جیاواز کاریان لەگەڵ دەکرێت و پادداشت دەدرێنەوە، منداڵەکەت ون دەبێت لەناو گروپدا و لەناو ئەو هەموو یاساو شتى ڕۆژانەدا (ڕۆتین) کە کۆمەڵ بۆ خۆى داناوە و لەوانەیە کە نەزانێ چى بکات بەرانبەر بە مامۆستاکەى کە جیاوازە لە دایک و باوکى. بۆ یەکەمجار منداڵەکەت بە چاوى پشکنینەوە سەیرى دەکرێت، لەلایەن یەکێک کە لەخێزانەکەى خۆى نییە و بەراورد دەکرێت لەگەڵ منداڵانى تردا. پلەى بەرزونزم دەدرێت و منداڵەکەت بەپێى ئەو شتانەى دەیانزانێت و دەیانکات، نەک لەبەرئەوەى کە ئەو ئەم کەسەیە.
لەقوتابخانە منداڵ فێرى پێشبڕکێ دەبێت، دەزانێ چەند دەتوانێ و چەندى لە باردایە، فێرى ئەوە دەبێت کە مامۆستاکەى چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکات کە هەندێ شت بزانێت و ئەویش داوا لە خۆى دەکات کە ئەو شتانە بزانێت و هەوڵى بۆ دەدات. منداڵ دەبێت چارى هەڵەو ڕاستى، هەق و ناهەق و ڕاستى و درۆ بکات و بۆى دەردەکەوێت کە هەمووکات ڕاستى سەرناکەوێت. زۆرجار جیاوازى نێوان دایک و باوک و مامۆستا زۆر نییە و مامۆستاش باوک یان دایکى منداڵێکى ترە لە قوتابخانەیەکى تر، بەڵام ئەوەى کە مامۆستا لە دایک و باوک جیادەکاتەوە ئەوەیە کە مامۆستا زیاتر بابەتییە لەبارەى هەڵسەنگاندنى زانیارى منداڵەکەوە، چونکە کەمتر لە چۆنیەتى ژیانى منداڵەکە دەکۆڵێتەوە. هەندێ دایک و باوک هەن بەڕاستى و ڕەوانى بە منداڵەکەیان ڕادەگەیەنن کە ڕازى بوون یا نەبوونیان لێى دەکەوێـتە سەر ئەوەى کە چۆن لە قوتابخانەدا پێشدەکەوێت و زیرەکە، ئەگەر منداڵ هەستى بەوە کرد کە خۆشەویستى دایک و باوکى لەسەر زیرەکى و تەمبەڵى ئەم وەستاوە لە قوتابخانە، ئەوا ئەمە دەبێت بە تەنگوچەڵەمەیەکى گەورە بۆ هەست و نەستى منداڵەکە و تووشى گرفتى فێر نەبوون دەبێت.
منداڵ نەک تەنها لەلایەن مامۆستاوە، بەڵکو لەلایەن هاوڕێکانیشیەوە هەڵدەسەنگێنرێ و ئەم هەڵسەنگاندنەش جیاوازە لەهى مامۆستا هاوڕێیانى پۆل جیاوازن لە هاوڕێیانى کۆڵان، ئەم جیاوزییەش لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر دەگۆڕێت، لە قوتابخانە منداڵەکان لەژێر چاودێرى گەورەکاندان، بەڵام لە کۆڵان منداڵان هەر خۆیانن، ئەمە منداڵ فێرى ئەوە دەکات لەیەککاتدا لەچەند کۆمەڵێکى جیاوازدا بژى و فێرى دەستوورى هەر یەکێک لەو کۆمەڵانە ببێت، منداڵێک کە بەرەوپێش بڕوات و پەروەردەى ڕاستى وەرگرتبێت لەهەموو ڕوویەکەوە بە ئاسانى دەتوانێت پارسەنگى ئەم کۆمەڵە جیاجیانە و دەستوورەکانیان ڕابگرێت کە زۆرجار لەگەڵ یەکدا ڕێک ناکەون.
زۆر منداڵ هەن ژیانى ڕۆژانەى قوتابخانەیان زۆر سەختە و بۆیان ناچێتە سەر، نەک لەبەرئەوەى کە توانایان نییە، بەڵکو لەبەر تەنگوچەڵەمەى دەروونى کە دیارى نادات تا ئەوکاتەى کە قوتابخانەو داواکارییەکانى نەیەنە ناو ژیانى منداڵەوە، منداڵێک کە پەیوەندییەکى توندى بە دایک و باوکییەوە هەیە و ناتوانێ لێیان جیابێتەوە، تووشى ناخۆشى دەبێت لە قوتابخانە. منداڵێک هەست دەکات کە لەماڵەوە گرنگى پێ نادرێت یا پشتگوێ خراوە و دەرناکەوێ لەناو منداڵانى پۆڵەکەیدا، حەزدەکات زوو ڕۆژ تەواو بێت و بچێتەوە ماڵەوە کە لەوێ گوێى دراوەتێ و خۆشەویستى دایک و باوک وەرگرێتەوە.(ئەم تەنگوچەڵەمانە لە شوێنێکى تردا باس دەکەین).
بەشێوەیەکى گشتى کچان باشتر ئەم قوناغە دەبڕن، لەبەرئەوەى زووتر مێشکیان پێدەگات، توانایان زیاترەو زیاتر دەیانەوێت کە کارى قوتابخانە بکەن. زیاتر دەیانەوێت لە مامۆستا نزیک ببنەوە و بەقسەى بکەن و لە هەڵسوکەوتیاندا زیاتر هێمن و لەسەرخۆن، ئەمە بەشێوەى گشتى لە ساڵى یەکەمى قوتابخانەدا وایە، قوتابییەکى کوڕ دەیەوێت کە خۆى ڕزگار بکات لە دایکى لەم تەمەنەدا و هەرچى لە دایکى بچێت و دایکى بیربێنێتەوە ئەم لێى دووردەکەوێتەوە. کە زۆرجار مامۆستایانى سەرەتایى مامۆستاى ژنن، جا ئەگەر مامۆستا ئەم ڕاستییەى زانى و هەوڵى دا کە پۆڵ بکات بە شوێنێکى خۆش بۆ منداڵ و ڕێگاى دان کە زیاتر خۆیان خەریک بکەن بە کارى لەش و جووڵانەوە و کارى وا کە ئەو وزەیەى لەلەشیاندایە بەکارى بهێنن و دەرى بڕن، ئەمە زیاتر منداڵەکە ئامادە دەکات بۆئەوەى ئەو زانیارییەى کە دەیدرێتى وەرى بگرێت. خۆ ئەگەر مامۆستا هەوڵى دا بەهۆى زۆرى قوتابیانەوە لە پۆلدا دار بەکاربهێنێ ئەوە لەلایەکەوە پۆڵى کرد بە شوێنێکى ناخۆش بۆ منداڵ و ئەو وزەیەى کە لە منداڵدا هەیە و پێویستە بێتە دەرەوە بە شێوەیەکى تر دەرى دەبڕێ (زۆرجار بە کارى خراپ) و مامۆستاش ناتوانێت بگاتە ئەو ئامانجەى کە هەیەتى.
جیهانى منداڵ
جیهانى دەروونى منداڵ لەم تەمەنەدا لەهى گەورەکان زۆر جیاوازە. ڕاستە منداڵ لە خێزانەکەیدایە و دایک و باوکى گرنگى پێدەدەن وە ئاگایان لێیەتى و پێویستییەکانى بۆجێبەجێ دەکەن، بەڵام ژیانى ڕۆژانەى منداڵەکە و هەستى لە دەرەوەى خێزانەکەیەو لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەژى، لە تەمەنى(8 - 9)ساڵیدا منداڵ دەبێت بە ئەندامێکى تەواوى گروپەکەى وە فێرى سنوور و دەستوورى ئەوان دەبێت و چاودێرى دەکات لە هەڵسوکەوتیدا، کە زۆرجار واى لێدێ خێزانەکە دەترسن لەوەى منداڵەکەیان ئەمانى کەمتر خۆش بووێت و کەمتر گوێ دەدا بە خێزانەکەى و زیاتر لەگەڵ هاوڕێکانیدایە.
جیهانى هاوڕێیانى قوتابخانە یان کۆڵان جیهانێکى تایبەتییە، کار دەکاتە سەر منداڵ بەبێ ئەوەى گوێ بداتە ئەوەى ئەم منداڵە لە چ خێزانێک یان قوتابخانەیەکەوە هاتووە. هەست و بیرى کۆمەڵ وا دەسەپێنێ بەسەر منداڵەکەدا و منداڵ وەرى دەگرێ، ئەم ڕەفتارە لە منداڵەوە دەچێت بۆ منداڵ و منداڵە بچووکەکان چاو لە منداڵە گەورەکان دەکەن. بەمجۆرە دەستوور و یاساى گروپ بەردەوام دەبێت. ئەم کۆمەڵ و گۆڵمەز دروستکردنە هەندێ ئامانج دەهێننە دى، یەکەم ئەم گۆڵمەزە گۆڕەپانێکە بۆ منداڵ بۆئەوەى فێرى ژیان بێت لەگەڵ خەڵکدا. گۆڵمەزەکە وەکو سەنگى مەحەک وایە بۆ کردەوەو ڕەفتارى منداڵ و خۆى خۆى دەبات بەڕێوە و دووەم دەبێت بەهۆى ئەوەى کە منداڵەکە هێمن و لەسەرخۆیى و ئاسوودەیى لە ژیانى خۆیدا بدۆزێتەوەو لەسەرخۆ بێت بەبێ ئەوەى کە باوک و دایک دەست بخەنە ژیانییەوە منداڵەکە بۆى دەرئدکەوێت کە پشتبەستن بە دایک و باوک زۆر باش نییە و هەوڵدەدات کە زیاتر پشت بە تواناى خۆى و گروپەکەى ببەستێت، بە مانایەکى تر گۆڵمەزەکە بە دەورى گوێزەرەوە دەبینێت و یارمەتى منداڵەکە دەدات بۆئەوەى کە زیاتر سەربەخۆ بێت و منداڵان یارمەتى یەکترى دەدەن لەم کارەدا و دەستوورو یاساى تایبەتى بۆ یارمەتى یەکتر دادەنێن.
گۆڵمەز چۆن ڕێکخراوە؟
گۆڵمەزى منداڵان لە قوتابخانە لەوانەیە گۆڵمەزێکى هەڕەمەکى بێت وەکو ئەو کۆمەڵە منداڵەى کە لە گۆڕەپانى قوتابخانەدا یارى دەکەن یاخود گۆڵمەزێکى ڕێکوپێکى داخراو بێت کە منداڵان لە تەمەنى 10 ساڵى و بەرەوژوور دروستى دەکەن، لەهەمانکاتدا ئەندامن لە زۆر گۆڵمەزدا بەبێ ئەوەى ئەمانە دژى یەکترى بن. بوون بە ئەندام لە گۆڵمەزدا شتێک دەدات بە منداڵ کە کەسایەتى خۆى هەیە کە(ئەمان) جیاوازن لە(ئەوان) ئەمان بۆیان هەیە وا بکەن و ئەوان بۆیان نییە بێنە ناو گۆڵمەزەکەى ئەمانەوە.
چۆنیەتى دروستبوونى گۆڵمەز پەیوەندى بە چۆنیەتى گەڕەک و پلەى زانیارى و ئابوورى و سیاسى خەڵکەکەوە هەیە، پەیوەندى بە جۆرى ژیان لە شارى گەورە و شارى بچووک و گونددا هەیە، ئەو منداڵانەى کە لە گەڕەکێکدا دەژین، دەچن بۆ یەک قوتابخانەو زیاتر گۆڵمەزەکەیان بەهێزترە لە گۆڵمەزێکى تر کە منداڵەکانى لە گەڕەکى جیاجیاوە دێن و دایک و باوکیان سەر بە کۆمەڵى جیاوازى لەیەکنەچوون لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە.
ئەو منداڵەى کە ئەندامە لە گۆڵمەزێکدا و دەتوانێت پێڕەوى دەستوور و یاساى گۆڵمەزەکە بکات و لە ئەندامانى گۆڵمەز بپرسێتەوە لەکاتێکدا کە پێڕەوى یاساى گۆڵمەز ناکەن، زۆرجار سەرۆکایەتى گۆڵمەز دەکات و لەوانەش نەک هەر لێرە بگرە لەزۆر گۆڵمەزى تریشدا هەر سەرۆکایەتى بکات، بەڵام هیچ دوور نییە هەمان منداڵ لە گۆڵمەزێکى تردا گرنگى پێ نەدرێت و وەریش نەگیرێ. بەڵام ئەم گۆڵمەزە چۆن لە ناوەوە ڕێکخراوە و چۆن کار دەکات. ئەوە کارێکى ئاسان نییە بچیتە ناوى و تێى بگەیت، کاتێ کە مامۆستا ئەوەندە سادەو بەستەزمان بێت و لە قوتابیانى پۆڵ بپرسێت کە کێ بوو ئەو کارە ناڕەواییەى کرد؟ ئەوا ئیتر بێدەنگى باڵ بەسەر قوتابییەکاندا دەکێشێ و پەردەیەک لەنێوان مامۆستا و قوتابییاندا دادەدرێتەوە، ئیتر کێ دەتوانێ دوو زمانى بکات؟ کێ دەتوانێ لە دەستوورى گۆڵمەز خۆى جیابکاتەوەو ناوى گوناهبار بدات بە مامۆستا؟ گۆڵمەز جۆرێک لە ویژدان بۆ منداڵ دروست دەکات کە بۆئەوەى بە ئەندام وەربگیرێت، دەبێت بەرانبەر بە ناهەقى و زوڵمى کەسانى دەرەوە ڕاوەستێ و یارمەتى لێقەوماوان بدات، ئەو منداڵەى کە لە گۆڵمەزدا قبووڵ کرابێت ئەوە ئیتر ناترسێ کە یارمەتى منداڵى بچووکتر و لاوازتر بدات و ئەگەر دۆڕایش ئەوا بەسەربەرزییەوە دۆڕانەکە قبووڵ دەکات و خۆى بە دۆڕاوێکى خراپ نازانێت و دایک و باوکى ئاگادارناکاتەوە و نهێنى ناو گۆڵمەزەکە دەپارێزێ.
ڕاستى و پاکى بەرامبەر یەکترى زۆر گرنگە، بەڵام ڕاستى و پاکى بەرامبەر گەورەکان جیاوازە و ئەگەر شتێکى بچووکى لە دوکانێک خستە گیرفانییەوە ئەوە قەیناکات و زیانى نییە، زۆرجار کارێکى وا هەر بۆ تاقیکردنەوەى گەورەکان و بۆ زانینى سنوورى خۆى ئەنجام دەدرێت، و لە ترسى ئەندامانى ترى گۆڵمەز کە بە(ترسنۆک)ناوى نەبەن، ترسى منداڵ لەوەى کە لە گۆڵمەز دووربخرێتەوە زۆرجار پاڵى پێوە دەنێت شتى وا بکات کە هەرگیز خۆى بە تەنها نایکات.
لەناو گۆڵمەزدا منداڵ فێرى ئەوە دەبێت کە دەستوور و یاساى کۆمەڵ بەگشتى فێر ببێت و ئەمە ببێت بە ماوەیەکى گواستنەوە بۆئەوەى بتوانێت هەڵسوکەوت لەناو کۆمەڵدا بکات و وەک هەر ئەندامێکى ترى نێو کۆمەڵ بژى. بەڵام گۆڵمەز لەهەندێ کاتدا جێگاى ناڕەحەتى دایک و باوکانە و جارى وا هەیە کە منداڵ زیاتر لەوەى کە سنوور ڕێگاى پێداوە دەڕوات و کارى سامناک دەکات، کە نازانێت ئەنجامەکەى زۆر ترسناکترە لەوەى ئەو دەیزانێت و بۆ ئەوەى لە گۆڵمەزدا پەسەند بکرێت ئەوا ڕازییە بەهەموو ناووناتۆرەیەک و بەلایەوە گرنگ نییە کە ببێت بە گاڵتەچى گۆڵمەز و گۆڵمەزیش بەکارى بهێنێت بۆ تاقیکردنەوەى سنوورى خۆى و بیکات بە قۆچى قوربانى، ئەویش بەم هۆیەوە بڕواى بە خۆى نامێنێ و دەبێت بە کەرەسەیەک بە دەست گۆڵمەزەوە.
کاتێک کە گۆڵمەزێک خەریکى گاڵتەکردن بوون بە یەکێک لەم جۆرە ئەندامانە و کڵاوەکەیان فڕێ دەدا لەنێوانى خۆیاندا و نەیان دەدایەوە، ئیتر ئەویش دەستى کرد بە گریان و ڕایکردە لاى باوکى. باوکیشى لە ڕقا و لە داخى ئەوەى دەیزانى کە کوڕەکەى بووە بە گاڵتەچى منداڵان ئیتر ڕقى هەڵسا و ڕایکردە دەرەوە و لە منداڵەکان تووڕە بوو و زللەیەکیشى لە یەکێ لە منداڵەکان دا. بەڕاکردنى منداڵەکە بۆلاى باوکى، یاسایەکى گرنگى لە یاساکانى گۆڵمەزەکە شکاند و بە هەڵەى تووڕەبوونى باوکى و دەست خستنە ناو کاروبارى گۆڵمەزەکەوە ئیتر واى لێهات کە جارێکى تر کەس یارى لەگەڵ منداڵەکە نەکات و تا دەهات زیاتر تەنیا دەبوو، چونکە هەموو دەترسان لەوەى کە جارێکى تریش یاساى گۆڵمەز بشکێنێت. ئیتر باوکى منداڵەکە ناچار بوو بەوەى منداڵەکەى بۆ قوتابخانەیەکى تر بگوازێتەوە.
باشتر وایە ئەوە بزانێت کە یاساى گۆڵمەز بەهێزترە و خۆت دووربخەیتەوە لەوەى دەست بخەیتە ناو کارى گۆڵمەزەوە، هەروەها ئەوەش بزانیت کە یاساى ناوەوەى گۆڵمەز هەردەم لە گۆڕاندایەو ئەوەى ئیمڕۆ بڕیارى یاساکانى گۆڵمەز دەدات لەوانەیە سبەینێ لاچێ و یەکێکى تر ببێت بە بڕیاردەر، جا لەبەرئەوەى بە دەستخستنە ناو کارى گۆڵمەزەوە زیاتر تەنگوچەڵەمە بۆ منداڵەکەت زیاتر دەکەیت و لە کەسایەتى کەم دەکەیتەوە. باشتر وایە لە کاتى گیروگرفتى منداڵەکەتدا لەگەڵ ئەندامانى ترى گۆڵمەزدا خۆى چارى ئەم گیروگرفتانە بکات و فێرى شیکردنەوەى گرفتەکانى خۆى ببێت و بزانێت چۆن سەربەستى خۆى دەپارێزێ نەک تۆ ئەم کارەى بۆ بکەیت و ئەویش وەکو تەماشاکەرێک ڕاوەستێ بە دیارتەوە، لەکاتێکدا گرفت و کارەکە هى ئەون.
چاکەو خراپەى گۆڵمەز
کارى خۆ رزگارکردن لە تەوقى دایک و باوک، زۆرجار دەست پێدەکات کاتێ منداڵ هەست دەکات بەوەى ئەم کەسێکى ترە لەوەى دایک و باوک دەیزانن، زۆرجار منداڵ دادەنیشێ و وا لەخۆى دەکات کە گوێى لەهیچ نییە، بەڵام لەڕاستیدا هەموو گیانى بووە بە گوێ و گوێى هەڵخستووە بۆئەوەى لەو قسانە بگات، کە گەورەکان دەیانکەن و ئەو لە دڵى خۆیدا پێکەنینى پێیان دێت و هەروەها پێکەنینى بە دایک و باوکى دێت کەوا دەزانن ئەم منداڵێکى بەستەزمانە و ئەو قسانەى ئەوان دەیکەن تێیان ناگات، ئەم هەستەى منداڵ کە هەستێکى شاراوەیە سەرەتاى گۆڕانێکى تازەو پێویستە کە بە تەواوى لە تەمەنى باڵقیدا ڕوودەدات.
بۆئەوەى ئەم هەستە شاراوەیە لەگەڵ کەسانێکى تردا بەش بکات ئەوا منداڵەکە دەگەڕێ بەدواى ئەوانەدا کە هەمان هەستیان هەیە و لەگەڵیاندا گۆڵمەزێک دروست دەکات.زۆرجار ئەم هەستە لە ساڵانى یەکەمى قوتابخانەدا خۆى بە شێوەى یارى دەردەبڕێت، وەکو یارى پۆلیس و دز، هندى و کاوبۆى و زۆر یارى تر کە جیاوازى هەیە لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکى تر و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنکى تر. زۆرجار تێگەیشتنى گەورەکان بەرامبەر گۆڵمەز تێگەیشتنێکى ناتەواوە و بە شتێکى نێگەتیڤ ناودەبرێت لەناو کۆمەڵدا، کە لەڕاستیدا ئەمە وانییە و پێویست وایە چاوێکى پێدا بخشێنرێتەوە. هەر لەبەرئەوەى کە گۆڵمەز زۆرجار کەلێنێک پڕ دەکاتەوە لە پەیوەندى کۆمەڵایەتى و یارمەتى منداڵ دەدات کە هەست و نەستى خۆى بۆ گۆڵمەزەکەى دەردەبڕێ بەو شێوەیەى خۆى دەیەوێت بەبێ چاودێرى گەورەکان و زۆرجار ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کە دروست دەبێت لەم تەمەنەدا زۆر بەهێزە و بەدرێژایى ژیان دەمێنێـتەوە.
لەناو هەندێ گۆڵمەزدا زۆر تاوان و خراپە دەکرێت و دەبێت بەهۆى خراپکردنى خوو و ڕەوشتى منداڵ، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ جۆرى سەرۆکى کۆمەڵەکە و کۆنترۆلى بەسەر ئەندامانى گۆڵمەزەکەدا.
لێرەدا پێویستى سەرشانى پەروەردەکاران ئەوەیە کە هەوڵبدەن لە گۆڵمەز بگەن و لە جۆرى ئەندامەکانى بکۆڵنەوە و دەستنیشانى ئەو کەموکوڕییانە بکەن، کە دەبێت بەهۆى سەپاندنى دەسەڵاتى کەسێکى زۆر بەسەر ئەندامانى گۆڵمەزەکەدا. شک لەوە نییە کە زۆربەى ئەندامانى گۆڵمەزى وا مرۆڤانێکن کە بڕوایان بە خۆیان لاوازە و بە ئاسانى دەتوانرێت کاریان تێبکرێت کە دوورکەونەوە لەم سەرۆکە زۆردارە.
لە ئەندامى خێزانەوە بۆ ئەندامى گۆڵمەز
لەهەموو گۆڵمەزێکدا(پێکهاتەیەکى کۆمەڵایەتىSOCIAL STRUCTURE ) هەیە، بە ماناى ئەوەى کە لە جۆرە کەسانێک پێکهاتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان کۆمەڵ و هەر ئەندامەى ڕۆڵێکى جیاوازى هەیە لەناو گۆڵمەزدا بەپێى پلەى کۆمەڵایەتى خۆى. ئەمجۆرە ڕێکخستنە لە پۆلێکى قوتابخانەدا دەبینین لە تەمەنى(7 – 12) ساڵیدا بە یارمەتى پشکنینێک کە لە ساڵى 1953 دا لەلایەن سوسیونۆم MERO و شوێلوند SJOLUND لە ساڵى 1968 دا کراوە دەتوانین ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە لە پۆڵیکدا یان لە گۆڵمەزێکدا دەستنیشان بکەین بە کورتى جۆرى پشکنینەکە وایە:
لەقوتابیانى پۆل دەپرسن: حەز دەکەیت لەگەڵ کێدا هاوڕێ بیت؟ (هەڵبژاردنى پۆزەتیڤ) و حەز ئەکەیت لەگەڵ کێدا هاوڕێ نەبێت؟ (هەڵبژاردنى نێگەتیڤ). لە دوایدا نەخشەى وەڵامە نووسراوەکان لەسەر (نەخشەى پەیوەندى) دەکێشن لە نێوانى ئەندامانى پۆلدا. ئەم نەخشەیە پێى دەوترێت (SOCIOGRAM) و بەهۆى سۆسیۆگرامەوە بۆمان دەردەکەوێت کێ سەرۆکى پۆلەو چۆن حوکمدارى ناو پۆل دەکرێت.
دکتۆرێکى دەروونناسى نەرویجى بەناوى (STENSAASEN) بەهۆى ئەو پشکنینەى کە لە قوتابخانەکاندا کردوویەتى بۆى دەرکەوتووە یاخود واى بەباش زانیوە کە ئەو جۆرە کەسانە کە لە پۆلدا سەرەکیین بەم بەشانەى خوارەوە دابەش بکات:
جۆرى بەناوبانگ
جۆرى خۆشەویست.
جۆرى پەسەندکراو.
جۆرى ناحەز.
جۆرى پشتگوێخراو.
جۆرى بەناوبانگ.
ئەمجۆرە کەسانێک دەگرێتەوە، کە بە ئاسانى دەتوانرێت بناسرێنەوە لەناو پۆلدا، وەکو ئەو قوتابییەى هەموو کەسێک خۆشى دەوێت و حەزدەکات هاوڕێیەتى بکات، ئەمانە بەشێوەیەکى گشتى هەموو دەنگەکان وەردەگرن لە هەڵبژاردندا. ئێمە وەک پەروەردەکارێک پێویستە گرنگى بدەین بەمجۆرە قوتابیانە، چونکە ئەمانە بە ئوتۆماتیکى سەرۆکى پۆلن و هەست و بیرى ئەمانە زۆر بە نرخە لەلاى گۆڵمەز و ئەوانى تر چاوى لێدەکەن و دەبێت ئێمە بگەڕێین بەدواى ئەو ڕەوشتە باشانەى لەم ئەندامانەدا هەیە و بۆ قوتابیانى ڕوون بکەیتەوە بۆچى خۆشەویستن. ئەو شتە تایبەتییانەى کەوا لە منداڵێک دەکات کە بەناوبانگ بێت لەناو هاوڕێکانیدا جیاوازییەکى زۆرى هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر و لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵیکى تر . جا بۆیە زۆر گرانە لێرەدا باسێکى تەواوى جۆرى سەرۆکایەتى بکەین، بەڵام بەلاى کەمەوە دەتوانین بڵێین دوو هۆى سەرەکى هەیە بۆ ئەمە:
(یەکەمیان ئەوەیە کە هەندێ منداڵ بەناوبانگ دەبن لەبەرئەوەى کە یارمەتیدەرن، دەتوانن دەوروپشتیان هانبدەن بۆ کارى باش و هەمووکات هەر لە جموجۆڵدان بۆ دروستکردنى پەیوەندى کۆمەڵایەتى.
(دووەمیان):ئەوەیە منداڵەکە ڕووخۆشە و هاوڕێ پەرستەو ژیانێکى هاوئاهەنگى دەژى لەگەڵ دەروپشتیدا، بەمە هەست و نەست و پێگەیشتنى کۆمەڵایەتى لە هاوڕێکانى زیاترە.
لەگەڵ ئەمەشدا هەروەکو دکتۆر (STENSAASEN) جیاى کردۆتەوە. لەم تەمەنەدا 9 تا 12 ساڵى دوو جۆر سەرۆک هەیە:
یەکەمیان : سەرۆکى ڕەسەن و ئەوى تریان سەرۆکى زۆردار.
سەرۆکى ڕەسەن ئەو سەرۆکە دیموکراسییەیە کە هەوڵدەدات ناکۆکى نێوانى ئەندامانى کۆمەڵەکە کەم کاتەوەو یەکیەتى نێوانیان بپارێزێ، ئەم سەرۆکە کۆمەڵ ڕێکوپێک دەکات و هانى دەدات بۆ چالاکى و گۆێیان لێدەگرێت و بە قسەیان دەکات، هەروەها ئیش دەکات بۆئەوەى کە ئامانجى کۆمەڵەکە بێتەدى، ئەم سەرۆکە لەوانەى دەورووپشتى زیرەکترەو زیاتر بە کەڵکى ئەوە دێت کە سەرۆکایەتى بکات.
سەرۆکى دووەمیان سەرۆکى زۆردارە. ئەمە ئەو سەرۆکەیە کە بەزۆر خۆى سەپاندووە بەسەر گۆڵمەزدا بەهۆى هێزى بازوویەوە یان لەبەرگەورەیى و فێلبازى و هەڕەشەوە زۆردارە کە هەندێ ئەندامانى کۆمەڵەکەى لەلاباشترە لەوانى تر و هەر کەسێک هەڕەشە لە شوێنى ئەو بکات ئەم دوورى دەخاتەوە. زۆرجار ئەندامێکى کۆمەڵ دەکات بە گژ ئەوى تردا. ئەندامانى کۆمەڵ بەگژ یەک دەکات بۆئەوەى دەستیان بەسەردا بگرێت، ئەمجۆرە سەرۆکە دڵڕەقە و زیرەکە و تووڕەیە. هەرگیز گوێ لە هاوڕێکانى ناگرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ڕاددەیەک خۆشەویستە و خەڵکى لێى دەترسن، ئەمجۆرە سەرۆکە تەنها بۆ قازانجى خۆى ئیش دەکات، ئەمجۆرە سەرۆکانە لە زۆر ڕووەوە کامڵ نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووکات لەهەموو کەس چاکترن لەچاوى خۆیاندا، ئەم بیرکردنەوەیە لەبارەى خۆیانەوە تەشەنە دەکات بۆ ئەوانەى دەورووپشتیان بەمجۆرە ئەم سەرۆکانە دەبن بەهۆى دروستکردنى زۆر تەنگوچەڵەمە بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵەکەیان.
جۆرى خۆشەویست:
جیاوازى لە نێوانى جۆرى یەکەم و جۆرى دووەمدا زۆر نییە، بەڵام ئەو منداڵەى کە لەمجۆرە کەسانە بێت هەرگیز نابێت و نایەوێت ببێت بەسەرۆکى گۆڵمەز، زۆر ئەندامانى گۆڵمەزو پۆل دەیانەوێت و حەز دەکەن کە هاوڕێیەتى ئەمجۆرە کەسانە بکەن و زۆر دەنگیان بۆ دەدرێ لە هەڵبژاردنى پۆزەتیڤدا و هەموو ئەندامانى کۆمەڵەکە بەچاوێکى باش سەیریان دەکەن. ئەمانە زۆرجار ئەوەندە خۆ هەڵکێش نین و زۆر باسى خۆیان ناکەن. ئەمانە زۆر دڵنیان لە ژیانى خۆیان و لە هەڵسوکەوتیاندا.
جۆرى پەسەندکراو:
ئەمانە ناوى خۆیان بەخۆیانەوەیە. هەندێ دەنگ وەردەگرن لە دەنگدانى پۆزەتیڤدا و هیچ دەنگیان بۆ نادرێ لە دەنگدانى نێگەتیڤدا. ئەمانە لەوانەن کە هاوڕێکانیان نە ڕقیان لێیان دەبێتەوە نە خۆشیان دەوێن، تەنها هەندێ لە ئەندامانى گۆڵمەز بیریان دەکەن کاتێ کە دیار نامێنن، بەڵام هەمووکات بە ئەندامى تەواوى کۆمەڵەکە دەژمێردرێن.
جۆرى ناحەز:
ئەو قوتابیانەى لەمجۆرەن زۆرجار فشەکەرو خۆهەڵکێشن، لەبەرئەوەى زۆر لە ژیانى خۆیان دڵنیا نین، زۆر درۆ دەکەن بەبێ ئەوەى بە خۆیان بزانن، بەشێوەیەکى گشتى بڕوایان پێ ناکرێت. هەمووکات هەوڵدەدەن خۆیان بەرزبکەنەوە لەسەر حسابى خەڵکى تر. بەلاى خۆیەوە ئەم قەت هەڵە ناکات و زۆر کەم کەس حەزدەکەن کە هاوڕێیەتى ئەمجۆرە کەسانە بکەن و لە هەڵبژاردنى نێگەتیڤدا زۆر دەنگیان بۆ دەدرێت. ئەمانە بەشدارى یارى کۆمەڵەکە دەکەن هەرچەندە دەنگى ناڕەزایى لەناو کۆمەڵەکەدا لە دژیان هەیە ئەگەر لە یارییەکدا نەبن کەس نییە بیریان بکات.
جۆرى لەبیرکراو:
هەندێ قوتابى کوڕ و کچ لە پۆلدا لەمجۆرە کەسانەن و ئەمانە بەڕاستى لە بارێکى سامناک و ترسناکدان بەلاى کەمەوە لەبارەى دەروونییەوە، کەس دەنگیان بۆ نادات. کەس نایەوێت هاوڕێیەتیان بکات. ئەمانە لە بارەى کۆمەڵایەتییەوە بە منداڵى تەنگوچەڵەمە لە قەڵەم دەدرێن. وەکو پەروەردەکار دەبێت بە تەواوى گرنگى بدەین بەمجۆرە قوتابیانە، جا بۆیە لێرەدا بەدرێژى باسى بارى ئەم قوتابیانە دەکەین و دابەشیان دەکەین بۆ چوار بەش:
منداڵ کە پۆل نایبینێ.
- منداڵ کە پۆل دەیەوێت دوورکەوێتەوە یاخود قبووڵ ناکرێت.
منداڵى پەناخراو.
منداڵى تەنها.
سێ جۆریان لەم منداڵانە بە تەواوى گرفتن بۆ خۆیان و بۆ ماڵ و قوتابخانە و کۆمەڵ.
1- منداڵ کە پۆڵ نایبینێ : ئەمانە خۆیان حەز دەکەن کە لەگەڵ گۆڵمەزدا بن و گۆڵمەزیش نەفرەتیان لێ ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قەت ناتوانن بێنە ناو گۆڵمەزەوە و ببن بە بەشێک لێى . قەت هەست بەوە ناکەن کە ئەندامن لە گۆڵمەزداو خۆیان بە تەماشاکار دەزانن، ئەمەش دەبێت بەهۆى ناخۆشى بۆیان و هەرکاتێکیش کە هەوڵدەدەن بۆئەوەى بچنە ناو گۆڵمەزى ترەوە کە لە تەمەنى خۆیاندایە هەر هەمان تەنگوچەڵەمەیان تووش دەبێت و وایان لێدێ کە خۆیان بە کەم بزانن، لەبەرئەوە هەوڵدەدەن بچنە ناو گۆڵمەزى منداڵى بچووکترەوە، ئەمجۆرە قوتابیانە پێویستیان بە یارمەتى هەیە چ لە قوتابخانە و چ لە ماڵەوە.
2- منداڵ کە پۆڵ دەیەوێت دوورکەوێتەوە یاخود قبووڵ ناکرێت: هەر لە جۆرى منداڵانى یەکەمن، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر هەوڵدەدەن بچنە ناو گۆڵمەزەوە، بەڵام سەرناکەن، ئیتر دەبێت یان شەڕ بکەن و ببن بە منداڵى شەڕانى یاخود خۆیان بکەن بە گاڵتەچى پۆڵ و دەورى قەشمەر ببینن، چونکە دەیانەوێت بەم هۆیەوە سەرنجى قوتابیان و مامۆستایان بۆلاى خۆیان ڕاکێشن. لەئەنجامى ئەم ڕەفتارەیانەوە واى لێدێ کە ئەوەندەى تر هاوڕێکانیان خۆیان لێ دوور دەخەنەوەو بەمە ئەم منداڵى دەکەوێتە ناو بارێکى خراپەوە کە تا بێت بەرەو خراپتر دەڕوات.
3- بەشى سێیەمى ئەمجۆرە منداڵانە قبووڵ دەکرێن لە گۆڵمەزدا بەڵام خۆیان حەز ناکەن و لە ڕاستیشدا ئەمجۆرە منداڵانە شەڕانى نین و پێویستیان بە گۆڵمەز نییە، خۆیان سەرپەرشتى کارى خۆیان دەکەن بەبێ ئەوەى ئەوانەى دەورووپشتیان دەست بخەنە کاریانەوە و ئەمانە زۆرجار مرۆڤى زیرەک و تێگەیشتوویان لێ دەردەچێت.
4- گەورەترین تەنگوچەڵەمە ئەوجۆرە لەبیرکراوانەن، کە خۆشیان نایانەوێت لەگەڵ گۆڵمەزدا پەیوەندیان هەبێت و خۆیان بە دوور دەگرن، ئەمانە بەهیچ جۆر هەوڵ نادەن، کە پەیوەندیان بە قوتابیانى هاوڕێیانەوە هەبێت، ئەمانە زۆرجار پێویستیان بە پزیشکى تایبەتى هەیە بۆئەوەى بهێنرێنەوە ناو کۆمەڵ.
ئەم هەموو جۆرە قوتابیانە لە دەورووبەرى ئێمە هەن، کە زۆر لەمانە پێویستیان بە یارمەتى بەپەلە هەیە. بەڵام تاکو ئەم یارمەتییە دەست دەکەوێت و دەگاتە ئەم منداڵانە پێویستى سەرشانى پەروەردەکارانە کاتى خۆیان تەرخان بکەن بۆ خزمەتى ئەمجۆرە قوتابیانە.
باشترین هاوڕێ یان هاوڕێى تایبەتى:
لە دەورووبەرى دە ساڵیدا منداڵەکەت هاوڕێیەک هەڵدەبژێرێ لەنێوان هەموو ئەوانى تردا و دەیکات بە(باشترین هاوڕێ). زۆر دایک و باوک دڵگران دەبن و دەکەونە پرسیار لە خۆکردن لە بارەى ئەم هاوڕێ تایبەتیەوە و دەپرسن بۆچى زۆر بە یەکەوەن؟ بۆچى کەس نازانێ چى دەکەن؟ و خەریکى چین؟ منداڵى وا هەیە زیاتر لە هاوڕێیەکى خۆشەویستى هەیە و جارى وا هەیە کە هاوڕێى تایبەتى لە پڕێکا دەگۆڕێ و یەکێکى تر پەیدا دەکات. ئەم پەیوەندییە بەهێزە لەگەڵ هاوڕێى تایبەتیدا کارێکى گەورە دەکاتە سەر پێشکەوتنى منداڵ کە هەمان هیوایەتیان هەیە. هەمان نهێنیان هەیە. هەست و نەستیان لە یەکترەوە نزیکە، بەمە منداڵ هەست دەکات کە تەنها نییە لە هەست و نەستى دەروونیدا، بەهۆى هاوڕێیەکەیەوە فێر دەبێت کە چۆن تەنگوچەڵەمەکانى چارەسەر دەکات و فێرى نزیکى دەبێت لە کەسێکى ترەوە کە ئەندامى خێزانەکە نییە، بەڵام هەمان هەست و نەستى هەیە.
بینینى منداڵ ئەگۆڕێ
لەم تەمەنەدا منداڵ لەگەڵ زۆر منداڵى تر و گروپدا هەڵسوکەوت دەکات، کە بە چاوێکى تر سەیرى ژیان دەکەن و هەندێکیان لەگەڵ بیرى ئەمدا ناگونجێ. منداڵ دەچێت بۆ ماڵى هاوڕێکانى و بۆى دەردەکەوێت کە ئەم خێزانە جیاوازن لە ئەمان و دایک و باوکى هاوڕێکانى و منداڵەکەیان بەجیاوازى ڕەفتار دەکەن. ئیتر منداڵ دەست دەکات بە بەراوردکردنى دایک و باوکى لەگەڵ دایک و باوکى هاوڕێکانى. زیاتر دایک و باوکى وەکو مرۆڤێکى ئاسایى دێتە بەرچاو نەک وەکو جاران کە ئەمان سەرچاوەى هەموو بیرو کردەوەو ڕاستى و دادپەروەرى بوون لە دنیادا. چاوى منداڵ دەکرێتەوە و سەرى سووڕ دەمێنێ لەوەى هەندێ گەورە هەڵەى گەورە دەکەن و درۆ دەکەن، بە ناهەق لەگەڵ خەڵکى شەڕ دەکەن و بڕیار دەدەن بەسەر خەڵکى دا کێ باشەو کێ خراپە، کآ گوناهبارە و کێ بێگوناهە؟
بینینى منداڵ بۆ دایک و باوک کەسێکن ڕۆڵى تایبەتیان هەیە لە ژیانى منداڵەکەدا دەگۆڕێ کاتێ منداڵەکە بۆى دەردەکەوێت، دایک و باوکى لەهەمووکاتێک و شوێنێکدا و لەلاى هەموو کەسێک وانین وەک لاى منداڵەکە جا تووشى بێهیوایى دەبێت و بۆى دەردەکەوێ، کە جیاوازن یاخود ئەوە نین کە ئەم دەیزانى، ئیتر دەست دەکات بە گەڕان بەدواى جیاوازى نێوانى خۆى و خەڵکى تر (ڕەنگ ، ئایین، خەڵکى کوێیە، نەتەوەکەى...)و منداڵ بیر لەمانە هەمووى دەکاتەوە و پرسیاریان لە بارەوە دەکات و زۆرجار واى لێدێ کە چاو بخشێنێتەوە بە خەیاڵاتى خۆیدا و بیان گۆڕێت. جا ئەگەر دایک و باوک بە دڵێکى فراوانەوە کاتێکى باش تەرخان بکەن بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکانى منداڵ و تێى بگەێنن، کە لە ژیاندا زۆرجار ناهەق سەردەکەوێت، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە ئێمەش ناهەقى بکەین و باسى ئەو هۆیانەى بۆ بکەین کە دەبێت بەهۆى جیاوازى نێوانى ئەم و خەڵکى تر، بەمە دەتواینن یارمەتى منداڵەکە بدەین کە لەم هەموو تەنگوچەڵەمە دەروونیانە ڕزگارى بێت و منداڵەکە زیاتر کاتى خۆى تەرخان کات بۆ چارەسەرکردنى ئەم ناهەقیانە لە دواڕۆژدا.
پاڵەوانى منداڵ
لەم تەمەنەدا منداڵ و گروپ و گۆڵمەز پێویستى بە پاڵەوانى تازەیە لەبەرئەوەى هەڵسەنگاندنى خێزان جیاوازە لەهى گۆڵمەز، منداڵ دەگەڕێت بەدواى پاڵەوانى خۆیدا لەناو فیلم و حکایەت و کەسانى وەرزشکارو پیاوانى سیاسی و سەرۆکى گەل و پیاوانى مێژووییدا و هەوڵدەدات وەکو ئەوان بکات، وەکو ئەوان نان بخوات و باس هەر باسى پاڵەوانەکەیەتى، سەبارەت بە کچان زیاتر مامۆستا یاخود خوشکى هاوڕێکەى یان گۆرانیبێژێک یان ئەکتەرێکى سینەماو شانۆ دەبێت بە پاڵەوانەکەى. ئەم پاڵەوانە زوو زوو دەگۆڕێت بە پاڵەوانێکى تر، ئیمڕۆ بەلاى منداڵەوە فوتبۆل گرنگە ئیتر خۆى خەریک دەکات بە پاڵەوانى فوتبۆڵینەوە و سبەینێ فڕۆکەوانى و بەمجۆرە پاڵەوانەکانى دەگۆڕێت.
ئەم قۆناغە قۆناغى بەرەو پێشکەوتنە. قۆناغى وەرگرتنى زانیارى و فێربوونێتى، قۆناغى گەورەبوونە. کاتێ کە منداڵەکەت تەندروستى باش بێت و بەشدارى لەشى و دەروونى و هەستى چالاکییەکانى قوتابخانەکەى بکات و لەگەڵ هاوڕێکانیدا بتوانێت هەڵسێ و دانیشێ و لە کۆڵان و گەڕەکدا بتوانێ لەگەڵ هاوڕێیانى کۆڵاندا هەڵسوکەوت بکات و هەوڵبدات شتى تازە فێر ببێت و نەترسێ لە کارى قورستر لەتواناى خۆى ئەوا پێگەیشتنى منداڵ بە ئاسایى دەڕوات و پێویست بە ترس ناکات لە دواڕۆژى منداڵەکەت.
هەست و نەستى منداڵ (بیر)
لە ماوەى ئەم چەند ساڵەدا هەست و نەستى منداڵ بەزۆر شێوە پێشدەکەوێت. لە بیرمانە منداڵى باخچەى ساوایان تێ نەدەگەیشت کە قەبارەى ئەو ئاوەى لە پەرداغە بەرزە شێوە لوولەکیەکەدایە هەروەکو قەبارەى هەمان ئاوە، کە لەپەرداغە پانەکە دایە، بەڵام قوتابییەک ئێستا ئەوە دەزانێت و دەزانێ گۆڕانى وێنەى پەرداغەکە لە قەبارەى ئاوەکە ناگۆڕێ و ئەوى لەدرێژى کەم دەبێتەوە دەچێتە سەرپانى. قوتابى لەم تەمەنەدا دەتوانێت تەنگوچەڵەمەى گران و ئاڵۆز چارەسەر بکات و دەزانێت ئەگەر سیروان درێژتر بوو لە ئازاد و ئازاد درێژتر بوو لە بەهزاد، ئەوا سیروان درێژترە لە بەهزاد.
سیروان درێژترە لە ئازاد
ئازاد درێژترە لە بەهزاد
سیروان درێژترە لە بەهزاد
ئەمە ماناى ئەوەیە منداڵەکە دەتوانێ پەیوەندییەکى هاوبەش و تازە بدۆزێتەوە لە نێوانى ڕووداوەکاندا و دەتوانێ ئەوە بزانێت، کە بەهۆى چەند ڕووداوێکەوە کە زووتر ڕوویان داوە ئێستا ڕووداوى تر لەوانەیە ڕووبدەن، ئەمە پێشکەوتنێکى زۆر گرنگە لە پێشکەوتنى بیر و لوژێکى منداڵەکەدا. منداڵ لەم تەمەنەدا فێرى ئەوە بووە کە شت ڕیز بکات و بیخاتە خانەى جیاوازەوە، بەرد ، پارە ، پوول، پاڵەوانى سینەما، سەرەسۆدە، کردەوەى چاک و خراپ، پیاوى باش و خراپ، ئەمە گرنگیەکى گەورەى لە ژیانى منداڵدا هەیە و فێرى ئەوەى دەکات کە بەئاسانى جیاوازى بکات لە نێوانى خەڵک و شوێن و کات و شتومەکدا. هەر لەبەرئەوەى فێرى ڕێکخستنى شتومەک بووە لە خانەى جیاواز و جیاجیادا، ئیتر بۆى دەردەکەوێت کە هەر یەکێ لەمانەش دەتوانێت دابەش بکات بە جۆرى بچووکترو جیاوازترەوە کە منداڵ نەخۆش کەوت ماناى ئەوە نییە ئیتر ئەم دەبێت لێى بترسێ، کە منداڵەکە خەریکە بمرێ و لەوانەیە قەت چاک نەبێتەوە ئێستا فێرى ئەوە بووە، کە نەخۆشى جۆرى جیاوازى هەیەو جیاوازى لەنێوانى نەخۆشیى کوشندە و نەخۆشى تردا هەیە. گۆڕانێکى گەورەى تر کە ڕوودەدات لە مێشکى ئەم منداڵەدا دیتنى منداڵەکە دەگۆڕێ بەرانبەر بە سحرو جادوو لەتەمەنى پێش قوتابخانەدا منداڵ هیچ سەرى سووڕ نامێنێت لەو جادووگەرەى کە ڕاوەستاوە و یەک لەدواى یەک هێلکە لە دەمیەوە دەردەهێنێ. بەڵام قوتابیانى سەرەتایى بە جارێ سەریان سووڕدەمێنێ و دەست دەکەن بەپرسیارکردن و بەهەمووجۆرێک دەیانەوێت تێبگەن کە چۆن ئەم جادووگەرە ئەمە دەکات.
لەم تەمەنەدا منداڵ کەمتر خۆپەرستە و زیاتر گرنگى دەدات بە دەورووپشتى و دەتوانێت لە گۆشەى جیاوازەوە سەیرى مەسەلەکان بکات و بزانێ کە خەڵکى چۆن هەست بە شت دەکەن و لەم تەمەنەدا زانیارى منداڵ زیاد دەکات لەبارەى لەشى خۆیەوە و دەزانێ کە دڵ هەمیشە لێدەدات لەبارەى جیهان و ئاسمان و دەریاکانەوە، ئیتر منداڵ دەزانێت کە تەمەنى باوکى هەموو کات لە تەمەنى ئەم چەند ساڵێک زیاترەو ناگۆڕێ بە گەورەبوونى هەردووکیان. هەرچەندە منداڵ ئەم هەموو پێشکەوتنانەى بەسەردا هاتووە دەتوانێ ڕستەى گەلێ گرانیش بخوێنێتەوە و بەراوردى شتومەک بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لێکدانەوەى لۆژێکى نییەو ناتوانێ تەقدیرى ڕاستى شت و جێگا و خەڵکى بکات و خەیاڵ بەکار دەهێنێ لە بیرەکانیدا. بەڵام ئەوەى زیاتر ئەم قۆناغە دیارى دەکات و دەتوانین وەکو دایک و باوک و مامۆستاو پەروەردەکار یارمەتى منداڵ بدەین، ئەوەیە کە منداڵ تینووى زانیارییە و بەهەموو لایەکدا هەوڵدەدات زیاترى دەست کەوێت و لێرەوە بناغەى مرۆڤێکى تێگەیشتووى بەرەوپێش و سەربەخۆ و دیموکراسیخواز دادەنرێ.
ویژدانى منداڵ پێدەگات
لەنێوانى(6 – 9)ساڵیدا منداڵ دواى ئەو دەستوور و یاسایانە دەکەوێتە کە بۆخۆى داناوەو لادان لێیان بەشتێکى زەحمەت دەزانێت. منداڵ لەم تەمەنەدا یارى و دەستوورەکانى یارى وەکو یەک بە گرنگ دەزانێت و دەستوور دەستوورە و دەبێت دواى بکەوێت.
هەروەها منداڵ جیاوازى ناکات لە نێوانى درۆیەک بۆئەوەى شتێکى پێ دەست بکەوێت یان درۆیەک بۆئەوەى هەستى کەسێک بپارێزێ و بریندار نەبێت، درۆ درۆیە و بەس، لەبەرئەوە ئەگەر منداڵێک بە ڕێکەوت بەردێکى هاویشت و پەنجەرەیەکى دراوسێکەیانى شکاند ئەوا لەلاى ئەم، ئەم منداڵە هەروەکو ئەو منداڵە گوناهبارە کە بەردەکە بەڕاستى دەهاوژێت و پەنجەرەکە دەشکێنێ. پێشکەوتن و گۆڕانى ویژدان لەم تەمەنەدا دەگەڕێتەوە بۆئەوەى کە منداڵ ئێستا خەڵکى جیاواز دەبینێ و لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکات، فێر دەبێت کە خەڵکى ڕوانینى جیاوازیان لە بارەى ڕاست و درۆوە هەیە و ناچار دەبێت دان بنێ بەوەدا کە بینینى دایک و باوکى زۆرجار جیاوازە و گۆڵمەز واى لێدەکات ئەمیش بینینى بگۆڕێت و چاودێرى بارودۆخى ڕووداوەکە بکات و هەریەکەى بەجۆرێکى تایبەتى و بەشێوەى جیاواز هەڵسەنگێنێ. هەروەها منداڵ فێر دەبێت بە چاوێکى جیاواز سەیرى گوناه و سزا بکات و وا چاوەڕوان دەکات کە ئەگەر گوناهى گەورەى کرد ئەوا سزایەکى گەورەى دەدرێ، لەناو گۆڵمەزدا فێرى ئەوە دەبن کە چاوپۆشى لە کەموکوڕى یەکتر بکەن.
دزى
زۆر هۆ هەن بۆئەوەى منداڵێک دزى بکات و زۆر جۆرى جیاواز لە دزى هەیە. جارى وا هەیە منداڵێک پارەیەکى کەم لە گیرفانى باوکى یان دایکى دەردەهێنێت یاخود شتێکى بچووک لە هاوڕێکەى یان دوکانێک دەخاتە گیرفانیەوە، دەبینین منداڵەکە پێویستى بەم شتەش نییە و بەکاریشى ناهێنێت. لەوە دەچێت خواستێکى ترى بەم دزییە بەجێ بهێنێ.
زۆر منداڵ کە ئەم کارە بەم شێوەیە دەکات، هاوارێکى ئاشکرایە بۆئەوەى یارمەتى بدەن و گوێى بدەنێ. داواى خۆشەویستى دەکات، دزییەکە دەکات بە بیانوویەک بۆئەوەى کە دایک و باوکى زیاتر گرنگى پێبدەن. کاتێ بۆت دەرکەوت منداڵەکەت دزى کردووە باشتر وایە پێى بڵێیت و داواى لێ بکەیت بۆت ڕوون بکاتەوە ڕاستى ڕووداوەکە چۆن بووە، هیچ سوودى نییە کە دانیشیو باسى ویژدان و ڕاست و چەوتى بۆ بکەیت و پێویستیش ناکات لە نرخى منداڵەکە کەم بکەیتەوە. تۆ دەتەوێت منداڵەکەت بزانێت کارەکەى ڕاست نییەو ویژدان ڕێگا نادات بە دزیکردن نەک ئەو مرۆڤێکى خراپە. ئەوەى کە پێویستى بە قسەکردن هەیە منداڵەکەیە نەک تۆ.. منداڵەکەیە کە پێویستى باسى بارى چەوتى خۆى بکات و بڵێت بۆچى دزییەکەى کردووە و هۆى چى بووە. بۆئەوەى تۆ بۆت ڕوونبێتەوە کە هەڵەکە لە چیدایە،(باشتر وایە کە تۆ گوێ بگریت نەک ئەو) دواى ئەوە داواى لێبکەیت کە شتەکە بەرێتەوەو دوورکەویتەوە لەوەى کە ئەم کارە(دانەوەى شتەکە بە خاوەنەکەى) بکەیت بە چەکێک بە دەستتەوە بۆ شکاندنى منداڵەکە، لەگەڵیدا بچیت بۆ شوێنەکە و داوا لە خاوەنەکەى بکەیت منداڵەکەت شتێکى هەڵگرتووە بەبێ ئەوەى پارە بدات. ئەمە زۆر گرنگە کە شتە دزراوەکە بە تەواوى بدرێتەوە بە خاوەنەکەى . بزانى هۆى دزییەکە چییە کە لەوانەیە منداڵەکە ئەمە دەکات لەبەرئەوەى دڵى هاوڕێکانى ڕازى بکات یان یەکێکى خۆشەویست پشتگوێى نەخات یان تەنگوچەڵەمەى هەیە لەگەڵ مامۆستاو هاوڕێکانیدا. ئەو منداڵەى کە دزى دەکات بەهۆى برسێتى و نەبوونیەوە، ئەمەیان تەنگوچەڵەمەى هەموو کۆمەڵە و دەبێت بەهەمووان هەوڵبدەن بۆ یارمەتى دانى ئەم منداڵە.
گفتوگۆکردن
کاتێ باسى هەست و نەستى منداڵ و بیرکردنەوەیمان کرد باسى ئەوەمان کرد کە ئەمە دەبێت بەهۆى تواناى منداڵ بۆ قسەکردن. قسەکردن ئێستا لەگەڵ منداڵێکى(7 – 9) ساڵیدا دەبێت بە گفتوگۆ.
لەوەو پێش منداڵ لە قسەکردن تەنها قسەکانى خۆى دەکرد و گوێى لە قسەى تۆ زۆر نەدەگرت و قسەکردنەکە لە ڕاستیدا بریتییە لە هەزارەها پرسیار کە هەندێکیان زۆر بە زەحمەت وەڵامیان دەدرێتەوە.
لە تەمەنى منداڵى ساوادا (پێش سێ ساڵى) منداڵ زمانى بۆ دروست دەبێت بەپێى قسەکردنى گەورەکان لەگەڵیدا بەبێ ئەوەى خۆى بەشدارى بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوێى لێدەگرێ و بەجۆرێک خۆشى دەبەخشێت بە منداڵەکە. لە کۆمەڵى کوردەواریدا بەهۆى زۆرى ئەندامانى خێزانەوە ئەم کارە بەبێ ئەوەى هەستى پێ بکرێت دەکرێت، گەورەکان هەمووکات لەدەورى منداڵەکە قسەدەکەن. بەڵام چەندى ئەو قسانە لەگەڵ منداڵەکەدا دەکرێن ئەوە شتێکى ترەو خێزان دەتوانێت بە ئاسانى جیاوازى لەنێوانى قسەى خۆیان و قسە لەگەڵ منداڵ کردندا بکات. قسەکردن لەگەڵ منداڵ هەر لەم تەمەنەدا کارێکى یەکجار دەکاتە سەر ژیانى کۆمەڵایەتى و مێشک و دەروونى منداڵەکە. جا بۆیە دەبێت ئەم کارە ڕەچاو بکرێت بەتایبەتى لەخێزانى تازە دروستبوودا کە تەنها دایک و باوکەکە لەدەورى منداڵەکەن یاخود جارى وا هەیە بە تەنها دایکەکە ڕۆژانە لەلاى منداڵەکە دەمێنیـَتەوە.
لێرەدا نموونەى ئەو پیاوەم دێتەوە بەرچاو کە بە بازاڕە گەورەکەدا دەڕۆیشت و منداڵەکەى بە باوەشیەوە هەڵواسیبوو، لەگەڵ منداڵەکەى قسەى دەکرد و دەیوت ئێستا دەچین شیرەکە دەهێنین، شیرەکە لەو سەرەوەیە لەناو شوێنێکى ساردا، پێویستمان بە نانەو دەبێت ئارد بکڕین، ئیتر ئەو پیاوە هەر بە دواى شتەکاندا دەگەڕا و قسەى لەگەڵ منداڵەکەى دەکرد و لە هەمووى خۆشتر ئەوەبوو، کە منداڵەکە وا جوان و لەسەرخۆ خۆى مەڵاس دابوو بە سنگى باوکیەوە کە ڕەزامەندى لە چاوەکانیدا دەدرەوشایەوە وەکو بە خەڵکى بڵێت سەیرکەن من چەند جێگاکەم خۆشە و چەند قسە لەگەڵ باوکما دەکەم. ئاوا ئەم باوکە لەگەڵ منداڵەکەى خۆیدا دەدوا و پەیوەندییەکى نزیکى بەهۆى وشەکانیەوە دروست دەکرد.
وتمان منداڵ لەم تەمەنەدا (7 – 12) ساڵى زیاتر هەوڵدەدات ڕووداوەکان لە سووچى تریشەوە ببینێت و فێرى ئەوە دەبێت کە بزانێت زیاد لە ڕێگایەک هەیە بۆ باسکردنى ڕووداوەکان. ئەمە وا دەکات کە ئەم قسەکردنە لەگەڵ خەڵکى تردا بگۆڕێت بە گفتوگۆ، لەبەرئەوە دەبینین کە منداڵانى پۆلى یەکەم و دووەم هەریەکە بە جارێ باسى خۆى دەکات و کاتێ لانە دەڵێت:(سەیرکە چەند ڕەنگێکى جوانم بەرکەوت) لەولاوە جوانە دەڵێت: (ڕەنگەکەى من تەواو بوو) ئەم منداڵانە قسە بەسەر قسەى یەکتردا دێنن و نەگەیشتوونەتە پلەى گفتوگۆ. ئەمە زۆر ناخایەنێ کە لە پۆڵى سێ و چواردا ئیتر منداڵ فێر دەبێت گوێ بگرێت و سوود لە بیروڕاى ئەوانى تر وەربگرێت و دەیەوێت لە هەڵسوکەوتى پۆلدا بەشدارى بکات. سەیرو سەمەرە: لەم تەمەنەدا کە منداڵ فێرى ئەوەبوو کە بیر بکاتەوە، وەڵامى وا هەڵدەبژێرێ بۆ پرسیارەکان کە بەڕاستى دەزانێ و هەر لەبەرئەوەى لەسەرەتاى ئەم ڕاهێنانە دایە دەترسێ وەڵامەکەى بیربچێتەوە و هاوار دەکات کە مامۆستا گوێى لێبگرێت جا مامۆستا هاوار دەکات بەسەریدا کە بێدەنگ بێت و ئیتر نابێ کەس قسە بکات. جارێک دوو و سێ و چوار، ئیتر منداڵەکە بۆخۆى بێدەنگ دەبێت و جارێکى تر نایەوێت وەڵامى پرسیارەکانیش بداتەوە، هەرچەندە دەشزانێ بۆئەوەى جارێکى تریش مامۆستا هاوار نەکات بەسەریدا. لەکاتێکى وادا کە زۆربەى منداڵەکان هاوار دەکەن وەڵامى پرسیارەکە بدەنەوە و مامۆستا ناتوانێ بەهەموویان بڵێت وەڵام بدەنەوە. باشتر وایە کە منداڵەکان دوو دوو یان سآ سآ گروپ دروست بکەن و وەڵامى پرسیارەکە بەیەک بڵێن و بەمجۆرە لەگەڵ یەکتریدا بکەونە ئاخاوتن. هیچ زیانێکى نییە کە پۆلەکە بۆ ماوەى پێنج دەقیقەیەک ببێت بەحەمامى ژنان و منداڵان ئەوەى لە دڵیاندایە دەرى بڕن. چونکە پۆلى وا پۆلێکى بە هەڵسوکەوتە و باشترە لە پۆلێکى بێدەنگ و ئاقڵ. جا لێرەدا پێویستمان بە گفتوگۆیەک هەیە لەناو خۆماندا وەکو پەروەردەکارى منداڵ. (ئایا منداڵ قسە بکات لە پۆلدا باشترە یان ئاقڵانە دانیشێ و سەرى مامۆستا نەیەشێنێ؟) ئایا قوتابخانە خۆى چییەو ئەمانەوێ چ قوتابیەک و مرۆڤێک بۆ کۆمەڵ بەرهەم بهێنین؟ کەسێکى گوێڕایەڵى بێدەنگ، گلەیی نەکەرى ترسنۆک کە خۆى نەزانێ چى دەوێت و هەرچى گەورەکان پێى بڵێن بیکات باشترە یان مرۆڤێکى سەربەست و سالار کە بە چاوى ڕەخنەوە سەیرى پێشنیازەکان دەکات و بیرى خۆى دەردەبڕێ و سەربەستییەکى واى هەیە کە بە ئاسانى نەخەڵەتێنرێ و بتوانێ تەنگوچەڵەمەکانى ژیان چارەسەر بکات و هەوڵیش بدات کە سەرکەوێت؟
ڕۆژێکیان کە قوتابییەکانى پۆڵى شەشەم هاتن بۆلام بۆ وانەى (دارتاشى و کارى دەستى) زۆر دەنگ بەرز و بەهاوار بوون و هەرچەندە هەوڵمدا کە نەختێ بێدەنگ بن، بەڵام سوودى نەبوو، ئەوان هەر هاواریان دەکرد، ئینجا لە قوتابییەکانم پرسى کەچى بکەین باشە و کە لەپۆلەکەى خۆیان بارودۆخى ئاوا ڕوو دەدا چى دەکەن؟ ئەویش وتى : مامۆستاکەمان دەڵێت ئێستا بۆ ماوەى دوو دەقیقە هەموومان هاوار دەکەین بەهەموو هێزى خۆمان. ئینجا هەموو پۆلەکە بەیەکەوە هاوار دەکەین و ئیتر دوایى ناچار دەبین کە بێدەنگ بین. کە منیش ئەم ڕێگایەم بەکارهێنا لەگەڵیان سەرم سوڕما لە ئەنجامەکەى. واى لێهاتبوو ئەوانەى کە زیاتر لە هەموویان دەنگیان زڵتربوو نەیان دەتوانى ئیتر قسەش بکەن. ئەمە نموونەیەک بوو بۆ ئەوەى بڵێم کە بەزۆر دەمکوتکردن و بێدەنگکردنیان بە هاوارکردن بەسەریاندا کارێکى چەوتەو دەبێت ڕێگاى تر هەبێت بۆ ئەوەى منداڵانى پۆل بتوانن هەست و بیرى خۆیان دەربڕن، ئایا هەر مامۆستا پێویستە قسە بکات و ئەوان گوێ بگرن؟
ئایا چى دەبێت ئەگەر قوتابیانى پۆلێک بەش بکرێن بە کۆمەڵ کۆمەڵ و خۆیان باسى شتێک بکەن کە خۆیان هەڵى دەبژێرن و مامۆستا هەر ئەوەندە یارمەتیان بدات کە پێویستیانە نەک مامۆستا هەموو شتێک بکات و ئەوانیش سەیرى بکەن. ئایا چى دەبێت ئەگەر گیروگرفتێک بدەى بە قوتابیان و داوایان لێ بکەى کە گفتوگۆى لەسەر بکەن و مامۆستا تەنها وەکو چاودێرک شتەکانى ئەوان بنووسێتەوەو یارمەتیان بدات؟
بەداخەوە لە پۆلەکانى ئێمەدا کەم گرنگى دەدرێت بە گفتوگۆ و چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمەى نێوانى منداڵەکان، کە ئەمە لە ساڵەکانى یەکەم و دووەم و سێیەمیشدا دەبوایە ببێت بە کارێکى سەرەکى مامۆستا و پەروەردەکاران، چونکە بەمە منداڵ دەتوانێت هەستى دەروونى خۆى دەرببڕێت و فێرى گفتوگۆکردن ببێت لەگەڵ کەسانى تردا و ببێت بە مرۆڤێکى سەربەخۆ و ئازاد و فێرى ئەوە ببێت کە هەر کەسە مافى ئەوەى هەیە کە هەست و دەروونى خۆى وەکو خۆى هەستى پێدەکات دەرببڕێت، بەبێ ئەوەى بترسێ لەوەى خەڵکى تر وا بیر دەکەنەوە یان نا، ئایا ئەمە گرنگترە یان ئەوەى منداڵ ئاقڵانە و ڕێکوپێک دانیشێ لە شوێنى خۆى وەکو بت و سەرشۆڕى داواکانى مامۆستا بێت؟ ئایا پێویستى قوتابخانە نییە کە مرۆڤى دیمکرات و سەربەست پێ بگەینێ و بەربەرەکانى زۆردارى و دیکتاتۆریەت بکات؟
گوێڕایەڵى و ڕێزگرتن
باوکێک چوو بۆلاى مامۆستاى منداڵەکەى و داخى دڵى خۆى دەربڕى و وتى کە منداڵەکەم بە گوێم ناکات، مامۆستاکەى وتى: حەزدەکەیت منداڵەکەت بە گوێى هەموو کەسێک بکات؟
باوکەکە وتى : نەخێر حەزناکەم
مامۆستاکە وتى: جا منداڵەکەت باش ناکات کە خۆى بە تۆ تاقیدەکاتەوە
ستانلى میلگرم دەڵێ: گوێگرتن و گوێڕایەڵى نرخێکى زۆرى هەیە بۆ مانەوەى مرۆڤایەتى بەڵام لەژێر ناوى گوێڕایەڵى و گوێگرتندا تاوانى وا ترسناک کراوە، کە لەژێر ئۆپۆزیسیۆندا نەکراوە.(ستانلى میلگرام – گوێڕایەڵى و دەسەڵات).هەرکاتێ باسى گوێڕایەڵى دەکەین، وشەى ڕێزگرتن خێرا دێتە پێشەوە.
وەکو گەورەیەک پێمان خۆشە کە ئەوانەى لە خۆمان بچووکترن گوێڕایەڵمان بن و لەوە (دەچێ) کە منداڵان ڕێزمان دەگرن. بۆ باوکان زۆر گرنگترە وەک لە دایکان کە منداڵەکانیان ڕێزیان بگرن و زۆرجار دایکیش یارمەتى باوکەکە دەدات بەوەى ئەگەر منداڵەکە بە قسەى نەکرد، ئەوا کە باوکى هاتەوە پێى دەڵێت وشکاتى لێدەکات. کاتێ منداڵ تەمەنى دەگاتە(7 -9)ساڵان، ئیتر بینینى دەگۆڕێ بەرانبەر بە ڕێزگرتن و گوێگرتن.
پیاشێ دهڵێت:PIAGETS
منداڵ بیرى دەگۆڕێ لەڕێزى یەکلاییەوە بۆ ڕێزى دوولایى، بە ماناى ئەوەى لەڕێزى تەنهایى منداڵەوە بۆ گەورەکان بەرەو ڕێزگرتنى بەرامبەرى و یەکسانى لەگەڵ گەورەکاندا و بۆئەوەى لەم پێشکەوتنەى منداڵ بگەین. دەبێت زیاتر وردبینەوە لەم تەمەنە و بزانین منداڵ بۆچى واى لێدێ. لە تەمەنى (5 -7) ساڵیدا منداڵ لە ژیانێکى تەماویدایە و بیرى هەر لەلاى خۆیەتى و زۆر زەحمەتە جیاوازى ببینێ لەگەڵ جیهانى دەوروپشتى، بە مانایەکى تر منداڵ لە نێوانى خەیاڵ و ڕاستیدا هاتۆچو دەکات و جارى واش هەیە پێیەکى لە جیهانى خەیاڵدایە و پێیەکەى ترى لە جیهانى ڕاستیدا. جا بۆیە سەرگوزشتەى وات بۆ دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ ڕاستى و جیهانى تۆدا ناگونجێ، بەڵام بەلاى منداڵەکەوە ڕاستە و تۆش دەبێت ڕێزى بگرێت. منداڵە گەورەکان بە بەهێز و گەورە و زل دەزانێ، کە قسە دەکەن و هەڵسوکەوت دەکەن، منداڵەکە تێیان ناگات، ئەم ساڵانەى منداڵ پێى دەوترێ (ساڵانى سیحراوى) لەبەرئەوەى منداڵ بە چاوێکى پڕ لە خەیاڵ و سیحرەوە سەیرى گەورەکان دەکات. ئەم گەورانە نیشانەى دەسەڵات و هێزن و منداڵیش تا ماوە بە گوێیان دەکات. هەرچەند هەندێجار (نا) بەکاردەهێنێ بۆئەوەى دژیان بوەستێتەوە و خۆى تاقیبکاتەوه
لەم تەمەنەدا (5 -7 ) ساڵان منداڵ بەبێ چەند و چۆن ڕێزى گەورەکان دەگرێ لەم وشەیەدا و لەم کاتەدا ڕێزگرتن ماناى خۆشەویستى و بڕوایە بە گەورەکان لەلایەکەوە ترس و خۆ بە کەمزانینە لەلایەکى ترەوە. بەتایبەتى بەرامبەر بە باوک منداڵەکە باوکى بە پاشا دەزانێ با زۆر ناشرین و ناڕێکوپێک و هەژاریش بێت و دایکیشى شاژنە هەرچییەک بێت. ئەم سەرسوڕمان و خۆشەویستییە لەم کاتەدا لەبەرئەوەیە کە منداڵەکە جارێ فێرى بەراوردکردن نەبووە. دایکوباوک نابێت بەهیچ جۆرێک شکى لێبکرێت و هیچ چەند و چۆنى ناوێت ئەمانە شوێنى خۆشەویستى و دڵنەواییکەرى منداڵەکەن.
هەروەکو ئەم خۆشەویستییە سنوورى نییە هەروەها ترسەکەش سنوورى نییەو بناغەى ئەم ترسە ئەوەندە قووڵە لە مێشکى منداڵدا کە زۆرجار ئەم ترسە لە ژیانى گەورەییدا دەردەکەوێت و نیشانەى دیارە. لەبەرئەوەى لە پێش (6 – 7) ساڵیدا ئەم ترس و هەست بە کەمزانینە لاى منداڵ بە ئاشکرا دیارەو زۆرجار لەژێر ناوى ڕێزو گوێڕایەڵیدا خۆى دەنوێنى. بەڵام بەپێ خستنە ناو قۆناغى تازەوە ئیتر ئەم ڕێزو گوێڕایەڵیە یەکلاییە دەگۆڕێت و منداڵ داواى ڕێزى بەرامبەر دەکات. لە (9 – 10 ) ساڵیدا منداڵ ئەمەندە پێشکەوتووە کە ئیتر دوو دڵ دەبێت لە ڕاستى و چەوتى گەورەکان و بۆ منداڵەکە ڕووندەبێتەوە کە ئەو دەستگرتنەى گەورەکان بەسەریدا پێویست ناکات. لەم کاتەدا بۆ گەورەکان زەحمەتە کە بتوانن ئیتر بسەڵمێنن، کە ئەمانە هەر کابرا بەهێزو ترسناکەکەى جارانن و ئەگەر هەوڵبدات ڕێزو گوێڕایەڵى منداڵەکان بپارێزێ بەوەى بڵێت دەبێت ڕێزم بگرن لەبەرئەوەى من گەورەم زۆر شتێکى هەڵە دەکات و کارەکە ئەوەندەى تر لە دەستیدەردەچێ و ئەو منداڵەش، کە دەهێڵرێتەوە لەژێر ڕێزى بەزۆردا دوادەکەوێت و تا مابێت ناتوانیت هەڵسێ و ڕاپەڕێ لە دژى ئەو ژێردەستییە و هەمووکات خۆى دەخاتە ژێر دەستى یەکێکى تر کە بڕیارى بۆ بدات. لە تەمەنى (7 -12) ساڵیدا ئیتر منداڵ ڕێزى گەورەکان ناگرێت هەر لەبەرئەوەى گەورەن، هەرچەندە دەبێت بە گوێى ئەوان بکات و گوێڕایەڵیان بێت.
ئەم باسە زۆرجار لەناو گەلانى کۆندا گرنگییەکى واى پێ نادرێ و کلتورى گەلەکە واى داناوە کە ڕێزو گوێڕایەڵى هەر لە کۆنەوە سەپێنراوە بەسەر خەڵکەکەدا و بەپێى پلەى کۆمەڵایەتى و ڕێوشوێنى تایبەتى خەڵکەکە ڕێزى گەورەکان دەگرن. ئەمە زۆرجار لەوە دەچێت باش بێت و وا دەردەکەوێت کە تەنها شێوەیەکى پیرۆزى ژیانە و کەس بۆى نییە بیگۆڕێ، زۆر نموونەت بۆ دەهێنرێتەوە کە پیشانى دەدات بەهۆى ڕێزگرتنى گەورەکانەوە خەڵکى لە تەنگوچەڵەمە ڕزگاریان بووە. چونکە ئەمە مەترسییە بۆ سەر پیاوانى دەسەڵاتدارو ئاینى و شوێنى کۆمەڵایەتیان لێ دەشێوێنێت و نایانەوێت لەجیاتى دەسەڵاتى ئەوان خەڵکى خۆى ئەوەندە وریا بێت کە بتوانێ ژیانى کۆمەڵایەتى خۆى ڕێکوپێک بکات و بەپێى پێکهاتنى سەربەست لە بەینیاندا ڕێککەون. جا بۆیە لێرەدا گرنگى مامۆستا دەردەکەوێت، کە چۆن دەتوانێت مرۆڤى سەربەست و ئازاد پەروەردە دەکات، نەک مرۆڤێک، کە پاسەوانى ئامانجى دەسەڵاتدارەکان بێت.
منداڵى شەڕانى و هاروهاج و منداڵى بەستەزمان و بێدەنگ
لەم تەمەنەدا(5-7ساڵان) منداڵ فێرى درووستبوونى گۆڵمەز بووە و زۆرجار دەیەوێت لاسایى دایکوباوکى بکاتەوە و ژیانى ماڵەوە لەگەڵ ژیانى نێو هاوڕێیان و ئەندامانى گۆڵمەز بەراورد دەکات. زۆرجار منداڵ بەهۆى بوونى تەنگوچەڵەمە لەناو خێزانەکەى و نەبوونى خۆشەویستى لەنێوان ئەندامانى خێزاندا هەوڵدەدات هەقى خۆى لەناو گۆڵمەزدا بکاتەوە بە ئازاردانى بەستەزمانان، بەمە دەبێت بە منداڵێکى شەڕانى و هاروهاج. زۆر ناخۆشە بۆ دایکوباوک کاتێک دەزانن منداڵەکەیان تووشى منداڵێکى شەرانى بووە و هەموو ڕۆژێک ڕێگا بە منداڵەکەیان دەگرێت. منداڵەکەى ئێوەش بۆى نییە قسە بگێڕێتەوە ، لەبەرئەوەى بە ترسنۆک لە قەڵەم دەدرێت، لێرەدا تەنگوچەڵەمەکە دوو سەرییە، یان ئەوەتا دەست دەخەیتە ناو کارى منداڵەکەوە و بە منداڵە شەڕانیەکە دەڵێیت و داواى لێدەکەیت کە واز لە منداڵەکەت بهێنێ، ئەمەیش دەبێت بەهۆى ئەوەى منداڵەکەت لاى منداڵانى تر بە ترسنۆک لە قەڵەم بدرێت، یان ئەوەتا دەست ناخەیتە ناو کارەکەوە و منداڵەکەت وا دەزانێ کە بەڕاستى خۆشتناوێت و گوێینادەیتێ و یارمەتینادەیت. بۆئەوەى یارمەتى منداڵێکى شەڕانى بدەیت و منداڵێکى تر بپارێزێت لێى، پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ شیکردنەوەى بارودۆخى خێزانەکەى، ئایا منداڵى یەکەمە؟ ئایا دایکوباوکى بەیەکەوە دەژین؟ یەکێکى مردووە؟ ئایا خێزانێکى گەورەن یان بچووک؟ ئایا شەڕوشۆڕ زۆر لە ماڵەکەیاندا هەیە؟ ئایا دایکوباوکى منداڵەکە وایان پێ باشە و واپیشانى منداڵەکەى دەدەن، کە باشترەشەڕانى بێت؟ منداڵێکى بە لەش قەبە و گەورەیە؟ کەموکوڕییەکى لەشى هەیە؟ و زۆر لەم پرسیارانەى کە پێویستە ڕوونبکرێنەوە پێش ئەوەى بتوانى یارمەتى بدەیت. بەهەمان شێوە ئەو منداڵە بەستەزمانەى کە تووشى ئەم منداڵە شەڕانیە بووە. ئایا ئەم منداڵە بە خۆڕایى ڕقى خەڵکى هەڵدەسێنێ؟ ئایا نەخۆش و کەموکوڕى لەشى هەیە؟ ئایا منداڵێکى پاک و تەمیز و ڕێکوپێکە یان منداڵێکى چڵمن و نەخۆش و لاوازە کەوا لە منداڵى شەڕانى دەکات شەڕى پێ بفرۆشن؟ ئایا تازە هاتونەتە ئەم گەڕەک و شارەوە و منداڵەکە کەس ناناسێ؟ ئایا لە کەمایەتییەکى وان کە لەچاو خەڵکیدا دواکەوتوون؟ هەر دایکو باوکێک بەجۆرێک ئەم تەنگوچەڵەمەیە چارەسەر دەکات. یەکێک داوا لە منداڵەکەى دەکات کە ئیتر بەو شوێنانەدا نەڕوات کە منداڵە شەڕانیەکەى پێدا دەڕوات. یەکێکى تر داوا لە منداڵەکەى دەکات کە ببێت بە هاوڕێى و بەمجۆرە خۆى لێ بپارێزێت، یەکێکى تر داوا لە منداڵەکەى دەکات کە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا هەڵسێ و دانیشێ و قەت بەتەنها نەبێت، یەکێکى تر لەگەڵ منداڵەکەیدا دەچێت بۆ قوتابخانە. یەکێکى تر هەوڵدەدات کە پەیوەندى بە مامۆستاى منداڵەکەیەوە بکات و لە قوتابخانە بگەیەنێ کە منداڵەکەى لەچ بارێکدایه. یەکێکى تر پەیوەندى دەکات بە دایکوباوکى منداڵەکەوە. بەهەر حاڵ ئەمانە هەموویان ڕێگاى جیاوازن بۆ پاراستنى منداڵەکەت لە منداڵى شەڕانى تا ئەو کاتەى منداڵەکەت دەتوانێت بچێت بۆ قوتابخانەو لە دەرس و کارى خۆیدا دوانەکەوێت. بەڵام ئەگەر کارەکە لەمە زیاتر ڕۆیشت و منداڵەکە نەیتوانى بچێت بۆ قوتابخانە ئەوسا دەبێت بەهەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک. بەڵام لەهەموو بارودۆخێکدا باشتر وایە کە دایکوباوک بەهۆى گفتوگۆى ناوخێزانەوە هەوڵى یارمەتیدانى منداڵەکە بدەن. بە ڕوونکردنەوەى جۆرى هەڵسوکەوت و ڕەفتارى لەگەڵ هاورێکانیدا، بهڵام له ههموو حالهتیکدا ئهبیت مندالهکه ئاگادارکرێتهوه له ههموو کاریک که ئهکریت بۆ یارمهتیدانی و بهبێ خواستی ئهو هیچ شتێک نهکرێت (له پهرتوکی منداڵهکهت بۆ وائهکات)
منداڵ وفشەکردن
منداڵان ئەمڕۆ زووتر لەجاران پێدەگەن. ئەو تەنگوچەڵەمانەى کە جاران تووشى گەنجان دەبوو، ئێستا تووشى منداڵان دێن. ئەمە بە ئاسانى لە کچاندا دەبینرێت وەک لە کوڕان، بەڵام هەردووکیان هەر زووتر پێدەگەن و دەتوانرێت بوترێت کە منداڵێکى 10 ساڵان لە بالق بووندایە. بۆ منداڵێکى تەمەن(10 ساڵان) گەورەیى لەش و ڕووکەشى جوان گرنگییەکى زۆرى هەیە. فشەکردن ماناى ئەوەیە منداڵەکە شتى وا دەدۆزێتەوە یان زیاد لەخۆى باسیان دەکات کە لە سنوورى ڕاستى دەچێتە دەرەوە. جیاوازى لەنێوان منداڵێک کە بەباشى باسى شتێکى خۆى دەکات بۆئەوەى شانازى پێوە بکات، لەگەڵ منداڵێکدا کە فشە دەکات زۆرە، ئەو منداڵەى کە فشە دەکات ڕازى نییە لەخۆى، خۆى بەکەم دەزانێت، هەر لەبەرئەوەى بچووکە یان لاوازە یا زۆر گەورەیە یان لەبەر هەرهۆیەکى تر.
ئێستا کاتێکى باشە بۆئەوەى بزانیت کە منداڵەکەت بیر لەچیدەکاتەوە و خەریکى چییە، چونکە زۆریتر ناخایەنێ کە منداڵەکەت دەکەوێتە ژیانی هەرزەکارییەوە و ئیتر دەرگاى باسى زۆر شت لە نێونتاندا دادەخرێت. لە ڕاستیشدا منداڵەکەت دەیەوێت باسى ئەو شتانەت بۆ بکات کە خۆى دەخوازێت باسیان بکات نەک ئەوانەى تۆ دەتەوێت. ئەگەر فشە بکات لە بارەى کچانەوە ئەوە زیاتر لەبەرئەوەیە کە متمانەى تەواوى بەخۆى نییە، کە بتوانێت بەشێوەیەکى ئاسایى هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات، یاخود بەسەروچاوى خۆى ڕازى نییە. کاتێ کە منداڵێک متمانەى بەخۆى نییەو خۆى بە کەمدەزانێت. مەرج نییە بەئاشکرا باسى ئەم شتانە بکات و بگرە نەفرەتیشى لێدەکات. لەبەرئەوە باشترە کە بۆی باسبکەى تۆ بڕواى پێدهکهیت هەرچەندە واش نییە.
باشترە هەوڵبدەیت شتى باش بدۆزێتەوە و مەدحى بکەیت. دەرهەق بەو شتە باشانە، بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت کورت بوو و لەکاتى بالقیدا بوو ئەوا بەلایەوە زەحمەتە کە ببینێت هاوڕێکانى گەورە دەبن و ئەمیش هەر لە شوێنى خۆیەتى، لەبەرئەوە دەستدەکات بە فشەى وا کە پەیوەندى هەبێت بە شەڕ و لە خەڵکههدان و باسى ئەوە دەکات چۆن بەسەر کوڕە گەورەکەدا سەرکەوت و خستى بە زهویدا. لێرەدا دەتوانیت لایەنێکى باشترى منداڵەکە بدۆزێتەوە، وەک: ئەگەر خۆشەویست بوو لەناو هاوڕێکانیدا یان زیرەک بوو مەدحى بکەیت، چونکە پێیخۆشە خەڵکى باسى لایەنە باشەکانى بکەن، نەک خۆى ناچار بێت کە باسى ئەو لایانەى بکات کە ڕاست نین. هەندێکجار منداڵ فشە دەکات بۆئەوەیە کە دڵى دایکوباوکى خۆشبکات، بەوەى لەوە تێبگەن ئەو هیوایەى بەمیان هەبووە بەفێڕۆ چووە و نەیتوانیوە بەدڵى ئەوان بێت. جا لەبەرئەوە کوڕەکە دەیشارێتەوە و ناچاردەبێت کە فشەیان بۆ بکات و زیادیشى پێوە بنێت. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هیواى زۆرى دایکوباوک بە منداڵ و باشتر وایە هەر زوو دانیشن لەگەڵیدا و باسى ئەو هیوایەى بۆ بکەن. چونکە منداڵ زۆر هەستى ناسکە بەرامبەر هەستى دایکوباوک و نایەوێت دڵیان بشکێنێ. جا لەبەرئەوەى کاتێ کە بۆت دەرکەوت منداڵەکە ناتوانێت هیواکەت بهێنێتە دى، چونکە لە تواناى ئەو زیاترە، چاکتر وایە بەهۆى گفتوگۆوە لەگەڵ منداڵەکە وا بگەنە بڕوایەک کە هەردوولاتان ڕازى بن و بۆى باس بکەن، کە خۆشەویستى ئێوە بۆ ئەو پەیوەندى نییە بەسەرکەوتن یان ژێرکەوتنى ئەوەوە و ئێوە هەر ئەوتان خۆشدەوێت
بەشى پێنجەم
دایکوباوکى ونبوو
لەهەموو شەڕێکدا کە گەورەکان دەیکەن، دۆڕاوى یەکەم منداڵە و ژێرکەوتووى ڕاستەقینەیە، منداڵ دەبێت بە قوربانى دواکەوتوویى گەورەکان و سەرگەردان دەبێت، نموونەى ئەم منداڵانە لە جیهاندا زۆرن و لەناو ئەو گەلانەدا کە وەکو گەلى کورد دووچارى حوکمڕانى زۆردارو دیکتاتۆریەت بوونەتەوە هەن. لەهەندێ لەو وڵاتانەدا وەکو ئەرجەنتین و بەرازیل لە ئەمریکاى لاتین پۆلیس ڕاویان دەکات و بە کۆمەڵ ونیان دەکەن. لە ئەفغانستان و بەنگلادیش و زۆر وڵاتانى ترى ئاسیاییدا ئەم منداڵانە بێکەسن و سەرمایەدارەکان بەهەموو جۆرێک بەکاریان دەهێنن. ئەم منداڵانە لە کوێ بن یەک شت کۆیان دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە کە خۆشەویستییان لێ سەندراوەتەوە و تووشى ژیانێکى سەخت بوون. کاتێ پیاو باسى منداڵى کورد دەکات، ناتوانێت چاو لە ئاست ژیانى ئەو منداڵانە بنووقێنت کە دایک و باوکیان ون بوون. ئەم منداڵانە زۆرن لەناوماندا و ئێمەش کەم دەزانین لە بارەیانەوە، ئایا منداڵێکى ساوا چۆن ژیان دەباتە سەر و چۆن دەژى و هەست بەچى دەکات دواى ئەوەى کە دایک و باوکى ون دەبن. چۆن سەیرى کۆمەڵ دەکات و چى لێ بەسەردێت و چۆن دەتوانێت ئەم بارە گرانە هەڵگرێ و ئێمە چۆن دەتوانین یارمەتى بدەین؟
زۆربەى زۆرى منداڵانى کورد زۆر باش لە بیریانە کە چۆن چەکدارەکانى ڕژێم بەیانییەکى زوو هاتوونەتە سەریان و باوکیان ڕاکێشاوەتە دەرەوە و فڕێیان داوەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوەو ئیتر(ون)بوون. لەبیریانە چۆن خۆشەویسترین کەسیان لەژیاندا لێى دراوەو بە پۆستاڵى سەربازە دڕندەکان یان سیخوڕە خوێنتاڵەکان سەریان خراوەتە ژێر پێ لەققەو قۆناغى تفەنگ و دەمانچەوە، بەبێ ئەوەى بتوانێ هیچ بکات یان فریاى ئەوە بکەوێ خۆى بشارێتەوە یان بەرگرى لەخۆى بکات. لەبەرئەوەى زۆر لەو منداڵانەى لەناوماندا دەژین. هەر بەو هیوایەوە دەژین کە (ونبووە)و ڕۆژێ لەڕۆژان دەگەڕێتەوە خۆ ئەو وەکو منداڵانى تر نەبینییوە کە خۆشەویستەکەى بمرێ، نەیدیوە بنێژرێت و خەڵکى بۆ سەرخۆشى بێت بۆ ماڵیان و دانیشن و بگرین و ئیتر دوایى بە بینینى خۆشەویستەکەى هاتبێت. ئەم هەر هیواى ماوە و ئەوەى هیواى نەماوەو بڕوا ناکات کە خۆشەویستەکەى ڕۆژێ لەڕۆژان دەگەڕێتەوە پێویستە ئێمە بتوانین لە ژیانیان تێبگەین و یارمەتیان بدەین و کەمترین یارمەتى ئێمەش ئەوەیە کە(گوێیان لێ بگرین) و خۆشمان بووێن. بابزانین چۆن منداڵێکى(8 – 9) ساڵان بەسەر ئەم کارەساتەدا سەردەکەوێت یان بەلاى کەمەوە بەناو کارەساتەکەدا دەڕوات، ئیتر سەرکەوتن و ژێرکەوتنى دەکەوێتە سەرئاستى یارمەتى کۆمەڵ بۆى.
منداڵ وەستایە لە هیوا نەبڕین و چاوەڕوان کردندا و لە گەورەکان زیاتر دەتوانێت چاوەڕوان بێت، لەسەرتادا هیچ گومانى لەوەدانییە کە خۆشەویستەکەى دێتەوە. زۆرجار دادەنیشێت و بیرى لێدەکاتەوە. بەتایبەتى کاتێ بە تەنهایە یان لەسەر جێگاکەیەتى بیر دەکاتەوە ئێستا ئەو لەچیدایە دەزانێ کە خۆشەویستەکەى لە ترس و ناخۆشیدایە و لەوانەیشە ئازارى بدەن و لێى بدەن، بەڵام دەزانێت کە خۆشەویستەکەى ئازایە و دەتوانێت بەرگەى ئەم لێدانە بگرێت و گوێ بە ئازار نادات. ئەم منداڵە بە خەیاڵ زیندانەکەى دێتەوە بەرچاو و هەوڵدەدات بەلاى کەمەوە کونێکى بچووکى تێبکات بۆئەوەى ڕووناکى بۆ خۆشەویستەکەى لێوە بەرێتە ژوورەوە و دڵخۆشى بکات. ڕۆژ دەبژێرێ و هەرجارێک ئۆتۆمبیلێک لەبەردەرگا دەوەستێت ڕادەکاتە دەرەوە بۆئەوەى بزانێ خۆشەویستەکەیەتى یان نا.
ڕۆژ دەڕوات و ڕۆژ دێت و خێزانەکە هیچ هەواڵێکى خۆشەویستەکەیان نابیستن و منداڵەکەش دەکەوێتە ترسەوە هەوڵدەدات کە دەموچاوى گەورەکان بخوێنێتەوە و شەو تا درەنگ هەر بە خەبەرە و خۆى لەناو جێگاکەیدا مات دەکات بۆئەوەى گوێى لە قسەى گەورەکان بێت و بزانێت دەڵێن چى. ئایا ئەوان شتێک دەزانن کە ئەم نایزانێت؟ هەر گۆڕانێک لە ڕەنگ و دەنگى گەورەکاندا ڕوو بدات ئەم خێرا هەستى پێدەکات و لاى خۆى تۆمارى دەکات هەر نیشانەیەکى بێهوایى لە سیماى گەورەکاندا ببینێت تووڕە دەبێت، چونکە خۆشەویستەکەى ئەم هەر دێـتەوە و ئەمە پێویست بە بێ هوایى ناکات. زۆرجار یەکێک لە گەورەکانى خێزانەکە بەجارێ هیواى بەمانى خۆشەویستەکەى ئەم نامێنێت و دەزانێت کە ئیتر چارەسەر نییە، لەوانەیە ئەم گەورەیە مامى یان خاڵى یان کەسێکى ترى ناو خێزان بێت و داواى دانانى پرسە دەکات، بەڵام منداڵەکە تووڕە دەبێت و دەڵێت: چۆن وا دەڵێیت تۆ براى ئەویت و ئەو تۆى خۆش دەویست کەچى تۆ وا دەڵێیت، تۆ هیچ نازانیت و کەچى قسەى خراپ دەکەیت، من دەزانم کە ماوەو ڕۆژێک هەر دێـتەوە.
بەمە مامى لەبەرچاوى دەبێت بە مرۆڤێکى خراپ و تەنانەت بە دوژمن و خیانەتکاریش، ئیتر ناچار ڕوو دەکاتە دایکى و دەست دەکات بە پشکنین و بەدواى ئەوەى ئایا دایکى چى دەڵێت؟ و چۆن بیر دەکاتەوە؟ خۆ ئەگەر دایکیشى هەروا بیربکاتەوە، ئەوا ئیتر منداڵەکە تووشى خەم و خەفەتێکى زۆر دەبێت و وا دەزانێت کە ئەمانە پیلان دەگێڕن و تەنها ئەمە کە بڕواى بە هاتنەوەى خۆشەویستەکەى نەبڕیوە، بەخۆى دەڵێ کە ئەگەر هەموویان هیوا ببڕن بە هاتنەوەى ئەوا من هیوا نابڕم و من دەزانم کە هەر ماوە و دێتەوە و ئەوساش بابزانێ کە بەلانى کەمەوە یەکێک هەیە کە چاوەڕێى دەکات و بڕواى بە مانى ماوە. لەگەڵ ئەمەشدا هەندێجار ناتوانێ جۆرە هەستێکى ڕەق بەرامبەر خۆشەویستەکەى دەرنەبڕێ و لە دڵى خۆیدا بیر نەکاتەوە کە بۆچى نەیتوانیوە هەر چۆنێک بێت لە کەسێکدا کە لە زیندان هاتۆتە دەرەوە هەواڵێکى بۆ بنێرآ. یاخود خۆ هیچ نەبوایە فێڵێکى هەر دەدۆزیەوە بۆ ئەوەى پیان ڕابگەێنێ کە ماوە، ئایا ئەمانى لەبیرچۆتەوە؟ گوێیان ناداتێ؟ یان هەقى ئەم سیاسەت و سیاتکارییەى چى بوو؟ نەی دەتوانى ئەویش وەک ئەوانى تر ڕابکات و ئاگاى لە خۆى بوایە؟ کاتێ کە منداڵەکە وا بیر دەکاتەوە تووشى ویژدان بریندارى دەبێت و چاو دەخشێنیتەوە بە بیرو هۆشى خۆیدا و ئەمجارەیان ئیتر خۆشەویستەکەى بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستى فریشتە و پیاوچاکان. کە ٍئەمەش لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەدا ڕێک ناکەوێت کە لە دڵیدایە و تووشى ناڕەحەتییەکى گەورە دەبێت و واى لێدێت کە ئیتر ناتوانێت ئەم هەموو خەم و خەفەت و گرفتانە هەڵگرێ و دەست دەکات بەوەى شک لە مانى خۆشەویستەکەى پەیدا بکات و وا بیر بکاتەوە کە(لەوانەیە نەمابێ، بۆیە نامەمان بۆ نانێرێت).ئەمە ئیتر ژیانى منداڵێکى(خۆشەویست لێ ونبوو)و بەم شێوەیە لەنێوانى هیوایەکى خەفەتاوى کە نایەتە دى لەلایەکەوە و خەفەتێکى پڕ لە خەتا لەلایەکى ترەوە، وا لە منداڵەکە دەکات کە قەت نەگەشێتەوە.لەوانەیە بڵێین کە باشتر بوو بۆ منداڵەکە بە چاوى خۆى لاشەى خۆشەویستەکەى بدیبایە، هەرچەندە زۆر برینداریش کراوە و لێى دراوە و ئاسانتر بوو لەگەڵ کەس و کارى خۆیدا پێکەوە ئەم خەفەتەى بخواردایە و نەبوونایە بە دژومنى و پیلانى لێ بگێڕن.
چۆن دەتوانین یارمەتى ئەم منداڵە بدەین؟
ئەمە کارى هەموو کەسانى دەورووپشتى منداڵەکەن. بوونى کەسێکى تێگەیشتوو کە گوێى لێبگرێت. وتمان کە منداڵەکە هیوایەکى زۆرى بە هانتەوەى خۆشەویستەکەى هەیە، ئەمە تەنگوچەڵەمەى منداڵەکەیە و یارمەتى ئێمەشدئەبێت لێرەوە دەست پێبکات،( یارمەتیدانى منداڵەکە لە نێوانى هیوا و گلەیییەکەدا کە بتوانێت پارسەنگێک بدۆزیتەوە بۆ ئەم دوو جۆرە هەستە). کاتێک کە منداڵیک لە نێوانى ڕق و خۆشەویستیدایە تەنها لایەنى خۆشەویستى نەگرى، بەڵکو بە شێوەیەکى ماقول یارمەتى بدەیت کە ئەوجۆرە بەگەوەرە زانینى خۆشەویستەکەى بگەڕێنێتەوە سەر بارى ئاسایى خۆى و خۆشەویستەکەى وەکو مرۆڤ و ئەو وێنەیەى ئەو لە خەیاڵیدا دروستى کردووە بە فریشتە و پەرى دادەنێت بسڕێتەوە کاتێک کە منداڵ لەنێوانى هیوا و خەفەتدایە هەوڵبدەین، کە خەفەتەکەى کەم بکەینەوەو هیواى منداڵەکە بگەڕێنینەوە بۆ سروشتى جارانى خۆى. ئەوەى منداڵ پێویستیەتى خۆشەویستییەکى ڕاستەقینەیە، کە بەلایەنى کەمەوە لە خۆشەویستى خۆشەویستەکەى نزیک بێت.
سەرچاوەکان
بۆ ئامادەکردنی ئەم کتێبە لەم سەرچاوانەی خوارەوە سوود وەرگیراوە:
Bildgalleri: mndalakat bo wa akat
Bildgalleriet är tomt.
پهرتوکهکان
Den här listan är tom.